شاعیرێکی چینی دوای ئەوەی لە ئێران بەهۆی کۆرۆناوە ڕێگەی گەڕانەوەی لێ دەگیرێت، لە ماڵی گەنجێکی کوردی باشووری کوردستان کە بۆ خوێندن لە ئێرانە، ئاشنای نالی دەبێت، چەند شیعرێکی ئەو شاعیرە مەزنەی کورد بۆ زمانەکەی خۆی وەردەگێڕێت و لە ماڵپەڕێکی چینیدا بڵاویان دەکاتەوە.
سون چیانسون چیان، شاعیرێکی چینییە کە سەر بە نەتەوەی هوویە و موسڵمانە، خۆی و هاوژینەکەی بە سەردان دەچنە ئێران بۆ لای سون فێنگی کوڕیان کە لەوێ دەخوێنێت و لە زانکۆ هاوڕێی
جووتیار نەریمانجووتیار نەریمانی کوردی باشووری کوردستانە. ئەو گەنجە کوردە بەهۆی نزیکایەتیی لەو کوڕە چینییە، بانگێهێشتیان دەکات بۆ ماڵی خۆیان لە شاری گورگان.
جووتیار نەریمان، خوێندکاری ئەدەبیاتە لە ئێران و بە ڕاگەیاند، دوای ئەوەی میوانداریم لێکردن بۆ ماڵی خۆمان، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕێگەی چوونەدەرەوە و گەڕانەوە لە ئێمە و ئەوانیش گیرا. ئیتر ئەوان لە ماڵی ئێمەدا مانەوە.
جووتیار نەریمان ماوەیەکە لەگەڵ چەند لێکۆڵەرێکی دیکەی کورددا لە نموونەی عەتا حەواری نەسەب، خەڵکی
سنەسنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کاروان خەیات، خەڵکی
کەلارکەلاری باشووری کوردستان لە ڕێگەی دەستخەت و بەیازە کۆنەکانەوە دووبارە خەریکی ساخکردنەوەی دیوانی نالین.
ئەو لێکۆڵەرە کوردە ئاماژە بەوە دەکات، کاتێک سون چیان لە ماڵدا بینیی ئەو دەستخەتانەم لە خۆم کۆکردوونەتەوە و زۆر پێیانەوە خەریکم، بەلایەوە سەیر بوو و لەو بارەیەوە پرسیاری لێکردم. لەوێوە شاعیرە چینییەکە داوای لێدەکات زیاتری بۆ باسبکات.
سون چیان، بە گوتەی جووتیار نەریمان، لەبەر ئەوەی نووسەرە و ویستوویەتی گەشتنامەیەک بنووسێت، زۆری پێ خۆشبووە زیاتر لەبارەی نالییەوە بزانێت. هاوکات زانیاریی زۆری لەسەر کورد و مێژووی خەباتی کورد لەپێناو سەربەخۆییدا هەبووە.
شاعیرە چینییەکە لە لێکۆڵەرە کوردەکە دەپرسێت، گرنگیی ئەو کارەتان لە چیدایە؟ جووتیار نەریمان بۆی ڕوون دەکاتەوە کە نالی یەکێکە لە شاعیرە مەزنەکانی کورد و لە شێوەزاری کوردیی ناوەڕاستدا سەرتۆپی شاعیرانە و هۆکاری ئەوەیە کە ئێستا ئەم شێوەزارە لە برەودایە.
هەردووک ئەدەبدۆستی کورد و چینی زیاتر لەسەر مژارەکەیان بەردەوام دەبن و جووتیار نەریمان باسی گرنگیی نالیی لە زمانی کوردیدا بۆ دەکات کە ئەم شاعیرە لەبەر ئەوەی کوردە و نەناسراوە، گرنگیی پێنادرێت. ئەگینا وەک مەسعوود محەممەد [پێشتر باسی مەسعوود محەممەدی بۆ کردووە] دەڵێت، بە هەموو پێوەرێک نالی لە ڕیزی پێشەوەی شاعیرانی ڕۆژهەڵاتدایە. ئەمە کەسێک ئەم قسەیە دەکات کە ئاگای لە ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتە. جووتیار نەریمان دەڵێت، بە حوکمی ئەوەی ئاگای لە ئەدەبیاتی فارسییە، نالی بۆ کورد وەک حافزە بۆ فارس.
لەوێوە شاعیرە چینییەکە نالیی بۆ دەبێتە جێگەی بایەخ و پێی خۆشدەبێت شیعرەکانی ئەو شاعیرە مەزنەی کورد بە خوێنەری چینی بناسێنێت.
سون چیان داوا لە جووتیار نەریمان دەکات، دەبێت ژیاننامەیەکی وردی نالیم بدەیتێ و منیش چەند شیعرێکی وەربگێڕم. بۆیە داوای لێدەکات کە حەوت شیعری لە دیوانەکەدا بۆ هەڵبژێرێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە شاعیرە چینییەکە نە کوردی دەزانێت نە فارسی.

نمونەیەک لە هۆنراوەی نالی بە زمانی چینی
سون چیان داوای کردووە کە لێکۆڵەرە کوردەکە ئەو شیعرانە بۆ سون فێنگی کوڕی بکاتە فارسی و کوڕەکەیشی بۆی بکاتە چینی و پاشان ئەمیش بە سەلیقەی شاعیرانەی خۆی بە شێوازی شیعر دایاندەڕێژێتەوە.
جووتیار نەریمان دەڵێت، زۆر دوودڵ بووم لەو وەرگێڕانە، چونکە دەمزانی بە سێ دەست بڕوات، وەک خۆی ناگات. ئەویش شیعری نالی کە هەندێکیان هەر ناتوانرێت وەربگێڕدرێن. بۆیە زۆر خەمی ئەوەم بوو کە شیعری نالی بە شێوازێک بگاتە چینییەکان کە زۆر جێی سەرنجیان نەبێت. سون چیان پێداگری دەکات کە دەبێت ئەو کارە بکرێت و گوتوویەتی، خەمتان نەبێت، من خۆم شاعیرم، کێشەم نییە و دەتوانم بیانکەمەوە بە شیعر.
گەنجە کوردەکە حەوت شیعری نالی هەڵدەبژێرێت کە زۆر ئاڵۆز نەبن و کورتیش بن کە شەشیان کوردین و یەکێکیان فارسییە.
جووتیار نەریمان لەبارەی شێوازی وەرگێڕانی شیعرەکانەوە دەڵێت، من شیعرەکانم بۆ فارسی وەردەگێڕان و بە جوانی بۆ کوڕەکەیم شیدەکردنەوە و هەموو ناوەڕۆکەکەیانم تێدەگەیاند. کوڕەکەیشی بە وردەکارییەکانەوە بۆ باوکی دەکردنە چینی. هاوکات دەنگیشیان تۆماردەکردم. جووتیار باس لەوە دەکات کە شاعیرە چینییەکە دەیویست بەتەواوەتی تێبگات دانەبەدانەی بەیتەکان چی دەڵێن و کۆدەکانیان تێبگات.
شاعیرە چینییەکە ئاماژەی بەوە داوە، دەچێتەوە لە چین جارێکی دیکە پێیانەوە خەریک دەبێتەوە و زۆر باشتر دایاندەڕێژێتەوە.
ئێستا سون چیان شیعرەکانی نالیی لە ماڵپەڕێکی چینیدا بە ناونیشانی نالی ئەفەندی؛ شاعیرێکی کوردی بڵاوکردوونەتەوە. بە گوتەی جووتیار نەریمان ئەمە وەک پێشەکییەکە و بڕیارە دواتر شاعیرە چینییەکە لە کتێبێکدا بڵاویانبکاتەوە.
شاعیرە چینییەکە لە نووسینەکەیدا دوای ئەوەی باسی کردووە چۆن نالیی ناسیوە، ئاماژەی بەوە داوە، شیعرە سۆفیگەرییەکانی نالی و ئەزموونی ژیانی شیعرییم ناسین و بۆم دەرکەوت ئەو شتانەی ئارەزوویان دەکەم، زۆر لێمەوە نزیکن. بۆیە خێرا داوام لە جووتیار کرد بیانکاتە فارسی و فێنگی کوڕیشم بۆمیان بکاتە چینی. باسی لەوەیش کردووە کە سەرەتا جووتیار دوودڵ بووە و پێیگوتوون کە زمانی کوردی و شیعرەکانی نالی زۆر دەوڵەمەندن و زمانی فارسی ناتوانێت دەرەقەتیان بێت، بەڵام دواجار لەبەر دۆستایەتییەکەی نێوانمان نەیتوانی داواکەم ڕەتبکاتەوە.
سون چیان نووسیویەتی، هەموو سۆفییەک، وەک جەزبەیەکی عەشق، شەوقێکی بەتین لە ناخیدا کێشی دەکات تاوەکو دوای وجوودی پەنهان بکەوێت. ئیبن عەرەبی لەم بوارەدا زۆر مەزنە، حافز زۆر مەزنە و نالییش بە هەمان شێوە لەم بوارەدا زۆر مەزنە.
شاعیرە چینییەکە لەبارەی نالییەوە نووسیویەتی، هەوڵدەدات بە ئاگاییەکی زۆر باڵاوە پەیوەندیی نێوان وجوودی بەدیهێنەری پێناسەنەکراو و وجوودی کەتوارەکی(واقیعی)ی مرۆڤ و هێماکانی جیهان ڕوون بکاتەوە و پردێکی پەیوەندی لە ئێستاوە بۆ ژیانی پاش مەرگ درێژ دەکاتەوە. من لە ڕێگەی ئەم پردەوە دەنگی سروەی شوێنە دوورەکان و کاتە دوورەکانم بیست.
لێکۆڵەرە کوردەکە ئەوەی خستەڕوو، ئەوەی لە خەیاڵدا بووە ڕۆژێک لە ڕۆژان پەیوەندییەکی فەرهەنگی لەگەڵ هاوڕێ چینییەکانیدا دروستبکات بۆ ئەوەی کورد بەو وڵاتە بناسێنێت، بەڵام نایشارێتەوە کە ئەوەی ئەمجارە بە هەڵکەوت بووە و بەرنامەبۆداڕێژراو نەبووە.
[1]