ژمارەیەک رۆژنامەنوس و یاساناس داوای رەتکردنەوەی پرۆژەیاسایەک دەکەن
📝 بەڵگەنامەکان
جەماوەری خۆشەویستی کوردستان
نوسەرو رۆژنامەنوس و ئازادیخوازان
کاربەدەست و بڕیاربەدەستانی کوردستان
لەکاتێکدا کوردستان بەدۆخێکی زۆر خراپی سیاسی و ئابوریی تێدەپەڕێت و نەهامەتی و برسێتی خەڵک گەیشتۆتە دۆخێکی زۆر مەترسیدار. موچەو قوتی موچەخۆرانی کوردستان چۆتە قوڕگی شێرو دیار نییە چی بەسەردێت. رۆژانە بەڵگەو دۆیکۆمێنتەکانی گەندەڵی و خراپیی حکومڕانیی ئەم وڵاتە لەمیدیاکان و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیی بڵاودەکرێتەوە. پرۆژە یاسایەک لەژێر ناونیشانی رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی گوایە بۆ رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنیە پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان کراوەو خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە.
لەراستیدا ئەو پرۆژەیە کە ناوەرۆکەکەی ئێستا ئاشکرا دەبێت، پێناچێت بۆ رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنیی بێت، بەڵکو هەوڵێکە بۆ بەرتەسککردنەوەو ئازادییەکان و بێدەنگکردنی هاوڵاتیان تاوەکو نەتوانن لەتۆڕەکانی کۆمەڵایەتی رەخنەو تێبینی و سەرنجی خۆیان لەبارەی رووداوەکان و گرفت و کەموکوڕیی و گەندەڵییەکانی حکومڕانی دەرببڕن.
بۆ رەتکردنەوەی ئەم یاسایە هەر ئەوەندە بەسە کە بڵێین هیچ جیاوازییەک لەنیوان ئەکاونت و پەیجی دامودەزگا میدیاییەکان و ئەکاونت و پەیجە شەخسییەکاندا ناکات. ئەمەش مانای وایە دەشێت هەر هاوڵاتییەک لەسەر نووسین یان کۆمێنتێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راپێچی بنکەی پۆلیس و دادگا بکرێت. جگە لەوەش ئاماژەکردن بە یاسای تیرۆر دەرگا لەسەر ئەوە دەکاتەوە لەسەر نووسین و بڵاوکردنەوە، میدیاکاران و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە یاسای تیرۆر دادگایی بکرێن. ئەمە لەکاتێکدایە کە یاسا دەبێ هەمیشە بە دوور بێت لە هەموو ناڕوونی و ئاڵۆزییەک، چونکە ئەمە بواری تەفسیری جیاواز دەڕەخسێنێ و دەشێت ببیتە ئامڕازی بێدەنگکردن، نەک پاراستنی مافەکان. ئەوەی ئێستا لەپرۆژەکەدا هاتووە بیانوو دەداتە دەسەڵاتداران و کاربەدەستان تا بەئارەزووی خۆیان تۆمەت بخەنە پاڵ هاوڵاتیی یان فەرمانبەر یان هەرکەسێک لەم وڵاتە، دواتر بەو تۆمەتە لەکارو وەزیفە دوریبخەنەوە یان زیانی پێبگەینن.
خەڵکی کوردستانی بێدەرەتان
ئازادیخوازانی کوردستان
ئاشکرایە کە ئازادی و پاشەگەردانی جیاوازیی زۆریان هەیە، هەموومان دەزانین دەرکردنی یاسا بۆ رێکخستنی ژیان زۆر گرنگە، بەڵام ترسێکی زۆرمان هەیە کە یاساکە بەشێوەیەکی خراپ و بۆمەبەستی شەخسی و حزبی بەکاربهێنرێت! هەربۆیە دەبینین یاسای رۆژنامەگەریی ژمارە 35 لە ساڵی 2007 وە دەرچووە بەڕوونی رێگریی دەکات لە دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسان، بەڵام تائێستا رۆژنامەنوس لەسەر نوسین و دەستگیردەکرێن! چونکە بەشێک لەدادوەران لەژێر کاریگەریی بارودۆخی حزبیی کوردستان بەیاسای دیکە تۆمەت دەخە پاڵ رۆژنامەنوسان!
پێویستە هەموولایەک ئاگاداربێت کە ئەم پرۆژەیە یاسایەی ئێستا بەردەستە، نەک میدیا بگرە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش کۆت و بەند دەکات، کۆمەڵێک رێکارو سزاو غەرامە لەخۆ دەگرێت پێچەوانەی پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی یاسا و رێکارە کارپێکراوەکان رێکخستنی کاروباری حکومڕانیە.
خراپی ئەم حکومڕانییە بەڕێگرتن لەناڕەزایی خەڵک چارەسەر نابێت، هەروەک ئینکاری کردنی راستیی هیچ لەراستییەکان ناگۆڕێت. ئێستا تاکە رێگایەک بۆ خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەربڕین و رەخنەگرتن لەحکومڕانیی لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، چونکە حکومەت و بەشێک لەحکومڕانانی هەرێم هەموو گۆڕەپانەکانی کۆبونەوەی جەماوەریی و خۆپێشاندانیان بەڕووی خەڵک داخستووە، بێگومان بەیاسای رێکخستنی خۆپێشاندان، کە دیسان ئەویش خراپ بەکاردەهێنرێت.
ئێمە وەکو ژمارەیەک زۆر نوسەرو رۆژنامەنوس و ئەکادیمیی و یاساناسانی کوردستان، دەمانەوێت دەنگی ناڕەزایی خۆمان بگەینە دەسەڵاتداران و خەڵکی کوردستانیش لە وەها هەوڵێک ئاگاداربکەینەوە. داوا لەحزب و لایەنە سیاسییە حکومڕانەکان و حکومەت و ئەندامانی پەرلەمان و هەموولایەک دەکەین، ئەم پرۆژە یاسایە راگرن پێویست بەپرۆژەیەکی وەها ناکات، بەڵکو تەنها بڕیارێک دەربکەن کە میدیای ئەلیکترۆنی بچێتە ژێرباری یاسای رۆژنامەگەریی ژمارە 35 ساڵی 2007.
ئەم نوسەرو رۆژنامەنوس و ئەکادیمی و یاسا ناسانەی ئیمزایان کردووە:
1-
مەریوانمەریوان وریا قانیع
2- سەردار هەرکی/ یاسا ناس
3- رەوف بێگەرد
4- مەسعود عەبدولخالق
5- خالد دۆسکی
6- سەرتیپ جەوهەر
7- ئاوات عەلی – سەرۆکی دامەزراوەی نالیا
8- ئاسۆس هەردی
9- سەردار محەمەد
10- موحسین عوسمان
11- رێبین هەردی
12- شادمان مەلا حەسەن
13- شوان داودی
14- شوان محەمەد
15- رێبوار کەریم وەلی
16- دڵشاد مەجید
17- بورهان حاجی عەلی
18- هیوا قادر
19- ئارام سەعید
20- خالید سلێمان
21- د. هەردەوان نەقشبەندی – مامۆستای زانکۆ
22- ئەحمەد عەبدولقادر/ پارێزەر و یاساناس
23- مەکی ئامێدی
24- ئەیوب ئەنوەر – مامۆستای زانکۆ
25- ئیبراهیم عەباس
26- شیلان دەرگەڵە
13-08-202013-08-2020