وەزارەتی بازرگانی: ساڵی رابردوو بە بەهای 1.2 ملیار دۆلار جگەرە و تووتن هاور...
کێڵگە تووتنەکانی مزوری باڵان لە دەڤەری بارزان، ئەمساڵ نزیکەی 30 دۆنمی بە تووتن داچێنراوە. شاکر سلێمان دوای 30 ساڵ دابڕان، دوو ساڵە دەستی بە داچاندنی تووتن کردووەتەوە، ئەمساڵ چوار دۆنم زەویی بە سێ جۆر تووتنی بۆنداری خاڵدار، گرژە و قۆچە داچاندووە، ساڵی رابردوو 700 کیلۆ تووتنی فرۆشتووە.
شاکر سلێمان دەڵێت لە چوار دۆنم 300 بۆ 600 کیلۆ تووتنی چاک بەرهەمدەهێندرێت، داهاتیشی بەپێی ساڵە و لە دوو دەفتەر دۆلار بۆ سێ دەفتەر دۆلارت بۆ دەمێنێتەوە، ساڵی رابردوو زۆر باش بوو.
تووتن تێچووی کەم و قازانجی باشە، رۆژانە بەپێی زەردبوونی گەڵاکە چنینەوەی دەستپێدەکات و لەسەر کێڵگەکانیان دەیفرۆشن.
بەرەڤان زۆرگڤانی جووتیارە و دەڵێت لێرە دێن و تووتنەکەمان لێ دەکڕن، ئێستا زۆر کەس هەوڵیداوە تووتنی بۆ هەڵبگرین، تووتنەکەمان سێ جۆرە، باش، باشترین و خراپ، نرخەکەشیان بەپێی جۆرەکانیان لە 50 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 300 دۆلار.
بەرهەمی تووتن لە هەرێمی کوردستاندا لە ساڵی 1980 بەشێوەیەک بوو کە هەزار و 600 گوندی باشووری کوردستان تووتنی لێ دەچێنرا، رووبەری داچێنراوی 88 هەزار و 864 دۆنم زەوی بووە.
لە رابردوودا تووتن بژێویی ساڵانەی 25 هەزار خێزانی باشووری کوردستانی لەسەربووە، ساڵانە 19 هەزار تۆن تووتن بەرهەمدەهێندرا. تووتنی باشووری کوردستان هەناردەی وڵاتانی تورکیا، ژاپۆن، یۆنان و ئەمریکا کراوە. بەڵام ئێستا کەمتر لە 20 هەزار دۆنم زەوی بە تووتن دادەچێندرێت.
ساڵی 1926 کارگەی جگەرە لە باشووری کوردستان دامەزراوە. دوو کارگەی جگەرە و چوار کارگەی چاککردنی تووتن لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام هیچیان کارناکەن.
ساڵی رابردوو 85 هەزار تۆن جگەرە و سێ هەزار تۆن تووتن هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون. بڕی ئه و سەرمایەی ساڵی 2019 بۆ کڕینی جگەرە و تووتن چووەتە دەرەوە یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بووە.
لە بازاڕەکانی باشووری کوردستان، نزیکەی 30 جۆر تووتن کە لە 14 وڵات هاوردەکراون، دەفرۆشرێت. کیلۆی لە 10 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 500 دۆلار؛ خۆماڵییەکە پڕفرۆشترینیانە.
مستەفا حەسەن کە فرۆشیاری تووتنە دەڵێت، کاتێک کوردستانی خۆمان تووتنی لێ نەکرێت تووتن لە دەرەوە دەهێنین، ناچارین. ئەو کەسانەی کاری تووتن دەکەن دەبێت بچن لە دەرەوە بیکڕن. ئەگەر تووتنی خۆماڵی هەبێت کڕیاری ئەو زیاترە و زۆریش لێی دەپرسن بەڵام کەمە.
تووتن ئەو رووەکە کوشندەیە کە دەبێتە جگەرە و ساڵانە لە سەرتاسەری جیهاندا سێ ملیۆن کەس دەکوژێت.
[1]