#پارتی سەوزی کوردستان# بەهۆی سووتانی شاخی گۆیژە لە #سلێمانی#، سکاڵای یاسایی لە داواکاری گشیی سلێمانی تۆمارکرد. سکرتێری پارتەکە پێیوایە سووتانی شاخی گۆیژە دەستی لە پشتە و بەمەبەست ئەو کارە کراوە، کە وەک خۆی دەڵێت ئامانج لێی کەمبوونەوەی ڕێژەی سەوزاییە لە سلێمانی.
#ملکۆ بازیانی#، سکرتێری پارتی سەوزی کوردستان ڕاگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ هۆکار و چۆنێتیی ئاگرەکە و سووتانی شاخی گۆیژە کردووە. دەڵێت پێمانوایە ئەمە ڕووداوێکی سرووشتی نییە، بەڵکو بەمەبەست کراوە.
لەبارەی گومانەکانیشیان، سکرتێری پارتی سەوزی کوردستان گوتی: بەپێی بەدواداچوونی ئێمە ئاگرەکە لە دامێنی چیاکەوە بووە و بەرەو سەرەوە تەشەنەی کردووە، نەک لە سەرووی چیاکەوە هاتبێتە خوارەوە، هەرچەندە جارێ ڕوون نەبووەتەوە کە کێ ئەم کارەی کردووە، بەڵام ئەمە دەستێکی لەپشتە و هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی لە سلێمانی دەدرێت.
دوای تۆمارکردنی سکاڵاکەیان لە داکاری گشتی، پارتی سەوز داوای بە سزاگەیاندنی بکەرانیان کردووە، داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بەدواداچوونی ورد بکەن بۆ هۆکاری ئاگرەکە و سووتانی چیاکە.
ملکۆ بازیانی دەشڵێت: هەر بەو سکاڵایە ناوەستین و لەگەڵ ڕێکخراوەکان و خەڵکانی دڵسۆزی سلێمانی قسە دەکەین و هەڵوێستی دیکەشمان دەبێت.
نیوەشەوی هەینی ڕابردوو ئاگر لە شاخی گۆیژەی سلێمانی کەوتەوە. عەبدوڵڵا ئەحمەد، بەڕێوەبەری پاوان و دارستانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ڕووداو)ی ڕاگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە نزیکەی 200 بۆ 300 دۆنم زەوی و داری بەتەمەن سووتاون، بەشێکی زۆر لەو دارانەش کە سووتاون تەمەنیان لە 50 ساڵ زیاتر بووە.[1]