حامی ئاکسۆی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیێنراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەت بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەداوە: ئەم پڕوپاگەندەیەی بۆ تیرۆر دەکرێت، ئەنجامی سیاسەتی فەرمی فەرەنسایە.
لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە: فەرەنسا هەوڵەکانمان لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پاراستنی ئاسایش و ئەمنییەتی ناوچەکە و ڕێزگرتن لە یەکپارچەیی خاکی سووریا بە داگیرکاری دەزانێت. ئەو شکستە قووڵەی لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتییەوە لە خەون و پلانی تیرۆریستانماندا کە دەیانویست دەوڵەتی تیرۆر دابمەزرێنن، هیچ بنەمایەک بۆ ئەو جۆرە تۆمەتانە ناهێڵنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕەخنە لە سیاسەتی فەرەنسا بەرامبەر پرسی کورد دەگرێت و دەڵێت: لە ڕابردووشدا چەندینجار ئاماژەمان بەو سیاسەتە هەڵەیەی فەرەنسا داوە کە پێداگرە لەوەی پاڵپشتی لەو ڕێکخراوە تیرۆرییە بکات و #پەکەکە#/#یەپەگە# لەگەڵ کوردی سووریا دەخاتە تای یەک تەرازووەوە.
حکومەتی فەرەنسا وانەیەکی سەبارەت بە مێژووی کورد و کێشەی کورد خستووەتە نێو پرۆگرامی خوێندنی پۆلی 11 لە قۆناخی ئامادەیی. وانەکە لە کتێبی مێژوو و جوگرافیادا بە ناونیشانی کورد : نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت داندراوە.