ڕاگەیەندراوی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ
شەریف رەحیم، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی
چەمچەماڵچەمچەماڵ راگەیاند: کەمێک پێش ئێستا پۆلیسی چەمچەماڵ داوای ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی تەرمیان لێکردین، کە لە نزیک گۆڕستانی گوندی برایم ئاغا کە چەند خولەکێک لە شارۆچکەی چەمچەماڵەوە دوورە، تەرمی دوو کچیان دۆزیوەتەوە.
ماوەی چوار رۆژە پۆلیسی چەمچەماڵ سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە دەنگۆی کوژرانی دوو کچ لەلایەن باوکیانەوە. پۆلیس پێشتر گوتبووی سەرەداوی شوێنی تەرمەکانیان دەستکەوتووە و لە چەند کاژێری داهاتوودا دڵنیا دەبنەوە لە راستیی رووداوەکە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی چەمچەماڵ دەڵێت: وەک دەگوترێت، لەلایەن باوکیانەوە کوژراون، تەرمی دوو کچەکە لە دەرەوەی گۆڕستانەکە بەخاکسپێردراون، بڕیارە تەرمەکان دەربهێندرێن و بگوازرێنەوە نەخۆشخانە.
محەمەد عەبدی، بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ ڕاگەیاند: دوای ئەوەی زانیاریمان پێگەیشت کە گوایە دوو کچ لەلایەن باوکیانەوە کوژراون دەستبەجێ دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد.
سەرەتا زانیاری هەبوو کە تەرمی کچەکان لە چەمی حاجی ئیبراهیم لە ناوچەی شوان لە سنووری قەزای چەمچەماڵ شاردراونەتەوە، بەڵام محەمەد عەبدی دەڵێت: دوای گەڕانێکی زۆر هیچ ئاسەوارێکی تەرمەکان لەو شوێنە نەدۆزراونەتەوە.
سەبارەت بەو خێزانی ئەو دوو کچە، بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ دەڵێت: خێزانەکە لە خانوویەکی کرێدا نیشتەجێبوون، دوای دەنگۆی کوشتنی دوو کچەکە لەلایەن باوکیانەوە چووینەتە ماڵەکەیان، بەڵام کەسی لێ نەبووە و باوکەکەش ژمارەی تەلەفۆنەکەی داخراوە و نازاندرێت بۆ کوێ رۆیشتووە.
محەمەد عەبدی دەشڵێ، هیچ کەس سکاڵای تۆمار نەکردووە بەڵام داواکاریی گشتیی خۆی دۆسێی لەسەر رووداوەکە کردووەتەوە.[1]