سامان سەلمان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی #هەولێر# ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ حەوت بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر کۆبووینەوە و بڕیار درا ڕۆژی یەکشەممە 2020/09/14 هەڵمەتێکی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ڕێنمایی بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوەندی هەولێر و قەزا و ناحیەکان دەستپێبکات.
ئەو هەڵمەتە وەک ئامادەکارییەکە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی هەر شەپۆلێکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وەرزی پاییز و زستاندا.
سامان سەلمان ئاماژەی بەوە دا، بۆ ئەم هەڵمەتە 35 تیم ئامادەکراون و لە هەموو شوێنە گشتییەکان، بازاڕە میللییەکان، بازگە و ناوچە گەشتیارییەکان پۆستەر هەڵدەواسرێت و ڕێنمایی تەندروستیی ڕووبەڕووبوونەوە و چۆنیەتیی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەسەر هاونیشتمانیان و گەشتیاران دابەش دەکرێت.
بڕیارە هەڵمەتەکە لەیەک کاتدا لەناو هەولێر و قەزا و ناحیەکانیش دەستپێبکات و بەردەوامیش بێت.