لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان 37٪ کەمیان کردووە، بەڵام هێشتایش هەزار و 301 ئۆتۆمبێل بە یەکیاندا داوە و وەرگەڕاون، 198 کەسیان کوشتووە، دوو هەزار و 13 سەرنشین برینداربوون.
دووەم جارە بەهۆی تیژلێخورینەوە ئۆتۆمبێلێک لە ڕێڕەوی خۆی دەرچووە و خاوەنەکەی تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بووە.
شوان عەبدولکەریم 30 ساڵە کاری چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی وەرگەڕاوە، مانگانە نزیکەی 10 ئۆتۆمبێل چاک دەکاتەوە کە لە ڕووداوی هاتووچۆدا تێکچوون.
شوان عەبدولکەریم، وەستای چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە و دەڵێت، لەبەر ئەوەی ئۆتۆمبێلەکان خێراییان تەواوە، بەڵام کۆلێتییەکەیان باش نییە، بۆیە ئەو ڕووداوانە ڕوودەدەن. کوالێتیی ئەمانە لەگەڵ ئەوروپیدا جیاوازن مواسەفاتیان بەرزە، بەڵام ئەوەی دێتە عێراقەوە هیچی تێدا نییە و کێشیان سووکە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی ئەمساڵدا 37٪ ڕووداوەکانی هاتووچۆ بە بەراورد بە شەمانگی ساڵی ڕابردوو کەمیان کردووە، بەجۆرێک ئەمساڵ هەزار و 301 ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویان داوە، لەو ژمارەیە دوو هەزار و 13 سەرنشین برینداربوون و 198 سەرنشینیش مردوون.
لە شەش مانگی ساڵی 2019دا دوو هەزار و 25 ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویداوە، لەو ژمارەیە دوو هەزار و 860 کەس برینداربوون و 257 کەسیشیان مردوون.
عەمید ئەسعەد مەلا کەریم، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، ئەمساڵ ئەگەر بەراوردی بکەین بە پار، ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. ئەوەیش بەهۆی ئەو کەرەنتینەیەی لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕاگەیێندراوە. هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکان خێراییە. هەروەها بەکارهێنانی مۆبایلیش هۆکارێکی دیکەیە.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل هەن. زیاتر لە 70٪ی ڕێگەکانی دەرەوەی شارەکانی هەرێمی کوردستانیش یەکسایدن. بەپێی ئامارەکان هەفتانە 7 بۆ 10 کەس بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە لە کوردستان گیان لە دەستدەدەن.[1]
رووداوەکانی هاتووچۆ لە 2020دا:
1,301 ڕووداوی هاتووچۆ
2,013 کەس برینداربوون
198 کەس مردوون
رووداوەکانی هاتووچۆ لە 2019دا:
2,025 ڕووداوی هاتووچۆ
2,860 کەس برینداربوون
257 کەس مردوون