#نالیا ئیبراهیم#
#قەندیل# ئەو ناوچە شاخاوییە کە دەکەوێتە باشووری کوردستان، لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆسە، بە دژوارترین و گرنگترین چیاکانی کوردستان دادەنرێت کە بەرزاییەکەی زیاتر لە 3000 مەترە.
بەدرێژایی خەباتی کوردان قەندیل ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە، بەڵکوو هەمیشە لانکی پێشمەرگە و سەنگەری بەرگری بووە، هەمیشە داگیرکارانی کورد نەیانتوانیوە داگیری بکەن، هەڵکەوتنی چیاکانی زۆر سەختن، مانەوە لەو چییانە ئیرادەیەکی زۆر و خۆڕاگری دەوێت کە بە هەمیشەیی بەفری لێیەو کەش هەوایەکی زۆر ساردی هەیە.
هەمووان دەزانین ساڵی 1983 ڕێکەوتنێکی 11خاڵی لەنێوان #پارتی دیموکراتی کوردستان# بەڕێز #ئیدریس بارزانی# و پارتی کرێکارانی کوردستان بەسترا، بە مەبەستی چێگیرکردنی هێزەکانی گەریلا لە چیاکانی باشوور، یەکێک لەو خاڵانە لەسەر ئەوە ڕێکەوتن کە بە هیچ جۆرێک شەڕی ناوخۆی کوردان نەکرێت، بەڵکوو هێزەکانیان بە ڕووی دوژمندا بێت.
هەر لەو ساڵەوە هێزی سەربازی پارتی کرێکارانی کوردستان لەنگەری شۆڕشیان لە قەندیل بەست.
بوونی هێزی سەربازی #پەکەکە# ئەنجامە لە کێشەی کوردانی باکوور کە لە ڕەهەندێکی مێژوویی قوڵەوە درووست بوون.
کە چەندین ساڵە تا دوا پلە بە ورەیەکی بەرز و خۆڕاگیرییەوە شۆڕش و خەباتی خۆیان پێش دەخەن، کە مانەوە و ورە بەرزی هەر تاکێک لەو پارتە و بە گەریلاکانیشیانەوە، پرسیارێکی زۆرزۆری لە جیهاندا درووستکردووە هەر وەک دەوترێت تەلیسمی ئەو پەروەردە ڕۆحیی و گیانبەخشییە بۆ کوردستان لە قوتابخانەکەی ئۆجەلانە.
لێرەدا من نامەوێت باس لە خەباتی ئەو لایەنە بکەم، تەنیا ئەوەی گرنگە بیڵێین قەندیل تاکە خال و شوێنە کە دوژمن نەیتوانی بەو هەموو هێز و بەکارهێنانی چەکی نوێ و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی کە بەکارهێنا و چەندین گەریلا و خەڵکی سڤیلی شەهید کرد لێ نەیتوانی ئامانجی خۆی پێک بێنێت. هەروەک دەزانین ڕژێمی تورکیا و ئێران زۆر هێرشیان کردە سەر ئەو ناوچانە، بەڵام شکستیان خوارد.
لە هەندێک لایەن یان بە ناو نووسەر و ڕۆشنبیر..هتد بوونی لایەنی ناوبراو بە هەڕەشەیەکی گەورەی دەبینێت لەسەر ئاساییشی کوردستان کە دەڵێن: پەکەکە سەنگەر بگوازێتەوە بۆ ناو باکوور و قەندیل چۆڵ بکەن یاخود دەڵێن ئەوان دەستێوەردان دەکەن، گوایە ئەوە هەڵەی پەکەکەیە کە دەمیرتاش و هاوسیاسییەکانی زیندانی کران، یا خود #هەدەپە# کە نە چووەتە دەستەلاتی تورکیا ئەوە هێزی قەندیل بووە نەیهێشتوە.. چەندین بۆچونی تر!
هەڵبەت من وەک ژنێکی سیاسی دەمەوێت چەند سەرنج و ڕاستییەک بخەمە ڕوو وەڵامی هەندێک لەو بۆچونە یەقینانە بدەمەوە کە بنەمایان نییە.
قەندیل گەورەترین سەرمایەیە بۆ کورد هەر بۆیە ناکرێت چۆڵ بکرێت بۆ بەجێهێنانی پلانی درێژی تورکیا و بیەوێت دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرێت، لە کاتێکدا پەکەکە ئەوە بکات، گەورەترین هەڵەی مێژوویی دەکات و هەموو کورد دەبێت باجەکەی بدات.
باس لەوە دەکرێت پەکەکە ئاساییشی هەرێمی تێکداوە بەڵام لە بیرکرا کە هێزەکانی پێشمەرگە #شنگال#یان چۆل کرد، هێزی ئەو لایەنە بوو شکۆی شەنگالیان پاراست کە بە داخەوە زیاتر لە 3700 خێزان لەلایەن #داعش#ەوە فڕێندران و بێسەروشوێنن کە هەرێمیش خاوەندارێتی لێ ناکات.
یاخود دەوترێت لە پشت خۆپشاندانەکانی هەرێمی کوردستانەوە، پەکەکەی لە پشت بووە، بۆ ناچن لە باکوور ئەم ناڕەزاییەنە دەرببڕن، دیارە ئەم جۆرە بۆ چونانە زۆر کلاسیکە و لەم سەردەمەدا گوێی لێناگیرێت.
باشوور لە قەیراندایە و میللەت ماندووە لەبەر ئەوە مافی خۆیانە بڕژێنە سەر شەقام، هەرچەندە لەگەڵ توندوتیژیدا نیم لێ سووتاندنی ئەو بارەگایانە ناکاتە ئەوەی خەڵکی سڤیل شەهید ببن، هەر بۆ گەواهی ئەوەی خەڵکی سڤیل خۆرسکانە هاتنە سەر شەقام هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لاهور شێخ جەنگی باسی لەوە کرد هیچ لایەن و هێزێکی سیاسی لە پشت خۆپشاندانەکانی #سلێمانی#ەوە نەبووە. لە خۆپشاندانەکانی باکووریش بە سەدان و هەزاران خەڵک زیندانی و حوکمی چەندین سالە دراون بە خەڵکی سڤیل و سیاسیشەوە و چەندین شەهیدیان داوە کە لە بەرانبەر درەندەترین ڕژێمی ڕۆژهەڵاتی ناوین وەستاون لێ لە باشوور کە هەرێمێکی ئازاد و بەناو دیموکراتە میللەت تووشی ئازار و زیندانی دەبنەوە، ئەگەر داوای مافی خۆیان بکەن! ئایا کاکی نووسەر بۆ ئەم پرسیارە لە خۆت و دەسەڵاتەکەت ناکەیت، دەتانەوێت کرۆکی داوای میللەتی توڕە بەم پاساوە بێ بنەمایە وەڵام بدەنەوە!
باس لەوەش دەکرێت هەدەپە باڵی پەکەکەیە و خۆیان خزاندۆتەوە ناو پارتە چەپەکانی تورکیایەوە، ئەو بەڕێزە زۆر بێئاگایە لەوەی پارتێک، یان ڕێکخراوی تورک بە ناوی چەپەوە لە ئێستەدا بوونیان نییە جگە لە هەدەپە نەبێت کە وەک پارتێکی ئۆپۆسزیۆن وەک چەترێک هەموو ئەو هێزانەی کۆکردووەتەوە کە نزیکن لە فکر و تێڕامانیان، کە لە ناویشیاندا چەندین کەسی وەک نەتەوە و ئایدیای جیاواز، بێباوەڕ و دینییەکانیشی لە خۆ گرتووە، بە نموونە عەلەوی، ئێزیدی، کریستیان و موسوڵمان..هتد هەن.
لێ ئەوەی بۆ من ڕوون نییە ئەو بەڕێزە چ ئەرگومێنتێکی هەیە کە هەدەپە باڵی پەکەکەیە؟
دەڵێن گوایە ئەوە هەڵەی هێزی پەکەکەیە کە پارێزگاری لە مانەوەی ڕژێمی سووریا و بەشار ئەسەدی کردووە کاتێک هێزە ئۆپۆسزیۆنەکان ویستویانە ئەو ڕژێمە بڕۆخێنن، هەڵبەت ئەوەی کەمێک چاودێری و شارەزایی لە هێزی نێودەوڵەتی هەبێت دەزانێت کێ بڕیار لەسەر مانەوەی بەشاری داوە، چوار ساڵ بەر لە ئێستە ئۆباما لە لێدوانێکدا باسی کرد کە ئامانجیان نییە گۆڕانکاری بەهێزی سەربازی لە سووریادا بکەن بەڵکودەیانەوێت گۆڕانکاری بەشێوەیەکی سیاسی لە دەستەڵاتەکەیدا بکەن.
لە کۆتاییدا هەروەک بەڕێز ئیبراهیم ئەحمەد دەیووت: (تا کێشەکانی باکووری کوردستان چارەسەر نەکرێت، چاوەڕوان نەکرێت کێشەی بەشەکان و پێکهاتەکانی تری کوردستان چارەسەر ببێت).
مەبەست لەم وتارە وەڵامدانەوەی هەندێک ئەو بۆچوون و حکومدانەیە بەسەر هەر لایەنێک یان لەسەر چۆڵکردنی قەندیل کە زۆر کەس بە موڵکی پەکەکەی دەزانێت، کە لە ڕاستیدا پێویستە هەموو خاوەندارێتی لێبکەین.. ئەو بەڕێزانەی تریش کوێرانە حکوم نەدەن لایەنی کەم چاودێری ڕەوشە بکەن یاخود بە دوادا چوون لەسەر ڕاستییەکان بکەن، تا نەکەونە هەڵەی گەورەترەوە.[1]