پیشەی درووستکردنی لانک لە هەولێر (ئەربیل)
درووستکردنی لانک یەکێکە لەو پیشانەی کە ڕۆژبەڕۆژ بەرەو کەمبوونەوە و لەناوچون دەچێت، ئەو پیشەیەی لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ بەرهەمهێنانی بەردەوامە کە باوک و باپیرانمان لە تەمەنی منداڵیدا وەکوو باوترین قەرەوێڵەی ئەو سەردەمە تیایدا گەورەبوون.
زەکەریا محەمەد نەجاڕ، دارتاشێکی ناو بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر (ئەربیل) -ە کە ساڵانێکە خەریکی ئەو پیشەیەیە کە لە باوکیەوە بۆی ماوەتەوە، لەوبارەیەوە ڕایگەیاند بەکارهێنانی لانک لە شاری هەولێر کلتوورێکی کۆنی تایبەت بە شارەکەیە.
زەکەریا محەمەد نەجاڕ بە ئاماژەدان بەوەی کە پیشەی لانک درووستکردن لە باپیرانییەوە بۆی ماوەتەوە تا ئێستاش بەردەوامی بەکارەکەی دەدات و وتی، “
لە کۆندا لە هەولێر چەند وەستایەکی لانک درووستکردن هەبووە بەدەست لانکییان درووستدەکرد، وەستاکان هەریەکە لە..
(عیزەت شاکر نەجاڕ و حاجی محەمەد حاجی ساڵح و ئەحمەد محەمەد) بوون و لە کۆندا ئەمانە پیشەکەیان بریتیبوو لە درووستکردنی لانک، بێگومان پێش ئەو وەستایانەی کە ناوم هێنان وەستای دیکە هەبوون ئەم پیشەیەیان ئەنجامداوە”.
نەجاڕ بەم جۆرە بەردەوامی بە قسەکانیدا وتی، “پێشتر درووستکرنی لانک زۆر قورس بوو، چونکە هەموو کارەکان بەدەست ئەنجامدەدرا، بۆ درووستکردنی لانکێک دوو ڕۆژت پێویست بوو تاوەکو تەواو ببێت، بەڵام ئێستا زۆر ئاسانترە، ئامێری جیاواز لە کارەکەدا بەکاردەهێندرێت، لە ئێستادا کارگەیەک دەتوانێت دەیان لانک لە ڕۆژێکدا درووست بکات، ئیستا دار دەهێندرێت لە جۆری “ئێم دی ئێف” کە درووستکراوی وڵاتی تورکیایە ئێمە دەیهێنین لێرە دەیبڕین و نەقشی لێوە درووست دەکەین و لانکی لێ بەرهەم دەهێنین، لێرە لە سەدا حەفتا و پێنجی فرۆشی لانکەکان ئەم جۆرە نوێیەیە و زیاتر خواستی لەسەرە”.
نەجاڕ باسی لەوەکرد ئەو کاتانە کە تەکنەلۆژیا بەمشێوەیە پێشکەوتوو نەبو بۆ درووستکردنی لانک ئەو دارانە بەکاردەهات کەلە شاخەکانەوە دەهاتن، لە ئێستاشدا چەندین جۆری دار لە درووستکردنی لانک بەکاردەهێندرێت.
زەکەریا محەمەد نەجاڕ لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی، لانکەکانی پێشوتر چەند منداڵی جیاوازی تیادا گەورە کراوە، لەکاتی خۆی لانکێک دەیان منداڵی تیادا گەورە دەکرا، ئەو خانەوادەیەی کە منداڵەکانی لە لانکێک گەورە دەکرد دواتر لانکەکەی دەدا بە ناسیاوێکی یاخود هاوڕێیەکی، ئەوانیش منداڵەکانی خۆیان لەهەمان لانک گەورە دەکرد و دواتر دەیانبەخشی بەو خانەوادانەی کە پێویستیان پێیەتی یاخود لە مەزارەکان و تەکییەکان جێان دەهێشت”.
نەجاڕ باسی لەوەکرد خەڵکی لە پێشتردا گرنگییەکی زۆریان بە لانک دەدا و بۆ ئەوەی لانکەکەیان جوان و تایبەت دەربچێت دەیانڕازاندەوە، خەڵکی کاتی خۆی کە دەهاتن بۆ درووستکردنی لانک دەیانوت لانکێکی “سوڵتان مەحمود”م بۆ درووست بکە، لانکی “سوڵتان مەحمود” بەمانای ئەوە دەهات لانکێکی بە نەقش و بە دیزاینە، وەستاکان بە ئامێرێکی دەستی کە نەقش و دیزاینی جوانیان درووستدەکرد و بە بۆیەی سیم لانکەکەیان بۆیە دەکرد”
لە کۆتاییدا زەکەریا محەمەد نەجاڕ ئاماژەی بەوەدا کە گرنگە هەر خانەوادەیەک گرنگی بە کلتوور و نەریتی خۆی بدات و ئاوڕ لەم جۆرە کارە دەستیانە بدرێتەوە، تاوەکو بەردەوامی بەم کارانە بدرێت و ئەم جۆرە پیشانە لەناو نەچن..[1]