تەرمەکان مەلە دەکەن 02
نووسینی #دەشتی بەرزەواری#
بەشی دووەم
بەهاران ئۆمێد مەڕەکانی دەبردە (شەوبەکێو) لە شەوێکی سایەقەی ساماڵ دا کە ئەستێرەکان جوانترلە جاران دەدرەوشانەوە، ئومێد ڕووی لە ئەستێرەکان کردبوو گلەیی لە چانسی خۆی و خەڵکی دەڤەرەکەی دەکرد دەیوت: ئەگەر ئەستێرەی دادپەروەری زوو کۆچی نەکردایە ئێمەی بەتەنها جێ نەهیشتبایە، ئەوە هەرگیز سەگەڕەش و توتکەکانی ئاوا هەراسانیان نەدەکردین.
خۆ ئەگەر ئەستێرەی دادپەروەری گۆڕێکیشی هەبوایە هەرباش بوو! جار جارە دەچووینە سەر گۆڕەکەی و کەمێک دەپاڕاینە بۆ ئەوەی خوای گەورە لەو بەدبەختییەی تێیکەوتین ڕزگارمان بکات، بەڵام ئێستاش لە ترسی سەگەڕەش ناوێرین بۆ مەرگی داپەروەری و حاڵی خۆمان کەمێک بلاوێینەوە، یەکسەر سەگەڕەش پەلامارمان دەدات.
ئەستێرەی بڕوانامەکان کە گوێی لە هەموو بێ دادیەی سەرزەوی بوو، هەر لە ئاسمان ڕۆحی دەرچوو ڕژایە سەرزەوی کەوتە ناو هۆزی مەڕەکان، مەڕێکی گێژ پەلاماری دا وای زانی چەند لەتە نانێکە! خواردی. ئەستێرەی بڕوانەمەکان لەئەستێرەی دادپەروەری خراپتر بە پەند چوو. ئیتر ئومێد خەمی مەرگی ئەستێرەی دادپەروەری هەر لە بیر نەما! تازیەباری مەرگی ئەستێرەی بڕوانامەی زانستی دایگرت، زانی ئیتر بڕوانامەی زانستیی لەم دەڤەرە لە دەست چوو. هەر کاتێک بیویستایە بیرلە بابەتێکی زانستی بکاتەوە یان ڕاوێژێک لەگەڵ ئەقل و لێکدانەوەی هزری بکات، دەبوو بچێتە لای مەڕە گێژە هەندێک فرمێسک لەبەرامبەر مەڕە گێژە بڕژێ و ئەویش بە دەم کاوێژ کردنەوە یەک دوو جار باعە باعی بۆ دەکرد و هەڵمێکی بۆگەنی گیای پێشتری بەسەرو گوێلاکی ئومێد دادەکردەوە، ئومێد لەگەڵ بۆنی هاڵاوی گەنیوی دەمی مەڕە گێژە سەخترین بەهاری ژیانی بەڕێکرد. ئەو هێندە گێژ ببوو، وەک سەر خۆشێک بەڕێگادا دەڕۆیی، ئیتر نە لە خەمی خۆی و لە خەمی کەسدا بوو ئاخۆفێری چی دەبێ یان فێرە چی نابێت.
بەهار پیر ببوو؛ لە دوا ساتەکانی تەمەنیدا بوو، کاتێک گوڵە جۆیەکان گوانە پڕلە شیرەکانیان ڕەق بوون، ئیتر بە کەڵکی مژین نەمابوون. ئومێد لە گەڵ ئەستێرەی سەرۆک کەوتە گفتو گۆ وتی تۆ تا ئێستا هیچ هەڵوێستت نەبوو بەرامبەربە پرسەی دوو ئەستێرەی گەشی ئەم ئاسمانە هەتا پرسە و سەرخۆشی خۆتت دەرنەبڕی! بەڕاستی دەبێ تۆ ئاگات لە مەرگی ئازیزانت بێ هەر هیچ نەبێت مەهێڵە لاشەیان بکەوێتە بەر دەمی سەگ و مێگەلەوە! بۆ ئەوەی بتوانین لە دوای مەرگیان سەردانی گۆڕەکانیان بکەین و ئارامی بۆ ڕۆحەکانمان بگەرێتەوە.
ئەستێرەی سەرۆک بزەیەکی هاتێ، لەگەڵ بزەی ئەستێرەی سەرۆک ئەستێرەی بەخشینەوەی داهاتەکان ڕژا و کەوتە خوارەوە، ئەویش لەسەر هەوێزی مێگەل کەوتە خوارەوە، بزنە مس لە ناو مێگەل قیت بۆوەو پەلاماری داو خواردی. نە ئەستێرەی سەرۆک لە بزەی خۆی کەوت و نەئومێدیش توانی شتێک بکات بۆ ئەوەی ئەستێرەی بەخشینەوەی داهاتەکان بەدەردی ئەستێرەکانی تر نەڕوات.
بۆیە ئومێد هەرچەندی بە ئومێدەوە لە گوڵە جۆکانی دەڕوانی زیاتر بێ ئومێدی دایدەگرت، چونکە دەیزانی لە کاتی وەبەرهاتنی داهاتی دانەوێڵە، پرسەی ئەستێرەی بەخشینەوەی داهاتەکانە دەست پێ دەکات و هەرچی دێتە پرسەکەش تەمبەڵ و تەوەزەل و تێر نەخۆرن! بۆیە دەبێ هەموو دانەوێڵەکە لە پێش ئەوان ڕۆ بکات، مەڕو ماڵاتەکەشی لە ڕۆژانی تەڕی و توشی زستانی داهاتوو هەر کاوێژی دانوێلەی ناو پەرێزەکانی هاوین بکەنەوە.
بۆیە هەر سەری لە بزنە مس بادەدا دەیوت تۆ نازانی بە قوتدانی تەرمی ئەستێرەی بەخشینەوەی داهاتەکان چ بەڵا و چەرمەسەریەک بۆ خۆت و هاوڕێکانت لە زستانی داهاتوو دروستکردووە!
هاوین هات و بەخشینەوەی داهاتەکان وەک مووچەی فەرمان بەرانی لێ هات نیوەیان بۆ پاشەکەوت کرا نیوەکەی تریشیان پێ نەدرا. هەرچی دانەوێلەی جوتیاران هەبوو بە نیوە قیمەت عەمبار کران و پارەکانیشیان بە قەدەرسپارد.
ماویەتی[1]