تەرمەکان مەلە دەکەن 03
نووسینی #دەشتی بەرزەواری#
بەشی سێیەم و کۆتایی
کەس نەیدەزانی بۆچی ئومێد هێندە گرێدراوی ئەستێرەکانە، تەنها خۆی نەبێت! زۆر جار ڕووی لە مەڕەکان دەکرد و دەیپرسی (دەزانن ئەگەر ئەستێرە پرشنگدارەکان بۆماوەیەک ئاوابن یان بۆ هەتا هەتا برژێن واتە چی؟!)
پێی وابوو مرۆڤ دەتوانێ بە بێ ڕوناکی خۆر بژی، بەڵام ناتوانێت بەبێ درەوشانەوەی ئەستێرەی هیواکان بژی. ئەو بۆشاییە ڕۆحییەی لە نەبوونی ئەستێرەکاندا لای ئومێد دروست ببوو بە چەند جێگرەوەیەکی خودکردە پڕی کردبۆوە، بۆیە زۆرجار لەگەڵ مەڕە گێژ و بزنە مس و سەگە ڕەش دەدوا چونکە وای دەیزانی ڕۆحی ئەستێرەکان چۆتە ناو گیانی ئەوانەوە. لە شەوی پایزێکی وشکی بێ باراندا گەڵاکان پێش ئەوەی زەرد ببن هەر بە سەوزی هەڵدەوەران و دەکەوتنە سەرزەوی؛ ئۆمێد ڕووی لە ئەستێرەی سەرۆک کرد، پێی وت (دەزانی مە تاکە هیوام مابێت تۆی؟ ئەگەر تۆش نەمێنیت ئەوە تەواوی هیواکانم ژێر قوڕ و لیتەی ئەم چەرخە سپڵەیە دەکەوێت!
سەرۆک سەرێکی بادا و وتی (تازە درەنگە زۆر درەنگە! من لە ئێستادا ناتوانم فریای خۆم بکەوم تا فریای ئێوە بکەوم، بۆیە دەبێ هیوات بە بارانێکی بەرحەمەت بێت.) لەگەڵ تەواوکردنی قسەکانی ئەویش بەرەو خوارەوە ڕژا و لە بەردەمی کەرێ شین کەوتە خوارەوە، ئەویش قەپێکی پێیا کرد و ئەستیرەی سەرۆکی خوارد؛ دوای مەرگی ئەستێرەی سەرۆک ئەستێرەکان جگە لە ئەستێرەی باران، هەر هەموویان لەئاسمان بوون بە تەم! دواتر وەک خۆلەمێش بەسەرسەری خەڵکدا هاتنە خوارەوە، ڕووخساری خەڵکی ئەم دەڤەرە لە بەر چاوی جیهان گۆڕا لە مرۆڤێکی پاکی فریشتە ئاسا گۆڕان بۆ مرۆڤی شێوە زۆمبی! کەس نەیدەوێرا سڵاویان لێ بکات.
لە ترسی کەرێ شینیش کەس نەیدەوێرا باسی سەرۆک بکات چونکە پێی وابوو ئەو خۆی سەرۆکە!
ئومێد تێگەیشت ئیتر قەدەر ئەم مەملەکەتە بەرێوەدەبات، لەبەر خۆیەوە دەیووت (یا دەبێ ڕەوبکەم یا دەبێ لەگەڵ مەڕە گێژ و بزنە مس و سەگە ڕەش و کەرێ شین هەڵبکەم!) ئومێد هەموو هیواو ئاواتەکانی لە ناو هەگبەیەک نا، لە سەر پشتی کەرێ شین قایمی کرد، بۆ ئەوەی ئەگە ڕۆژێک هاتوو بەهارێکی سەوزتر و ئاسۆیەکی ڕوونتر ڕووی لەم دەڤەرە کردەوە ئەوسا هەگبەکە لەسەر پشتی کەرێ شین بێنێتە خوارە و هەڵیان بڕژێ تاوەکو جارێکی تر لە ڕووناکیاندا سەر دەربهێننەوە.
تاکە ئەستێرە کە لە ئاسماندا مابوو ئەستێرەی باران بوو. ئەو ڕۆژەی خەڵک بە ئومێدەوە لە ئەستێرەی بارانیان دەڕوانی، ئومێد بە خەمگینی لێی دەڕوانی بەڵام نەیدەزانی ئەو خەمگینیە لە کوێوە هاتووە! ڕۆژی دواتر سەر لە ئێوارە ئاسمان هەورێکی تیری هێنا بوو، ئومێد هەستی بە مەترسییەک کرد! پێی وابوو ئەگەر ئەمشەو باران ببارێت باوکی لە ناو کەلاوەی مەڕەکاندا بخەوێت باران تەڕی دەکات، ئەوە بێ گومان سەرمای دەبێت و نەخۆش دەکەوێت، بەو تەمەنی پیریەش بەرگەی نەخۆشی زستان ناگرێ و دەمرێت، بۆیە بە باوکی وت (ئەم شەو تۆ بۆڕەوە ماڵێ لەوێ پشوو بدە، هیچ خەمی مەڕەکانت نەبێت من ئاگام لێیان دەبێت.)
باوکیشی سەری ڕەزامەندی ڕاوەشاند و دەمەو ڕۆژئاوابوون بەرەو ماڵ بۆوە.
شەو مام نامیق نغرۆی خەوی شیرن ببوو، خەونی بە بەهاری تەڕی پڕ لە گژوگیا و مەڕی گوان پڕ لە شیر و بەرخی خرپن و قەرسیلی سەوزەوە دەبینی، بێ ئاگا لەوەی باران بە لێزمە دەهاتە خوارێ تا وایلێهات دەشتودەر بەبن ئاو کەوت، ئاوی بارانیش بێخەم هەر وەک جاران ڕێڕەوی خۆی گرت بەرەوئاوەدانی ملی نا، تا گەیشتە ئەو شوێنەی ئارەزووە نەگریسەکانی چەتەکانی ڕۆژگار ڕێیان بە سراوی بارانەکە گرتبوو و تا دەهات پەنگاوی دەخواردەوە، تا دواجار ئاوەکە توڕە بوو تینی دایە بەرخۆیو وەک تۆفان هەڵیکرد و خاک و خۆلی کرد بە لیتاو و هەر چی کەوتە پێشی لەگەڵ قوڕ و لیتاو ڕایماڵی و سەرەولێژ هاتە خوارێ؛ ڕەحمی بەکەس نەکرد، تەنها بەرزە نشینەکان نەبێت، هەرچی نشێونشین هەبوو هەمووی لە گەڵ خۆی لولدا، دواجار ئومێدیشی دۆزییەوە لە خەوی شیرین ڕایپەڕاند لەگەڵ خۆی ڕاپێچی کرد. هەرچەندی ئومێد هاواری کرد (تەنها یەک دەرفەتم پێبدە با مەڕەکان بۆ پیرە بابێ ڕزگار بکەم ئاخر من پەیمانم بە بابم دابوو ئاگام لە مەڕەکانی بێت، ناکرێت لە بەرامبەر باوکم بێ بەڵێنی بکەم!)
ئومێد زانی تازە کارلەکار ترازاوە هیچ شتێک دادی نادات، لافاوەکە بەرەو مەرگی دەبات، هەوڵیدا بەشی چەند پەیڤێک هەناسە لەسەر پشتی شەپۆلەکان هەلمژێ بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبیت دوو سێ وشە بە گوێی سروشتا بچرپێنێ، بەڵکو ئەوە خوایە کەسێک گوێی لە دەنگی بێت و بە باوکی ڕابگەێنێت، دووجار تا ئاستی سنگی لەسەر شەپۆلەکان بەرزکردووە، هەردوو دەستی هەڵبڕی، وتی(باوە باوە من تازە دەڕۆم و نات بینمەوە بەڵام توخوا گەردنم ئازاد بکە چونکە کوڕێکی باش نەبووم، نەم توانی مەڕەکانت ڕزگاربکەم!) ئیتر بۆ دواجار دەستێکی هەڵشەقاند و لە ناو شەپۆلەکاندا نقوم بوو.
دەنگەکەی ئومێد کاری خۆی کرد وەک بەهرەیەکی خوایی خۆی تێکەڵ بە ڕۆحی مام نامیق کرد و لە خەوی شیریندا ڕایچڵەکاند. مام نامیق کەزانی لافاو هەڵساوە یەکسەر ئومێد و مەڕوماڵاتەکەی بیر کەوتەوە بە هەڵەکەداوان خۆی گەیاندە کەلاوەی مەڕەکان، کاتێک گەیشتە شوێنی مەڕەکان بەسەر هەواری خاڵیدا کەوت، نە ئومێد نە مەڕومەڵاتەکەی نەمەلاوەکەش هیچی نەمابوو، تەنها قوڕ و لیتەی پاشماوی لافاوەکە مابوو، مام نامیق وەک شێتان هاوراری دەکرد، ئەی هاوار فریام کەون!!
هاوار هاوار..
کوڕە ئومێد ئۆمێد هۆۆۆۆۆ....
کوڕە هۆ ئومێد ئومێد هۆۆۆۆۆ.....
تەرمی ئومێدیش لەسەر پشتی شەپۆلە قوڕاویەکان بەرەو دوورگەی نادیار لە مەلە کردندا بوو.
تەواو[1]