پەیامی بافڵ تاڵەبانی لە رۆژی جیهانی ئافرەتان 2022
دەقی پەیامەکەی
بافڵ تاڵەبانیبافڵ تاڵەبانی:
ئاشکرایە ژنان لە مێژووی ئێمەدا رۆڵێکی گرنگ و کاریگەریان هەبووە لە رووبەڕووبوونەوەی نادادی، قوربانی گەورەیان داوە لەپێناو یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. ئەمڕۆ یادی هەموو ئه و ژنە تێکۆشەرانە دەکەینەوە و بە پێزانینەوە لە خەبات و تێکۆشانیان دەڕوانین. لە هەمان کاتدا خۆمان بە پاڵپشتی راستەقینەی ژنانی ئازادیخواز و نوێخوازی ئەمڕۆ دەزانین.
بە نیگەرانییەکی زۆرەوە ڕایدەگەیەنم ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان رۆژ بە رۆژ لە هەڵکشاندایە، تا ئێستا ئەم دیاردە دزێوە لەنێو کۆمەڵگەی ئێمەدا بەردەوامی هەیە. بۆیە لەم یادەوە پێویستە دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڵێن بدەن بە یاسا و سزایەکی توند سنوورێک بۆ ئه و جۆرە عەقڵییەت و کەسانە دابنێن، کە تاوەکو ئێستاش پێیان وایە شەرەف لە ژنکوژیدایە.
هەر بۆیە ئێمە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاندەری ژنانی کوردستانین و بە توندی دژی هەموو جیاکارییەکی رەگەزیی و نایەکسانییەک دەوەستینەوە. بەگرنگییەوە لە رۆڵ و پێگەی ژنان دەڕوانین لە کۆمەڵگەدا و بە خەباتی لە مێژینە و ئەرکی خۆمانی دەزانین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
8ی ئاداری 2022
[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە رێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!