راگەیەندراوی پارتی لەبارەی هێرشە مووشەکیەکەی سەر شاری هەولێر 13-03-2022
دەقی راگەیەندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان:
کاتژمێر 1ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 13ی ئاداری 2022، لە رێگەی چەند مووشەکێکەوە پەلامارێکی دوژمنکارانە و شکستخواردوو کرایە سەر شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، کە خۆشبەختانە زیانی گیانی لێنەکەوتەوە. ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بە توندی ئەو پەلامارە سەرزەنشت و ریسوا دەکەین و بە پەلاماردانێکی دژ بە دانیشتوانی هەولێری نموونەی پێکەوەژیان و ئارامی بە تایبەتی و کوردستان بە گشتی دەزانین.
لەو بارەوە داوادەکەین ئەو کارە دوژمنکارانە دووبارە نەبنەوە و هەموو لایەک لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق بە جیددی کاربکەن و هەوڵ بدەن بۆ رێگە گرتن لەو دیاردە و ئەو کارە نابەجێیانەی کە ئامانج لێیان گێرەشێوێنی و ئاژاوەنانەوە و شێواندنی بارودۆخی ئارام و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە، هاوکات چاوەڕوانیمان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش و سەرجەم وڵاتانی هاوپەیمان و دۆستە کە هەڵوێستی روون و راشکاوانەیان رابگەیەنن بەرامبەر ئەو پێشێلکاریەی دەکرێتە سەر سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراق.
لە کۆتاییدا هاووڵاتیانی دڵسۆز و خۆراگری کوردستان دڵنیادەکەینەوە کە شاری هەولێر هەمیشە ئارام و سەقامگیر و ئاوەدانتر دەبێت و، بە ئیڕادەی بەهێزی گەلەکەشمان وەکو هەمیشە دوژمن و ناحەزانمان ریسوا و شەرمەزارتر دەبن.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
13ی ئاداری 2022
[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە رێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!