بارە هەنجیر
لە ڕۆژێکی هاوینا دوو پیاوی خۆشناو بارە هەنجیرێکیان هێنا دیوەخانی شاخەپیسکه، ووتیان: ئەم بارە هەنجیرە مەلا حەوێزئاغای کۆیە ناردوویەتی، کوێخا حەوێزیش ووتی: یاخوا بەخێر بێن مەلا حەوێزئاغا گەورەی ئێمەیە و ئێمەی بەسەر کردەوە و گەورەی کردین، کاتی ڕۆیشتن قەرتاڵە و خەراریان بۆ هێنان کوێخا حەوێز ووتی: چی بکەین لەبەر مەلا حەوێزئاغا ناوێرین شتێک بنێرین مەلا حەوێز ئاغا گەنم و جۆی بۆچی یە؟ پارەی بۆچی یە؟ جا بەخێرهاتن، دەستی ماچ ئەکەین. پیاوەکان باریان کرد و ڕۆیشتن گەیشتنە کەندی(زەویە خرکە) هەر بەدەرنەکەوتن زۆر گیربوون کوێخا حەوێز ووتی: چی بزانم ئێستا وا شەڕە پیاوێکی نارد و کابرا هاتەوە و ووتی: وا شەڕە جنێوە لە ناو خۆیان دووبارە کوێخا حەوێز ناردی بەدوایان کە هاتنەوە لێی پرسین ئه و شەڕەتان لەسەرچی بوو؟ یەکیان ووتی: بەخوا مام کوێخا خەتای ئه و سەگبابەی ڕەفیقم بوو ووتی: ئەگەر بڵێین هەنجیرەکە هی مەلا حەوێزئاغایە حەقەکەمان زۆرتر ئەداتێ لەبەر ئەوە وامان ووت ئەگەرنا هەنجیرەکە هی خۆمانە، ئەمجا کوێخا حەقێکی باشیان ئەداتێ و بەڕێیان ئەکا.
سەرچاوە: #خەم ڕەوێن، بە سەرهات و قسە خۆشەکانی کوێخا حەوێز شاخەپیسکەیی#، نوسینی: مراد شاخە پیسکەیی، هەولێر، چاپخانەی شارەوانی هەولێر، ساڵی 1976ز، لاپەڕە(47-48)[1]