راگەیەندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە 20-04-2022
دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە:
لەبارەی بەشداری و جوڵەپێکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە ناوچە سنورییەکانی هەرێم، کۆمەڵێک میدیای نابەرپرس، خەریکی تۆمەت بەخشینەوەن بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و تۆمەتباری دەکەن بەوەی هاوکار و بەشداری ئەو ئۆپەراسیۆنانە بووە.
ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، تەواوی ئەو تۆمەتانە رەتدەکەینەوە و رایدەگەیێنین، بەهیچ شێوەیەک هێزەکانی پێشمەرگە بەشداری ئۆپەراسیۆنەکانیان نەکردووە و جوڵەیان پێنەکراوە.
وەک هەمیشە پێشمەرگە لەسەنگەرەکانی بەرگریدا، چاوکراوەیە و رێگە نادات هیچ ناوچەیەکی ئاوەدانی دیکە، بکەوێتە ژێر هەژموونی یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی نێوان لایەنە ناکۆکان، چونکە ساڵانێکی زۆرە خەڵکی کوردستان، باجی ململانێ ناوچەییەکان دەدەن و زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
جەخت دەکەینەوە، پێویستە رێز لەسەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق بگیرێت.
وەزارەتی پێشمەرگە
20ی نیسانی 2022
[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە رێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!