پەرتووکخانە پەرتووکخانە
گەڕان

کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!


بژاردەی گەڕان





گەڕانی ورد      کیبۆرد


گەڕان
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆمارکردنی بابەت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
ئامرازەکان
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
زمانەکان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هەژماری من
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
گەڕان تۆمارکردنی بابەت ئامرازەکان زمانەکان هەژماری من
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارە
 بابەت بەهەڵکەوت
 چالاکییەکانی ڕۆژی
 ڕێساکانی بەکارهێنان
 ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 بیروڕاکانتان
 دڵخوازەکان
 کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
 یارمەتی
بابەتی نوێ
ڤیدیۆ
شەڕی دەنگی نێوان کاکە حەمە و براکەی عەبدوڵڵای حاجی مەحمود
29-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
شانۆنامەی کەرێک لەسەر پرد
29-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
کەلاوەکەی سەر دەریای ڕەش
29-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
ناکرێت لە توندوتیژی بێدەنگ بین
29-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
پێرفۆرمانس و گێڕانەوە
29-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
گوڵێکی سوور بۆ ئێمیلی
29-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ژیاننامە
کریڤان سالار عەبدولڕەحمان
28-04-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
یەسنا حەبیب
28-04-2024
شادی ئاکۆیی
پەرتووکخانە
ناوم گوناحە
28-04-2024
کشمیر کەریم
پەرتووکخانە
ئەو قاچەی بەجێماوە
28-04-2024
زریان سەرچناری
ئامار
بابەت 517,478
وێنە 106,123
پەرتووک PDF 19,170
فایلی پەیوەندیدار 96,504
ڤیدیۆ 1,308
ژیاننامە
دانا جەلال
ژیاننامە
زیاد ئەسعەد
بڵاوکراوەکان (گۆڤار، ڕۆژنام...
یادنامە
ژیاننامە
سامان عوسمان دەروێش
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
شوناس و خەباتی نەتەوەییی کورد لە باکووری کوردستان؛ فیلمی (زەر) وەک نموونە
بەهۆی کوردیپێدیاوە دەزانیت؛ کێ، کێیە! کوێ، کوێیە! چی، چییە!
پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
بەشکردن
Facebook1
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link2
نرخاندنی بابەت
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

شوناس و خەباتی نەتەوەییی کورد لە باکووری کوردستان؛ فیلمی (زەر) وەک نموونە

شوناس و خەباتی نەتەوەییی کورد لە باکووری کوردستان؛ فیلمی (زەر) وەک نموونە
شوناس و خەباتی نەتەوەییی کورد لە باکووری کوردستان؛ فیلمی (زەر) وەک نموونە
ئاریان سەلیم خدر
$پوختە$
سینەما ئامرازێکی کاریگەرە لە دونیای مۆدێرندا. کاریگەریی لەسەر بینەران بەجێ دەهێڵێت، تەنیا بۆ کات بەسەربردن و داهاتی بازرگانی نییە. ئامانجی ئەم توێژینەوەیە شیکردنەوەی ناوەرۆکی فیلمی (زەر)ە. سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ناسنامەی نەتەوەیی و خەباتی نەتەوەیی دژ بە کۆلۆنیالیزم لە باکووری کوردستان. بۆ کۆکردنەوەی داتا میتۆدی شیکردنەوەی ناوەرۆک بەکار هاتووە. ئامرازی کۆکردنەوەی داتا بریتی بووە لە شیکردنەوەی نیشانەیییانە، ئەو وێنانە شیکردنەوەیان بۆ کراوە کە لە دیمەنەکانی فیلمەکەدان.
دەرئەنجامی ئەم توێژینەوەیە ئەوە دەخاتەڕوو چەوسانەوەی کورد لەلایەن کۆلۆنیالیزمی تورک، لە ڕێگەی سیاسەتی پەرتکە-زاڵبە کاری لەسەر کراوە و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ مانا بەدەستەوە دەدات. نیشانەکان ڕۆڵ دەگێڕن لە ئاماژەکردن بە سەرکوتی سیاسی، نەتەوەیی، کولتووری و کۆمەڵایەتی. بە سوودبینین لە سینەمای نەتەوەیی، دۆکیۆمێنتی و کەمینەکان توانراوە ڕوانگەیەکی دژە کۆلۆنیالیستیانە بەرهەم بێت. زیاتریش لە ڕێی ئەدەبیات و فۆلکلۆر و گۆرانی و داستانە کوردییەکان دەوڵەمەند کراوە. دەریدەخات بە هەموو شێوە کولتووری و سیاسییەکان شوناسی کورد سەرکوت دەکرێت. ئەوە خراوەتە ڕوو کە ڕەوتی سینەمای دژەفاشیزم لەو فیلمەشدا ڕەنگی داوەتەوە.
وشە کلیلییەکان: شوناس، سینەمای کورد، نیشانەناسی، کۆلۆنیالیزم، باکووری کوردستان.
$پێشەکی$
سینەما هەرچەندە تەمەنەکەی هێندە زۆر نییە بەراورد بە بوارەکانی دی هونەر، بەڵام توانیوویەتی هەموو بەشەکانی تری هونەریش لەخۆیدا کۆ بکاتەوە. سەرهەڵدانی سینەما لە وڵاتانی ئەوروپاوە لە سەدەی 19 سەری هەڵدا و بەپێی زەمەن گواسترایەوە بۆ هەموو جیهان. لەمڕۆدا بەشێکی زۆر لە وڵاتان خاوەن سینەمای تایبەت بە خۆیانن. دەرکەوتنی سینەمای کورد بۆ سەرەتای چارەگی دووەمی سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە. هەرچەندە گەشەی سینەمای کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان هاوشێوەی یەکدی نەبووە، بەڵام مۆرک و خەسڵەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
لە سەرەتای هەشتاکانەوە سینەمای کورد لە باکووری کوردستان بە دەرکەوتنی یەڵماز گۆنای دەگەشێتەوە. گۆنای لە دوای خۆیەوە کاریگەریی دادەنێتە شێوازی کارکردنی بەشێکی زۆر لە سینەماکارانی باکووری کوردستان. گۆنای نیشانی دەدات کە چۆن بتوانن کەڵک لە سینەمای دۆکیۆمینتی ببینن لە وێناکردنی ناڕاستەوخۆی کۆلۆنیالیزم و ستەمەکانی.
لەم توێژینەوەیە هەوڵ دراوە سێ تیۆری لەبارەی کۆلۆنیالیزم، نیشانەناسیی سینەما و سینەمای فاشیزم بخرێتە ڕوو. تیۆرییەکان لە پەیوەندی بە چەوساندنەوەی گەلی کورد و شێوازەکانی بەرەنگاری شی کراونەتەوە. هەریەک لە تیۆرییەکان لەگەڵ شێوازی کارکردن و دەرخستنی ئاماژەکان لە فیلمەکەدا تاووتوێ کراوە. لە ڕێگەی شیکردنەوەی وێنە و هێما و گوزارەکانی نێو فیلمەکەوە، هەوڵ دراوە گرنگی سینەمای کورد نیشان بدرێ بە کەڵک بینین لە ئەدەبیات و فۆلکلۆری کوردی. هەروەها ئەو لایەنە دەربخات چۆن شوناسی کورد لە فیلمێکدا دەردەکەوێت و چەندپارچەییی ئەو شوناسە، گرفت و کێشەکانی بە شێوەیەکی نیشانەیی خراوەنەتە ڕوو.
$ئامانجی توێژینەوە$
هەر توێژینەوەیەک بە مەبەستێکی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت. ئامانجی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کار لەسەر نیشاندانی خەباتی نەتەوەییی کورد بکات لە باکووری کوردستان و ئەو چەوساندنەوەی کورد دووچاری کراوە لەلایەن دەوڵەتی سەرکوتکار. هەوڵ دراوە باس لە ڕەوشی سیاسیی کورد و خەباتی نەتەوەیی بکرێت لەو پارچەیەدا. هەروەها لە ڕێی فیلمێکەوە دەمانەوێ شیکردنەوە بۆ ئەو زەبروزەنگە بکەین کە لەوێدا دەوڵەت بەسەر کوردەکانی سەپاندووە.
$کێشە و پرسیاری توێژینەوە$
خەباتی سەربەخۆیی، بە مانایەکی دی پرسە سیاسییەکان، تا ڕادەیەکی زۆر گرێدراوی چەند بواری دیکەشن. بۆ تێگەیشتن لە شێوەی بەرگریکردنی گەلێک یاخود بۆ تێگەیشتن لە بنەما و سیستەمی سیاسی چەوسێنەری هەر وڵاتێک، ڕەنگە هەر ئەوە بەس نەبێت چاو ببڕینە پێکهاتەی دەسەڵاتەکەی، یاخود کۆی هێزی بەرگریکار لە بەرانبەر چەوسێنەردا. بەڵکوو ئەو لایەنانەی تریش لەبەرچاو بگرین کە پرسی سیاسیی خۆی لێیان پەخش دەکاتەوە. لەوانە: مێژوو، فەلسەفە، کۆمەڵناسی، سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. ئەو بوارەی دەمانەوێ پرسی سیاسی تێدا لەبەرچاو بگرین سینەمایە.
سینەما کاریگەریی دادەنێت لەسەر پانتایییەکانی کولتوور، سیاسەت، دەروون، نەتەوایەتی. دەکرێت بڵێین سینەما هەر وێنەیەکی جووڵاوی ڕاگوزەر نییە بینەر بە دیاریەوە کات بەسەر ببات، دەکرێت سینەما لە ڕووی سیاسییەوە ئامرازێک بێت بۆ سەپاندنی دەسەڵات بەسەر لایەنێک و گرووپێکدا. ڕەنگە بە هەمان شێوە لایەنی سەرکوتکراویش گەر بواری بۆ بڕەخسێت، دیوەکانی چەوساندنەوەی خۆی نیشان بدات. ئەمەش وابەستەی پرسێکمان دەکات کە پرسی ناسنامەی نەتەوەیییە لە سینەمادا.
کورد نەیتوانیووە وەک دەوڵەتی مۆدێرن حوکمڕانی بکات، دووچاری تاوانی مرۆیی بووەتەوە. کولتوورەکەی دووچاری زەبروزەنگ بووەتەوە و مەترسی لەناوچوونی هەبووە لە جلوبەرگ، تا دەگات بە زمان و ئەدەبیاتەکەی. جیا لەمانەش سینەمایە. لە سەرێکەوە نەهێڵدراوە کورد بەئاسانی دەستی پێی بگات، یا گەر بەرهەمیشی هەبووبێت سەرکوت کراوە. دەستڕاگەیشتنی کورد بە سینەما لەڕووی پڕبەرهەمی نوێیە، ڕەنگە وەک تاقانە، بەرهەمی کۆنمان هەبێت. مەبەست لە دەستڕاگەیشتن سینەما وەک پڕۆژەیەکی کولتووری، سیاسی، ڕۆشنبیری لە بەردەستی کورد نەبووە، تا سوودی لێ ببینێت. لە بەرهەمی سینەماییی وڵاتان گەر نیشان درابێت بە مەبەست بووە.
بۆ تێگەیشتن لە ناسنامەی کورد دەبێت بۆ ئەو بەرهەمانە بگەڕێینەوە کە خۆی بەرهەمی هێناون. لەم توێژینەوەیە هەوڵ دراوە دەرکەوتن و نیشاندانی ناسنامەی نەتەوەییی کورد لە بەرهەمێکی سینەماییی کوردی لە باکووری کوردستان شی بکرێتەوە و لە چوارچێوەی چەند تیۆرییەک ڕاڤەی دیمەن، و مانا و گوزارە سیاسی و نەتەوەیییەکانی فیلمەکە بکرێت. کەواتە لەم توێژینەوەیەدا دەمانەوێ بگەینە وەڵامی ئەم پرسیارە: پەیوەندی نێوان شوناس و خەباتی نەتەوەیی لە فیلمی زەر چۆن دەردەکەوێت؟
چۆن نیشانە و هێما لە بەخشینی مانای سەرکوتکردن و خەبات ڕۆڵ دەگێڕن لە فیلمی زەر؟
$گرنگیی توێژینەوە$
ئەم توێژینەوەیە پەیوەندی نێوان ناسنامەی کورد و سینەمای کورد دەردەخات. لەو ڕووەوە کە سینەمای کورد تا ڕادەیەک زۆر نوێیە، ڕەخنە و شیکردنەوەی بەرهەمە سینەمایییەکانیش زۆر کەمە. بەهۆی سیستەمی سیاسی و سانسۆر لە باکووری کوردستان، ڕەنگە بوار کەم بووبێت دەربارەی ئەو بەرهەمانە بنووسرێت. ئەم توێژینەوە لە چوارچێوەی بواری کۆمەڵناسی سینەما بە بابەتێکی تازە دادەنرێت بۆ پەرتووکخانەی کوردی و دەکرێت لە داهاتوودا زیاتر سوودی لێ ببینرێت.
$میتۆدۆلۆژی$
ئامانجی ئەم توێژینەوەیە شیکردنەوەی شوناسی کوردە لە فیلمێکدا. میتۆدی شیکردنەوەی ناوەرۆک بەکار هاتووە، شێوازێک و ئامرازێکی توێژینەوەی زانستییە، ناوەرۆکی میدیای بینراو شی دەکاتەوە. لە دووتوێی بابەتەکان دەکۆڵێتەوە، دەکرێت وێنە، گۆرانی، دۆکیۆمێنت و دەقی ئەدەبی یاخود دیمەنی میدیا و ڕاگەیاندنی بینراو بن. ئەو پەیامانەی پەخش دەکرێت باکگراوندە هزری، ئایینی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوورییەکەی شی دەکاتەوە. میتۆدێکە لە شیکردنەوەی پەیامی فیلم گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و لە دەرەوەی پەیوەندی گرێدراو بە مرۆڤەکانەوە ڕووبەڕوو دەتوانێت شیکردنەوە بۆ ڕەفتاری تاکەکان و دیاردەکان بکات لە کۆمەڵگەدا. شیکردنەوەی ناوەرۆک یارمەتیی توێژەر دەدات لە شیکردنەوە و خوێندندەوەی بابەتی توێژینەوەکە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە کە لە شیکردنەوەی فیلمە سینەمایییەکان دەتوانێت هەڵسەنگاندنی وێنەی هەر کۆمەڵگەیەک لای کۆمەڵگەیەکی تر بکات. بەم شێوەیە ئەم میتۆدە ئاشنامان دەکات بە وتاری زاڵکراوی لایەنێک بەسەر لایەنێکی تردا (ئەبراش، 2013: 306-316).
ئەم میتۆدە هەڵبژێردراوە، چونکە توێژەر بۆی گرنگە بزانێت ئاخۆ چ پەیامێک لە پشتەوەی فیلمەکەدا هەیە. ئەم میتۆدە بەکار هاتووە، چونکە داتای کۆکراوە بۆ شیکردنەوە بریتییە لە فیلم. بەم میتۆدە دەتوانرێ باشتر دیاردە و نیشانە مەبەستدارەکان کە وەک پەیامێک ئاڕاستە کراون شی بکرێتەوە.
نموونە هەڕەمەکی و نموونە ناهەڕەمەکییەکان دوو جۆری سەرەکیی نموونەن. لەم توێژینەوەیە نموونەی وەرگیراو، بریتییە لە نموونەی مەبەستدار کە جۆرێک نموونەی ناهەڕەمەکییە. ئەم نموونەیە بەکار هێنراوە، چونکە بە لای توێژەر بەشێک لە دیمەنەکانی فیلمەکە کۆددارن و مانای پەنهانیان هەیە نەک هەموو دیمەنەکان. ئەمەش پەیوەستە بە ئەزموونی توێژەر لەو بوارەدا و بەپێی چەند پێوەرێکی لۆژیکی ئەم دیمەنانە هەڵبژێردراون. دیمەنە گرینگەکان سکرین کراون و بە شێوەی دۆکیۆمێنت بەش بەش کراون. لە تەواوی فیلمەکە بەشێک لە دیمەنەکان وەرگیراون کە زۆرترین کەڵک دەگەیەنن بە توێژینەوەکە (بۆکانی، 2020: 128).
لەم توێژینەوەیەدا کۆمەڵگەی توێژینەوە بریتییە لە چەند دیمەنێکی فیلمەکە. ئەم چەند دیمەنە هەڵبژاردوون، چونکە زۆرترین کەڵک دەگەیەنن بەو دەرئەنجامەی کە توێژەر دەیەوێت پێی بگات. ئەو دیمەنانە وەک دیارە بە شێوەی نیشانە دەردەکەون و ڕوون نین، بۆ توێژەر جێی شیکردنەوەیە و پێک بەستانەوەیەکی باشی هەیە لەگەڵ ئامانجەکانی توێژینەوە. تەنیا فیلمێک هەڵبژێرداوە و شیکردنەوەی بۆ کراوە. زانیاریی کۆکراوە و وە دەستهاتووش بریتییە لەو دیمەنانەی کە لە فیلمەکدا دەردەکەون. توێژەر دوای چەند جارێک سەیرکردنی فیلمەکە و وردبوونەوەی قووڵ، ئەو دیمەنانەی بەلایەوە بایەخدارن جیای کردوونەتەوە، جا دیمەنەکان دەکرێت دیالۆگ، وێنە، گۆرانی و چەندانی دیکە بن (بۆکانی، 2020: 86-87). نموونە وەرگیراوەکان لەم فیلمەدا بریتین لە (21) دیمەن.
دوای لێوردبوونەوە لە بایەخی هەر دیمەنێک، لەم توێژیەوەیە میتۆدی خوێندنەوەی نیشانەیییانە Semiotic Analysis بەکار هێنراوە بۆ شیکردنەوەی داتای کۆکراوە (بۆکانی، 2020: 85). ئەم میتۆدە بریتییە لە خوێندنەوە و شیکردنەوەی نیشانە، دەلالەت، جیاوازی و هێما و واتا و پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دیمەنەی دەردەکەوێت و ئەو مانایەی درووستی دەکات. توێژەر دەچێتە قووڵاییی بابەتەکەوە تا بە لۆژیکییانە ئەوە بخاتە ڕوو کە چ پەیوەندییەک لەنێوانیاندا هەیە. شیکاری نیشانەناسییانە پەیوەندییەکی فرەمانایی بۆ ئەو وێنانە دەکات کە لە دیمەنی سەرەتاییدا بە جۆرێک دەردەکەون و دەکرێت ماناکانیان شتی تریش بێت (Marvasti, 2003: 74-75).
$بەشی یەکەم: چەمکەکان و چوارچێوەی تیۆری
تەوەری یەکەم: چەمکەکان
شوناس و شوناسی نەتەوەیی$
شوناس یەکێکە لە چەمکە ئاڵۆز و جێ مشتومڕەکان. لە زمانی ئینگلیزیدا لە بەرانبەر وشەی (identity) بەکار هاتووە. وشەی شوناس لە دوو مانای جیاواز و دژبەیەکدا دەردەکەوێت، لە لایەکەوە جەختکردنەوەیە لەسەر جیاوازی، لە لایەکی ترەوە گوزارشتێکە لە وەک یەکدی بوون لەنێو گرووپدا. شوناس بریتییە لەو کۆمەڵە تایبەتمەندییە تاکی و کۆمەڵییەی کە جیاواز و سەربەخۆ دەردەکەوێت لە ئاستێکی بەراوردکاری بەوانی تر و بەردەوام لە گۆڕاندایە.
شیکردنەوەی شوناس وەک پرسێکی تاکییەتی یا کۆمەڵی، شرۆڤەی زۆری بۆ کراوە. شوناس پڕۆسەیەکە بۆ خۆناسینی تاک لە کۆمەڵدا، شتێکی مێژوویی و پێشبینیکراوە و بنەماسازی بۆ دەکرێت. جەختکردنەوە لێی، بەردەوام جیاوازییەکان نیشان دەدات و قووڵی دەکاتەوە. لە هەر شوێنێکیش جیاوازی هەبێت، مانا دەبەخشرێ و ناکۆکی دێتە کایەوە (گوڵمحەمەدی، 2007: 221-224). کۆمەڵە خەڵکێک لە چوارچێوەی خاکێکی دیاریکراو دەژین، دەبنە خاوەنی شوناسێکی گەورەتر لە شوناسی گرووپ کە شوناسی نەتەوەییە. بریتییە لە ئینتیما و بایەخدان بە کۆمەڵێک بنەمای هاوبەش لە چوارچێوەی وڵاتێک یاخود خاکێکدا، ئەم خەسڵەتانە دواجار دەبێتە ڕەنگدانەوەیەکی کولتووری لەسەر کۆی لایەنەکانی ژیان. شوناسی نەتەوەیی بەشداری دەکات لە تێگەیشتنی نەتەوە بۆ خۆناسین و درککردن بە جیاوازبوون لە نەتەوەکانی دی.
بنیاتنانی شوناسی نەتەوەیی ڕەهەندی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری هەیە. ئەم چەمکە لە دوای (پەیمانی وێستافلیا)وە زێدەتر گەشەی سەندووە. خەسڵەتێکی سەرەکی بووە لە بنیاتنانی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرن. شوناسی خێڵ و ناوچەیی تێدەپەڕێنێت. پێویستی بە ئەزموونی بەکۆمەڵ و کۆیادەوەری نەتەوەیی هەیە. لەمیانەی پڕۆسە مێژوویییەکاندا بۆ گرووپەکە کەڵەکە بووە، بەهۆی ئەدەب و کولتوورەوە شێوە دەگرێ. کەواتە مەرجی هەبوونی ناسیۆنالیزمە (وانج، 2014: 221-226/سەیدی، 2019: ماڵپەڕی پەیسەر).
$توانەوە و ئاوێتەبوونی کولتووری Cultural Assimilation and Integration$
توانەوەی کولتووری ئاماژەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بنەما ناسێنەرەکانی شوناسی کەسێک، کەمینەیەک یا نەتەوەیەک. بە فشار و هەندێک جاریش خۆڕسکانە ڕوو دەدات. کاتێک تاک لە ژینگەیەکەوە دەچێتە ژینگەیەکی تر، یاخود لەو ژینگەیەی تێیدا لەدایک دەبێت، دەخرێتە بەر جێبەجێکردنی کۆمەڵێک نۆرم و ڕێسا زۆر جاریش یاسا. توانەوەی کولتووری دەکرێت لەنێوخۆی وڵاتێکدا بوونی هەبێت، زیاتر لەنێو ئەو وڵاتانە کە وڵاتی فرە نەتەوەن. کاتێک نەتەوەی سەردەست یاخود لایەنی دەسەڵاتدار زمان، جلوبەرگ، پەروەردە، ئایین و کۆمەڵێک بیروباوەڕی خۆی بەسەر هەموو وڵاتدا دەسەپێنێ، ئەوا کەمینەکان جا ئایینی، زمانی، ڕەگەزی هەر جۆرێک بن تووشی توانەوەی بەهاکانیان دەبن.
ئاوێتەبوونی کولتووریش چەمکێکی تری کۆمەڵناسانەیە. تاک لە کولتوورێکی دیاریکراودا سەرباری هەبوونی وردە کولتووری ناوچەیی، ناچارە پابەند بێت بە کۆمەڵێ ڕێسای گشتی. ئەوەی ئاوێتەبوون و توانەوە لە یەکدی جیا دەکاتەوە، لە زۆربەی باردا توانەوەی کولتووری بەهۆی فشاری توندی دەسەڵاتە، بەڵام ئاوێتەبوون زیاتر بەهۆی هێزی نەرم و پەروەردە و زمان و کولتوورەوەیە کە نەتەوەی زاڵ کولتووری خۆی زیاتر دەسەپێنێت (گوڵمحەمەدی، 2007: 127-129).
کولتوور چەند هۆکاری خۆناسینە، هێندەش هۆکاری خۆجیاکردنەوەیە. بەشێکە لە پێناسەیەک بۆ کۆمەڵ، ئەوە سیستەمە کولتووری و بەها کولتوورییەکانن جیاوازی دادەنێن لەنێوان من و ئەویدی. بەرزنرخاندن و ستایشکردنی هەر کولتوورێکیش، نیشانەی کەمتر نیشاندانی کولتوورێکی دیکەیە. زۆرینەی کێشە سیاسییەکان هەر کێشەی سیاسی نین، بەڵکوو کێشەی کولتووری قووڵیان لە پشتەوەیە. کورد نەتەوەیەکی کولتوورییە و توانیویەتی کولتووری خۆی بپارێزێت، بۆیەش بوونی کورد هەر لە ڕێی کولتوورەکەیەوە ماوەتەوە و پارچەبوونی کوردستانیش پارچەبوونی ئەو کولتوورەیە.
کولتووری کوردی لە هەر بەشێکی کوردستان چەندە کەوتە ژێر کاریگەریی کولتوورەکانی ئەم وڵاتەوە، هێندەش کاریگەریی لەسەر کولتووری کوردی وەک یەکدەستیی کولتووری هەیە لە هەر چوار پارچە (سابیر، 2008: 37-39). لە کوردستانی باکوور کولتووری کوردی بە هەموو بەشە پێکهێنەرەکانییەوە لەژێر فشاری دەوڵەت لە توانەوە و ئاوێتەبوونێکی قووڵدایە، هەر بۆیەش دەکرێت هەر لە ڕێی بەشە پێکهێنەرەکانی کولتوورەوە کوردبوونی خۆی بسەلمێنێت.
$سینەما و سینەمای نەتەوەیی Cinema and National Cinema$
سینەما هونەری حەوتەمە، لە دوای شانۆ، میوزیک، سەما، نیگارکێشی، پەیکەرسازی و بیناسازی و هەمووانی لەخۆ گرتووە. وشەیەکی یۆنانییە بە مانای جووڵە دێت. وەک زاراوەوە واتا کۆمەڵێک وێنە کە بەدوای یەکدا دێن و مەبەستێک دەگەیەنن (نەزەری، 2017: 5). فیلمەکەی برایانی لۆمێر لە فەڕەنساکە ساڵی 1895 بەرهەم هاتووە، بە یەکەمین بەرهەمی سینەمایی دادەنرێت. لە ئەمریکا ساڵی 1905 یەکەمین هۆڵی نمایش کراوەتەوە. لە 1910 بەولاوە کۆمپانیاکانی درووستکردنی فیلم درووست بوونە (گرکانی، 2002: 8-9).
سینەما ئامرازێکی هونەرییە بۆ نیشاندانی دیاردە و ڕووداوە مێژوویییەکان و کولتوورەکان. لەمڕۆدا دیاردەیەکی شارستانییە و لە جیهاندا بایەخێکی زۆری پێ دەدرێت. بینەران لە ڕێی ئەم شاشەیەوە پەیام، زانیاری، وێنە و جووڵە دەبینن و هەریەکەیان بە شێوەیەک لە شێوەکان تێی دەگات (عوسمان، 2010: 5-7). سینەما لەپێناو ئامانجێکی دیاردا کار ناکات. ئەمەش وا دەکات چەندین جۆری سینەمامان هەبێت، مێژوویی، داستانی، کولتووری، دۆکیۆمنتی، نەتەوەیی و چەندین جۆری تریش.
سینەمای نەتەوەیی لە بنەڕەتدا ژانرێک نییە. زیاتر دەکرێت بە سیاسەتی سینەمای نەتەوەیی ناوی ببرێت، واتە هەوڵ بدرێت لە چوارچێوەی فیلمدا پرسە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی نەتەوە لەمەڕ کولتوور و پرسی نیشتمانیدا ببرێتە سەر شاشە. هەروەک چۆن لە ڕوانگەی بیندێکت ئەندرسۆنەوە دەوڵەت کۆمەڵگەیەکی خەیاڵییە کە هەستی شوناس و گرێدراوی و پابەندی دەبەخشێتە تاکەکان. ئەمەش لەڕیگەی بڵاوکراوەکانەوە دەبێت، بە تایبەت ئەدەبیات وادەکات سنوورێکی دیاریکراو لەمەڕ مێژوو، خاک، یادەوەری لای تاکەکان سازببێ لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا.
سینەمای نەتەوەیی زیاتر لە وڵاتانی دیکتاتۆری سوودی لێ بینراوە. ئەڵمانیای سەردەمی نازی، سۆڤیەتی سەردەمی ستالین. بەڵام دەکرێت سینەمای نەتەوەیی ئامرازێکی نەتەوە ژێردەستەکانیش بێ بۆ داڕشتنەوەی شوناس، مێژوو، کولتوور و خاکەکەیان
سینەمای نەتەوەیی زیاتر لە وڵاتانی دیکتاتۆری سوودی لێ بینراوە. ئەڵمانیای سەردەمی نازی، سۆڤیەتی سەردەمی ستالین. بەڵام دەکرێت سینەمای نەتەوەیی ئامرازێکی نەتەوە ژێردەستەکانیش بێ بۆ داڕشتنەوەی شوناس، مێژوو، کولتوور و خاکەکەیان. وەک وتمان لای بیندێکت ئەندرسۆن گەشەی چاپ ئامرازێک بووە لە سوودگەیاندن بە ڕەوتی ناسیۆنالیزم. ڕۆژنامە و ڕۆمان هەستی نەتەوەیی لای هەمووان درووست دەکەن، کەواتە سینەماش دەتوانێت ئەم ڕۆڵە ببینێت بۆیە شوناسی نەتەوەیی و سینەمای نەتەوەیی پەیوەندیان بە یەکەوە هەیە (یوسفی، 2017: ماڵپەڕی ڕووداو).
$تەوەری دووەم: کوورتەیەکی مێژوویی لەبارەی سینەمای کورد$
فیلمەکانی هامۆبێک نازاریان سەرەتای سینەمای کوردە، چونکە باس لە کورد دەکات و ناسراوترینیان فیلمی (زارا)یە کە ساڵی 1926 بەرهەمی هێناوە لە ئەرمەنستان. لە ماوەی ساڵانی 1933-1967 چەندین فیلم لەلایەن دەرهێنەرانی بیانی سەبارەت بە کورد بەرهەم هات، بەڵام ئەم بەرهەمانە بە شێوەیەکی خراپ کوردیان نیشان دەدا. فیلمەکانی یەڵماز گۆنای لە باکووری کوردستان توانی هەنگاوێکی گەورە بۆ پێکهێنانی ڕوانگەیەکی نوێی سینەمایی دابمەزرێنێ لە سەرەتای هەشتاکان، چونکە دەستپێکی نیشاندانی کورد بوو لە سینەمادا لایەن کورد خۆیەوە.
لە باشووری کوردستان ساڵی 1989 بەرهەمهێنانی فیلمی (مەم و زین) دەستی پێ کرد. دواتر لە 1990 فیلمی (نێرگز بووکی کوردستان)ی جەعفەر عەلی بەرهەم هات. لە هەموویان گرینگتر فیلمی (گۆرانییەک بۆ بەکۆ)ی نیزامەدین ئاریچ بوو کە بە کردەوە زمانی کوردی تێدا بەکار هات لە 1993. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان 1999 فیلمی (ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان)ی بەهمەن قوبادی بەرهەم هات. بەم شێوەیە لە ساڵی 2000ەوە سینەمای کورد توانی بکەوێتە سەرپێی خۆی و شێوە بگرێ. (حسێن، 2014: 9-10/سینا، 2020: ماڵپەڕی خاک).
کەواتە سێ قۆناغمان هەن. قۆناغی یەکەم: ئەو فیلمانەی لەبارەی کوردەوە درووستکراون و زیاتر وێنایەکی خراپی کورد نیشان دەدەن. قۆناغی دووەم: ئەو فیلمانەی کورد بەرهەمی هێناون و چیرۆکی کوردین، وەک فیلمەکانی یەڵماز گۆنای بەڵام زمان بیانییە. قۆناغی سێیەم: دەرهێنەر و ئەکتەر و چیرۆک و زمانی فیلم و سەرجەم ڕەگەزەکان کوردییە (محەمەد، 2020: ماڵپەڕی پەیسەر).
بەرهەمەکانی یەڵماز گۆنای لەو کە جۆرانەن شوێندانەربوون لەسەر سینەماکاران کار لەسەر سینەمای دۆکیۆمێنتی بکەن. وەک چەکێکی شارستانی دەکرێت سوودێکی زۆری لێ ببینرێ لە خەباتی نەتەوەیی (عارف، 2007: 16-19/مەحمود، 2015: 44-45). دەبینین زۆر لە فیلمە کوردییەکان لە دوای گۆنایەوە، لەژێر کاریگەریی پرسە نەتەوەیییەکان و سینەمای دۆکیۆمێنتی بەدەر نەبوونە.
$تەوەری سێیەم: چوارچێوەی تیۆری
دژە کۆلۆنیالیزم$
تیۆرییەکانی دژە کۆلۆنیالیزم سەبارەت بە مەسەلەی خەباتی نەتەوە ژێردەستەکان دژ بە وڵاتانی کۆلۆنیکارن. شێواز و هۆکارەکانی دەستەمۆکردنی نەتەوەی بەکۆلۆنیکراو خراوەتە ڕوو، بەشی زۆریان ڕەهەندی دەروونی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری بەتوندی لەبەرچاو دەگرن. ڕابەرانی پێک دێن لە ئالبێر میمی پەرتووکی (ڕوخساری داگیرکار ڕوخساری داگیرکراو) پێی وایە نەتەوەی بەکۆلۆنیکراو سووکایەتی بە کولتوور و مێژووی دەکرێت. فرانز فانوونپەرتووکی (پێستی ڕەش دەمامکە سپییەکان، دۆزەخییەکانی سەر زەوی) بەکۆلۆنیکراو لەڕووی دەروونییەوە خۆی پێ کەمە و خۆی بە کولتووری نەتەوەی کۆلۆنیکار هەڵدەواسێ (ئاشکرۆفت، گریفیس، تیفین، 2019: 363-365).
ئیسماعیل بێشکچی نووسەر و کۆمەڵناسێکی تورکە، ساڵی 1939 لەو وڵاتە لەدایک بووە. ماوەی 17 ساڵ بەهۆی پشتگیریکردنی دۆزی کورد لە تورکیا لە زینداندا بووە و چەندین پەرتووکیشی هەر سەبارەت بە دۆزی کورد لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆلۆنیالیزم نووسیوە. بێشکچی ئەندامی فەخری دامەزراوەی (PEN)ە. کاندیدی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بووە.
لە پەرتووکەکەیدا (کوردستان کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتی) 1991 پێی وایە کۆلۆنیالیزمی تورک جۆرێکە لە کۆلۆنیالیزمی نێوەخۆیی، وەک ئەوە نییە وڵاتێک لە جوگرافیای دوورەوە بچێ وڵاتێکی تر داگیر بکات. دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی سیاسەتی پەرتکە-زاڵبە توانیویەتی دەسەڵاتی بەسەر گەلی کورددا بسەپێنێت. سیاسەتێک وا دەکات نەتەوەی ژێردەست بێ ناسنامە و زمان و کولتوور بێت. ناکۆکی درووست دەکەن لەنێو نەتەوەی ژێردەسەت. ئەم سیاسەتە هزری نەتەوەیی لەناو دەبات، دوژمنایەتییەکی قووڵ لەنێوان کوردەکان لە هەر چوار پارچە درووست دەکات (بێشکچی، 2002: 208-212).
وڵاتانی دی نکوڵی لە کورد ناکەن بەڵکوو لەسەر مەسەلە سیاسییەکان ناکۆکیان هەیە، تورکیا نکوڵی لە کورد دەکات. بەپێی فەرهەنگی زمانی تورکی ساڵی 1936، کورد ناوی کۆمەڵەیەکە لەو تورکانەی زۆربەیان زمانی خۆیان گۆڕیوە و بە فارسییەکی شکاو قسە دەکەن کە لە تورکیا و ئێراق و ئێراندان. چاپی شەشەمی هەمان فەرهەنگ 1974 بەم شێوە باس لە کورد دەکات: کۆمەڵە کەسێک کە بە ڕەگەز تورکن، زمانیان گۆڕیوە. (بێشکچی، 2000: 207-209). ئەمە یەکێکە لە ئەنجامەکانی بە کۆلۆنیکردنی کوردستان. ڕاستییەکی زانستی تێدا نییە کورد وەک تورکە شاخاوییەکان دەناسێندرێ.
لە ڕوانگەی بێشکچی لەناوبردنی کولتووری کوردی یەکێکە لە سیاسەتە ئایدۆلۆژییە سەرەکییەکانی تورک. دەوڵەت لە ڕێگەی کۆمەڵێ پسپۆڕی میوزیک و ئەدەبەوە گۆرانییەکان وەردەگێڕێتە سەر زمانی تورکی و دواتر لە ڕێگەی چەند گۆرانیبێژێکی کوردەوە هەمان گۆرانی بە تورکی دەگوترێنەوە. ئەمەش کۆلۆنیالزمی ئەدەبی و کولتوورییە (بێشکچی، 2002: 235-237). ئەم بابەتە بۆ سینەماش ڕاستە. تورکیا لە ڕێی فیلم و دراماکانەوە، لەڕێ دەرهێنەر و ئەکتەری خودی کوردەوە، دەیەوێت وێنایەکی ناشیرین لە کورد نیشان بدات.
$نیشانەناسی$
پێکهاتەباوەڕی قوتابخانەیەکی فیکرییە. لە فەڕەنسای شەستەکان لەلایەن فێردیناند دوسۆسۆرەوە دامەزرا. هەوڵ و ڕانان و میتۆدێکی نوێ بوو لە زانستی مرۆڤایەتی. سۆسۆر لە (کۆرسێک لە زمانەوانی گشتی) 1916 زمانی وەک سیستەمێک لە ئاماژەکان ناساندووە. لەو مانایەدا کە بچووکترین یەکەی زمان، واتە وشەلە پێکهاتەیەکی دیارکراودایە کە مانا دەبەخشێت. ئەم وشەیە لە ڕەوتی مێژوویدا گرنگ نییە، بەڵکوو لە ڕەوتی ئێستایدا گرنگی هەیە. وشە دالێکە کە هەڵگری مانایەکە پێی دەوترێ مەدلوول، پەیوەندییەکەیشیان خۆڕسکە. بەگشتی پێکهاتەباوەڕی گرنگی بەو ئاماژانە دەدات کە لە شتەکانەوە دەکەونەوە، یاخود شتەکان لە پاشخانی خۆیاندا لە پێکهاتەدا هەڵگری مانان نەک ئەوەی کە خۆیان مانادار بن (ئیگڵتن، 2016: 221-223).
ڕۆڵان بارت تیۆریی داڕێژەری ئەدەبی، کۆمەڵناس و نیشانەناسی فەڕەنسی. ساڵی 1915 لەو وڵاتە لەدایک بووە. هزر و بۆچوونەکانی لەنێو کۆمەڵێ قوتابخانەی وەک پێکهاتەباوەڕی، نیشانەناسی، تیۆریی کۆمەڵایەتی، مرۆڤناسی و پاش پێکهاتەباوەڕی جێیان دەبێتەوە. ئەو لە شیکردنەوەی سیستەمە نیشانەیییەکان لە نیشانەناسیی کۆمەڵایەتی و کولتوور ڕۆڵی گرنگی هەبووە.
نیشانەناسی لە سینەمادا ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت. بەهۆی پانتایییەکی تیۆریی فراوانی زمانناسی، نیشانەناسی، کۆمەڵناسی و فەلسەفە، سەیرکردنی سینەما دەرچووە لە ڕەهەندە جوانیناسییەکەی بۆ بینەر. ئەمڕۆ هەموو بەرهەمە سینەمایییەکان شیکردنەوە و خوێندنەوەی قووڵیان بۆ دەکرێت. نیشانەناسی سینەما بوارێکە لەلایەن چەندین نووسەری وەک کریستییەن میتز، پاولۆ پازۆلینی، ئۆمبێرتۆ ئیکۆ و ڕۆڵان بارت کاری لەسەر کراوە و زۆربەیشیان لەژێر ڕۆشناییی کارەکانی سۆسۆرن. بەم شێوەیە نیشانەناسی لایەنی کولوتووری، کۆمەڵایەتی، دەروونی و هزری بەرهەم دەردەخات.
لە پەرتووکی (ئوستوورەناسییەکان) 1957 درێژەی بە ڕاڤەکەی سۆسۆر دا. وشە کە ناونراوە دال هەڵگری یەک مەدلوول نییە، مەدلوولیش بۆ خۆی دەبێت بە دالێک و مەدلوولی تر یا چەندین مەدلوولی تایبەت بەخۆی هەیە. بە باوەڕی ئەو نیشانەکان لە هەموو شوێنێک هەن، بەتایبەت لە جیهانی میدیادا. هەمیشە وێنەکان و ڤیدیۆکان هەڵگری چەند مەدلوولن کە لەلایەن دەسەڵاتەوە زەمینەسازی بۆ کراوە بۆ بەخشینی مانایەک. بۆیەش لە ڕوانگەی بارتەوە دەکرێت زمانناسی بە بەشێک لە نیشانەناسی دابنێین، چونکە نیشانەناسی بۆ خۆی بوارێکی سەربەخۆیە (بێرتێنز، 2015: 112-116).
تیۆریی داڕێژەرانی نیشانەناسی شەش سیستەمی نیشانەناسی لە سینەمادا دیاری دەکەن: یەک: سیستەمی وێنەیی. ئەم دەستەیە زۆرتر ئاماژە بە کارکردی نیشانەکانی ڕوخسار دەدەن. دوو: سیستەمی جووڵاو. زۆرتر ئاماژە بە جووڵەکانی کامێرا، بڕگەبڕگەکردنی فیلم و مۆنتاژ لە سینەمادا دەکات. سێ: سیستەمی زمانناسانەی ئەدەبی. بریتییە لە پێگەی وتە، زمانی وێژەیی، وتووێژ و شرۆڤە دەرەکییەکان. چوار: سیستەمی زمانناسانەی نووسین. بریتییە لە بەشێکی بەربڵاو لە کارکردی نووسین لە سینەمادا، سەردێری فیلم، نیشانەکانی نووسینی نێو پێکهاتەی فیلم. پێنج: سیستەمی زمانناسانە. بە جۆرە جیاوازەکانی دەنگ و پێگەی دەنگە ئاسایییەکان لە سینەمادا ئاماژە دەکات. شەش: سیستەمی میوزیکی. بریتییە لە میوزیکی فیلم و سیناریۆ. کەواتە نیشانەناسی شتێک بە شتێکی دیکە دەناسێنێت. چەمک لە بری چەمک، هێماکان هەڵگری واقیعگەلی کۆمەڵایەتین لە سینەمادا، یاخود زۆر ڕەهەندی واتادار لە پشتەوەی ئەو شتانەدا هەن کە دەردەخرێن (بەهرامی، 2013: ماڵپەڕی ئاسۆی ڕۆژهەڵات).
زۆر جار کاتێک کەمینەکان لەژێر فشار و کاریگەریی دەسەڵاتدا دەخرێنە ژێر سانسۆرەوە، کەڵک لە سیمبولەکان وەردەگرن. بۆ گەیاندنی پەیامێک ڕەنگە سیناریست نەتوانێ دیالۆگ و مۆنۆلۆگی مەبەستدار بنووسێت، بەڵام دەکرێت لە ڕێی وێنە، ئاماژە و جووڵەوە ئەو مەبەستە بگەیەنێ. لەنێو سینەمای کورددا کارکردن لەسەر سیمبول دەکرێت جێ بکرێتەوە. واتە بۆ نیشاندانی نەهامەتییەکی وەک جینۆساید لەبری نیشاندانی ڕووداوەکە وەک خۆی، لە ڕێی ئامرازی ترەوە بچینەوە بەدوای پرسەکەدا. وەک پرسی جوو بە چەندین شێوە کاری لەسەر کراوە، فیلمی (Jojo Rabbit) نموونەیەکە. بێ نیشاندانی کوشتن، پرسی قڕکردنی جووەکان دەورووژێنێت لە سەردەمی نازییەکان.
$هونەر وەک بەرهەمهێنان$
واڵتەر بنیامین فەیلەسووف و ڕەخنەگری کولتووری. ساڵی 1892 لە ئەڵمانیا لەدایک بووە. لەژێر کاریگەریی ئایدیالیزمی ئەڵمانی، ڕۆمانتیسیزم و مارکسیزمی خۆراوایی بووە، نزیک بووە لە بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت. بەرهەمەکانی لە چوارچێوەی ڕەخنەی جوانییناسی، ڕەخنەی ئەدەبی و ماتریالیزمی مێژوویین. هونەر و کولتووری جەماوەری یەکێک بوو لە بابەتە سەرەکییەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت. مارکۆزە و ئادۆرنۆ بە شێوەیەکی ڕەشبینانە لە هەمبەر کولتووری بەکاربەری کۆمەڵگە هەڵوێست وەردەگرن، بەڵام بنیامین زیاتر بەلای گەشبینیدا چووە.
لە چوارچێوەی تیۆرییە مارکسیتییەکان، بنیامینیش هاوشانی بیرمەندانی تر سەبارەت بە دەرکەوتنی سینەما دەدوێت. لەوانە برێخت، ئایزنشتاین، ڤێرگتۆڤ، پۆنتیۆرڤۆ، ترۆتسکی، کراکاوەر، گارڤراس و ڕۆزێلینی لەو مارکسیستانە بوون لە پەیوەندی نێوان هونەر و مارکسیزم یا بە دیاریکراوی بەشێکیان سەبارەت بە مارکسیزم و فیلم لە ڕەوتی دژە فاشیزم نووسیویانە (محەمەد، 2020: 201-203).
بنیامین لە (کاری هونەری لە سەردەمی بەرهەمهێناوەی تەکنیکیدا) 1935 پێی وایە گۆڕان لە شێوەی بەرهەمهێنانەوەی میکانیکی کولتووردا دەبێتە هۆی گۆڕانی کارکردی کولتوور لە کۆمەڵگەدا. ئەمە بنەڕتییەکە تووشی بەرهەمهێناوە دەبێت، بەهای باو لەدەست دەدات، هەر بۆیە لە ڕەوتی بەکارهێناندا ماناکەی بەدەستەوە دەدا، نەک لە ڕەوتی بەرهەمهێنان. لای بنیامین بەکاربەری کولتوورێکی گەشبینانەیە، نەک هێندە ڕەشبینانە بێ. وەک لای مارکۆزە و ئادۆرنۆ دەردەکەوت. مانا لە بەرهەمدا ناشاردرێتەوە چیدی، ئەمەش دیموکراتیزەبوونی بەرهەمی هونەرییە (بەشیرییە، 2006: 27-28).
فیلم بابەتە ناگرنگ و ڕۆژانەیییەکان دەخاتە بەر هاوێنەی کامێرا. جیهان وەک زیندانێک دەترازێنێ و ئەو بابەتانەی ڕۆژانە لە واقیعی ئێمەدا هەن و بە چاوی ئاساییی خۆمان نایبینین، فیلم نیشانی دەدات. فۆرم و تەکنیکی فیلم وامان لێ دەکات بەردەوام بەر ئەو نهێنییانە بکەوین کە درکمان پێ نەکردبوون. هەر بەرهەمێکی هونەری لە ئەگەر و ئیمکانی واقیعەوە سەرچاوە دەگرێت و وشیاری پێویستە، بارودۆخێکی کۆمەڵایەتیی مەعریفیش دەخاتەڕوو (محەمەد، 2020: 220-222). دەکرێت بابەتێکی زۆر سادە بکرێت بە پنتێکی سەرەکی لە بەخشینی مانایەکی فراواندا. لەنێو سینەمای کورد کەمتر بەر ئەم هەوڵە دەکەوین، زیاتر وێنای شتەکان لە قاڵبی خۆیدا نیشان دەدرێت. فیلمەکانی سەبارەت بە هەڵەبجە و ئەنفال هەموویان تژین لە کوشتن. دەتوانرێ لە بابەتی ڕۆژانەیییەوە بپرژێینە سەر پرسە گرنگەکان.
بنیامین پێی وابوو ئەو ژانرە هونەرییانەی کە شیاوی ئەوەن لە سەرووی هەموواندا بن، ژانرەکانی وەک سینەما و وێنەگرین. نابێت موڵکی تایبەتیی کەسانێکی دیاریکراو بن، بەم شێوەیە مانایەکی شۆڕشگێڕی هونەر شێوە دەگرێت. ئەرکی هونەرمەندی شۆڕشگێڕ ئەوەیە گۆڕان بەسەر شێوازە کۆنەکانی بەرهەمهێنانی هونەریدا بهێنیت. بنیامین فیلم وەک پڕۆژەیەکی سیاسی دەبینێت، هەر بۆیەش لای ئەو فیلم هونەرێکی جەماوەرییە و لە خزمەتکردن بە شۆڕشدا گرنگی خۆی هەیە. ئەمەش لە چوارچێوەی ڕوانگەکانی بنیامین لەمەڕ کولتووری جەماوەری خراوەتە ڕوو (ئیگلتۆن، 2008: 100).
“پیشەسازیی کولتووری دەتوانێت بە شێوەیەکی سەیر ژمارەیەکی زۆری بابەتە شۆڕشگێڕییەکان وەک پڕوپاگەندە بەکار بهێنێ و بیانخاتە خزمەت ئەو دەسەڵاتەوە“
سەبارەت بە سینەمای ئەوکاتی نازیزم باس لە چەمکی (بەجوانیناسیکردنی سیاسەت) دەکات و دەڵێت کە چۆن کۆمۆنیزمیش لە ڕێگەی (بە سیاسیکردنی هونەر)ەوە وەڵامی فاشیزم دەداتەوە. پێی وایە ئەو دوو بەرەوپێشچوونە کە تەکنەلۆژیا هۆکارییەتی، یەکەمیان تەواو کۆنەخوازانەیە و ئەوەی دووەمیان تەواو پێشکەوتنخوازانەیە (محەمەد، 2020: 251-252). دەکرێت ئەم پەیوەندییە لە پەیوەندی نێوان سینەمای کورد لە باکوور و سینەمای تورک بەراورد بکرێ. سینەمای تورکیا هەوڵ دەدات وێنایەکی ناشیرین لە کورد نیشان بدات و تا ڕادەیەکی زۆر فاشیستییە، بەڵام سینەمای کورد دەکرێت زۆر لە بە سیاسیکردنی ناڕاستەوخۆی ڕووداوەکان کەڵک ببینێ.
سینەما گرنگی لەوەدایە دەکرێت لە دەستی هەر کەسێکدا بێت، ئەمەش دووری دەخاتەوە لە فاشیزم، بەرەو ڕەوتێکی شۆڕشگێڕییانەی دەبات. بە هاتنە سەر دەسەڵاتی نازیسم، بنیامین وتی:“پیشەسازیی کولتووری دەتوانێت بەشێوەیەکی سەیر ژمارەیەکی زۆری بابەتە شۆڕشگێڕییەکان وەک پڕوپاگەندە بەکار بهێنێ و بیانخاتە خزمەت ئەو دەسەڵاتەوە”. ئەرکی هونەرمەندان ئەوەیە هونەرێک بهێننە بەرهەم کە فاشیستەکان نەتوانن بە سوودی خۆیاندا بیشکێننەوە (جویل، ماتیسیین، ڤیدیل، 2016: 110-112).
$کوورتەیەک دەربارەی فیلمی (زەر)$
زەر لە دەرهێنانی (کازم ئۆز)ە و ساڵی 2017 بەرهەم هێنراوە. ماوەکەی کاتژمێرێک و پەنجا و سێ خوولەکە و ڕووداوەکان لە ساڵی 2014 ڕوو دەدەن. زمانی فیلم تورکییە لەگەڵ کەمێک کوردی. کوڕێک بە ناوی (ژان) کە لە ئەمریکا دەژیت و بواری میوزیک دەخوێنێت. ڕۆژێکیان داپیرەی ژان (زەر یاخود زەریفە) لە تورکیاوە دەهێنرێتە ئەمریکا بۆ چارەسەری نەخۆشی و وا بڕیارە ژان ئاگاداری بێت. ژان لەو چەند شەوەی لای دەبێت، حەز بە گۆرانییەک دەکات کە داپیرەی بۆی دەچڕێت. دوای کۆچی دواییی داپیرەی و گەڕانەوەی ژان بۆ تورکیا، هەوڵ دەدات ئەم گۆرانییە کۆنە بدۆزێتەوە. ئەمەش دووچاری کۆمەڵێک پرسی دەکات کە پەیوەستە بە مەسەلەی نەژاد، ڕەگەز، نەتەوە و کولتوور کە لە مێژوویەکی کۆندا هەن. بەمەش پەی بە کوردبوونی داپیرەی دەبات، دەزانێت یەکێک بووە لە ڕزگاربووانی جینۆسایدی دەرسیم لە ساڵی 1938.
$بەشی دووەم: گفتووگۆی توێژینەوە
بابەتی یەکەم: لاوازکردنی شوناسی نەتەوەییی کوردان لە باکووری کوردستان$
هەموو کەس خاوەنی شوناسە چ وەک تاک، چ لەنێو گرووپدا. ئەم شوناسە بە شێوەی کولتووری و سیاسی ساز دەکرێ، دەبێتە شوناسێکی نەتەوەیی کە لەسەر بنەمای هۆگریی هاوبەش لە کۆمەڵگەدا درووست دەبێت (ئەحمەدزادە، 2012: 246-247). زەریفەی داپیرەی ژان هەمیشە خەون دەبینێ بە جینۆسایدی دەرسیم، لەو کاتەدا منداڵ بووە و بردوویانە بۆ شاری ئاڤیۆن. لە خەوەکەیدا ناوی شارەکانی ئەلازیگ، مالاتیا، سیڤاس و قەیسەری دەهێنێت، وەک دیارە وێستگەکانی گواستەنەوە بوون. دەریدەخات شوناسی نەتەوەیی چەندە پەرش بووە، بەهۆی جینۆسایدەوە.
پەرتکە-زاڵبە یەکێکە لەو سیاسەتانەی کە وا دەکات نەتەوەیەک تووشی داڕمانی کولتووری و کۆیادەوەری هاوبەش بێت. وڵاتانی کۆلۆنیکار سوودی لێ دەبینن بۆ ئەوەی درێژە بەو ژێردەستەیییەی بە کۆلۆنیکراو بدەن
لەڕوانگەی (گوڵمحەمەدی، 2007: 228) کولتوور بە گرنگترین سەرچاوەی شوناس دادەنرێت و تاکەکان بەهۆیەوە تایبەتمەندبوون بەدەست دەهێنن. زمانیش وەک بەشێکی کولتوور گرنگە لەو پەیوەندییەدا. زمانی کوردی لە باکووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتەوە بە ناشارستانی و بێ نرخ دانراوە و قەدەغە کراوە (بێشکچی، 2000: 202). یەکەم جار لە ڕێی گۆرانییەکەی داپیرەی ژانەوە زمانی کوردی دەردەکەوێت. لەو کاتەدا ژان بە سەرسوڕمانەوە لە داپیرەی دەپرسێت تۆ چۆن کوردی دەزانیت؟ (پاشکۆی 2) تورکیا نکوڵی لە ناسنامەی کورد دەکات. لەوێ کولتووری کوردی بە گشتی کار لەسەر توانەوە و ئاوێتەبوونی کراوە. یەکێک لەو لایەنانەش بریتییە لە زمان، گۆرانی و فۆلکلۆر.
پەرتکە-زاڵبە یەکێکە لەو سیاسەتانەی کە وا دەکات نەتەوەیەک تووشی داڕمانی کولتووری و کۆیادەوەری هاوبەش بێت. وڵاتانی کۆلۆنیکار سوودی لێ دەبینن بۆ ئەوەی درێژە بەو ژێردەستەیییەی بە کۆلۆنیکراو بدەن (بێشکچی، 2002: 54). کاتێک ژان دەگەڕێتەوە ناوچە کوردییەکان، بە زمانی کوردی لێی دەپرسن تۆ کێی؟ ئەویش دەڵێت: “من لە زمانی تۆ تێناگەم”. ئەمە دەریدەخات کە چۆن کوردەکان پارچەپارچە و بەش بەش بوونە لەم وڵاتەدا و شوناسیان پەرتەوازە بووە.
یەکێک لە میکانیزمەکانی پەرتکە-زاڵبە دانانی سیخوڕە لە گوند و ناوچە کوردییەکان، بۆ ئەوەی دووبەرەکی لەنێویان درووست بکەن (بێشکچی، 2002: 273). لە دیمەنێکی فیلمەکەدا یەکێک لە کەسەکانی نێو چایخانەکە، بە شێوەی تەنز بە هاوڕێکانی دەڵێت: “ڕەنگە ژان سیخوڕ بێت”. کەواتە لەوێ ژینی کوردەکان بە بارودۆخێکی سەختدا دەڕوا. فشارەکانی دەوڵەت لە ناوچانە لەوپەڕی خۆی دایە و وایان لێ دەکات بە دژی یەک هەڵوێست بگرن.
لە ئەنجامی بابەتی یەکەمدا، دەگەینە ئەوەی بڵێین دەوڵەتی تورکیا بە هەموو شێوەیەک کار لەسەر لەیەکتر ترازان و دوورخستنەوەی کوردەکان دەکات لە یەکدی. لە ڕێی دەرکردنی یاسای تایبەت و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، تا دەگات بە لایەنی کولتوور و هونەر، دەیەوێت ناسنامەی کورد بسڕێتەوە. سیاسەتی پەرتکە-زاڵبە بە شێوەیەکی زۆر بە زەبر گورزی لە کوردەکان وەشاندووە.
$بابەتی دووەم: نیشانەناسی سینەمایی$
نیشانەناسی بوارێکی توێژینەوەیە، لە مانای ئەو شتانە دەکۆڵێتەوە کە لە شتێکدا شاردراونەتەوە. زمان، وێنە و دیمەنەکان دەکرێت مانای پەنهانیان هەبێ، واتە نیشانەناسی ناوەرۆکی ئایدۆلۆژیی چالاکییە جیاوازەکان کەشف دەکات (کولەر، 2017: 161-162). ژان کە دەگاتە ناوچە کوردییەکان، تانک و زرێپۆشەکان دەردەکەون. ڕەنگە تێپەڕینی کاروانێکی سەربازی دیمەنێکی ئاسایی بێت لە دیمەنی یەکەمدا، بەڵام مەدلوولی دووەم ئەوەیە ئۆپەراسیۆن و چالاکییە سەربازییەکانی دەوڵەت لە ناوچە کوردییەکان بوونی هەیە، سەرباری ئاساییی دۆخی ناوچەکە.
زەریفە ئەو دوو گوێزە و بوخچەیەی لا ماوە کە خوشکەکەی لە کاتی ڕاگواستەنەکەدا پێی دەدات. دواتریش ئەو دوو گوێزە دەکەونە دەستی ژان و بە درێژاییی فیلمەکە جاروبار گوێمان لە دەنگی بەیەکدادانیان دەبێت وەک ئاماژەیەک بۆ وەبیرهێنانەوەی کارەساتێکی مێژوویی. نیشاندانی هەرجارەی گوێزەکان دەردەچێ لەو تێگەیشتنە باوەی بینینی گوێز هەمانە. لە دیمەنی پرسەدا دەنگی بەیەکدادانیان دەگاتە دوا ئاستی بەرزی، مەبەستیش لێی بیرخستنەوەی کارەساتێکی میژوویییە.
نیشانەناسان شەش سیستەمی نیشانەیی لە شرۆڤەی فیلمدا ڕەچاو دەکەن: وێنە، ڤیدیۆ، زمانناسی، ناونیشانی فیلم، فۆنیتیک، میوزیک (بەهرامی، 2013: ماڵپەڕی ئاسۆی ڕۆژهەڵات). ناوی فیلمەکە (زەر) ناوی داپیرەی ژانیشە، داستانێکی فۆلکلۆری کوردییە، باس لە کوڕ و کچێک دەکات یەکتریان خۆشویستووە و بە یەکدی نەگەیشتوون، دواتر بووە بە گۆرانی. کولتووری کوردی لە شارەکان دووچاری توانەوە بووەتەوە، زێدەتر لە ناوچە گوندنشینەکان وەک خۆی ماوەتەوە. زەر و ژان ناوی سیمبولیکن. ژان پێی وایە ناوەکەی فەڕەنسییە، بێئاگایە داپیرەی ئەو ناوەی لێ ناوە و مانای (ئازار)ە.
بارت پێی وایە دال هەڵگری یەک مانای باو نییە، خۆی دەبێتەوە بە دال و مەدلوولی دووەمی هەیە. سینەماش پڕە لە هێما و وێنە کە هەڵگری مانایەکن بەدەر لە مانای یەکەمیان، ئەم مانایەش لە پێکهاتەدایە (بێرتێنز، 2015: 117-118). لە دوو دیمەنی وانەی میوزیک، وانەیەک میوزیکی بلوزە، تایبەت بووە بە ڕەشپێستە ئەفریقییەکانی ئەمریکا. دووەم وانە باس لەو هۆکارە کۆمەڵایەتییانە دەکات وا دەکەن جۆرێک میوزیک شێوە بگرێ. لێرەدا تەنیا وەک دوو وانە سەبارەت بە مێژووی میوزیک دەرناکەون، کارکردی سیاسییان هەیە. پێمان دەڵێت چۆن میوزیک ڕۆڵ دەگێڕێ لە خەباتی نەتەوەیی.
ژان بە شەمەندەفەر دەچێت بۆ هۆزات. شەمەندەفەر هێڵێکی گواستنەوەیە، دەکرێت ئەمە بە دوو مەبەست بێ. یەک: تابلۆی سەر شەمەندەفەرەکە ناوی ئەو ناوچانەیە ڕێڕەوی ڕاگواستنی کوردانی دەرسیم بوون. دوو: نیشانی دەدات ناوچە کوردنشینەکان لەلایەن دەوڵەتەوە پەراوێز خراون لەڕووی خزمەتگوزاری. لەوێ بەرەبەرە هۆکارەکانی گواستنەوە زەحمەت تر دەبن. ژان کە دەگاتە گوندەکە، دەڵێت پێویستە لە هوتێل بمێنێتەوە، پێی دەڵێن لێرە هوتێل نییە. دوای بە خاک سپاردنی داپیرەی، شەمەندەفەرێک لە دواوەی گۆڕەکە دەردەکەوێت. لە تەواوی ئەو دیمەنانەدا، شەمەندەفەر وەک دالێک ماناکەی تەنیا هێڵێکی گواستنەوە نییە. بەڵکوو مەدلوولی دووەمی بریتییە لە گوزارشتکردن لەوەی چۆن ئامرازێکی گواستنەوە و بە تورککردنی کوردەکان بووە لە جینۆسایدی دەرسیم. لە ئەنجامی ئەم بابەتەدا دەبینین کۆمەڵێ هێما و وێنە و دیمەن هەن کە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ دەیانەوێت مانایەک بدەن بەدەستەوە، بە شێوەیەکی ڕوون دەرناکەون. بەڵکوو بە شێوەی سیمبولیک کار بۆ نیشاندانیان کراوە. هەر لە چەوسانەوە، جینۆساید، ڕەوشی خراپی ناوچە کوردییەکان و چەندین بابەتی دی. بە شێوازێکی لێهاتووانە ئازار و ستەممان بیر دەخاتەوە بە ناڕاستەوخۆ.
$بابەتی سێیەم: سینەمای نەتەوەیی وەک ئامرازێکی شۆڕشگێڕی$
دژایەتی فاشیزم بابەتێکی سینەمای دۆکیۆمێنتییە، تایبەت دوای گەشەی سینەمای سۆڤیەت لە دژی نازیسم. لەم چل ساڵەی دواییشدا بەتەواوی پەرەی سەندووە (مەحمود، 2015: 26). لە دەستپێکی فیلمەکەدا دێڕێکی شاعیری کورد جەمال سوورەیا نووسراوە: (لەپێش مێژوودا سەگەکان دەوەڕین). ئەو یەکێک بووە لەوانەی ماڵباتەکەی لە جینۆسایدی دەرسیم ئاوارە بووە لە زێدی خۆی. ژان بە خەیاڵ لە وێستەگەیەک چەند سەربازێک دەبینێ کوردەکان دەگوازنەوە دوای جینۆسایدەکە. لەو کاتەدا کە ناوەکان دەخوێندرێنەوە، ناوی زەریفەی داپیری ژان و ناوی جەمال سوورەیا دەبیستین.
بنیامین پێی وایە پرسە ڕۆژانەیییەکان دەبنە پرسی جددیی لە فیلمدا. هەر بەرهەمێکی هونەریش مۆرکی سەردەمێکە، کە ڕەنگدانەی دۆخی کۆمەڵایەتی تێدا دەردەکەوێت (کەمالی، ئەکبەری، 2017: 165-166). ژان لە پرسەی داپیرەی داوا دەکات گۆرانیی زەری بۆ بڵێن کە گۆرانییەکی کوردییە. باوکی پێی دەڵێت شتێک نییە بە ناوی زمانی کوردی و ئەوان بیزانن. ژان زیاتر پێداگری دەکات و باوکی زللەیەکی لێ دەدات. لە دواوەیان وێنەی (ئەتاتورک) بە دیوارەکەدا هەڵواسراوە، ئەمە پێمان دەڵێت کە باوکی چەندە دەیەوێت ڕا بکات لە شوناسی و کوردبوونی خۆی.
گۆڕان لە شێوازە کۆنەکانی بەرهەمێنان، خەسڵەتێکی سەرەکیی ڕەوتی شۆڕشگێڕی هونەرییە لای بنیامین. هەر بۆیەش فیلم دەتوانێت ببێتە پڕۆژەیەکی سیاسی (ئیگڵتۆن، 2008: 99). کۆمەڵێ دیمەن هەن ڕاستەوخۆ بەرەو لای پرسی جینۆسایدەکەمان دەبەن. لەوانە: پەیکەری سەید ڕەزای دەرسیم. بەهۆی جووڵانەوەکەی سەید ڕەزا، دەوڵەت چەندین هەزار کوردی لەم ناوچەیە کۆمەڵکوژ کرد. ژان چاوی بەو چەند تابلۆیە دەکەوێت کە سەبارەت بەو کوشتارە هەن. هەروەها وێنەی ئەحمەد کایا دەبیندرێ، وەک گۆرانیبێژێکی ناسراو کە بەهۆی کوردبوونی لە تورکیادا دەربەدەر کرا. هەموو ئەمانە برەودانە بە نیشاندانی کارەسات لە فۆڕمێکی بەرزی هونەریدا. فیلم هونەرێکی جەماوەرییە لای بنیامین. بەشێکە لەو ئامرازەی خزمەت بە ڕەوتی شۆڕشگێڕی دەکات دژ بە فاشیزم، هەر بۆیە داهێنەرانەیە (محەمەد، 2020: 255-256). کە کچ و کوڕە گەریلاکان دەردەکەون، گەریلا وەک خۆیان دەبینین کە بەتەواوی مرۆڤدۆست دەردەکەون. ئەمەش دژ بەو وێنانەیەکە کە ئێمە لە سینەمای تورکی دەیبینین و دیدگای خراپ سەبارەت بەوان نیشاندەدرێ. لێرەدا هەمان ئەو پەیوەندییەی لەنێوان سینەمای نازیزم و سینەمای کۆمۆنیزم هەبوو بۆ سینەمای کورد و تورک دەبیندرێ.
سینەمای نەتەوەیی هەرچەندە ژانرێکی سەربەخۆ نییە، بەڵام کار لەسەر جۆرێک دەرکەوتنی ناسنامە و شوناسی گەل دەکات. کە تووشی ستەم و ستەم بووەتەوە، بۆیە هەڵگری پەیام و وتاری سیاسییە (یوسفی، 2017: ماڵپەری ڕووداو). لە دیمەنێکدا ئەو پیاوەی قەرارە گۆرانیی زەر بۆ ژان بڵێت، وادەزانێت ژان کوڕەکەیەتی لە دەرەوەی وڵات هاتووەتەوە. کاتێک ژان دەپرسێ بۆ کوڕەکەی لە کوێیە؟ پێی دەگوترێت کە لە ترسی دەوڵەت ناتوانێت بگەڕێتەوە.
جینۆساید وەک خەون نیشان دەدرێ، ئەمەش هەمیشە بینەر دەهێڵێتەوە تا دوا ساتی فیلمەکە نەزانێت ڕووداوەکان بەرەو کوێ دەیبەن. لە کۆتایی هەموومان دەپرسین بۆچی گوندی ئیسکۆر بوونی نەماوە؟ کۆتایییەکی تەواو سیمبولیکە. ژان کە خۆی دەخاتە چەمەکەوە، دەبینێت ژیان لە خوارەوە هەر بەردەوامە و زۆربەی شتەکان وەک خۆیان ماون. ئەمەش مانای خۆبەدەستەوەنەدان و هەبوون و جەختکردنەوەیە لە شوناسی بەرگری گەلێک سەرباری ئەو هەموو ستەمەی دەرهەقی کراوە.
بەم شێوەیە لە ئەنجامی ئەم بابەتەدا دەڵێین سینەمای نەتەوەییی کورد تا ڕادەیەکی زۆر توانیویەتی لەم فیلمەدا وەک ژانرێک دەربکەوێت و ڕۆڵ ببینێت لە نیشاندانی کارەساتێکی مێژوویی. فیلمەکە لە بەرەنگاری دژ بە فاشیزم سەرکەوتنێکی باشی بەدەست هێناوە و وەک سینەمای کەمینەکان خزمەت بە شۆڕشێکی شارستانیانە دەکات.
$دەرئەنجامی توێژینەوە$
لە کۆتاییی ئەم توێژینەوەیەکە نموونەکان بریتی بوون لە دیمەنەکانی فیلمێک. پرسیارەکان بریتی بوون لە دوو پرسیار، و بە شێوەی شیکردنەوەی ناوەرۆک کار لەسەر شیکردنەوەی دیمەنەکان کرابوو. گەیشتین بەم دەرئەنجامە؛ پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان نیشاندانی ناسنامەی نەتەوەیی و خەباتی نەتەوەیی هەیە لە فیلمی زەردا. ئەو دیمەنانەی خراونەتە ڕوو بە شێوەی ناڕاستەوخۆ سەرکوتکردن و کۆلۆنیکردنی کوردەکان نیشان دەدات لە باکووری کوردستان، کە لە ڕێی چەندین سیاسەتی کولتووری و یاساییەوە لەلایەن دەوڵەتەوە بە ئەنجام دەگەیەنرێت. لەم فیلمەدا دید و تێڕوانینێکی دژەکۆلۆنیالیستی هەیە لە دەرخستنی کولتوور، سیاسەت، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و تەواوی ئەو لایەنانەی بەرهەمهێنانەوەی چەوساندنەوە زیاد دەکەن.
فیلمەکە لەژێر کاریگەریی سینەمایەکی دیاریکراو نییە و بە فۆڕم و ستایلی دیاریکراو بەند نییە. کۆمەڵێ کەرەستەی گرنگ هەن: ئەدەب و فۆلکلۆری کوردی، کولتووری کوردی بە گشتی، خەباتی نەتەوەیی و ئەنفال و جینۆساید، تێکەڵکردنی ژانرەکانی وەک سینەمای دۆکیۆمێنتی و نەتەوەیی و کەمینەکان سوودیان لێ بینراوە. سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا لەپێناو پەرتکردن و زاڵبوون بەسەر کورددا ئەنجام دراوە کە خەسڵەتێکی سەرەکیی کۆلۆنیالزیمە. ئەم ستەمە نکوڵی لێ دەکرێت، بۆیە بە شێوەی نیشانە و ئاماژەی ناڕاستەوخۆ لە فیلمەکەدا دەردەکەون. ئەمەش وا دەکات کە سینەمای کورد جیا لە سینەمای نەتەوەیی، هاوکات سینەمایەکی دژە فاشیزم بێت.[1]
$لیستی سەرچاوەکان$
ئەحمەدزادە، هاشم (2012). زمان ئەدەب و ناسنامە. چاپی یەکەم، هەولێر، دەزگای ئاراس.
ئیگڵتن، تێری (2016). تیۆریی ئەدەبی. و: عەتا قەرەداغی. چاپی یەکەم، سلێمانی، ناوەندی ئەندێشە.
ئیگڵتۆن، تێری (2008). مارکسیزم و ڕەخنەی ئەدەبی. و: عەبدولخالق یەعقوبی. چاپی یەکەم، هەولێر، دەزگای ئاراس.
بەشیرییە، حسێن (2006). تیۆری کولتووری. و: مەنسوور تەیفووری. چاپی یەکەم، سلێمانی، پڕۆژەی ی.ن.ک.
بۆکانی، سابیر (2020). میتۆدی توێژینەوەی زانستی. چاپی دووەم، سلێمانی، خانەی چوارچرا.
بێرتێنز، هانز (2015). بنەماکانی تیۆریی ئەدەبی. و: عەبدولخالق یەعقووبی. چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگای سەردەم.
بێشکچی، ئیسماعیل (2000). تێزی تورک بۆ مێژوو. و: ئاسۆس هەردی. چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگای سەردەم.
بێشکچی، ئیسماعیل (2002). کوردستان کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتی. و: حەمە ڕەشید. چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگای سەردەم.
جویل و ئەوانی تر (2016). قوتابخانەی فرانکفۆرت. و: عوسمان حەمە ڕەشید. چاپی دووەم، سلێمانی، ناوەندی جەمیل ڕۆژبەیانی.
حسێن، شۆڕش محەمەد (2014). ڕەوتی فیلمسازیی کوردی. چاپی یەکەم، سلێمانی، بڵاوکراوەکانی جەمال عیرفان.
سابیر، ڕەفیق (2008). کولتوور و ناسیۆنالیزم. چاپی سێیەم، سلێمانی، چاپخانەی تیشک.
عارف، حەمە کەریم (2007). یەڵماز گۆنای. چاپی یەکەم، سلێمانی، چاپکراوەکانی پڕۆژەی پەرتووکی یانەی قەڵەم.
عوسمان، عەدنان (2010). چیرۆکی سینەما. چاپی یەکەم، هەولێر، چاپخانەی منارە.
کولەر، جۆناسان (2017). ڕۆڵان بارت. و: هاوار محەمەد. چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگای ئایدیا.
کەمالی، ئەکبەری (2017). واڵتەر بنیامین. و: پەیمان عەلیپوور. چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگای ئایدیا.
گرکانی، گیتا (2002). مێژووی سینەما. و: ستار کەریم. چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگای سەردەم.
گوڵمحەمەدی، ئەحمەد (2007). بەجیهانیبوون کولتوور شوناس. و: عەوڵا بەهرامی. چاپی یەکەم، هەولێر، موکریانی.
محەمەد، پێشڕەو (2020). دیالەکتیکی هونەری سێیەم. چاپی یەکەم، سلێمانی، ناوەندی ڕەهەند.
مەحمود، ئیبراهیم (2015). یەڵماز گۆنای و ڕۆڵی سینەمای دۆکیۆمینتی لە خەباتی نیشتمانیدا. چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگای سەردەم.
نەزەری، مێهناز (2017). سینەما حەوتەمین هونەر. و: ئاریا ئەحمەدی. چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگای سەردەم.
وانج، سۆفیا ئیزابێلا (2014). پەرەسەندنی شوناسی نەتەوایەتی کورد و ئەگەرەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان. و: یاسین سەردەشتی. چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگای جەمال عیرفان.
$گۆڤار$
ئاشکرۆفت، گریفیس، تیفین (2019). دژە کۆلۆنیالیزم. (ئۆنڵاین). و: بەڕۆژ ئەسعەدی. گۆڤاری تیشک. ژمارە 52، لا 363-366. دواجاری بینین 20ی نیسان 2021 لە:
https://bit.ly/3eJ8JmJ
$سەرچاوە ئەلیکترۆنییەکان$
بەهرامی، جەمشید (2013). هێماناسی لە سینەمادا. (ئۆنڵاین). دواجاری بینین 25ی شوبات 2021 لە:
http://asoyroj.net/kurdish/detail.aspx?=hewal&jmara=3408&Jor=10
زەر، 2020. (ئۆنڵاین). ماڵپەڕی کورد سینەما، 2017، تورکیا، دواجاری بینین 1ی ئادار 2021 لە:
https://www.kurdcinama.com/online.aspx?movieid=6261
سەیدی، سەعید (2019). شوناس و شوناسی نەتەوەیی. (ئۆنڵاین). دواجاری بینین 20ی شوبات 2021 لە:
https://www.peyserpress.com/detail/4177
سینا، خوسرەو (2020). کوورتەیەک لەسەر مێژووی سینەمای کورد. (ئۆنڵاین). دواجاری بینین 5ی ئادار 2021 لە:
https://www.khaktv.net/all-detail.aspx?jimare=20657
محەمەد، هەوراز (2020). قۆناغەکانی دەرکەوتنی کورد لە سینەمادا. (ئۆنڵاین). دواجاری بینین 5ی ئادار 2021 لە:
https://www.peyserpress.com/detail/5698
یوسفی، هاوڕێ (2017). شوناس و سینەمای نەتەوەیی. (ئۆنڵاین). دوایین جاری بینین 20ی شوبات 2021 لە:
https://www.rudaw.net/sorani/opinion/
culture_and_literature/230720173
$سەرچاوە ئینگلیزییەکان$
Marvasti, Amir (2003). Qualitative Research in Sociology.
First Published, New York, SAGE Publications.
ئەم بابەتە 361 جار بینراوە
هاشتاگ
سەرچاوەکان
[1] ماڵپەڕ | کوردیی ناوەڕاست | ماڵپەڕی ژنەفتن - 30-05-2022
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 6
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
ڕۆژی دەرچوون: 30-05-2022 (2 ساڵ)
پۆلێنی ناوەڕۆک: دۆزی کورد
پۆلێنی ناوەڕۆک: لێکۆڵینەوە
پۆلێنی ناوەڕۆک: هونەری
جۆری دۆکومێنت: زمانی یەکەم
زمان - شێوەزار: کرمانجیی ناوەڕاست
وڵات - هەرێم: ئێڕاق
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
کوالیتیی بابەت: 94%
94%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( زریان عەلی )ەوە لە: 30-05-2022 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( هاوڕێ باخەوان )ەوە لە: 30-05-2022 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( ڕاپەر عوسمان عوزێری )ەوە لە: 07-04-2024 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە بەپێی ستانداردەکانی کوردیپێدیا هێشتا ناتەواوە و پێویستیی بە داڕشتنەوەی بابەتی و زمانەوانیی زۆرتر هەیە!
ئەم بابەتە 361 جار بینراوە
فایلی پەیوەستکراو - ڤێرشن
جۆر ڤێرشن ناوی تۆمارکار
فایلی وێنە 1.0.266 KB 30-05-2022 زریان عەلیز.ع.
فایلی وێنە 1.0.141 KB 30-05-2022 زریان عەلیز.ع.
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
کورتەباس
ڤایرۆسی رووەکی
وێنە و پێناس
کۆمەڵێک لە گەنجانی هەولێر لە هاوینەهەواری شێرەسوار ساڵی 1995
کورتەباس
گۆرانی ی کوردی زازاکی
ژیاننامە
یەسنا حەبیب
کورتەباس
دوو گۆرانی ی فۆلکلۆری-خەلیل بەگ-دینەکەم دینێ
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
وێنە و پێناس
سنە لە ساڵی 1874
کورتەباس
غەڵبە غەڵب
ژیاننامە
مهناز کاوانی
وێنە و پێناس
گەنجانی گوندی نەیبەسەرەی شارەدێی شوان ساڵی 1983
ژیاننامە
عەبدولخالق ئەحمەد 2
پەرتووکخانە
گوڵێکی سوور بۆ ئێمیلی
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
شانۆنامەی کەرێک لەسەر پرد
ژیاننامە
بەناز عەلی
ژیاننامە
مەریوان زەنگەنە
پەرتووکخانە
پێرفۆرمانس و گێڕانەوە
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
ژیاننامە
کریڤان سالار عەبدولڕەحمان
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
پەرتووکخانە
ناکرێت لە توندوتیژی بێدەنگ بین
وێنە و پێناس
چوار گەنجی شارۆچکەی شێخان ساڵی 1999
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
ژیاننامە
محەمەد باوەکر
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
کەلاوەکەی سەر دەریای ڕەش
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
وێنە و پێناس
چوار گەنجی گوندی پێباز لە کەلار ساڵی 1987
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
کورتەباس
توانای ناوەکی تاک و کاریگەریی دەوروبەر
ژیاننامە
فەیروز ئازاد

ڕۆژەڤ
ژیاننامە
دانا جەلال
03-10-2010
هاوڕێ باخەوان
دانا جەلال
ژیاننامە
زیاد ئەسعەد
02-06-2014
هاوڕێ باخەوان
زیاد ئەسعەد
بڵاوکراوەکان (گۆڤار، ڕۆژنامە و ...)
یادنامە
16-12-2021
هاوڕێ باخەوان
یادنامە
ژیاننامە
سامان عوسمان دەروێش
14-04-2023
سەریاس ئەحمەد
سامان عوسمان دەروێش
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
17-04-2024
زریان عەلی
فەیروز ئازاد
 چالاکییەکانی ڕۆژی
بابەتی نوێ
ڤیدیۆ
شەڕی دەنگی نێوان کاکە حەمە و براکەی عەبدوڵڵای حاجی مەحمود
29-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
شانۆنامەی کەرێک لەسەر پرد
29-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
کەلاوەکەی سەر دەریای ڕەش
29-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
ناکرێت لە توندوتیژی بێدەنگ بین
29-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
پێرفۆرمانس و گێڕانەوە
29-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
گوڵێکی سوور بۆ ئێمیلی
29-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ژیاننامە
کریڤان سالار عەبدولڕەحمان
28-04-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
یەسنا حەبیب
28-04-2024
شادی ئاکۆیی
پەرتووکخانە
ناوم گوناحە
28-04-2024
کشمیر کەریم
پەرتووکخانە
ئەو قاچەی بەجێماوە
28-04-2024
زریان سەرچناری
ئامار
بابەت 517,478
وێنە 106,123
پەرتووک PDF 19,170
فایلی پەیوەندیدار 96,504
ڤیدیۆ 1,308
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
کورتەباس
ڤایرۆسی رووەکی
وێنە و پێناس
کۆمەڵێک لە گەنجانی هەولێر لە هاوینەهەواری شێرەسوار ساڵی 1995
کورتەباس
گۆرانی ی کوردی زازاکی
ژیاننامە
یەسنا حەبیب
کورتەباس
دوو گۆرانی ی فۆلکلۆری-خەلیل بەگ-دینەکەم دینێ
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
وێنە و پێناس
سنە لە ساڵی 1874
کورتەباس
غەڵبە غەڵب
ژیاننامە
مهناز کاوانی
وێنە و پێناس
گەنجانی گوندی نەیبەسەرەی شارەدێی شوان ساڵی 1983
ژیاننامە
عەبدولخالق ئەحمەد 2
پەرتووکخانە
گوڵێکی سوور بۆ ئێمیلی
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
شانۆنامەی کەرێک لەسەر پرد
ژیاننامە
بەناز عەلی
ژیاننامە
مەریوان زەنگەنە
پەرتووکخانە
پێرفۆرمانس و گێڕانەوە
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
ژیاننامە
کریڤان سالار عەبدولڕەحمان
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
پەرتووکخانە
ناکرێت لە توندوتیژی بێدەنگ بین
وێنە و پێناس
چوار گەنجی شارۆچکەی شێخان ساڵی 1999
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
ژیاننامە
محەمەد باوەکر
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
کەلاوەکەی سەر دەریای ڕەش
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
وێنە و پێناس
چوار گەنجی گوندی پێباز لە کەلار ساڵی 1987
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
کورتەباس
توانای ناوەکی تاک و کاریگەریی دەوروبەر
ژیاننامە
فەیروز ئازاد

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.42
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 0.359 چرکە!