ناونیشانی پەڕتووک: فادیمە ساهینداڵ؛ کوشتنی و کاردانەوەی کۆمەڵگا
ناوی نووسەر: ئۆلف بروبێری - لەیف ئیریکسۆن
ناوی وەرگێڕ: #نوری کەریم#
دەزگای پەخش: ئەندێشە
پەرتووکەکە باس لە کوشتی فادیمە دەکاتە لەلایەن باوکییەوە لە وڵاتی سوید، کە چۆن باوکێک دەتوانێت دەستی بچێتە خوێنی کچەکەی و بە ناوی شەرەف و لە دژی ئەوین و خۆشەویستی خەڵتانی خوێنی بکات، کوشتنی فادیمە پەردەی لەسەر دابونەریت و ئەقڵیەتی پیاوسالاری هەڵماڵی.
پەرتوکەکە چیرۆکی فادیمە دەگێڕێتەوە کە چۆن مینبەری کەناڵەکانی کردە سەکۆیەک بۆ دەنگە ناڕازییەکان دژ بە کوشتنی ژنان هەواڵی مەرگی خۆشی بووە یەکێک لە سەرمانشێتەکانی کەناڵ و ڕۆژنامەکانی سوید و وڵاتانی جیهان، فادیمە نەناس نەبوو بۆ کۆمەڵگا، وەک هەزاران قوربانی تری کوشتنی نامووسی، کە تەنیا ناوێک یان ناو و وێنەیەکن ئەگەر ناونیشانێکیان هەبێت. فادیمە خەباتگێڕێکی نەبەزی لێهاتووی سەنگەری پێشەوەی بەرابەرخوازی بوو، دەنگی ناڕەزایەتی هەزاران کچی پەنابەر بوو، کە بەدەست دابونەریتی نامووسپەرستییەوە دەناڵێنن. لەدژی ئەم نایەکسانییە، پڕ بەدەنگی زوڵاڵی لەناو پەرلەماندا هاواری کرد، ڕۆیشتە بەردەم کامێرای تەلەفیزیۆنەکان، مایکی ڕادیۆکانی بەدەستەوە گرت و کەم ڕۆژنامە و گۆڤار نەما، چەند لاپەڕەیەکی تێیدا ڕەشنەکاتەوە. کوشتنەکەشی ئەم چالاکییانەی بەو پەڕی گەیاند، کاردانەوە بەرامبەر ئەم تراجیدیایە، سنووری سویدی بەزاند و بوو بە هەوڵێکی جیهانی. فادیمە ئێستا بووە بە سیمبولی ناڕەزایەتی و هەموو ساڵێک لە یادی کوشتنیدا ناڕەزایەتی دەردەبڕدرێت.[1]