گیاندارێکی ماڵەکی
لە ئینگلیزییەوە: #محەممەدئەمین مەجیدیان#
یەکەم نەگبەتی و کڵۆڵی ئەو لەدایکبوونی بوو؛ بە موویەکی بۆر و کورت، جووتێ گوێی شۆڕ و چاوانی وەک ڕێوی هاتبوە دنیا. هەر گیاندارێک کە پێی بڵێن ماڵەکی باشییەکی تایبەت بەخۆی هەیە کە سۆزی دۆستانەی مرۆڤ بۆلای خۆی ڕادەکێشێ. بەڵام ئەم ئەمانەی نەبوو. لە ڕواڵەتیدا شتێک نەدەبیندرا کە مرۆڤ پێی خۆش بێ، تەواو بێبەش بوو لە هەر تایبەتمەندییەکی گیاندارێکی ماڵەکی. هەر بۆیە سروشتی بوو کەس ڕاینەگرێ.
بەڵام، هەرچۆنێک بێ خۆ ئەو سەگێک بوو، گیاندارێک کە ناتوانی بەتەنیا بژی. ئەو نەیدەتوانی ئەو خووە زکماکییەی لە خۆ دوور خاتەوە: خواردنی دەستی خەڵکی بخواو دوایی بگەڕێتەوە بۆ شوێنی باب و باپیرە کێویەکانی. هەر بۆیە دەگەڕا بە دوای شوێنێکی لەبار لە ماڵە مرۆڤێکدا.
ئەم گیاندارە مڵۆزم و خوێنتاڵە لە موڵک و ماڵی کین سان ی فەلا دا وێڵ و سەرگەردان بوو. ئەمەش کاتێک بوو کە خانوویەکی بەکرێی ئەم فەلایە، تازە دارەڕا کرابوو. خانووەکە لای ڕیگای گوندەکەی ئۆکوبۆ وە هەڵکەوتبوو، واش ساز کرابوو دەتوانرا لە حەوشەی پشتەوە ڕاست بچیتە سەر خیابانەکە. خانووەکە لەسەر کورسی دانرابوو، بۆیە خاکەکەی وشک بوو. بێجگە لەمە لە نێوان دیواری ئەم خانووە و خانووەکەی پەنای بەتاڵاییەکی باریک و تاریک هەبوو، شوینێکی لەبار بۆ خۆ شاردنەوە، بۆیە خیرا ئەوێی کردە پەناگای خۆی.
پێویستییەکی زۆر بەپەلەی ئەم گیاندارە ئەوە بوو زوو خواردن پەیدا کا. لەوێ دوو خانووی بەکرێی تری لێ بوون. ئەمانە لەگەڵ ئەو خانووەی کەخێزانەکەی کین سان ی لێ دەژیان و خانووە تازەدارەڕا کراوەکە، دەبوونە چوار. ئەم چوار خانووە دوو دوو بەرانبەر بە یەک ساز کرابوون، لە نێوانیشیاندا ڕیزێک درەختی جوانی پڕ لک و گەڵا هەبوو. هەستی تیژی بۆنکردنی ئەم گیاندارە پێی دەگوت چێشتخانەکە لە کام لایە. هەر کە برسیش دەبوو، ئیتر ئەوە نەبوو هەڵبژێرێ چی بخوا، توێکڵە فڕێدراوەکانی میوە، شۆرباوی سارد و بۆگەن، پاشماوەی چێشتە بۆگەنیوی نێو دەورییەکان یان هەرچیی تری کە دەست کەوتبا دەیخوارد. ئەگەر ئەمانەش تێریان نەکردایە، لووتی دەنا بە زەوییەوە و نێو ئەو تۆپەڵە خۆڵانەی دەپشکنی. چەند جووت گۆرەوی پیس کە لە تەشتێکی شتندا خووسابوون لەلای چاڵاوەکە هەبوون، ئاوی پیسی ئەم تەشتەشی زۆر بە خۆشییەوە دەخواردەوە.
لە بن پیرەدارێکی ماوکوسی ئەو باخەدا، جێی خۆی خۆش دەکرد. لە نێو ئەو گەڵا ڕژاوە گەرمانەی بەر تیشکی خۆر، چوارپەلی لێ درێژ دەکرد، هەناسەی قووڵی هەڵدەکێشان و شوێنە ئاڵۆشەکانی لەشی بە چنگ دەخوراند. کە شەویش دەهات دەگەڕاوە ژێرزەمینەکە، لەسەر تەلیسە خەڵووزان لێی دەخەوت. جاروباریش لە ڕاڕەوی ژێر چێشتخانەکەدا تا دوور دەڕۆی بۆ وەی لە سەر خەلووزە گەرمەکانی نێو سندووقی خەلووزەکە لێی پاڵکەوێ. ئەم گیاندارە ئابەم جۆرە لێرە دەژیا.
خێزانی کین سان سەگێکی بەڵەک لە ڕەنگی قاوەیی و سپییان هەبوو، پێیان دەگوت پۆچی. پۆچی تەنیا گیاندارێک بوو بەخیرهاتنی ئەم سەگەی دەکرد. وادیار بوو پۆچی حەزی بە تێکەڵاوی بوو؛ بۆیە بە چنگ کڕاندن لەزەوی لێی نزیک دەکەوتەوە، وایدەکرد ئەویش بە لەقاندنی ئەو کلکە پیسەی وەڵامی خێرهاتنەکەی بداتەوە.
بەڵام کین سان و ئەوانی تر، ئەوانەی کە لە سەر زەویوزارەکەی ئەو دەژیان وەک پۆچی بە پیشوازییەوە نەدەچوون. یەکیان وتی: ''ناشیرینی و چارەگرانی خۆ ئەگەر لە نێو ئاژەڵانیشدا بێت خەسارێکی گەورەیە یەکیتریان وتی: ڕەنگبوو ڕامگرتبا ئەگەر نەختێک جوانتر بوایە هەموو ئەم قسانەش بۆ ئەم سەگە بێمانا بوون. ئەو خەڵکانەی کە نەیاندەناسی بانگیان لێ دەکرد پوپ. هەرکام لەم چوار ماڵە
میمکێکیان هەبوو، میمک یان پوور ناوێک بوو بە خانەخوێی ماڵەکان دەگوترا. نەک تەنیا ئەم میمکانە، بەڵکوو مناڵەکانیش بەم سەگە پێدەکەنین و ڕقیان لێ دەهات، بە بێزاریشەوەبانگیان دەکرد پوپ پوپ. ئیتر مامەکان هەر مەپرسە کە زۆر ترسناکتر بوون. کەمترین ناهۆشیاریی دەبووە هۆی ئەوە کە دوای کەون. لە هەڵبڕیندا هەموو شتێکێشیان تێدەگرت: دار، بەرد، گڵمۆت. جارێکیان تێڵای دەستی دەرکەوانێک فڕەی هات بەدوایدا و پاشووی بریندار کرد.
ئەم گیاندارە ئیتر وردەوردە بیر و هەڵوێستی مرۆڤەکانی دەخوێندەوە. خوار و خێچ کردنی دەم یان جووڵانەوەی دەست و چاویان دەیگەیاند دەیانەوێ شتێک هەڵگرن، شانە هەڵتەکاندن و لێو گەزتن یان هەر هەڵوێستێک کە بەرانبەر بەو دەگیرا ناحەزی و دژمنایەتییەکی قووڵی دژ بە خۆی بۆ دەگێڕاوە.
رۆژێکیان ئەوەندەی نەمابوو ڕاپێچی بکەنە نێو دەڕفتی چێشتخانەکەی کین سان. کەس نەیزانی چۆن توانی لەوێ ڕێی هەڵاتن پەیدا کا! خەڵک هاواریان دەکرد: تەناف بێنن تەناف! تەواو هیوابڕاو ببوو، لەو باخەدا بە نێو ئەو دارە کورتانەدا هەڵدەهات، چوو بە لای گەرمخانەی شەتڵەکاندا؛ بە دەوری کایەنەکەدا گەڕا و هەڵات بۆ مەزراکە، ئەوێ کە ئەو گوڵانەی لێ بوون کە بە ڕۆژانی ئاهەنگ و زەماوەندان دەیان فرۆشتن.
مامۆیەک وتی: ئاخری هەڵهات! کین سان وەک پیاوێکی دلۆڤان وەڵامی دایەوە، ئای، کە شتێکی مڵۆزمە.
ئەمە یەکەم جار و دووجارە نەبوو ئەم سەگە بەسەرهاتی وا تاڵی بەسەردا دەهات. ئەو لەو سەگانە نەبوو لە تەنگانە و دژوارییەکی وادا ببەزێ. بە هێمنی و بێدەنگی لەو دەوروبەرە، بەدوای خواردنا دەخولایەوە وەک ئەوەی بڵێ: ''ئێرە قەڵەمڕەوی خۆمە. بەبێ شەرم پێی دەنایە نێو چێشتخانە تازەکەی ئەو خانووە بەکرێیە، یان بەو قاچە پیسانەی دەچووە وەرەنداکە. بەنی کەوشی باخەوانەکەی گاز لێدەگرت و یاری دەکرد بە کەلوپەلە شۆراوەکانی میمکێ و قوڕاوی دەکردن. هیچ ڕێزێکیشی بۆ مناڵەکان دانەدەنا. ئەم بنەماڵەیە کچێکیان هەبوو کووچان ناو. کووچان حەزی لە یاری کردن بوو. بە جووتێ قاپقاپەی قورس و دارین کە بەسەر زەویدا دەیخشاند دەهاتە حەوشە. ئەم سەگە بەگاڵتە دوای ئەم کچە دەکەوت. جارجار کووچان لەتێک کەیکی دەردەهێنا و پیشانی دەدا.
پوپ، ئەهە، سەیرکە!
دەستبەجێ پوپ خۆی بۆ هەڵئەدا.
ئۆی دایە، پوپ چەند بەدە!
بەم جۆرە کووچان هەمیشە هاواری بۆ دایکی دەبرد. دایکی خێرا دەهات و بانگی دەکرد: کووچان، ڕاکە! خێرا! بۆ ئەو قاپقاپە قورسانە لەپێ دەکەی؟ ئیتر ئەو کاتە کووچانی بەسزمان هیچی بە دەستەوە نەدەما. پوپ کەیکەکەی بەدەم گریانەوە لێ ڕفاندبوو و خەریکبوو سەرلووتی خۆی بەو زمانە سوورەی دەلستەوە.
لەگەڵ ئەمەشدا، کردەوەکانی ئەم سەگە دوور بوون لە نیازی چاک یان خراپ. ئەو قسانەیش کە لە دەم میمکە و مامۆکانی ئەم ماڵانەیشەوە دەردەچوون بۆ ئەو ناسراو نەبوون. ئەو هیچ تێگەیشتنێکی لەو ڕەوشت و ڕەفتارە دامەزراوانەی مرۆڤ نەبوو. ئەو تەنیا سەگێک بوو. بۆی کێشە نەبوو کردەوەکانی جوان بن یان ناشیرین. ئەو گیاندارێکی داماو بوو، تەنیا بە پێی سروشتی خۆی دەجووڵایەوە.
زستان بەسەرچوو، بە درێژایی ئەم وەرزە سەختە لەگەڵ سەرما و برسییەتی، لەم ڕەفتارانەش ئازاری دەبینی، دەی باشتر کە ڕۆی. زۆر سەیر بوو لە برسا نەمرد. ئەو کەشیشە فەقیرەش کە لەمەوبەر هەموو ڕۆژێک بەیانیان دەهات بۆ ئۆکوبۆ، وتی، ئەویش لەم زستانەدا شتێکی وای دەست نەکەوتووە. هەر وەها ئەو ژنە داماوەیش کە مناڵێکی پێ بوو، کارێکیان نەدەدایێ و خۆیشی کارێکی نەبوو.
لێرە مرۆڤەکانیش لە ڕەوشێکی چاکدا نەبوون. کە وابوو چۆن دەیانتوانی مستێک لەو برینجە ساردەیان بخەنە بەردەم ئەم سەگە ناشیرین کردار و بێکەڵکە؟ هەر بۆیە ئەمیش لە دوورەوە وێڵ دەسووڕایەوە، هەر چی دەستکەوتبا دەیخوارد، تەنانەت پێستە پڕتەقاڵە فڕێدراوەکانیش.
کە بەهار هات و سەهۆڵەکان کەوتنە توانەوە، وادیار بوو پوپ تەواو گەورە ببوو. هەموو سەگەکانی ئەو دۆڵە، هەر لە پۆچی سەگەکەی کین ساوە بگرە تا کورۆ سەگی گەرماوەکە، هەتا ئاکا سەگی دار فرۆشەکان و ئەو گەماڵە زلەی مووچەکەی دراوسێیان، هەموو بە دەورییەوە کۆ ئەبوونەوە. هەر کوێنێک دەچوو، دوو سێ سەگ بەدوایەوە بوون. هەر بۆیە شوێنێکی سێبەری وەکوو مۆکوسەی، پڕپڕ دەبوو لە مڕە و وەڕینی سەگان، وەک بڵێی بەگوێیدا دەچرپێنن و مەرایی لەبەر دەکەن.
میمکەیەکیان کە بە سەتڵێکەوە هاتبووە لای چاڵاوەکە، ئەم دیمەنەی بینی. وتی: ئەیەڕۆ! خوشکێ، خۆ پوپ سەگەدێڵە! قەت سەرنجم نەدابوویێ! میمکەی خانووە تازە بەکرێدراوەکەش کە بە ڕێکەوت لەوێ بوو گوتی: بەخوا خوشکێ منیش نەمزانیبوو!
ئەم دوانە زۆر بەمە کەوتنە پێکەنین و گاڵتە کردن.
ئەم سەگە دەبێ لێرە دەرکرێ. ئەمە بابەتی دەمەقاڵە و مشتومڕێک بوو کە لە گەڕەکە ماڵی کین سان بەرز ببۆوە و لە نێو ئەندامانی ئەم چوار بنەماڵەدا تووڕەییەکی ئێجگار زۆری هێنابووە پێش. ئەم تووڕەییەش لە نێو دووبەرەی میمکەکان و مامۆکاندا بوو. میمکەکان لە سەر ئەم ڕایە سووربوون کە، ئێستا ڕەوشەکە گۆڕاوە، ئەم سەگە لە بارودۆخێکدا نییە کە لە پێشدا بوو. زۆر گوناحە ئەگەر بەچکەی ببن. هەر وەک بەپێی تاقیکردنەوە لەوان چاوەڕێ دەکرا، ئەوان لەیەکچوونێکیان لە نێوان خۆیان و ئەو سەگە هەست پێدەکرد بۆیە هاوسۆزییان بوو لەگەڵیا. مامۆکانیش بڕوایان وابوو کە : ڕەنگە وابێ، بەڵام ئەگەر بەچکەی ببن، بۆ مناڵان زۆر مەترسیدار دەبێ! لە ڕاستیدا کەس نەبوو پەرۆشی داهاتووی ئەو سەگەی نەبێ. بەڵام پوپ خۆی هیچی لەم شتانە نەدەزانی.
رۆژی دوایی، دروشکەیەک لە بەردەم دەرگای ماڵی کین سان ڕاوەستا. شتێک وەکوو سندووقێکی بێ سەر کە بە حەسیرێکی پیس و بێ نرخ داپۆشرابوو، لە سەری بوو. پوپ بەبۆن زانی لەو دروشکە چیی تێدایە.
پۆلیسێکی یونیفۆرم لەبەر، دوو پیاوی بە ڕواڵەت گوماناوی بەدوایەوە، هاتنە حەوشە. پوپ نەیدەتوانی ئا لەم شوێنە مەترسیدارەدا بەملاولادا هەڵێ یان بازدا. پۆچی و کورۆ و سەگەکانی تر دەستبەجێ کەوتنە وەڕین. مامۆ و میمکەکان لەگەل خەڵکی دێ هەموو لە ماڵ هاتنە دەر.
سەگەڕاو، دایە!
کووچان لە پشت دایکییەوە خۆی شاردەوە.
خەڵکی هەڵاتن بۆ دەوری باخەکە. کچەکەی کین سان، کە کاری ڕۆژانەی ئاودانی گوڵەکان بوو، بە ئاوپڕژێنەکەی دەستیەوە ڕایکردە خیابان. کوڕێکی قوتابی مامناوەندی کە بە ئاو ڕەنگ خەریکی نیگارکێشی بوو، سێپاکەی بەجێهێشت و بەدوایدا ڕایکرد.
لەوێوە هەڵات، لێرەوە ڕایکرد!
ئەم ئاژاوە و سەرلێ شێواوییە بۆ خۆی شتێکی سەرئاسا بوو.
کووچان بەدەم هەڵلەرزینەوە وتی: بە دڵنیاییەوە پوپ کوژراوە.
پیاوێک گۆپاڵێکی زل بە دەستییەوە، سەری بۆ هاوڕێکەی ڕاوەشاند و گوتی: سەرئەنجام هەڵهات. پۆلیسەکەش کاتێک لە دەرگا ئەچووەدەر، پێئەکەنی و دەیگوت بێسوودە، بێسوود. ئەو دوو پیاوەش بە ڕواڵەتێکی ناهومێدانەوە سندووقە خاڵییەکەیان لەگەڵ خۆیان بردەوە.
بە هەرحاڵ، پوپ هەڵات و خۆی ڕزگار کرد. پاش ماوەیەکی کورت گوانەکانی گەورەتر بوون. چاوەکانی ڕەنگی بێخەوی و نەسرەوتنیان پێوە دەرکەوت. ئێستاکە ئەو ئەبێ نەک تەنیا ئاگای لەخۆی بێ، بەڵکوو ئەبی ئاگای لە منداڵەکانی نێو زکیشی بێت. کەوابوو سێبەرە خۆشەکەی مۆکوسەی ئیتر جێگایەکی بێ مەترسی نەبوو بۆی. تەنانەت ئەو کاتانەی کە لەسەر ئەو ئەردە تەر و شێدارەیش ڕادەکشا بۆ ئەوەی ساتیک ئازارەکانی لەشی دەرکا، هەر کە سایەی مرۆڤێکی بەدی دەکرد، خێرا هەڵدەستایە سەر پێ. بۆ ماوەیەکی کورتیش نەیدەتوانی کەمتر خەم بێ. لەلای ئەو شتێکی دیکەی دڵڕەق و بێبەزەیی وەک مرۆڤ بەرچاو نەدەکەوت.
کەچی بەو حاڵەش، بە پێچەوانەی ئەو ترسەشی نەیدەتوانی ئەم ماڵە مرۆڤە بەجێ بێڵێ. چۆن دەیتوانی دڵنیا بێ لەوەی، ئەگەر وەک ئاژڵانی تر بچێتە دارستانێکی دوورەدەست و لە ناو دار و دەوەن و سەوزە گیادا بترەکێ! ئاوەها، لەوانەبوو وەک تەماشاکەرێکی لێ بێ، ئەمەش لەگەڵ ئەو نەدەهاتەوە، ئەو نەیدەتوانی خوو و سرووشتی بۆ بەجێماوی خۆی بگۆڕێ.
سەرەتای مانگی جۆزەردان ئەرکی دایکییەتی خۆی بەجێ هێنا. لە ماڵە گەرمەکەی کین سان چوار تووتکی هێنایە دنیا. دوانیان بەڵەک و جوان بوون لە پۆچی دەچوون، یەکیان تەواو ڕەش بوو، ئەویتریان ڕەنگ تاڵەیەک بوو وەک خۆی!
ئۆف، ئەو بەیانییەی زایینەکەی بوو، بۆ یەکەم جار ڕووی خۆشی مرۆڤی بینی. هەر ئەو بەیانییەی دایکایەتیشی بوو، بۆ یەکەم جار لە ڕۆژی لەدایکبوونیەوە، خواردنی دەستی مرۆڤی دەخوارد.
پوپ وەرە، وەرە.
مێمکەکەی ماڵی کین سان پەردەی پەنجەرەی چێشتخانەکەی لادا و بەو ناوە بانگی کرد کە لەو ڕۆژەوە ناونرا بوو.[1]