دەستەڵاتی تورکیا بایی ئەوەندە ناتوانێت لە خه و هەستێت کە ئەوروپا بیکات بە ئەندام لە یەکێتییەکەیدا. ئەرکێکی نیشتیمانییە بۆ تورک کە خۆی له بەردەمی ئاوێنەی یەکێتی ئەوروپییدا ڕا بگرێت. پرسیار لە خۆی بکات: ئێمە کێین کەوا نە گەیشتووینەتە ئەو ئاستەی بتوانین لەگەڵ نەتەوەکانی تری ئەوروپادا لە ماڵێکدا بژین و بە زمانێکی ئینسانیی قسە بکەین لە یەکتریی تێ بگەین؟
تورک ئەم توانایە لە کوێوە بهێنێت کە دان بەم ڕاستییە تاڵەی خۆیدا بنێت؟ تورک ئەم بوێرییە چۆن پەیدا بکات کە بەیانییەک لە خەو هەستێت خۆی بگۆڕێت؟ تورکیا کەی ئەبێت بە تورکیای ئیسمائیل بێشکچی؟
تورک لەبەر ئەوە مافی مرۆڤ پێشێل ناکات چونکە خاوەنی سوپا و یاسای شمشێرە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ڕۆحی تورک گیرۆدەی جەهلە. تورک هێشتا لە سەدەکانی بەردینەوە خەبەری نەبۆتەوە. دەستەڵاتی تورکیا وا دەزانێت هێز ئەوەیە کە سوپاکەی بتوانێت چیاکانی کوردستان داگیر بکات. سەربازەکانی سەری بڕاوی کورد بە دەستەوە بگرن. تورکیا لەوە تێ نە گەیشتووە ئیرادە ئەوەیە هێزت هەبێت بۆ پێشێلکاریی بەڵام موراڵی ئەوەت هەبێت بە کاری نەهێنیت. شانازیی سەربازەکانی تورک ئەوەیە کە قاچە لە پۆستاڵگیراوەکانیان دەخەنە سەر سنگی جەنگاوەرە کوژراوەکانی کورد، تورکیا هێشتا لەسەر ئەم چەرخە خەبەری نە بۆتەوە ئەم شانازییەی ببینێت چەند شەرمەزارییە. نا حەزەکانی تورکیا چاویان لە تاوانەکانی دەوڵەت دەنوقێنن، دەیانەوێت تورکیا هەر لە جێگەدا بێ و لە جەهلی خۆیدا بڕزێت.
هەر جارێک حکومەتی تورکیا مافێک ئەدات بە کورد مرۆڤ لەسەر زەوی شەرمەزار دەکات. هەواڵێک دێت پەڕلەمان یاسایەک لا ئەدات، یاسایەک کە هەر کوردێک وشەی کوردیی به کاربهێنێت سزای ئەدات. مرۆڤ لەوپەڕی دنیا دائەچڵەکێ و دەپرسێت: بۆ یاسا و دەوڵەتی ئاوا ماوە لەسەر ئەستێرەکەمان؟
ئەمانە ماف نین دەستەڵات ئەیاندات بە کورد، ئەوە تورکیایە هەموو جارێک جەهلی خۆی دەر دەخات.
دەوڵەتی سوید له و پەڕی دنیا دەرفەت ئەدات بە منداڵە کورد لە قوتابخانەکانیدا زمانەکەی خۆیان بخوێننن. ئەمە درۆی نیسان نییە. حکومەتی تورکیی به ڕەسمیی ناڕەزایی دژی حکومەتی سویدیی دەر دەبڕێت. سویدییەکان لە زمانی باڵندە و ئاژەڵ، ڕووەک و ماسی تێ دەگەن. بەڵام سەریان دەئاوسێ و بە وشەی سویدییش لەم زمانە تورکییە تێ ناگەن. ئاخر زمان هەر وشە نییە.
تورک دان بە بوونی کورددا نانێت، کورد بە تورکیی نەبێت ناتوانێت بە چاوی تورکدا ڕەت ببێت. کورد تورکی کوێر کردووە. تورک بەم چاوە کوێرەوە تەماشای دنیاش دەکات.
هۆ قارداش! سوید وڵاتێکی ترە. نەتەوەیەکی تری لێ دەژی. کەوتۆتە ئه و پەڕی تۆپی زەوییەوە. نه کەوتۆتە ناو تورکیاوە. هەر کاتێک لافاو سویدی ڕاپێچ کرد بۆ ناو تورکیا ئەوسا مەیەڵە لە قوتابخانەکانیدا منداڵە کورد بە زمانی دایکیان قسە بکەن! ئەرێ تورکیا ئەمە زەوقە یان نەخۆشیی؟
کێ لە جیاتی دەوڵەتێک تەریق دەبێتەوە با له ناو پۆستاڵێکدا گوڵێک بڕوێنێت بۆ سەبوریی!
کورد چاوی تورکی کوێر کردووە. تورک بەم چاوە کوێرەوە منداڵەکانیشی بە خێو دەکات. دایکێکی تورک لە وڵاتی سوید تەلەفون هەڵ دەگرێت بۆ قوتابخانەی منداڵەکەی:
هەلاو! منداڵەکەم نایەتەوە بۆ قوتابخانە. بە وانەکانی ئێوە نەخۆش کەوتووە. ئێوە لە دەرسدا باسی کوردتان کردووە. منداڵەکەی من بەم باسە تای بەرز دەبێتەوە.
ئێ دایکم باشتر نییە تەلەفون بکەیت بۆ خوداوەند؟ لێی بپرسیت بۆچی دنیای وا خوار و خێچ دروست کردووە تۆ سەرت پێی بیەشێت؟ ئەرێ قارداش تۆ بە ڕاستیی وایت یان حەنەک دەکەیت؟
قارداش! بۆچی چاوەڕێی قەڕنێکی تر دەکەیت چاوەکانتی تێدا بکەیتەوە؟ لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا ڕووخایت. له و ڕۆژەوە چاوت بە دنیادا هەڵ نایەت. هەتا چاوت نەکەیتەوە تەمەنی ڕووخانت هەر درێژتر دەبێتەوە.
قارداش چۆن قەدەغەی دەکەیت چۆلەکەکانی کوردستان بە کوردیی بجریوێنن؟ دەنوکی کەوی چیاکان چۆن دەبەستیت نەقاسپێنن؟ چۆن بەرخۆلەکان فێر دەکەیت بە تورکیی بباعێنن؟ قارداش مەترسە مانگاکان لە کوردستان بە تورکیی نابۆڕێنن! کەڵەشێر بەیانیان بە تورکیی بانگ نادات! مەترسە کوردەکان لە زێدی خۆیاندا بە کوردیی بئاخڤن!
قارداش! هەزار ساڵی تریش چاوت دا بخەیت هەموو ئاژەڵێک یەک دڵی هەیە. دوو سی هەیە، دوو چاوی هەیە، دوو گوێی هەیە. سەگ، من، کوندەپەپوو، تۆ، بەراز، کەر، تاوس، مشک و حوشتر. تۆ هەر ترست لە ئێمە زیاترە. تۆ هەر ڕقت لە هەموومان زۆرترە. تۆ هەر جەهلت هەیە کە ئێمە نیمانە.
قارداش پۆستاڵەکانت لە کوردستان دا بکەنە و گوڵیان تیا بڕوێنە. دەبابەکانت مەبەرەوە با مریشک هێلکەیان تێدا بکەن.
قارداش چاوت بکەرەوە! ئەوروپا بووە بە ماڵێکی گەورە. تۆ قوڕتومی کوردت گرتووە ناوێریت بەری بدەیت. وا دەزانیت دەستی لێ بەر بدەیت دەخنکێیت. نازانیت ئازاد دەبیت، وەکو منداڵێکی گڕۆز هێشتا گەورە نه بوویت دەست بۆ ماڵی خەڵک نەبەیت. تۆ تەنها لە خاکی خۆتدا جوانیت. ئەگینا لە خاکی زەوتکراوی خەڵکی دیدا قێزەوەندیت.
قارداش! ئەم هەموو بەها جوانەت هەیە. ئەم هەموو مرۆڤە میهرەبانەت هەیە. ئەم هەموو هونەر و ئەدەبەت هەیە. بۆچی هەمووی بۆ ڕقبوونەوەی دڵە بریندارەکەت سەرف دەکەیت. بۆچی باخچەیەکیان لێ دروست ناکەیت هەموومان لە سێبەرەکانیدا دا بنیشین.
ئەم جەهلە ئەژدیهایە بە تۆپ و تەیارە لەناو ناچێت. ئەم ئەژدیهایە ترس و تارکییە. چاوەکانت بکەرەوە هیچ لەناو بەرگی جەنەڕاڵەکانی ڕقدا نامێنێت، پڕ دەبنەوە لە ئاسمان و ڕەنگی دەریا، لە خۆشەویستیی.
قارداش بە میوانیی وەرە بۆ #قەندیل# با لاوەکانی پەکەکە چایەکت بۆ لێ بنێن. کە یبانویەک لە گوندێکی بناردا نانێکی گەرمت بداتێ بە ماستەوە. قارداش ئەوە تۆ خەریکی چیت؟ قارداش وەرە با توند باوەشت پیا بکەم. ئه و سەهۆڵە ڕەقەی ناو سنگی تۆ بەم دڵە گەرمەی من نەبێت ناتوێتەوە.
قارداش وەرە تۆ سمێلی ڕاستت بتاشە! منیش سمێڵی چەپم، بەوەی لە هەردووکمان دەمێنێتەوە سمێڵێکی تیا دەبێت پێی لە ئینسان بچین.
قارداش هەموو سوپای دنیا بهێنیتە سەرم، ئەو کەسەی یەکێکی تری دا بێت بە زەویدا، خۆشی بە پێوە نییە. [1]
#ناسر حەفید#
2013/11/16