#قەڵای زێوێ#، لەسەر گردێکی بەرز درووستکراوە، کە دەکەوێتە گوندی (#زێوێ#) لە نزیک شاری #سەقز# لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە ساڵی 1952 بەهۆی باران و بەفرێکی زۆر کە بووە هۆی دەرکەوتنی لە ناکاوی هەندێ پارچەی شوێنەواریی لەم شوێنە، دەست کرا بە کاری هەڵکۆڵین لەسەر ئەم قەڵایە و یەکەم کاریش لەلایەن (ڕۆبەرت ڕایسون)ی ئەمەریکی کرا، دواتر لەلایەن کابرایەکی جوو بە ناوی (ئەیووب ڕەب نو) بەردەوامی بە هەڵکۆڵینەکە درا.
بەپێی ئه و مۆڵەتەی بۆ کارکردن لەسەر ئەم قەڵایە دراوە، بۆ ماوەی هەشت ساڵ دەست کرا بە کنە و پشکنین و توانراوە لە سەدا هەشتای شوێنەوارەکان بدۆزرێنەوە و گواسترانەوە دەرەوەی ئێران. ئەم ڕووداوە کە لە ساڵەکانی پاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە بوو، بە یەکێک لەو سیاسەت و کارانەی محەمەد ڕەزا شای ئەوکاتی ئێران دادەنرێ لە دژی مێژووی نەتەوەی کورد، کە کاری دەرهێنان و تاڵانکردنی ئەم قەڵایە بەپێی ڕێککەوتنێک به و لێکۆڵەرە جووه درا، ئێستا زۆربەی شوێنەوارەکان لە مۆزەخانەکانی لۆڤەر و بەریتانیا و ڕمیتاژن.
لە شوێنەوارە دۆزراوەکانی قەڵای زێوێ، دەتوانین ئاماژە بە دۆزینەوەی گەنجینەیەکی ئێجگار گرانبەها بکەین، کە لە کۆمەڵێک ملوانکەی درووستکراو پێکهاتبوو لە زێڕ و قاپوقاچاخی زێڕین و زیو و مس و کۆمەڵێک بابەتی جوانکاری ژنان و ناوماڵ، وەک نەخش لەسەر زێڕ و عاجی فیل.
ناوی زێوێ یەکەمجار لە ساڵنامەکانی ئاشووریدا هاتووە، کە باس لە قەڵای زێوێ دەکات لە کاتی شۆڕش و شەڕەکاندا.
لە ئێستادا ڕەوشی پاراستنی ئەم قەڵایە زۆر خراپە و بە ئەگەری ئەنجام نەدانی کاری نۆژنکردنەوە و پاراستنی زانستیی شوێنەواری_مێژوویی ئەگەری ڕووخان و تێکجوونی زۆر زیاتری هەیە. بە گوتەی سەرچاوەکان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابوردوو هێچ چالاکییەکی هەڵکۆلینی شوێنەواری بۆ ئەم قەڵایە ئەنجام نەدراە، بۆیە ئەو زانیاریانەی لەسەر ئەم قەڵایە بڵاودەبن هەمان زانیارییەکانن کە لە کاتی ئەنجامدانی یەکەم هەڵکۆلینە شوێنەوارییەکان بلاوبوووە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]