#شەماڵ بارەوانی#، نووسەر و ڕاگەیاندکار و ڕەخنەگر و، ماستەر لە(فەلسەفەی ئیسلامی) لە دیدارێکی تایبەتدا 01
شەماڵ بارەوانی، نووسەر و ڕاگەیاندکار و ڕەخنەگر و، ماستەر لە(فەلسەفەی ئیسلامی) لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ(ڕێگای کوردستان) باس لەوە دەکات کە پێکەوە ژیانی ئایینی لە تڕۆپکی جوانی خۆی دابوو، بەڵام کاتێک ئایین تێکەڵ بە کاری سیاسی و حزبایەتیکرا، ئەوا ئەوکات ئەو پێکەوە ژیانە دەکەوێتە ژێر هەڕەشە و مەترسیەوە. هەروەها ئەوەش دەڵێت: مرۆڤی خوێنەوار و هۆشیار، هەمیشە عەوداڵی گەڕان بەدوایڕاستیەکان و چوونە نێو قوڵایی و ئەو دیوی پەردەی نەزانراوی شتەکانە.
$دەرچووی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی و هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە(فەلسەفەی ئیسلامی)، ئەم ساڵانەی خوێندن چی فێرکردی؟$
-بەڵێ من کۆنە فەقێ و دەرچووی قوتابخانەی ئیسلامی و حوجرە و کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانم و هەڵگری بڕوانامەی ماستەرم لە(فەلسەفەی ئیسلامی). ئینجا سەبارەت بەو ساڵانەی خوێندنم و خوێندنەوەیش لە پاڵیدا، بێگومان مرۆڤ تازیاتر بخوێنێت و لێکۆلینەوە بکات و بیربکاتەوەوە بخوێنێتەوە، ئاسۆی بیرکرنەوەی فراوان تر و دیدی واڵاتردەبێت. تا زیاتر ئاشنایڕوانگە و دیدی جیاواز و، قوتابخانەی فیکری و فەلسەفی زیاتر بێت و زێدەتر گوتەو تێزی زانایان و عاریفان و ئەندێشەمەندان و فەیلەسوفان بخوێنیتەوە، زیاتر تێدەگات و زیاتر هەڵەکانی پێشووی خۆی بۆڕۆشن دەبێتەوە. مرۆڤی ئاقڵ و شارستانی و خوێنەوار، هیچ کاتێک لە شوێنێکی دیاریکراو لە پنتێکی دیاریکراوی بیکردنەوەو لە خاڵێکدا ناوەستێت و دەق ناگرێت و چەق نابەستێت. مرۆڤی خوێنەوار و هۆشیار، هەمیشە عەوداڵی گەڕان بە دوایڕاستیەکان و چوونە نێو قوڵایی شتەکان و ئەو دیوی پەردەی نەزانراوی شتەکانە. مرۆڤی ژیر و ڕۆشنهزر، بەردەوام بە دوای شتی نوێ دا دەگەڕێت و هەوڵدەدات نوێ تاقی کاتەوە و شتی تازە ئەزموون کات و فێربێت. مرۆڤی شارستانی و ئاقڵ، هەرشتێک لەگەڵ زانست و ئەقڵ و ویژدان و مرۆڤایەتی نەهاتەوە، پولێکی سوتاوی پێنادات و هەرگیز وەری ناگرێت. مرۆڤی شارستانی و ئاقل و خوێنەوار، گۆڕینی دیدو فیکری نازانستی و نائەقڵانی، لە پێڵاو لا ئاسانترە.
مرۆڤی شارستانی و خوێنەوار و هۆشیار، هیچ کاتێک لە گۆڕانکاری ناترسێت و دەمارگیری بۆ ئایینێک دیاری کراو مەزهەب و ئاڕاستەیەکی دیاریکراويان بیرکردنەوەکی دیاریکراوی نییە و کوێرانە و چاولێکەرانە و بۆماوەییانە، شوێن هیچ بیر و باوەڕ و مەزهەب و گرووپ و ئایدیۆلۆژیایەکناکەوێت. ئەمڕۆ ئەوەی پێڕاستە، بەیانی بۆی دەرکەوتڕاستیەکەی ئەو هەڵەیە، دانی پییادەنێت و دەستبەرداری ئەوڕاستیە ساختەیە دەبێت.
مرۆڤی ئاقڵ و شارستانی و ڕۆشنبیر، باوەڕی بە چەمکیڕەهایی نییە و ڕێژەیی بوونی شتەکان، قەناعەت و بیر و باوەڕیەتی. مرۆڤی شارستانی تەنها لەڕوانگەی کتێبێکەوە بوون و گەردوون و ژیان و مرۆڤایەتی نابینێت و بڕیار لەسەر شتەکان نادات. مرۆڤی شارستانی دەخوێنێتەوە، قبوڵناکات، کەس لە جیاتی ئەو بیربکاتەوەو بریاڕبدات و هەڵبژێرێت. مرۆڤی شارستانی لە تونێلی مێژوودا گیرناخوات و بەردەوام خەونی گەڕانەوەی چوونەوە ناو مێژوویەکی کۆنی بەر لە هەزار ساڵە نابینێت و خەیاڵی ئەوە ناکات، ئێستا لە قاڵبیڕابردوو بدات و واقیع بکات بە قوربانی مێژوو و، مردووی ناو گۆڕەکان، لە جیاتی ئەو بڕیار بدەن و بیربکەنەوە و فەتوای بۆ بدەن.
نەخێر مرۆڤی شارستانی کوڕیڕۆژە و شوێن قیلەو قال و عن عنەی ئەوی تر ناکەوێت، ئەو شوێن واقیع و ئەقڵ و ویژدان و مرۆڤایەتی دەکەوێت. مرۆڤی شارستانی، مرۆڤێکە بەردەوام دەخوێنێتەوە.
$تۆ کە دەرچووی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی و ئێستا خەریکی نوسینی (بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا)ی ئەوە چ گۆڕانێکە؟ ئایا هیچ هەڕەشەیەکت لێکراوەیان ڕەخەت لێگیراوە؟$
بەڵێ تا ئێستا (27)بەشی (بیرەوەرەکانی فەقێیەکانی گوومڕا) هەفتانە بەشێکی لە:(ڕێگای کوردستان) و هەریەک لە ماڵپەڕەکانی(دابڕان، دەنگەکان، وتاری کورد، و قەندیل24) بڵاو بووەتەوە و هەموویشی دواتر لە ماڵپەڕی(#کوردیپێدیا#)ئەرشیفکراوە و هێشتا زۆر بەشیشی ماوە و لە بەرنامەشم دایە لە ئایندەدا کۆیان بکەمەوە و لە دوو توێی چەند بەرگێک و هەرجارەی بەرگێکیان لە چاپ بدەم و بڵاویان بکەمەوە.
بۆ ئەوەش:ئەوە چ گۆڕانێکە؟ لەیەکەم پرسیار تاڕادەیەک نیمچە وڵامێکی ئەم پرسیارەیەم دایەوە، ئینجا لە میانی خوێندنەوەی هەموو بەشەکانی تری (بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا) ئەوانەی ماویشن و بڵاودەبنەوە، وةڵامەکەی بە تەواوی لەوێیە. بابەتی ئەو گۆڕانە فیکریەی من، چیرۆکێکی درێژە. سەبارت بەوەیش لەسەر نووسین و بڵاوکردنەوەی (بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا)، ئایا هیچ هەڕەشەیەکم لێکراوە، یان ڕەخنەم لێگیراوە؟ نەخێر، تا ئێستا هیچ هەڕەشەیەکم لێنەکراوە و هیچڕەخنەیەکیشم لێ نەگیراوە، وەلێ هەڕەشەم لێ کراوە، لەسەر تێڕوانین و نووسینەکانی ترم. بەڵام وەک گوتم: لەسەر بیرەوەریەکانم نا.
$لە کوردستاندا بەدرێژایی مێژوو پێکەوە ژیانی ئایینی هەیە لە نێوان پێکهاتەجیاییاکاندا، کەچی هەندێجار گروپی توندڕەوی دروست دەبن هۆکاری چییە؟$
بەداخەوە، لە کوردستان پلورالیەت و پێکەوە ژیانی ئایینی لە تڕۆپکی جوانی خۆی دابوو، بەڵام ئەوە چ کاتێک؟بەرلەوەی ئەجێندا و ئایدیۆلۆژیای ئیخوانیزم و وەهابیزم هاوردەی کوردستان بکرێت و ئایین تێکەڵ بە سیاسەت بکرێت و دنیایەک حزبی دینی دروست ببێت.ئەفسوس، خەریکە ئەو کرانەوەو و پێکەوە ژیانە جوان و پلورالیەتە ئایینیەی کوردستان دەکەوێتە ژێر هەڕەشە و مەترسیەوە، بۆ ئەوەش سەیری سۆشیال میدیای کوردی بکە. بەر لەو دوو هێزە فێندەمێنتالیستە، مینبەری مزگەوتەکان و گوتاری مەلا و پیاوانی ئایینی پڕ بوون لە تەساموح و تولەرانس و جوانی و هاندان بۆ کاری چاکەخوازی و ڕەوشتی بەرز و میهرەبانی و مرۆڤ دۆستی. پیاوانی ئایینی و مەلای لە نموونەی ناڵی و مەحوی و قانع و پیرەمێرد و شێخ محەمەدی خال و خانی و مەلاجزیری و مەلای گەورە و مامۆستا عەلائەدین سەجادی و..تاد. لە پاڵ مەلایەتی، شاعیر و ئەدیب و نووسەر و کوردپەروەر و مرۆڤ دۆست بوون و شیعر و هەڵبەستیان بۆ دڵداری و نەتەوە و نیشتمان و سرۆشت و جوانی دەهۆنیەوە و مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس کچ و کوڕەکانی هەمووی چەپ و شیوعی بوون و بۆ جارێکیش پێی نەگووتن: ئێوە لەڕێگای ئیسلام لاتان داوە و کافر بوون و شیوعیەکان بێ ئەخلاقن. وەکوبەڕێز:(د.ئارام ڕەفعەت) لەوتارێکدا ئاماژەی بۆدەکات لەکاتێکدا زانای مودەریس لە کونجێکی ماڵە سادەکەیدا سەرقاڵی نووسینەوەی کتێبی ڕێگای پێغەمبەر بوو کاکە حەمەی کوڕیشی لە کونجێکی تری هەمان ماڵدا سەرگەرمی نووسینی کتێبی لینینی مەزن بوو. نیوەرۆش باوکی موسوڵمان و موفتی هەموو عێڕاق و کاکە حەمەی کوڕی، مارکسی خاوەن قەڵەمی بەبڕشت و هزری فراوان بەیەکەوە لەسەر هەمان خوان بەدەم ساغکردنەوەی شیعرە ئەفسوناوییەکانی ناڵی و سالم و مەحوی بەرنامەی کاری هاوبەشی داهاتووییان لەسەر بەرهەمەکانی ئەم کەڵە شاعیرانە دادەڕشت مامۆستا مەلا عەلائەدین سەجادی کچەکانی بێ لەچک و سفوربوون و ئێستاش هەروان و قەت پێی نەگووتن بۆ لەچک و باڵاپۆشی ناکەن و ئافرەتی بێ لەچک و جبە و حیجاب بێڕەوشتە!
مەلای گەورەی کۆیە، یەکەم کەس بوو کچەکەی خۆی بنێرێتە قوتابخانەی تێکەڵاو، کوڕەکەی(مامۆستا مەسعود) بیرمەندێکی سیکۆلارست و کچەکانی هەمووی بێ لەچک و سفوور بوون و ئێستاش نەوەکەی خاتو(ڕەوا جەلی زادە)، هونەرمەند و تابلۆ کێشە. ئەو مەلاڕوناکبیر و شاعیر و نووسەر و کورد پەروەر و مرۆڤ دۆست و جوانی دۆستانە، شیعر و پەخشانیان بۆ نەورۆز و دڵداری دەنووسی و کەسیان نەیگووت: نەورۆز جەژنی مەجوس(مەگوس) و ئاگرپەرستی و، دڵداری بێڕەوشتی و بەڕەڵاییە. مامۆستا مەلا سەجادی لە زانکۆی بەغدا وانەی دەگووتەوە، کە کچە خوێندەکارەکان و قوتابیەکانی هەمووی تەنورە سەرو ئەژنۆ و لاق ڕووت و سینگڕووت بوون. هەر بەڕاستی ئەوان مەلای بیرکراوە و بیرمەند و مرۆڤ دۆست و نەتەوەپەروەر و زانست پەروەربوون. نەک وەکو بەعزێک واعیز و بانگخواز و مەلای ئێستا جوێندەربوون(ڕێزم بۆ باشەکان).
بە تایبەت بەشێک لە مەلا و واعیزی ئیدەلۆژیا ئیسلام سیاسی و سەلەفیگەرا. ئەفسوس، ئێستا هەموو شتێک پێچەوانە بووەتەوە، ئەوان نەک مرۆڤی سیکۆلار و چەپ، بەڵکو هەر لەناو خۆشیاندایەکتری تەکفیر و تەبدیع و تەفیسق دەکەن و ئەو کلتور و ئەقڵیەتی تەکفیرکردن و شتە، مێژوویەکی درێژی هەیە و بە درێژایی مێژووی ئیسلامی هەموو ئەو گرووپانەیەکتریان تەکفیر کردووە.
لەمێژە گوتومە و دیسان دەشیڵێمەوە: ئەو هێزە فێندەمێنتالیستانە، بە هەموو فۆڕم و تایپ و مۆدێل و شێوازەکانیانەوە، با لە تاکتیک و شێوازی کارکردنیشیان جیاوازبن، وەلێ لە جەوهەرو ئامانجدا ئەوان دوو ڕووییەک دراون و یەک ئامانج کۆیان دەکاتەوە، ئەویش بە ئیسلامیزەکردنی هەموو سێکتەرەکانی ژیان و چەسپاندنی شەریعەت و گەڕانەوەی حوکمی سیوکراتی و ڕۆنانی دەوڵەتێکی ئایینی و لێدان لە دیموکراسیەت و عەلمانیەت و پلورالیەت و پێکەوەژیان و جیاوازیەکانە. ئەوان کە ئێستا سەرمان نابڕن، لێمان نادەن، حوکمی شەریعەتمان لەسەر جێ بەجێ ناکەن و ژن بەردباران ناکەن و ناوێرن ئازادیەکانمان لە قاڵبی ئایدیۆلۆجیای خۆیان بدەن و دۆگم و عەقیدە و بیروباوەڕی خۆیانمان بەسەردا بسەپێنن، لە چاکەی خۆیان نییە و مانای ئەوە نییە کە ئەوان باوەڕیان بە سەپاندن و تیرۆرکردنی ئازادی خوازان و لەناوبردنی چەمکەکانی دنیای مۆدێڕنێتەو سڕینەوەی پێکەوەژیان و بیری لێبوردەیی و فرەیی نییە. بەڵکوو دەسەڵاتیان نییە و جارێ هیچی وایان لەدەست نایەت.
من، وتاری دەیان مەلا و واعیز و بانگخوازی تری ئاڕاستە ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەرام لایە، کە لە وتار و وەعز و ئامۆژگاریەکانیان هانی تیرۆر و توندو تیژی دەدەن و جوێن بە جودا بیران دەدەن و بێڕێزی و سوکایەتی بە هەموو ئەوانە دەکەن کە وەکوو ئەوان بیرناکەنەوەو، دژی پێکەوە ژیان و پلورالیەتی ئایینی و فرەیی کۆمەڵایەتی و مەدەنیەت و کۆمەڵی کراوە و ئایینەکانی تر و هەموو جیاوازیەک و ئازادی خەڵک قسە دەکەن. بۆ نموونە:
مەلایەک، بە کۆلێژی هونەرە جوانەکان دەڵێت:کۆلێژی هونەرە قەبیحەکان.
پیاوێکی تری ئایینی، زانکۆ بە مەنبەع و شوێنی فسق و فجور و بەڕەڵایی و فەسادی دادەنێت.
بانگخوازێکیتر دەڵێت:ئێزدیەکان شەیتان پەرست و گڵاو پیسن و خۆیان ناشۆرن و تا ئێوارە کاریان پێ بکە و کرێکەشیان پێ مەدە و ئێوارە کە گووتی کوا کرێکەم؟ بڵێ ئۆە بە نەعلەت بیت شەیتان، بیرم چوو!.. ئەوە وەکو سوکایەتیەک وایان پێ بڵێن.
مەلایەکی تری سەلەفیزم دەڵێت: لە ئایینی زەردەشتیدا هاوسەرگیری کەسەنزیکەکانڕێگەپێدراوە و زەردەشتیەکان لە گەڵ دایک و کچ و خوشکی خۆیان سێکس دەکەن و ئاگر دەپەرستن.
مەلایەکی تری ئیسلامی سیاسی : هێرش دەکاتە سەر خانمانی سفور و بەڕووت و قوت وەسفیان دەکات و دژی شاییڕەشبەڵەک دەدوێت و ئاهەنگی نەورۆز بە بێ ئەخڵاقیی و جەژنی نەورۆزیش بە ئاگر پەرستی پێناسە دەکات.
واعیزێکی تری سەلەفیزم دەڵێت:ئەوەی نوێژی نەکرد، سێڕۆژ مۆڵەتی پێ دەدرێت و پێی دەگوترێت کوڕە نوێژ بکە، کوڕە نوێژ بکە، کوڕە لەگەڵ تۆمە نوێژ بکە، گەر هەر نەیکرد، دەبێت بدرێت لە ملی و سەری لە لاشەی جیابکرێتەوە.
یەکێکیتریان دەڵێت: سەلام و چاکو چۆنی کردن و چاکەکردن و جەژنە پیرۆزکردنی ئێزدی و مەسیحیەکان جائیز نییە.
دانەیەکیتریان دەڵێت ئەو پیاوەیڕیشی بتاشێت وەکو کچ وایە، (هەڵبەت من مرۆڤ بوونم لاپێوەرە، لێرە مەبەستم مەغزای قسەی ئەو پیاوە ئایینیە سەلەفیگەرایەیە کە چەندە سوک و نزم سەرنجی ژن دەدات).[1]