#شەماڵ بارەوانی#، نووسەر و ڕاگەیاندکار و ڕەخنەگر، ماستەر لە(فەلسەفەی ئیسلامی) لە دیدارێکی تایبەتدا 02
شەماڵ بارەوانی، نووسەر و ڕاگەیاندکار و ڕەخنەگر و، ماستەر لە(فەلسەفەی ئیسلامی) لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ(ڕێگای کوردستان) باس لەوە دەکات: ئەگەر چەپبوون خەمی مافەکانی چینی چەوساوە و جوتیار و زەحمەتکێش و کرێکار و هەژار و بەشمەینەتان بێت، یەکسانی نێوان مرۆڤەکان و بەرپاکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی بێت، بەرگری لە ژن و ژینگە و ژیان دۆستی و خەباتی پڕۆلیتاریابێت بۆ نەهێشتی جیاوازی چینایەتی و چەوسانەوە، ئەوا پێموابێت هەموو مرۆڤێکی دەروون ساخڵەم بە سروشت چەپە
$دوای ئەوەندە ساڵە تەمەنت لە کاتی فەقێیایەتی وتار خوێن لە مزگەوتەکان، بەڵام ئێستا خۆت بە کەسێکی چەپ و سیکۆلار دەزانی، ئەوە گۆڕانێکی سروشتییە یان چۆن چۆنییە؟$
من نزیکەی دەساڵم لە فەقێیاتی و لەگەڵ خوێندنی ئیسلامی و حوجرەو قوتابخانەی ئایینی و کۆلێژی شەریعە و هەشت ساڵ و تاربێژی، (خۆبەخشانە)بەسەر بردووە.
سەبارەت چەپبوونیشم، من پێمخۆشە سەرەتا ئەوە بڵێم:وەکو نووسەر و ڕۆژنامەڤانێک، زۆر هاوڕێی چەپم هەن تابڵێیت مرۆڤی پاک و هێمن و دەستپاک و دەستکراوە و بەڕێزن و لە کۆی ئەو هەمووڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕانەی کە وتار و شیعر و بابەتەکانم تیایاندا بڵاودەبێتەوە، کۆمەڵێکیان ئاڕاستەو باکگراوەند چەپن و هی شیوعی و کۆمەنیست و چەپەکانن و دەیان وتار و شیعر و بابەتم، کە بەشێکیان نەتەوەییش بوون، لەو گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕە پاکگراوەند کۆمەنیست و ئاڕاستە چەپانە بڵاو بوونەتەوە و بەردەوامیش بڵاو دەبێتەوە. لە نموونەی ڕۆژنامەی (بۆ پێشەوە)، گۆڤاری(هانا) ماڵپەڕی(دەنگەکان) ماڵپەڕی(یەکێتی کرێکاری) ڕۆژنامەی(ڕەوت) و ڕۆژنامەکەی ئێوە(ڕێگای کوردستان).
بە تایبەتی ڕێگای کوردستان زۆرجار نووسینە نەتەویەکانم لەوێ بڵاوبووەتەوەو هەندێک لەوڕۆژنامە و گۆڤارانەی لافی نەتەوەیی بوون لێدەدەن بڵاویان نەکردووەتەوە.
شیعرێکی نەتەوەییشم لەژێرناونیشانیلەتاریکی گوومڕاتر کە بۆ #هەڵەبجە#م هۆنیوەتەوە، ڕۆژنامەی بۆپێشەوەی کۆمۆنێستەکان یەکەم شوێن بوو بڵاویان کردەوە و دواتر هەر ئەوانیش بە دەنگ و ڤیدۆ مۆنتاژیان کرد و بۆیان ناردم و دووبارە لە پەیجی ڕۆژنامەکەشیان بڵاویان کردەوە.
ئەوەم بۆ ئەوە گووت، تا وەکو چیتر هەندێک کوردی ناسیۆنالیستی تەسکباوەڕ و جیقڵدان تەنگ و ئاسۆداخراو دەمارگیر و دۆگمایی، چەواشەکارانە و نەزانانە، دۆ و دۆشاو سەبارەت بە چەپەکان تێکەڵ نەکەن و هەموو چەپەکان لە خانەی دوژمنی کوردایەتی و ئەنتی ناسیۆنالیست بوون ڕیز نەکەن.
ئەو ناسیۆنالیستە دەمارگیرانەی تەنانەت گوێگرتن لە ئاواز و گورانی تورکی و عەرەبی و فارسی بە لادان و تاوانێکی نەتەوەیی دەزانن! ئینجا، سەرەڕای جیاوازیشم من لەگەڵ ئەو چەپانە سەبارەت بە زۆر چەمک و شت، وەلێ زۆرڕێزیان گرتووم و تائێستا بێ مۆڵەتی خۆم دەستکارییەک وشەشیان نەکردووە لە نووسینەکانم و لە هاوڕێیەتیشیان، من هێندەی لەگەڵ چەپەکان هەست بە ئاسودەیی دەکەم، لەگەڵ بەشێکی زۆری هاوڕێ ناسیۆنالیستە پولپەرست و بەرژەوندیگەرا و دوو ڕووەکان نا! وە من هاوڕێی کۆمۆنیستم هەیە و دەڵێت لەگەڵ مافی چارەی خۆنووسین و دەوڵەتێکم بۆ کورد، وە نەمن و نەهیچ ناسیۆنالیستێکیش ناتوانین، هەرگیز موزایەدەی دەوڵەتی کوردی و هەڵوێستی کوردانە و سۆزی کوردایەتی و پرسی ڕیفراندۆم و خەونی سەربەخۆیی بەسەر حزبی شیوعی کوردستان و شیوعیەکانی کوردستانەوە بکەین و کوردبوون و نەتەوەیی بوونیان پێ بفرۆشینەوە.
ئینجا چەپەکانیش #مەلا بەختیار# وتەنیجۆریان زۆرە، چەپیڕاست، چەپی دیمۆکرات مەسیحی، چەپی کۆنزەرڤاتیزم، چەپی مۆدێرات، چەپی سۆسیال دیموکرات، دواجارهەر جۆرە چەپێکیان بیت، ئەگەر بێت و چەپ پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی بە دیموکراسی و مەسەلە نەتەوەییەکانەوە نەبێت، چەپی دەرەوەی یاریگایە. و وەهەرگیز مارکس و ئەنگلز و لینین شانی کۆمۆنیستەکانیان لە ژێر ئەرکە دیموکراسی و میلییەکان نەکێشاوەتەوە، هەمیشە بڕیار و بەرنامەیان بۆ کێشەی نەتەوایەتیش هەبووە
بۆیە سەبارەت بە پرسیارەکەت:بەڵام ئێستا خۆت بە کەسێکی چەپ و سیکۆلار دەزانی.
هەڵبەت، من کەسێکی نەتەوەییم زیاتر، تاچەپ، وەلێ وەک چۆن نەتەوەیی بوون و بیری ناسیۆنالیستی بە مانا دەمارگیری و شۆڤینیەکەی لای من ڕەفزە، ئاوا چەپ بوونیش بە واتا دۆگمایی و یۆتۆپی بوونەکەی فلسێکی سوتاو ناهێنێت.
ئەو جۆرە چەپەی کە هەڵگری ئەقڵیەتێکە و مەلابەختیار پێی دەڵێت سەلەفیەتی ئایدیۆلۆژی. چەپێک کە هێشتا لەخەڵوەتی تیۆریدا دەژیت. ئەو چەپەیپێی وایە گوناحە لە دووریشەوە سەلام لە کاپیتالیست و سەرمایەدارێک بکەیت. لە وتاری تر و شوێنیتریش گووتوومە و لێرەش دووبارە دەیڵێمەوە، ئەگەر چەپبوون خەمی مافەکانی چینی چەوساوە و جوتیار و زەحمەتکێش و کرێکار و هەژار و بەشمەینەتان بێت، یەکسانی نێوان مرۆڤەکان و بەرپاکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی بێت، بەرگری لە ژن و ژینگە و ژیان دۆستی و خەباتی پڕۆلیتاریابێت بۆ نەهێشتنی جیاوازی چینایەتی و چەوسانەوە، ئەوا پێموابێت هەموو مرۆڤێکی دەروون ساخڵەم بە سروشت چەپە.
گەر چەپبوونیش یەکسانی کردنی بیری ناسیۆنالیستی و خەباتی ناسیۆنالیستی و خەونی سەربەخۆیی بێت بە کۆنەپەرستی و گەمەی دەستی ئیمپریالیزم و تواندنەوەی قەزیە ناسیۆنالیستی و خەمە نەتەوەییەکانی خۆت بێت، لە بۆتەی دروشمی مرۆڤ دۆستیەکی موزەییەف و ساختەدا، کێشەی ناسیۆنالیست و نەتەوەکەت بە خوڕافیات و دواکەوتوویی و جەهالەت و، بە شەرمەزاری بۆ مرۆڤایەتی و، بە پیلان و گەمەی ئیمپریالیزم و قەڵای کونەپەرستی بزانیت، ئەوە من ئەو جۆرە چەپە سەرلەبەری ڕەتدەکەمەوە.
لەبارەی سیکولاربوونەوە، ئینجا من ڕاستە دەرچووی حوجرەی ئایینی و قوتابخانەی ئیسلامی و کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان(شەریعە)و هەڵگری ماستەری ئیسلامیم، وەلێ لە مێژە و زۆر بوێرانە و بێ منەتانە، ئەوەم لەڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕەکان بەیان کردووە، کە من کەسێکی سیکۆلاریست ئاڕاستە و لائیک و دایزم(ڕبوبی) بیر و باوەڕم و
کۆمەڵيَک پڕەنسیپم هەیە، تامردن لە پێناویان دەژیم و بۆیان دەکۆشم و دەنووسم و بەرگرییان لێدەکەم و هیچ هێزێکیش ناتوانێت سلم پێ بکاتەوە و لێیان پەشیمانم بکاتەوە و لەمێژە گووتوومە: نەتەوەپەروەری و مرۆڤ دۆستی و ئاژەڵ دۆستی و ژینگە دۆستی و سرۆشت دۆستی، ئایین و ڕێبازی منە.
$لەگەڵ چ دەستورێکی بۆ ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان؟$
سیکۆلار.
$لەگەڵ ئەوەی دین تێکەڵ بەکاری سیاسی و دەوڵەت بکرێت؟$
نەخێر، هەرگیز، من لە بە زنجیرەیەکی پانزە بەشی لە ژێرناونیشانی (سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک) وتارێکی درێژم نووسی و هەفتانە بەشێکی لە هەریەک لە سایتەکانی(دابڕان، و دەنگەکان) بڵاو بووەو لەوێ باسم لەوەکردووە کە بۆیە گەربمانەوێت لە پەتای سیوکراتیەت و فێندەمێنتالیزمیەتی ئایینیڕزگارمان بێت، ئەوا تاکە چارەسەر سیکۆلاریزم و دەوڵەتێکی عەلمانی دیموکراسییە.
$بۆچی؟ سیکۆلاریزم ئەو دارە جادووییەیە؟$
لە وڵاتێکی سیستەم سیکۆلاریزمدا، تۆئازادیت باڕخانە، یان مەلهایەک و کلێسایەک بکڕیت و بیکەیت بە مزگەوت، ئەوێ وەکوو ئێرە و ئەوە نییە، کەمەزهەبی وا هەیە لەفیقهی ئیسلامیدا دەڵێت: نابێت گاورەکان لەسەر خاکی ئیسلامی کلێسای تازە درووستبکەن، تەنها بۆیان هەیە کۆنەکان نۆژەن کەنەوە.
سیستەم و دەوڵەتێکی سیکۆلاریز هەرگیز، بە تەنها شوێنی ئایینێک و موڵکی فیکرێک و تاپۆی ئاڕاستەیەک نییە، بەڵکوو چۆن مەعبەد و ئاتەشگا و کنێست و کلێسا و مزگەوتی تیایە، ئاواش سۆزانیخانە و باڕ و مەلها. چۆن مرۆڤی ئایینداری تیایە، ئاواش بێ ئایین و ئەتایست و مولحید و گومانگەرا. چۆن مەلا و واعیزی تیایە، ئاواش کچە مۆدێل و گۆڕانی بێژ و شاجوان و سێکس فرۆش. لێرە گەر دەوڵەت و حوکمەت سیوکراتی بێت، کێ بوێری ئەوە دەکات، بڕوات و بڵێت من دەمەوێت، پەرستگایەک بکڕم و بیکەم بە کلێسا! هاوار لەحاڵی و حاڵم بەحاڵ نەبێت و کەسێک هەبێت سەرکێشیەکی لەو چەشنە سەرشێتانەیە بکات.
تەنانەت ئێستاش لە هیچ یەکێک لە وڵاتەڕۆژهەڵاتییەکان، لەو وڵاتانەی کەسیستەمەکانیان، نە بەتەواوی لائیک و نەیش سیوکراتین، بەڵکوو تێکەڵیەکن، لە خێڵ و مەزهەب و سیوکراتی و کەمەک سیکۆلاریزم، باسی ئەوانە ناکەم کە ئیخوانی و ئیسلامی سیاسی حوکمی دەکات، وەکوو ئەوەی ماوەیەک بەر لە ئێستا بینیمان، لە دەیان کەناڵ و ڕۆژنامە و ماڵپەڕی بیانی و جیهانی و کورستانی(پیاوێک و ژنێکی ئەندۆنیزی دوای ئەوەی بەیەکەوە بینران و دادگا بڕیاری لەسەر جەڵدکردنیان دا، لە لایەن پۆلیسی شەرعییەوە، بە گوێرەی شەریعەت جەڵدکاری دەکرێن.)و جەڵدیش کران. ئەوەیە جیاوازی و ماڵوێرانی و ترسناکی حوکومەتی سیوکراتی، لەگەڵ دەسەڵاتێکی سیکۆلاریستی تەمام عەیار، کە نە سەربڕین و دەست و پابڕین، نەڕەجم کردنی مرۆڤ و نەیشجەڵدکردن و دارکاریکردنی هیچ کەسێکی تێدایە وەکوو ئەوەی لە دەوڵەتە مەزهەبی و سیوکراتی و ئیسلامیەکان دەکرێت.
لە ناو سیستەمی سیکولار، سزای فیزیکی و لە سێدارەدان نەماوە، بەڵکوو تەنها سزای سایکۆلۆژی و پێبژاردن و زیندانکردن هەیە، لەڕوانگەی سیکۆلاریزمەوە، سزای فیزیکی و جەستەیی، سزایەکی دڵڕەقانەیە و هەرگیز، لە گەڵ پڕنسیپەکانی مرۆڤ بوون یەکناگرێتەوە. با ئەو مرۆڤە، هەر هەڵەو تاوانێکی کردبێت. هەڵبەت کەدەڵێم: هەڵە، یان تاوان، ئەو هەڵە و تاوانە، ئەوەیە کە سیکۆلاریزم بە تاوانی دادەنێت، نەک ئەوەی مەزهەب و سیستەمێکی سیوکراتی لە خەڵکی کردوون بە تاوان و لادان و هەڵە.
دەیان و سەدان شت هەیە، لە سیستەمی سیکۆلاریزم دا، دەچنە خانەی تایبەت مەندی و ئازادیەکانی مرۆڤ و ئازادی تاکەکەسین و هیچ کەسێک و گرووپێک و مەزهەبێک و ئاڕاستەیەک و ئیدەلۆژیایەک بۆی نییە بە ناوی ئایین و مەزهەبەوە، بە ناوی حەڕام و لادانەوە، بە ناوی ئاسمان و خوداوەندەوە، بچێتە ناو ژیانی تایبەتی و ئازادی کەسێتی هیچ مرۆڤيَکەوە و لەسەر ئەمە قسەبکات، یان سزایان بدات. نەلەسەر ئاستی دەوڵەت و نەدەوڵەتی سیکۆلاریزم، نەیش لەسەر ئاستی تاک و هیچ تاکێکی سیکۆلار. بۆ نموونە: خۆشەویستی نێوان کچ و کوڕێک، سوڕانەوەیان پێکەوە، ئایین گۆڕین، یان بێ ئایینی و وازهێنان لە ئایین، ڕەخنەگرتن لە مەزهەب و ئایین، ڕەگەز گۆڕین، هۆمۆسێشکواڵێتی و لیسب و ترانز جێندەر..تاد. ئەوانە و سەتان شتی تر و نموونەی تر، کە بە پێی پێوەری سیکۆلاریزم، ئازادی و هەڵبژاردنی تاکە کەسین و مافێکی پارێزراو ڕێز لێ گیراو سەرەتایی هەر مرۆڤێکە، ئازادی و حەقێکی سروشتی هەر کەسێکە، بەو شێوەیە بژیت، کە خۆی حەزی پێدەکات و هەڵی دەبژێرێت، کەتۆزیانت بۆ ئەویتر نییە و ژیانی تایبەتی خۆت دەژیت، کێ حەدی هەیە، بێتە ناو ژیانتەوە و یاساو دۆگم و نۆرم و ئایدیۆلۆژیاو مەزهەب و تێگەیشتنی خۆیت بەسەردا بسەپێنت و لێت بکات بەیاسا.بۆیە تەنها سیکۆلاریزم چارەسەرە.[1]