ناونیشانی بابەت: قەسابخانەی نێو کۆمەڵگا
ئامادەکردن: #هەردی شەفیق#
باشە ئەوە کۆمەڵگایە، یا قەسابخانەیە!
ئایا خێزان کوڕی بەرەڵا کردووە و لێی گەڕاوە لەشەقام و قومارخانەو بازاڕی تاوانا پەروەردە بێت ؟!
ئەمە زەخیرەی شەڕی دەبۆ پانزە کەسبێت، ئاخۆ چ قەساب خانەیەک لەکۆمەڵگادا بوونی هەبێت؟!
بەوردی دیقەتی ئەو چەقۆیانەمدا، سەیرمکرد دانەیەکیان ئێسقانشکێنە، بۆئەوەیە ئێسقانی پێ پارچە پارچەبکەیت نەک گۆشت، بەڵام ئەمە بۆ لێدان لە ئینسان هەڵگیراوە!
کۆمەڵگای کوردی لە بەردەم کارەساتێکی گەورەی پەروەردەیی دایە، پێویستە وەزارەتی پەروەردە، کۆمەڵناسەکان، حکومەت (ئەگەر هەبێت)، خەڵکی پسپۆر و شارەزا، بیرێک لەپەروەردەی خێزان بکەنەوە.
تەواوی میدیاکان ناچار بکرێن بابەتی پەروەردەییان هەبێت، کۆمەڵێک بابەت و ڕوداوی توندوتیژی و بابەتی ڕق و هەندێک بابەتی هاندەر بۆ تاوان و توندوتیژی سانسۆر بکرێن.
پەڕتووکخانەکان لەشارو شارۆچکەکاندا بکرێنەوە.
لەقوتابخانەکاندا منداڵان وانەیەکیان هەبێت ڕێزی مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگەو سەوزایی بگرن و گرنگی تەواو بە وانەی درووستکردنی کەسێتی منداڵ بدرێت.
منداڵان هانبدرێن بۆخوێندنەوە و دورکەوتنەوە لەبابەتی سۆشیال میدیاو ڤاینەر و بابەتە بێسوودەکانی کە ئەبنە هۆکاری توندوتیژی، فێرکردنی تاوان و دورکەوتنەوە لەخوێندن و ڕووکردنە بابەتی ڕووکەشی.
وتاری مینبەر و میدیا و سۆشیال میدیا گۆڕانکاری تێدا بکرێت، خێزانەکان هانبدرێن بۆپەروەردەی منداڵان.
هەوڵێکی زۆر بدرێت منداڵا لەناوەندەکانی خوێندن دانەبڕێن، کۆمەڵگایەکی هەژار و پڕ لەقەیران و شەڕ و ڕقی ئایدۆلۆژیا، ئەم جۆرە مرۆڤە بەرهەم ئەهێنێت.
تەواوی میدیاکان ناچار بکرێن بەرنامەی پەروەردەییان هەبێت، چ بۆ منداڵ، چ بۆخێزان. ئەزانن میدیای کوردی بەرنامەی پەروەردەیی و مناڵانی نەماوە؟!
هیتلەر ڕق و تێکشکانی منداڵی ئەو تاوانکارەی لێدرووستکرد، کۆمەڵگای کوردی لە بەردەم کارەساتێکی زۆر گەورەدایە، کارەساتێک منداڵە تێکشکاو بێ پەروەردەکانی، کاتی گەورەبوون ئەیخوڵقێنن.
من زۆر کەم بڕوام بە پێشبینی هەیە، بەڵام کارەساتێکی گەورە بەڕێوەیە! [1]