مەستوورە کە حەسناو و ئەدیبە بە حیسابێ
هاتە خەوم ئەمشه و بە چ نازێک و عیتابێ!
هاتووم، وتی، عوقدەم هەیە، قەت مومکینە وا بێ؟
هیی تۆم ئەگەرەم مەسئەلە حەل کەی بە جەوابێ
هەر مەسئەلە بیکرێ کە بە تۆ شەرحی کرابێ
مومکین نییە کەس دەخڵی بکا چین و خەتا بێ
ئایینە بە مایینە دەبێ ڕەنگ نوما بێ
«مەستوورە» بەمەستوورە دەبێ موهرەگوشا بێ
نوکتێکی زەریفە بە نەسیبی زورەفا بێ
تەعریفی دەکەم، بەڵکو لە بۆ دەرد شیفا بێ
ئەم سیڕڕە چییە میسلی سوها بێ، نەسوابێ؟!
دوڕڕێ کە وەکوو دوڕڕی سەما بێ، نەسمابێ؟!
دوککانی توحەف، کانی حەیا، کانیی بەقا بێ
قوببەی لە قیبابی نوقەبا بێ، نەقوپابێ
وەک خەیمە بە پەردێکی دوو ئەستوونە بە پا بێ
سەر تیلەکی نەختێ بە نەزاکەت قڵەشابێ
وەک هیممەتی سۆفی کە لە نێو خەڵوە خزابێ
مەستوور و عەزیزی شەرەف و ڕیفعەت و جا بێ
یا کۆمەڵە زیوی بوخەلا دوور لە سەخا بێ
موغلەق بە بەخیلی، بە مەسەل مشتی مەلا بێ
کاسێکی بلوورینی نخوونیی لە سەرا بێ
نەختێکی لەبەر مەوجی لەتافەت قڵەشابێ
یاخۆ پەڵە بەفرێکی کە ئەسڵەن نەشکابێ
قەندیلی مونیر و گوزەری ئاب و هەوا بێ
کام ئاب و هەوا؟ موعتەدیلی نەشئونوما بێ
یەعنی لە وەسەت کانییە گەرمێکی تێزابێ
له و کانییە دا چووزەرە ڕێواسێ ڕووابێ
به و چووزەرە ڕێواسە کەمێکی قڵەشابێ
یا قەسری موعەللا کە لە ئاوێنە کرابێ
یا غونچەیی نەشگوفتە کە ئاوی نەدرابێ؟!
یا گومبەدی نەزهەتگەهی نێو باغچەسەرا بێ
ئەلوانی گوڵامێز و شەکەربێزی تیا بێ؟!
یا قورسی نمەک هەروەکوو مەڕمەڕ بە زیا بێ
جێی قەترەیە ئاوێکی لە نێو دا قڵەشابێ؟!
یا گردەکی گردێکی کە شیرین هەڵیدابێ
گردی نمەکین، یەعنی گیای لێ نەڕووابێ
دامێنی بە ئەنواعی گوڵ و موڵ خەمڵابێ
گەنجێکی تێدا بێ کە تیلەسمی نەشکابێ
حوققێکی زەڕی سافی لەسەر بانی نرابێ
نەختێکی بە سەد سەنعەتی «مانی» قڵەشابێ؟!
یا ڕەئسی یەتیمێکی کە بێ بەرگ و نەوا بێ
غەڵتان و سەراسیمە: نە داکێک و نە بابێ
فێسێکی سپی و توندی لە کەللەی کەلی نابێ
هێشتاکو لە حەق جێگەیی خاسی نەدڕابێ
چەسپیده و و خڕ هەروەکوو بەر قالبی دابێ
نەختێکی لەبەر توندییو سفتی قڵەشابێ؟!
دورجێکی موجەوهەر کە هەموو حوسن و بەها بێ
دوڕڕێکی مونەووەر کە هەموو ئاوی سەفا بێ
بەیزێکی شوتورمورغی کەوا تازە کرابێ
وەک بەیزەیی بەیزا بە زیاو و بە سەنا بێ
خرچێکی مودەووەر، بە عەسەل ئاوی درابێ
نەختێکی لەبەر حوسن و حەلاوەت قڵەشابێ؟!
یاخود وەکوو خۆی شاهیدە، با وەسفی وەها بێ:
سیمین مەمکێکی هەکە تازە هەڵیدابێ
یا تازە هەنارێکی کەناری گوڵی مابێ
بێ درز و قڵیش میسلی شەمامێکی تەڵا بێ
بۆ تەجرەبە تا لەززەتی شیرینی ئەدا بێ
نەختێکی وەکوو دیدەیی دەرزی قڵەشابێ؟!
یاخۆ، مەسەلا، میسلی نە وا بێت و نە وا بێ
مەشهوور و خەفی هەروەکو عەنقاو و وەفا بێ
ساحێب زەڕ و زیوێ کە فریبی عوقەلا بێ
ئیکسیری تەڵای ئەحمەری چەند قەترە لە لا بێ
دەعوای ئومەرا چەندە لەسەر تەختی کرابێ
چەند خوێن کە ڕژابێت و چ خوێنی نەڕژابێ
نالینالی