پەرتووکخانە پەرتووکخانە
گەڕان

کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!


بژاردەی گەڕان





گەڕانی ورد      کیبۆرد


گەڕان
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆمارکردنی بابەت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
ئامرازەکان
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
زمانەکان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هەژماری من
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
گەڕان تۆمارکردنی بابەت ئامرازەکان زمانەکان هەژماری من
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارە
 بابەت بەهەڵکەوت
 چالاکییەکانی ڕۆژی
 ڕێساکانی بەکارهێنان
 ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 بیروڕاکانتان
 دڵخوازەکان
 کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
 یارمەتی
بابەتی نوێ
ژیاننامە
کریڤان سالار عەبدولڕەحمان
28-04-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
یەسنا حەبیب
28-04-2024
شادی ئاکۆیی
پەرتووکخانە
ناوم گوناحە
28-04-2024
کشمیر کەریم
پەرتووکخانە
ئەو قاچەی بەجێماوە
28-04-2024
زریان سەرچناری
پەرتووکخانە
ژیان و پێویستی سۆزوەرگرتن و سۆزبەخشین
28-04-2024
سەریاس ئەحمەد
شوێنەکان
تەلان
27-04-2024
سەریاس ئەحمەد
پەرتووکخانە
دێڕگەلێک لە نەقڵ و عەقڵ و هزردا
27-04-2024
کشمیر کەریم
ڤیدیۆ
ئەکتەران چۆن باسی شاژنی کۆمیدیا بەیان بۆمبا دەکەن؟
27-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
شوێنەکان
سوورداش
26-04-2024
سەریاس ئەحمەد
کارە هونەرییەکان
ژنێک بە جلی کوردییەوە
26-04-2024
شادی ئاکۆیی
ئامار
بابەت 517,439
وێنە 105,714
پەرتووک PDF 19,160
فایلی پەیوەندیدار 96,492
ڤیدیۆ 1,307
ژیاننامە
دانا جەلال
ژیاننامە
زیاد ئەسعەد
بڵاوکراوەکان (گۆڤار، ڕۆژنام...
یادنامە
ژیاننامە
سامان عوسمان دەروێش
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
درامای مەزنە رۆژنامەنووسێکی کوردی لەبیرکراو: مەولانا زادە ریفعەت بەگ II
بەهۆی کوردیپێدیاوە دەزانیت هەر ڕۆژێکی ڕۆژژمێرەکەمان چیی تیادا ڕوویداوە!
پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
بەشکردن
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
نرخاندنی بابەت
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

درامای مەزنە رۆژنامەنووسێکی کوردی لەبیرکراو: مەولانا زادە ریفعەت بەگ II

درامای مەزنە رۆژنامەنووسێکی کوردی لەبیرکراو: مەولانا زادە ریفعەت بەگ II
درامای مەزنە ڕۆژنامەنووسێکی کوردی لەبیرکراو: #مەولانا زادە ڕەفعەت بەگ#
نووسینی:#یاسین سەردەشتی#
$ئەڵقەی یازدەیەم: ئەستەمبوڵ لە بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەی #سربستی# (سەربەستی) چاپی پاریس نیگەرانە$
دەبێت بوترێت کە بڵاوکردنەوەی سەربەستی و کاریگەریی وتارە ڕەخنەییەکانی هەر لە پاریس و لەدەرەوەی ئمپراتۆرییەکە نەوەستا، بەڵکوو وێڕای هەموو ئەو هەوڵە چڕوپڕو ڕێگایانەی کە دەسەڵاتدارانی ئیتحاد و تەرەقیی بۆ ڕێگرتن لەدزەکردنی سەربەستی بۆ نێوخۆی وڵات گرتبووییانەبەر، بەڵام هێشتا نەیاندەتوانی بەتەواوەتیی هاتنی سەربەستی بۆ نێوخۆ ڕاگرن. بەڵکوو هێشتا ئەو ڕۆژنامەیە بەچەندین شێوەی ڕێگەی خۆی بۆ نێو وڵات تەی دەکرد و دەگەیشتە دەست خوێنەرانی. جا چ لە ڕێگەی پۆستەوە بێت کە لەپاریسەوە لە زەرفی داخراودا ڕەوانە دەکرا کە پۆلیس نەیدەتوانی بیکاتەوە یان تێکەڵاوی ڕۆژنامە فەرەنسییەکان دەکراو ڕەوانەی ئەستەمبوڵ و شارەکانی دیکە دەکراو دەگەیشتە دەستی پەڕتووکخانەکانی بەیئۆغڵو یان پەڕتووکخانە فەرەنسییەکان و دەفرۆشرا. ئەوەی کە دڵەڕاوکێی لەلای دەسەڵاتداران و دەزگای ئیستخباراتی عوسمانیی درووستکردبوو کە نەیاندەویست وتارە ڕەخنەییەکانی سەربەستی لەپاش کودەتاکەی 24ی ئەبریلەوە ڕای گشتییان لێ بوروژێنێ و ئارامییان لێ تێکبدات. لەبەرئەوە بڕیاریاندا ڕێگەی توندترو شێوازی دیکە بۆ ڕێگرتن لەهاتن و خوێندنەوەی سەربەستی بگرنەبەر.
هەر لەژێر ناونیشانی ڕۆژنامەی سەربەستی، ڕۆژنامەی ستامبوڵ/ STAMBUOL لەلاپەڕەی سێیەمی خۆیداو لەرۆژی 13ی ئۆگۆستی 1909دا، نووسیویەتی:
ڕۆژنامەی سەربەستی کەپێشتر مەولان زادە ڕیفعەت لە ئەستەمبوڵ دەریدەکرد، پاش ڕووداوەکانی 13ی ئەبریل لەدەرچوون وەستا. ئەم ڕۆژنامەیە لەم ڕۆژانەدا لەپاریس دەستی بە بە بڵاوکردنەوە کردۆتەوەو وتاری زۆر توندی دژی ئەم حکومەتە دەستوورییەی ئێستا تێدایە. هەر بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارییدا بەگوێرەی مادەی 35 لەیاسای نوێی ڕۆژنامەوانیی، ڕێگە لە بڵاوکردنەوەی ئەم ڕۆژنامەیە بگرێت و لەسەر هەرکەسێک بچەسپێت کە ئەم ڕۆژنامەیە هەڵدەگرێت بەبڕی 2 بۆ 15 لیرە سزا دەدرێت.
ڕۆژنامەی فەرەنسی Les Nouvellesیش کە لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕێکەوتی 25ی ئۆگۆستی 1909دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لە ستونی یەکەمی لاپەڕەی یەکەمییدا باسی لە ڕووداوەکانی دەوڵەتی عوسمانیی و چالاکی ئەوانە کردووە کە لەدەرەوە دژی دەسەڵاتدارانی ئەودەمی ئیتحاد و تەرەقی هەڵسوڕاون و نووسیویەتی: ئێستاکە ڕۆژنامە بەناوبانگی سەربەستی هەیە کە لەپێش ڕووداوەکانی ئەبریل لە قوستەنتینیە دەردەچوو، ئەو ڕۆژنامەیەی بووەتە پنتی کۆکردنەوەی هێزەکان و پاساوی کودەتای یەڵدزییەکان، بەو هێرشە توندەی دەیکردە سەر کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی. ئێستاکە کاتی ئەوە هاتووە کە سەربەستی شانە جەنگاوەرەکانی خۆی لەکەناری ڕووباری سینەوە چاندووەو لەهەڵمەتێکی سەرسەختانەی بێسنوور لە دژی پیاوانی دەوڵەت لە تورکیای نوێدا بەڕێوەدەبات.
سەبارەت بە سزادانی خوێنەرانی سەربەستی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی ئیتحاد و تەرەقییەوە، ڕۆژنامەی STAMBUOL کە لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕێکەوتی 22ی سێپتەمبەری 1909دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەژێر ناونیشانی قۆڵبەستکردنی کۆنەپەرستاندا، نووسیویەتی:
کاپتن عەبدوڵڵا بەگ، دوێنێ ئێوارە کەسێکی قۆڵبەستکردووە بەناوی حسێن حیلمی ئەفەندی. ناوبراو بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی سەربەستی ئیزمیری تورکیە کە لە سەمیرنا دەردەکەوێت. ساڵی ڕابردوو ئەم ئەفسەرە دەریاییە جاروبار چاوی بە حسێن حیلمی ئەفەندی کەوتووە کاتێک بە سەمیرنادا تێپەڕیوە. ئەم ڕۆژنامەوانەی سەمیرنا کە بۆ چەند ڕۆژێک لەئەستەمبوڵ بووە، لەباخی تەپەباشی چاوی بە عەبدوڵڵا ئەفەندی کەوتووە. ئێوارەی دووشەممە لەو ماوەیەی لەوێ بوون، ئەو دووانە لەبارەی ڕەوشی سیاسی وڵاتەکەوە قسەیان کردووە و حسێن حیلمی بێزاریی خۆی نەشاردۆتەوەو ڕایگەیاندووە کە ڕژێمە کۆنەکە هێشتا باشتر بووە کاتێکیش حسێن حیلمی کە زیاتر گەرم بووە بە جۆرێک نیوەپەردەی لەسەر ئەو خواستە تاوانکارییانە هەڵماڵێوە کە دەبوو نەخشەی بۆ بکێشێت.
هاوڕیێەکەی کە لەو جۆرە قسانە بێزاربووە، دوو پۆلیسی سەربازیی بانگکردووە، ڕۆژنامەنووسەکەی سەمیرنایان دەستگیرکردووەو بۆ لێکۆڵینەوە بردوویانە بۆ غەڵەتەسەرای. دانپێدانانەکانی گواستراوەتەوە بۆ هێزە ئۆپەراسیۆنەکان کە ڕەوانەی دادگای سەربازییان کردووە. لەکاتی پشکنینی ئەو داواکراوەدا، ژمارەیەکی زۆر ڕۆژنامەی سەربەستی، ئەوەکەی مەولان زادەی پێبووە کە لەپاریس چاپ و بڵاوکراوەتەوە. بڕوا وایە کە ئەو لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەیە پەیوەندیی هەیە و پەیامیان لەنێواندایە.
دیارە ڕاپۆرتە ئیستخیباراتییەکانیش، هەواڵی جۆراوجۆریان سەبارەت بە دەستاو دەستکردنی ڕۆژنامەی سەربەستی و خوێنەرانی گەیاندووە، لەو ڕووەوە ئاماژە بە کۆمەڵیک کراوە لە ماڵیکدا لەنێو باخی سوڵتان ئەحمەد کە ڕۆژنامەی سەربەستیان خوێندۆتەوە. لەراپۆرتێکی دیکەدا، باس لەمنداڵیکی یۆنانیی کراوە کە لەکەناری شەقامیکی قازیکۆی ڕۆژنامەی سەربەستی دابەشکردووە. لە یەکێکی دیکەدان باس لەناردنی پۆستێک کراوە بۆ دایکی عیرفان بەگی سەرۆکی پاسەوانەکانی دەستەی ئەرکانی گشتی و ڕۆژنامەی سەربەستی تێدابووە، ئەوەی وایکردووە پۆلیس هەڵکوتێتە سەر ماڵی عیرفان بەگ و بیپشکنن. هەروەها لە خوێندنگایەکی ئامادەیی لە دەوربەری گەڕەکی سلێمانی لە ئەستەمبوڵ سەربەستی بەدەست هەندێک لەخوێندکارەکانەوە بووە، کە گومان دەکرێت لەرێگەی پەڕتووکخانە فەرەنسییەکان یان باڵیۆزخانەی ئێرانەوە گەیشتبێتە دەستیان و داواکراوە کە بەڕێوبەرایەتیی خوێندنگاکە سزای ئەو خوێندکارانە بدات.
$ئەڵقەی دووازدەیەم: مەولان زادە وەڵامی دادگای عورفی ئەستەمبوڵ دەداتەوە$
مەولان زادە ڕیفعەت، وەک وەڵاندانەوەیەک بەو تۆمەتی کۆنەپەرستی کە ڕۆژنامەکانی سەربە ئیتحادییەکان دەیانخستەپاڵی و هەروەها ئەو سزایەشی کە دادگای عورفی سەربازیی بەغیابی دژی ئەو و هەروەها دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و چاپخانەکەی دەریکردبوو، لە لاپەڕەی چوارەمی یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی ( مەشروتییەت /Mècheroutiette) دا، کە لەلایەن شەریف پاشای خەندانەوە وەک ئۆرگانی پارتی ڕیفۆرمی دەستووریی عوسمانیی لەپاریس لە 15ی ئۆکتۆبەری 1909دا، بڵاوکراوەتەوە، نامەیەکی بە فەرەنسی ئاڕاستەی شەوکەت پاشای سەرۆکی دادگای سەربازیی حکومەتی کودەتایی ئیتحادییەکان لە ئەستەمبول کردووە. مەولان زادە، لەنامەکەیدا دەڵێت کە پێشتر داوای کردووە نامەکەی لە ڕۆژنامەکانی ئەستەمبوڵیشدا بڵاوبکرێتەوە، بەڵام جگە لە ڕۆژنامەی (طنین) کە ئەویش پەرەگرافێکی لێ لابردووە، هیچ ڕۆژنامەیەکی دیکەی ئەستەمبوڵ بڵاوی نەکردۆتەوە. وەک وترا، نامەکەی مەولان زادە وەک پرۆتستۆیەک نووسراوە لە دژی بڕیاری ئاگادارکردنەوە و دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی کە لەلایەن دادگای عورفی و مەجلیسی حەربیەوە دەکراوە. ئەو بڕیارەی کە ئەمە دەقەکەیەتی:
سەرنجی هەموو پیاوەکانی پۆلیس ڕادەکێشین کە داواکراو دەروێش وەحدەتی، دامەزرێنەری ڕێکخراوی ئیتحادولموسلمین/ یەکێتی موسوڵمانان و خاوەنی ڕۆژنامەی ڤۆڵکان، هەروەها ناوبراو مەولان زادە ڕیفعەت بەگ، خاوەنی ڕۆژنامەی سەربەستی تۆمەتبار بە هاندان و وروژاندن لەجووڵانەوە کۆنەپەرستییەکەی لە ئەستەمبوڵ لە31ی مارتی 1325 (13ی ئەبریلی 1909) ڕوویدا، ئەوانەی وێرای فەرمانی مەجلیسی حەربیە بۆ گەڕان بەدوایاندا، هێشتا نەبینراونەتەوە و نازانرێت ئێستاکە لەکوێن. پیاوانی پۆلیس لەوە بەرپرسیارن کە ئەوان لەهەر کوێ بن کە بینیاننەوە دەستگیریان بکەن. پێویستە ئەوانەش کە شوێنیان پێ دەزانن هەرزوو دەسەڵاتدارانیان لێ ئاگادار بکەنەوە.
مەولان زادە، سەرەتا داخ و کەسەری خۆی لەوە دەردەبڕێت کە لەو بڕیاردەدا ناوی خراوەتە پاڵ ناوی دەروێش وەحدەتی سەرنووسەری ڤۆڵکان و دەڵێت:
جەنابی مەعالیتان دەزانن کە من وەک قوربانییەکی ڕژێمە کۆنەکە و بە تۆمەتی لایەنگریی لە شازادە محەمەد ڕەشاد کە ئەو کاتە شازادەی جێگرەو ئێستاکە خاوەن شکۆیە لە تورکیا، حەوت ساڵم بە دوور خراوەیی لە یەمەن بەسەر بردووە.
دەمەوێت لەو بارەیەوە قسە بکەم کە پێشتر نەمکردووەو نەمدەویست بیگەێنمە ئەو ئاستە، ئەگەر بۆ خۆتان ئەو ئەرکە بکێشن و چاوێک بە دۆسیەکەمدا لە بابی عالی بخشێنن، ئەو کاتە ژمارەیەکی زۆر پەیام دەبینن کە من بۆ فەرید پاشای سەدری ئەعزەمی ئەو کاتم ڕەوانە کردووەو ئەوانەش بە ڕوونی ئاکاری منتان لەسایەی ڕژێمە کۆنەکەدا پێدەڵێن.
کاتێک گەڕامەوە ئەستەمبوڵ، تێبینیمکرد کە دۆخەکە زۆر خراپ بەڕێوەدەچێت، لەلایەکەوە خەڵکە حەماسییەکە بە جۆش و خۆشییەوە خەریکی خۆپێشاندان بوون و لەلایەکەی تریشەوە کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی خەریکی کۆکردنەوەی ئەندامبوون بە نووسینی ناویان لە لیستێکدا لەبەرانبەر مووچەدا! ئەو پیاوەش بیری دەکردەوە کە پیاوەکانی کۆمیتەکە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەلای خۆیدا ڕابکێشێت.
ئەو دیاری و بەرتیلانەی دەدران بە ئەحمەد ڕەزا بەگی سەرۆکی مەجلیس، هەروەها بۆ خوشکەکەی و لەگەڵ هاوڕێکانیشی. ئەوانە زەمینەیان بۆ حەمیدییەکان خۆشکرد. ئەوە سەربەستی بوو، ڕۆژنامەکەی من، کە بۆ یەکەمین جار سەرنجی گشتی بۆ ئەم بەدکارییە ڕاکێشاو جەختی لە هەڵسوڕان بەشێوەی درووست و دادپەروەرانە کردەوە. بەڵام ڕەخنە و ئامۆژگارییەکانمان لەرووی ململانێ و حەسادەتەوە لۆمە کرا.
ڕێگەم پێبدەن جارێکی دیکە بۆتانی ڕوون بکەمەوەو ئاماژە بەوە بدەم کە، ئەوە سەربەستی بوو، ڕۆژنامەکەی من، کە بۆ یەکەمین جار ڕایگەیاند کە عەبدولحەمید دوو ملیۆن پاوەندی بەقاچاخ لە بانکە بیانییەکان بردووە. هەروەها بە ئاشکرا ئەو ڕاستییەی ڕاگەیاند بۆ ڕاکیشانی سەرنجی گشتی بۆ ئەو بەکارهێنانانەی کە سوڵتان ئەم بڕەی بۆ تەرخان دەکات.
هەمیشە ڕۆژنامەکەی من بوو کە هەواڵی سەبارەت بەو پاداشتانە بڵاودەکردەوە کە سوڵتانی پێشوو دەیدا بە پیاوەکانی، لەنێو ئەوانەدا: مەلا عوریانی زیدەی سیخوڕی بەناوبانگ. بۆ وریایی لەو مەترسییەی لەسەر دەستوور هەیە، ئەم پاسەوانانە لوتبەرزیی چاوی کوێرکردبوون. ئەوان ئاگادرییەکانی ئێمەیان بە بایەخ وەرنەگرت و بەشێوەیەکی قووڵ لەگوێ پێنەدانەکانیاندا نغرۆبوون.
تەنانەت ئەوان لەوەش نەسڵەمینەوە کە بە دەمانچە وەڵامی ئەو ڕەخنانە بدەنەوە کە بە قەڵەمەکانمان ئاڕاستەیان دەکرا. بەو شێوەیە، یەکێک لە هاوکارەکانمان کە حەسەن فەهمی بوو، گیانی خۆی لەپێناوی ئەم ئەرکە نیشتمانییەدا بەخشی.
لەلایەکی دیکەوە، بەڵگەی سەلمێنەرو ڕەتنەکەرەوە بۆ ئەوەی کە ئێمە لەگەڵ جووڵانەوە کۆنەپەرستییەکەدا نەبووین ئەوەیە کە ، سوڵتانی پێشوو بۆ چەندین جار لە دژمان وەستایەوەو قسەیکرد، چونکە ڕۆژنامەکەمان ئەوی بێزارکردبوو. من دوو مانگ زیندانی کرام بە تۆمەتی تەشهیر بە شیخولئیسلامی پێشوو. هەموو ئەو داوایانەش لە دژی من بەرزکرابوونەوە، زادەی کارو هەڵسوڕانی هاوشێوەن لەلایەن منەوە.
من کۆکراوەی هەموو ڕۆژنامەکەم لەبەردەستەو تەحەدات دەکەم کە لەتەواوی ڕابردوو و ئێستادا، یەک وشەش ببینیتەوە بیسەلمێنێت یان پێشانیبدات کە من کۆنەپەرست بووبم یان کۆنەپەرستم!
هۆکاری ڕاستەقینەی شۆڕشی ئەبریل بەدکاریی و سکانداڵەکانی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی بوو لە ئەستەمبوڵ و لەوە زیاتر نییە. من ئازادییخوازم و بەرگرییکارێکی سەرسەختی مافی گەلم. ئەوە من بووم یەکەمین گردبوونەوەی پرۆتێستۆییم دژی ڕەشنووسی ئەو یاسایە کرد کە بەهاندانی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی ئامادەکرابوو بۆ سنووردارکردن و کۆتوبەندکردنی دەربڕینی چاپەمەنیی و ئەو ڕۆژنامانەی کە فێڵە گڵاوەکانیانی ئاشکرا دەکرد. لەو سەربەنەشەوە، لەو بڕوایەدام مافی ئەوەم هەبێت کە بڵێم ئەو تۆمەتەی ئاڕاستەی من کراوە چروک و شەرمەزارییە.
سەبارەت بە چوونەدەرەوەم لە ئەستەمبوڵ، ئەوەیە کە: من دەمەوێت یاسا لەسەرو هەموو هێزیکەوە بێت ، بەوەش کە یاسای سەربازیی هەر بەناو یاسایەو بڕیارەکان زیاتر پشت بە حەزو ئارەزوو دەبەستێت تاوەکووئەوەی خەمخۆریی بێت بۆ دادپەروەریی. پێم باش بوو کە بۆ ئازادکردنی خۆم، ماوەیەک بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەکەم هەڵپەسێرم و لە ئەستەمبوڵ دووربم. بەتایبەت، ڕۆژێک پێش ڕۆیشتنم زانیم کە ئەندامانی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی بڕیاریانداوە ڕێوشوێنی فرە توند دەرهەق بەمن بگرنەبەر، ئەوەش ڕێوشوێنێکە کە لە ئیعدامکردن کەمتر نییە.
وا بیر ناکەمەوە کە ئەم ڕۆیشتنە شتێک بێنێتەئارا، یان ببێتە سووکایەتییەک، هەروەها تکام وایە ڕێگەم پێ بدەی بەوە کۆتایی بهێنم کە لێت بپاڕێمەوە کە بیکەی ئەویش ئەوەیە: هەر تۆمەتێک کە دەشێت لەبارەی منەوە بێت بڵاوی بکەرەوە. من ئامادەم بۆ وەڵامدانەوە.
$ئەڵقەی سیازدەیەم: کێشەی دارایی سەربەستی و تێکچوونی پەیوەندییەکانی مەولان زادە و شەریف پاشا$
وادیارە، پێکەوە کارکردنی شەریف پاشاو مەولان زادە و هەروەها بەردەوامبوونی چاپ و بڵاوکردنەوەی سەربەستی لەپاریس، بەهۆی کێشەی داراییەوە و نەمانی متمانە وە لەنێوان ئەو دووکەسە، بەردەوام نەبووبێت و بووبێتە هۆی دابڕان و وەستانی ڕۆژنامەی سربست (سەربەست) ی لە پاریس. وەک لەبیرەوەرییەکانی شەریف پاشادا دەردەکەوێ کە ناوبراو تەنیا ئەرکی مادیی چاپکردنی ڕۆژنامەی گرتۆتەئەستۆو نە بۆ خۆی خەرجی ژیانی ستافی بەڕێوەبەردنەکەی گرتۆتەئەستۆو نە پێشی خۆشبووە هاوکاریی دەرەکیی لەلایەکی دیکەوە وەربگرن. ئەو سەرنجی خۆی سەبارەت بە کێشەی دارایی نێوان خۆی و مەولان زادە نووسیووە و دەڵێت:
بەپێی ئەو مەرجانەی کە لەسەرەوە باسیان کراوە، بڕی پارەی داواکراو درا بە مەولان زادە. ئیتر لەوە بەدوا خەرجی بەکرێگرتنی خانوویەک و پێویستییەکانی نیشتەجێبوون و نەخۆشی و قەرزو گەشتەکان، لەخەرجیەکانی تر زیاتر بوون.
مەولان زادە، 23ی ئابی 1909 لەنامەیەکی خۆیدا، دوای هەندێک خوێندنەوەی خۆی بۆ ڕووداوەکان، دێتە سەر باسی ئەمانە: بڕی ئەو پارەیەی کە پێمان درابوو، لەبەر گواستنەوەی ئاپارتمان و خەرجیی هوتێل و ئەو کۆمەکانەی دراونەتە هەندێک کەس کەوا گومان لە هاوڕێیەتییان دەکرێ، تەواو بوو (!) لەبەر ئەمەش، بۆ پاراستنی ئابڕوی ڕۆژنامەکە و بۆ ئەوەی بتوانین ژمارەی پێنجەمی ڕۆژنامەکە دەربکەین، تکایە تەواوی یان بەشێکی بڕی ئەو پارەیەی کە بڕیارە لەسەرەتای مانگی ئەیلولدا.. بدرێ، بە بێ درەنگ خستن بۆمان بنێرن (!) هەروەها داواکارم (100) فڕانکی پاشماوەی خەرجییەکانی مانگی ئاب بخەنە سەر ئەو بڕە کە بەگەیشتنی نامەکە بۆمانی دەنێرن.
شایەنی باسە، ناوبراو، لەدوا دێڕەکانی نامەکەیدا، ئەمانەی خوارەوە دەخاتەبەرچاو: هەموو کاتێک چاوەڕوانی بەخشندەیی بەڕێزتان دەکەین و ، تکام وایە، بۆ ئەوەی کاروبارەکانمان دوانەکەون، داخوازییەکانمان بەجێ بهێنن.. چاوەڕوانی بەڕێزتان دەکەین.
ناوبراو لەنامەیەکی تریدا کە 21ی تشرینی یەکەمی 1909 نووسیویە، دوای ئەوەی دێتە سەر باسی ئەو قەرزە کە لەئەنجامی گەشتەکەی پاریسەوە بۆ ئەسینا لە مەکی بەگی وەرگرتووە و، ئەو خەرجیانەش کە بۆ سێ هاوڕێی خۆی کردوون کە هێشتا بەتەواوی شارەزای پاریس نەبوون و ، دوای ئەوەی چەندین هۆی تریش دەهێنێتەوە بەر باس، وەها بەردەوام دەبێ: بەکوورتی، ئێستا بودجەکەمان 700 فڕانکە (!) و خەرجیەکانی پێشتر (!) سەد یا دووسەد فڕانکێک ماوەتەوە (!) بەکوورتی کەمی بودجە هاتۆتە پێشەوە بەرانبەر بەمە، لەلایەکەوە بەهیوای ئەمەی کە یارمەتییەکمان بۆ بێ، چاوەڕوان ماینەوە (!) بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، من دەستم کرد بەدانانی ڕێ و شوێنی ئیداری پێویست بەداخەوە نە کەس یارمەتیی دەداین، نە من بۆ قۆنتەرات و بەڵێندەرایەتی سەرم لەهیچ لایەنێک دەدا. بیرم لە بەکارهێنانی بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ ژیانی خۆم کردەوە. خۆی ئەو بڕی پارە تەرخانکراوە، بەزۆری بەشی خەرجی ژیانی دەکرد، بەڵام کاتێک سەد فڕانکم لێ کەمکردەوە (و: بۆ ڕۆژنامە) زیاتر تووشی گیروگرفتی کردم.
لەبەرئەوەی کاتی خۆی لەژێر ئەشکەنجەدا ئازاری زۆرم بینیبوو، لەباری تەندرووستیشەوە وەزعێکی باشم نەبوو. پێویست بوو تەگبیرو ڕێ و شوێنی تەندرووستیش دابنێنم. هەموو ئەمانەش، پێویستیان بە پارە هەیە. هەروەها پێویست بوو بەگۆڕان و ساردبوونی هەوا، هەندێک جل و پۆشاکی گەرمیش بکڕم. ئەگەر چەندین جاریش سەرنجی ئەوانم سەبارەت بەم مەسەلەیە ڕاکێشابێ (!) بەڵام دوایی تێگەیشتم ئەم خەرجییە زیادەی ئەوان قازانج و سوودی ئێمەی تێدا نییە (!) لەدواییدا قەناعەتم پەیداکرد کە بەوەی هەیە ئیدارە بکەین. بەڵام دواتر هەر نەخۆش کەوتم.
لەبەر ئەوەی کەلوپەلی ژووری نووستن و تەختەکان (تەختی نووستن) زۆر تۆکمە نەبوون و بەرگەی سەرمایان نەدەگرت، بەناچاری دەستێکی تری سێ کەسیم (بۆ خۆمان و خزمەتکارێک) کڕی. (بەڵام، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دیسان دەکرێ هەر بە مانەشەوە ئیدارە بکەین) . سەرەڕای ئەمانە، سێسەدو پەنجا فڕانکی تریشم خەرج کرد. هەموو پسوڵەکانی ئەمانەم لایە (!) بەم شێوەیەئیتر بودجەکەمان زیاتر ڕووی لەکەمی کرد (ئایا ئەمە چ ئارامگرتن و قەناعەتکردنێکە) خۆ هەموو کەلوپەلەکانیش هێشتا هەروا ماونەتەوە. بەڵام پیوستیمان بەپارەی ئامادە هەیە. (بەم شێوەیە!) .
لەبەر ئەوە من ڕاستگۆیانە هاوکاری لەگەڵ هەموو کەسێک (نەک تەنیا ئەو کەسانە) دا دەکەم. بۆ ئەوەی کەمی بودجەکە (بەو شێوەیەی کە دیاری کراوە) پڕبکرێتەوە، تەنیا یەک ڕێگە چارە شک دەبەم، ئەویش ئەوە بوو کە نامەیەکم نووسی بۆ دایکم لە ئەستەنبووڵ و داوای لێ کرد ئەو خانوەی وا نیو دانگی بە میراتی بۆ من ماوەتەوە، بیخاتە بارمتەو پارەکەیم بۆ بنێرێ.
من دایکی خۆم باش دەناسم، هیوام وایە، ئەو ژنە بەجەرگ و ئازایە، هەرچۆنێک بێ لە ماوەی (20-25) ڕۆژدا پارەکەم بۆ بنێرێ و، بەو جۆرە کەمی بودجەکە پڕ ببێتەوە.
ناوبراو لەدرێژەی نامەکەیدا، وەها دەلێ: بەڵام تا ئەو کاتە، بەهۆی ئەو هەلومەرجەوە کە هاتبوە پێشەوەو، لەبەرئەوەی نەدەتوانرا ڕۆژنامەکە بەبێ وەستان و دوابەدوای یەک دەربکەین، (خۆی لە خۆی دا ئەو هەلومەرجە دەرکردنی ڕۆژنامە شیاو نەبوو) ، ئەو هەفتەیە دەرکردنی ڕۆژنامەکەمان دواخست (یانی بە پێچەوانەی پەیمانەکەوە نەجوڵاینەوە) .
لەبەر نەبوونی پارە، نەمتوانیبوو ژمارە یانزەی ڕۆژنامەکە دەربکەم. دەبێ بە ناچارییەکی پر لە ئازارەوە چاوەڕوانی گەیشتنی پارە لە ئەستەنبووڵەوە بکەم، تا ژمارە دوانزەی ڕۆژنامەکە دەربکەم (ئەگەر بەشێوەیەکی کراوەتر بدوێم، پێم وایە ئێوەش هەستتان بەو ناچارییە دڵتەزێنە کردووە!) بەکوورتی، ئەوانەی وا باسم کردن، ناوەرۆک و چۆنییەتی ڕووداوەکان بوون.
(لەبەر ئەمە درەنگ کەوتنی گەیشتنی پارە، دەبێ بەهۆی جیابوونەوەمان) . ئێستا ئەگەر بڕی هەزار فڕەنکمان بەڕێگەی حەواڵەی تەلەگرافییەوە بۆ بنێرن، زۆر باش دەبێ. شایەنی گوتنە، دەتوانری بڕی ئەو پارەیە، لەبڕی پارەی تەرخانکراو بۆ مانگی داهاتوو هەڵبگیرێ. بەم جۆرە ڕۆژنامەکەش بەشێوەیەکی بەردەوام دەربچێ و، سەرنجی کەس ڕانەکێشێ. هەموو کاتێک چاوەڕیی متمانە و سەرنج و بایەخ پێدانی نەجیبانەی ئێوەم بەرانبەر بە خۆم.
ماوەیەک پاریسم بەجێهێشت و، ڕۆیشتم بۆ کەنارەکانی دەریا لە (هەندای) مەولان زادە لە تەلەگرافێکدا، بەبی هیچ ڕوونکردنەوەیەک، داوای هەزار فڕانکی لێ کردم. منیش بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامی ئەم تەلەگرافەم دایەوە: لەبەر ئەوەی کێشەیەکی گرنگی وەها پێویستیی بە گفتوگۆو ڕاوێژێکی تایبەت هەیە، تکام وایە تا گەڕانەوەم لە ماوەی چەند ڕۆژێکی تردا، چاوەڕوان بمێننەوە- شەریف
بەرانبەر بەم وەڵامەی من، دووبارە بەرێگەی تەلەگرافەوە شتێکی تری بۆ ناردوم و، باسی تێدا بۆ کردم کە بەپەلە پێویستی بەو پارەیە هەیە.
منیش دووبارە، لە ڕێگەی تەلەگرافەوە بۆم ورد کردەوە کە تا ڕوونکردنەوەی پێویستی لێ وەرنەگرم و هاوڕا نەبم لە هەر کارێک کە دەکرێ، هیچ شتێک ناکەم: مەولان زادە ئەفەندی، تکایە بەهۆی نامەوە ڕوونکردنەوەی زیاترمان بۆ بنێرن- شەریف
دوابەدوای ئەمە بۆ ئەوەی گوزارشت بکات لە دڵگرانی ی خۆی بەرانبەر بە ئێمە، نامەیەکی بۆ کاتبی تایبەتی من ناردبوو:
ئاغای گەورەو ئازیزم
ئێوە لەمن باشتر ئاگادارن کە هەموو کاروبارە هاوبەشە سیاسی و ئابوورییەکان و...هتد، هەمووی لەسەر بنەمای ئاساییش و متمانە بەڕێوەدەچن. بەناچاری من هەندێک بەندی پەیمانی مۆرکراو لەگەڵ حەزرەتی پاشادا (واتە شەریف پاشا) و هەندێکی تریش پاشا خۆی جێبەجێی و پێڕەوی نەکردوون. بەمانە، هەندێک ئاستەنگی دەرەکیش زیادبوون. ئەوسا ئیتر بی بڕوای یەک لەنێوان هەردوولادا پەیدا بوو. لەبەرئەوە ئەو هەستی ڕیزو حورمەتەی کە من بەرانبەر بە حەزرەتی پاشا هەمە، ئەم شتەم پی باش نییەو لێی دڵگرانم. لەبەر ئەوە، ڕێکخستنەوەو داڕشتنەوەی سەرلەنوێ پەیمانەکە بۆ بەڕێوەچوونی کارەکان، پێویستییەکی گرنگن.
ڕاییکردنی حیسابی ڕابردوو، بەپێ ی فەرمانی بەڕێزتان لەنامەی پێشوودا، شتێکی پێویستە. حیسابی ڕابردوو بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
هەموو ئەو بڕی پارەی ئاقچەیەی کە حەزرەتی پاشا داویە بەمن، بەگشتی بەشی دەرکردنی (13) ژمارەی ڕۆژنامەکەی کردووە. پارەی (10) ژمارە لە مانە دراوە بەچاپخانە. پێویستە بوترێ، ژمارەی (13) هێشتا دەرنەچووەو، پارەی ئەو دوو ژمارەیەی تریش، بە پێ ی ئاگاداری مۆڵەتی حەزرەتی پاشا خۆی، بۆ هەندێک وردە پێویستی و چەند لاپەڕەیەکی تر کە چاپم کردوون، وەک قەرزی چاپخانە لەلامان ماوەتەوە.
وەهام بیستووە کە حەزرەتی پاشا دوای نامەکەی من کە ڕوونکردنەوەی پێویستی تێدا هەبووە، پارەی ژمارەی (12) ی ڕۆژنامەکەی، بەناوی خودی بەڕیزو گەورەیانەوە داوە. پارەی ژمارەی یانزەی ڕۆژنامەکەش، ئەگەرچی لەنێو بەڵگەو دەفتەری قەرزەکانی حەزرەتی پاشادا ناسرابوو، بەڕێزیان پەسەندی نەکردووەو، بە لێزانی و تێگەیشتوویی خۆیانەوە، قەرزەکە دووبارە کەوتەوە ئەستۆی من. شایەنی گوتنە، لەو بارەیەوە تووشی شەرمەزارییەکی گەورە بووم. بەم شێوەیە، ئێستا نزیکەی (600) فڕانک قەرزاری چاپخانەم. ئەمەش بەگوێرەی پەیماننامەکە وادەکات. ئەم قەرزە پارەی ژمارە (13) کە هەمووی دەکاتە (1600) فڕانک، لەلای حەزرەتی پاشا وا بێتە بەرچاو کە بودجەکە کەمەو نەماوە.
بەم جۆرە، ئەمە هەمووی باری ڕاستەقینەی چۆنێتی مەسەلەکان بوو کە پێشکەشی حەزرەتی پاشای دەکەم. بەڵام ڕاستییەکەی لەبەر ئەوەی لەنامەکانی پێشتردا باسی ئەمانەم بەهەموو وردەکارییەکانەوە کردبوو، دووبارەکردنەوەیان بەشتێکی پێویست نازانم. بەگوێڕەی پەیماننامەکە، من قەرزاری حەزەرتی پاشا شەریف پاشا و کابرای چاپخانەشم. بەڵام ئەگەر پارەی کرێی خانووی لێ کەم بکرێتەوە، کە پێشتر حەزرەتی پاشا بەڵێنی دابوو بیگریتە ئەستۆی خۆی و، دواتر خستوویەتە سەر بودجەی گشتی و، ئەگەر سێسەد فڕانکی پارەی لاپەڕە چاپکراوەکانیشی لێ دابشکێنرێ کە بەرەزامەندی پاشا خۆی چاپ کراون، ئەوا کۆری هەموو قەرزەکە ، لەگەڵ پارەی هەردوو ژمارە (13) و (11) دا، خۆی لە هەشتسەد فڕانک دەدات. بەواتایەکی تر، بودجەکەمان بڕی هەشتسەد فڕانک کوورتی هێناوە ( بڕی حەوت سەد فڕانکی ئەمەش، بۆ دانەوەی قەرزەکەی ئەتینا خەرج کراوە، یانی بەشێوەیەکی ڕاستتر، بودجەکەمان تەنیا سەد فڕانک کەمیی هەیە) . ئەگەر حەزرەتی پاشا بیانەوێ، دەتوانم سەبارەت بەو سەد فڕانکەش بەڵگەیەکی ڕەسمی ی قەرزیان بۆ مۆر بکەم و، کاتێک، وەک پێشتر باسم کردبوو، پارەکەم لەئەستەمبوڵەوە گەیشت، پێیان دەدەمەوە. ئەگەر هات و پارەکەم نەگەیشت، ئەوا ئەمە دەبێ بە قەرزێک کە پێویستە لە یەکەم هەلی گونجاودا بدرێتەوە.
ئێستاش لەبەرئەوەی کە سەری مانگە، ئەگەر وردەکاری ی شاراوەی حیسابەکانی ڕابردووتان لا پەسەند بێ، پێویستە بەڕێزتان بایەخ بەم داواکاریە پچووکەی بەندە بدەن بۆ بەردەوامی ی کاروبارەکان، بە مەرجێک پەیوەندی ی ڕەسمیمان لەگەڵ حەزرەتی پاشادا هەر لە سنووری کاروباری ڕۆژنامەکەدا بمێنێتەوە. پێویستە حەزرەتی پاشا ئەم حیسابەی خوارەوە، کە لەگەڵ حیسابەکەی ڕابردوودا هیچ جیاوازییەکی نییە، ئیمزا بکەن، بۆ درێژەپێدانی کارو، بۆ ئەوەی کە هەستی گەورەیی و دەروونم بریندار نەبێ و، کاروبارەکان بەخۆشی و ئاسوودەیی بەڕێوە ببەم .
حیساب
- فڕانک
1600 فڕانک وەک کرێ ی مانگێک بۆ دەرکردنی چوار ژمارەی ڕۆژنامە. بۆ (40 تۆپ لاپەڕەی کاغەزو پێداویستی ترو، هەروەها بۆ خەرجی چاپکردنی لاپەڕەی جیاواز کە هەر دانەیەکی بە 40 فڕانک چاپ دەکرێ. جێ ی قسەیە، خەرجی ی 160 پۆستەری گشتی و پۆستەی تایبەت، هەر یەکە بە 40 فڕانکە)
600 فڕانکیش بۆ دابینکردنی خەرجی ی ژیان و کرێ و نووسەر و کرێ خانوو.
- کۆی گشتی دەکاتە 2400 فڕانک.
تا ئەو کاتەی داوای بەشداریم لە کاروباری کۆمەڵەدا لێ دەکرێ و ، لەم بارەیەشەوە داوای دەکرێ ڕاستەوخۆ یارمەتیی ی هیچ لایەن یاخود کەسێکی تر وەرنەگرم (تەنانەت ئەگەر بڕە پارەیەکی زۆریش بێ) . پێویستە داواکاریەکانمان، کە هەندێک جار دێنە پێشەوە، بەزووترین کات جێبەجێ بکرێن و، دواتر داوای حیساب بکرێ و، ئەمەش بە مافێک دابنرێ، چونکە لەهەندێک بارودۆخدا دەرفەتی ڕوونکردنەوەمان نابێ. درەنگ خستنی کاروبارەکانیش تا بەرچاوخستنی ڕوونکردنەوە، دەبێ بەهۆی زەرەرو زیانێکی گەورەتر.
براگیان، تکایە بەشێوەیەکی شایستە و درووست ئەم شتانە بە حەزرەتی پاشا ڕابگەیەنن و، دواتریش بڕیاری بەڕێزیان و چۆنییەتی هەڵس و کەوتی من بە شێوەیەکی نووسراو دیاری بکەن و بۆم بنێرن. ئەفەندم، هەموو کاتێک بەهیوای سەرنج و بایەخ پێدانی برایانەی زیاتری ئێوەم.
مەولان زادە ڕفعەت
شەریف پاشا پێی وایە ئەوە مەولان زادەیە کە پەیمانەکەی خۆی شکاندووەو دەڵێت:
بەخوێندنەوەی نامەکانی مەولان زادە، بە ئاشکرا ڕوون دەبێتەوە کێ لەپێشدا ئەو پەیمانەی شکاندووە کە خۆی بەشێوەی (پەیمانی شەرەفمەندانە) ناوی هێناوە.
لە هەموو ئەمانەش بەدەر، لە ماوەی چەند مانگێکدا بەڕوونی ئەوە بۆ خەڵک دەرکەوتووە کە مەولان زادە کەسێکە زۆر حەز لە ڕابواردن و خۆشگوزەرانی خۆی دەکات. ئەوە شتیکی ئاشکرایە کە داواکاریە بێ کۆتاییەکانی بەو ئەندازەیەی کە باسی کردوون، پێویست نەبوون. لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە، لەککاتێکدا زۆر پێویستیمان پێی هەبوو، لەناکاو ڕۆی بۆ سەفەرو گەشت و گوزراو، بەو جۆرەش بوو بە مایەی بێزاری ی هەموو لایەک.
وادیارە ڕۆیشتنی مەولان زادەو جێهێشتنی شەریف پاشاو دوورکەوتنەوەی لە فیرقەی ئەحرار و دواتر گەڕانەوەی بۆ ئەستەمبوڵ لە 29ی تەموزی 1912، پاش ئەوەی حکومەتی ئەحمەد موختار پاشا فەرمانی لێخۆشبوونی بۆ دەرکرد، شەریف پاشای لەمەولان زادە توڕەکردبێ بۆیە لە بیرەوەرییەکانیدا بەچەندین وشەی ناشرین ناوی بردووە.
$ئەڵقەی چواردەیەم: سەربەستی لە میسر$
پاش تێکچوونی پەیوەندیی نێوان شەریف پاشا و مەولان زادە ڕیفعەت، مەولان زادە پاریسی بەجێهێشت، گەڕایەوە میسرو لەوێ هاوکاریی خدێوی عەباس حیلمی پاشای بۆ چاپکردن و بڵاوکردنەوەی سەربەستی دەستکەوت.
پڕۆفیسۆر اکمل الدين احسان اوغلي لەو پەڕتووکەیدا کە سەبارەت بە تورکەکان لە میسر و کەلەپووری ڕۆشنبیرییان، بڵاویکردۆتەوە، سەبارەت بە هەوڵەکانی مەولان زادە ڕیفعەت بۆ چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی سەربەستی لەمیسر، نووسیویەتی: مەولان زادە ڕیفعەت کە لە بەرهەڵستکارانی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی بوو، لە ساڵی 1910دا، ناچاربوو لەپاش ڕووداوی (31ی مارت) ی بەناوبانگ تورکیا جێبهێڵیت. ئەو لە میسر هەستا بە بڵاوکردۆنەوەی ڕۆژنامەی (سەربەستی) کە پێشتر ئەو ڕۆژنامەیە بڵاودەکرایەوە. ئەو بۆ ماوەیەک ئەم ڕۆژنامەیەی بەناوی (یکی سربستی/ سەربەستی نوێ) لەدوو لاپەڕە بەتورکیی و دوو لاپەڕە بە فەرەنسیی بڵاودەکردەوە. پاش ئەوەی ڕێگە بە مەولان زادە نەدرا لە بڵاوکردنەوەی بەردەوام بێت، کەسێکی فەرەنسیی بەناوی هێنری غوزیە / Gouze وەک سەرنووسەر دانرا. وێڕای ئەوەی کە مەولان زادە ڕیفعەت، حەوت ژمارەی لەو ڕۆژنامەیە لەمیسر چاپکردووە، ئەو لەو پێناوەدا هاوکاریی خدێوی بەدەستهێنا. بەڵام ژمارەی یەکەمی نەبێ کە لە 17ی یەنایەری 1910دا، بڵاوکراوەتەوە، ئەوانی دیکە نەبینراونەتەوە.
بڵاوکردنەوەی سەربەستی لە میسر لەلایەن مەولان زادە ڕیفعەتەوە، دیسانەوە بووەتە هۆی دڵەڕاوکێی دەسەڵاتدارانی ئیتحاد و تەرەقی لە ئەستەمبوڵ و لەهەوڵی ڕێگرتن لە بڵاوکردنەوەی ئەو ڕۆژنامەیە لە قەڵەمڕەوی ئیمپارتۆرییەتەکەدا بەردەوامبوون و وەک پێشوو سزاشیان بۆ هەرکەس دیارییکردووە ڕۆژنامەکەی پێ بگیرێت، ئەوەش لە چاپەمەنییە ئازادەکانی وڵاتانی دەرەوەدا وەک پێشێلکردنی ئازادییەکان و سەرکوتکاریی چاپەمەنیی ئاماژەی بۆ کراوە.
لەو ڕووەوە، ڕۆژنامەی فەرەنسی L Europe Future کە لەرۆژی شەممەی ڕێکەوتی 12ی مارسی 1910دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەژێر ناونیشانی ئازادی ڕۆژنامەوانیی و تورکە لاوەکان دا، نووسیویەتی:
ڕۆژنامەی سەربەستی ئازا کە نوێنەری ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینەی ڕژێمە نوێیەکە بوو و لە پایەتەختی ئیمپراتۆرییەکە سڕدرایەوە، ئەو ڕۆژنامەیە ئەمڕۆ کۆچیکردۆتە دەرەوەو ئەمڕۆ ڕۆژنامەی ستامبوڵ وتویەتی کە ڕاگەیەندنێکی فەرمیی لە ئۆفیسی ڕۆژنامەوانییەوە ڕایگەیاندووە کە هەرکەس ببینرێت کە سەربەستی هەڵگرتووە، ئەوەی کە ئێستاکە دەزانین لە قاهیرە بڵاودەبێتەوە، تووشی سزا دەبێت بە لێسەندنی بڕی 2 بۆ 15 لیرە کە دەکاتە سەد و پەنجا فرەنک.. ئەمە ئەو ڕێگەیەیە کە بەرجەستەی لیبڕاڵیزمی تورکە لاوەکان دەکات، ئەمە ئەو ڕێگایەیە کە ئیمپراتۆرییەکەی پێ دەبوژێننەوە!.
$ئەڵقەی پازدەیەم: دەست خۆشی ڕۆشنبیرانی عەرەب لە داخستنی سەربەستی لەلایەن حکومەتی میسرییەوە$
وادیارە ڕۆشنبیرانی عەرەب و لایەنگرانی ئیتحاد و تەرەقییش لەمیسر کە بەوردیی ئاگاداری ڕەوتی ڕووداوەکانی ئەستەمبوڵ و خولیا قۆرخکاریی و میلتاریستیی و دەسەڵاتسەپێنیی ئەو ڕێکخراوە و باڵە سەربازییەکەی نەبوون و لەژێر کاریگەریی پرۆپاگەندە و دروشمە بریقەدارەکانی پێشکەوتن و جامیعەی عوسمانیی و بەرەو شارستانییەت و دژایەتیی کۆنەپەرستییدا مەستبوون، ئامادە نەبوون پێشوازیی لەکەسانی وەک مەولان زادە و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی سەربەستی و دەرخستنی ڕاستییەکان و ئەوەی دەگوزەرێ بکەن و وەک هەوڵێکی ناوەخت و بەقازانجی کۆنەپەرستیی و دژایەتیی بنەما و پرەنسیپەکانی شۆڕشی ساڵی 1908 لەقەڵەمیان دەدا و پشتگیریی سیاسەتی فشارکردنی حکومەتی میسرییان کرد بۆ ڕێگرتن لەبڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەکە و هەروەها کەوتنە پەلاماری مەولان زادە ڕیفعەتیش لە بڵاوکراوەکانیاندا.
لەو سەربەنەوە، گۆڤاری (الجامعة) کە فەرەح ئەنتوان دامەزرێنەری بوو، لە بەشی دووەمی ساڵی حەوتەمیدا کە لە یەنایەری 1910دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لە وتاری سەرنووسەریدا بە ناونیشانی لەبارەی باسی عیزەت پاشای ئەلعابید لەمیسر و ڕێگرتن لە خاوەنی سەربەستی بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەکەی تیایدا وتارێکی درێژی دوازدە لاپەڕەیی نووسیوە. لەم وتارەدا سەرەتا باسی سیاسەت و ڕووەکانی هاتووە کە لایەکیان هەواڵ و ڕووداوەو ئەوی تریشیان ڕامان و شرۆڤەکاریی و هەڵسەنگاندنە و گۆڤارەکە هەوڵدەدات لەرووی دووەمیشەوە قسە لەرووداوە سیاسییەکان بکات کە لە دەوڵەتی عوسمانییدا ڕوو دەدەن.
پاشتر، دێتە سەر باسی پارلەمان و ئەرکەکانی و بایەخدانی بە مەسەلە گشتییەکان و دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ دەزگای جێبەجێکردن. سەرنووسەر، پارلەمانی عوسمانیی بە سەرەتایەک دەزانێت کە چاوی زۆری لەسەرەو هەن لەدەرەوە کە جۆشی ئاگری ئەو کوانوە ڕۆژهەڵاتییە دەدەن و هەشن بەنهێنی دەیانەوێت بیکوژێننەوە. هەروەها دەنووسێت کە چۆن نووسەر دەتوانێت سەبارەت بەم مەسەلە گرنگانەی کە کاریگەریی لەسەر مێژووی ڕۆژهەڵات هەیە بێ دەنگ دانیشێت.
پاشان وتارەکە دێتە سەر باسی ڕۆژنامەی سەربەستی و خاوەنەکەی، کە حکومەتی میسریی ڕێگەی بە دەرکەوتنی نەداوە. ئەو دەڵێت کە سەربەستی پاش ڕاگەیاندنی دەستوور لە ئاستانە دامەزراوە و بە هەڵستکارانی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی کردوویانەتە زمانحاڵی خۆیان. ئەم ڕۆژنامەیە لە ئەستەمبوڵ وەک هاوشێوەی ڕۆژنامەی فەرەنسی ئینترنسیجان سەردەمی ڕۆشفۆر پەلاماری تەواوی وەزارەتەکانی حکومەتی داوە و بە چاک و خراپ، بەراست و گاڵتە ڕەخنەی لێ گرتووە. ئنجا دەێت کە گەلی عوسمانیی تازە بەسەر ئازادیددا کەوتووە و وەک گەلی فەرەنسیی نییە کە ئازادیی هەڵقوڵاوی ژیانێتی.. لەکاتێکدا ڕۆژنامەی سەربەستی لە ئاستانە نووسیویەتی کە کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی کۆمیتەی کافرە فارمەسۆنەکانە و بەو پڕۆژە یاسایانەی لەپارلەمان دەریدەکەن خوازیاری ڕووخاندنی شەریعەتی ئیسلامییە و ڕێگە لەسەربازەکان دەگرن فەریزەی نوێژ بەجێبهێنن و پارەی حکومەت بۆ خۆیان تاڵان دەکەن و لەخۆشی و خوانەکانیاندا خەرجی دەکەن و سەربازی داماویش بە جلوبەرگی شڕەوە جێدەهێڵن. خەڵکە سادە و ساکارەکەش کە ئەم قسانە دەخوێننەوە زۆربەیان باوەڕی پێدەکەن، هەر بۆیە ئەو پەلامارە بۆ سەر ئەنجوومەنی مەبعوسان لە ئاژاوەی 31ی مارتدا کە بۆ خۆشبەختی بەو شێوەیە کۆتاییهات کە خوێنەر دەزانێت.
هەمدیسان وتارەکە دەکەوێتەوە بەراوردکاریی گەلی فەرەنسی و عوسمانیی و دەڵێت: گەلی عوسمانیی وەک گەلی فەرەنسی لەسەر ئازادیی ڕانەهاتووە و لەفەرنسا حکومەت بەهێزە و حیزبەکانیش تۆکمەن و ئەو قسانە ئاسایی وەردەگیرێت. بەڵام گەلی عوسمانیی حکومەتێکی ساوای هەیە کە ناکرێ دەستی لی بەردات لەکاتێکدا هێزە کۆنەپەرستەکان دەیانەوێت لە دژی یەکبگرن. چونکە چەندین کارمەندی باڵای پێشوو هەن کە خەڵکانی دیکە پاش دەستوور شوێنیان گرتونەتەوە و هەزاران کارمەندی بچۆکلەش هەن کە لە کارەکانیان دەکراون، ئەوانەی لەو دۆخەی پاش دەستوور توڕەن. ئەمە جگە لەو پیرە سیاسەتکارانەی کە ئولفەتیان بە شێوازە کۆنەکەوە گرتووە و لەسەر شێوەی نوێی پاش دەستوور ڕانەهاتوون و لەو ململانییەی نێوان نەوی کۆن و نوێدا لە دژی گەنجان وەستاونەتەوە. هەروەها ئەوانەی بەگەندەڵیی لەرژێمی پێشوودا پێگەو پۆستی گەورەیان بەدەستهێناوەو ئێستاکە بەهۆی یاساوە لەگەڵ کەسانیکی لاتدا یەکسانن. پاشان دێتە سەر پیاوانی ئایینیی و وێڕای ئەوەی کە باسی هەندێکیان دەکات بە کریستیان و موسڵمانەوە لەگەڵ شۆڕشە نوێکەدان، بەڵام هەندێکی دیکەیان بە لەمپەڕ لە بەردەم کاروانی شۆڕشەکە دەزانێت بۆ چەندین مەبەست.. ئنجا باس لە هەندێک لەنووسەرانیش دەکات کە پێێان وایە خەڵکی هەموو کات حەزی بە ڕەخنەیە لەدەسەڵات و ئەوانیش کەوتوونەتە ڕەخنە و خەریکی بەرهەڵستین. کەسانێکیش لەرووی دڵسۆزییەوە بەژیری و دادپەروەرییەوە بەرهەڵستکارن بەڵام لەژێر کاریگەریی پرۆپاگەندەو هەواڵی درۆدان. پاشان دەڵێت: دۆخی پێش ڕاگەیاندنی دەستوور هێندە خراپ بوو، ئێستاکە هەرچییەک هەبێ ناگاتەوە بەو ئاستەی پێشوو و مادام تاقمی کۆنەپەرستیی هەیە پێویستە لەسەرمان گوێ بەوانە نەدەین لۆمەی دەستوور دەکەن و پێمان دەڵێن هەستن داوای مافەکانتان بکەن و ڕێگە مەدەن ستەمکاریی و قۆرخکاریتان دەرماف بکەن! ئەوە ڕاست نییە کەسێک بڵێت هەموو شتێکم پێ بدەن یان هەموو شت دەڕوخێنم و دەگەرێمەوە بۆ کۆنەکە دەبێت هەر بەرەیەک کەمێک لەمافەکانی خۆی چاوپۆشی بکات هەتاوەکوو دەستوور دەچەسپێت و لایەنگرانی کۆنەپەرستیی پاشەکشە لەو ڕەتکردنەوەیە تووشی بێزاریی ڕاستیینە دەبن.
سەرنووسەری (الجامعة) ، پاش ئەوەی داوای یەکگرتوویی لە هەموو لایەک دەکات لە دژی بەرەی پاشکەوتووخوازیی، ئنجا دێتە سەر باسی مەولان زادە ڕیفعەت و ڕۆژنامەکەی و دەڵێت: تەنانەت لایەنگرانی ئەم حیزبەش / مەبەستی ڕەخنەگرانی کۆمیتەی ئیتحادییەکانە (سەردەشتی) دوانەکەوتوون لە هاندانی ڕەگەزە جیاوازەکان بۆ هەڵسان و داواکردنی ماف و جیاوگەکانیان. تەنانەت تورکەکانیش لەوانە (وەک خاوەنی سەربەستی) وایان لێهاتووە زیاتر لە عەرەب دڵیان بە عەرەب دەسووتێت، هەروەک لە قسەی مەولان زادە ڕیفعەتەوە وەریدەگرین کە لەگەڵ یەکێک لە ڕۆژنامە فەرەنسییەکاندا لە ئەسکەندەریە کردوونی. ئێستاکە خاوەنی ڕۆژنامەی سەربەستی دەیەوێت لە ڕۆژنامەکەیدا چیمان پێ بڵێت کە لەنێوماندا بڵاوی دەکاتەوە؟! ئایا دەیەوێت بڵێت کە دڵی بە ڕەگەزە عوسمانییەکان دەسووتێت و حیزبی ئیتحاد و تەرەقیش بەرانبەری نادادپەروەر بووە؟! سوپاس بۆ ئەو غیرەت و دڵ پێ سووتانەی، ئەمە زیاتر لە دوو دێڕ زیاتری ناوێت، ئەوەشی لە ڕۆژنامەی (نۆفل) دا بڵاوکردۆتەوەو ئەوەندە بەسە. یان دەیەوێت بیسەلمێنێت کە حیزبی ئیتحاد و تەرەقی ستەمکار و زۆردارن و دەوڵەتیان کردۆتە گەمەیەک لەنێوان دەوڵەتانی بیانییدا! ئەمەشی لە پێشوودا لە ئاستانە وتووە و لە دووبارەکردنەوەشدا سوودمەندیی هەیە. ئێستاکەش وەختی ئەم قسانە نییەبەڵکوو کات کاتی کارکردنە.. جەدەل ماوەیەکی دیکە کاتی دێت، پاش پێنج ساڵی دیکە وەرەوە ئەی چاکەکار و داوای گەنگەشە و موجادەلە بکە! وێڕای ئەوەش پێی دەڵێین: ئومەتی عوسمانیی شێوەی حیزبی دەسەڵاتداری لە ئێستادا بەلاوە گرنگ نییە کە زۆرینەن لە مەجلیسی مەبعوسان و سەیری ناو و نازناوی ناکەین، بەڵکوو پێش هەر شتێک حیزبیکی ڕێکخراوی دەوێت توانای دڵسۆزیی بۆ دەستوور چەسپاندبێت و تواناشی بە کارەکانی نەک بە قسەکانی هەبی و لە پارلەمان زۆرینە بێت و پیاوەکانیشی پلانیکی داڕێژراویان هەبێت لەسەری بڕۆن. سەربکەون و پەرت نەبن، حیزبێکی ئاوامان بۆ بێنن چ ناویکی لێدەنێن بینێن و وابکەن حوکمی ئومەتەکە بکات. ئەگەر لە ئومەتەکەشدا حیزبێکی وەها نەبێت لە غەیری ئیتحاد و تەرەقی، وادەزانی ئومەتی عوسمانی و ئاگادارەکانی چوارپێن و عەقڵیان نییە کە کاورباری حکومەت ڕادەستی حیزبە بچووکەکان بکات کە ئامانجی دژبەیەکیان هەیە و بەهێزی هاوشێوە ململانێ دەکەن، بەوەش سیاسەتی دەوڵەت ئیفلیج دەبێت و پشێویی دەکەوێتەوەو ئەوساش پێویستیی بۆ ستەمکاریی و قۆرخکاریی زۆر دەبێت بۆ گەڕانەوەی نەزم، بەو شێوەیەی کە لەکاتی پارلەمانی یەکەمدا ڕوویدا.
پێدەچێت حکومەتی میسریی وای ببینێت کە ئەوەی خاوەنی سەربەستی لە ڕۆژنامەکەیدا لە ئاستانە لەپێش 13ی ئەبریل (31ی مارت) نووسیویەتی، کە ئاستانەی خستە گێژاوەوە، بەس بووە، هەر بۆیە لێرە مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەکەی پێنەداوە. ئەویش مافی خۆیەتی کە گازەندە لە دەستێوەردانی حکومەت لە ئازادیی شەخسیی و فشار لەسەر چاپەمەنیی بکات هەتا ئەم ڕادەیە. ئێمەش هەرچەندە لە بیروبۆچوونەکانی لەگەڵی ناکۆکین بەڵام (رێگریی لە ئازادیی چاپەمەنیی) یمان پێ باش نییە، هۆکارەکەی هەرچییەک بێت. چونکە وەک دەڵێن ئازادیی (یەکەیەکە و دابەش نابێت) . بەڵام پێدەچێت حکومەت ڕێگەی لە ڕۆژنامەکە گرتبێت نەک تەنیا لەبەر ئەو حەزەی بۆ داخستنی دەرکەی پەرتبوون و ناکۆکییە لەنێو میسر سەبارەت بە کاروباری عوسمانیی، نەک وەک تەنیا موجامەلەیەکیش بۆ حکومەتی عوسمانیی کە خاوەنی سەروەرییە لە میسر بەڵکوو (دەشێت کە ئەم هۆکارە لە هەمووی گرنگتربێت) چونکە بەڕێزیان تۆمەتبارن بە هەڵاتن لە دادگای عورفی سەربازیی لە ئاستانە کە بۆ دادگایی بانگیکردووە و ئەویش ئامادەی نەبووە! ئەگەر ئامادە بووایەو دادگایی بکرایە و دیوانی حەربیە ئەستۆپاکیی ڕابگەیاندایە، گومانمان نەدەکرد حکومەتی میسر ڕیگەی بڵاوکردۆنەوەی ڕۆژنامەکەی لە وڵاتەکەیدا لێ بگرتایە مادام ئەو بێ (پێشینەی تاوان) بووایە!
پاشان وتارەکە دەڵێت: ئایا دەتوانرێت لەم بەشەدا قسە لەخاوەنی ڕۆژنامەی سەربەستی بکەین و بە وشەیەکیش ئاماژە بۆ میوانی نوێی میسر نەکەین کە عیزەت (پاشا) عابیدە!
بەمشێوەیە وتارەکەی گۆڤاری (الجامعة) بۆ تێکەڵکردنی کاغەزەکان لە مەولان زادە ڕیفعەتەوە دەپەڕێتەوە بۆ سەر پەلامار و هێرشکردنە سەر ئەحمەد عیزەت پاشا ئەلعابید.
جورجی زیدان یش، لەژێر ناونیشانی حوکمی عورفی و عەرەب لە دەوڵەتی عوسمانیی و دەستوورییدا نووسیویەتی: حکومەتی میسریی کارێکی باشی کردووە کە موراعاتی لایەنی حکومەتی عوسمانیی کردووەو ڕێگەی لەخاوەنی ڕۆژنامەی سەربەستی گرتووە بە ڕێپێدانی ئەو ڕۆژنامەکەی بڵاو بکاتەوە، بەڵام بە بێ ڕێپێدان و بەناوی کەسێکی بێگانە وە بڵاویکردۆتەوە. ئێمە نازانین کە دەوڵەتی ئەو کەسە بێگانەیە یارمەتیی دەدات کە ڕۆژنامەکەی بڵاوبکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی دەزانین کە وڵاتانی شارستانیی موجامەلەی ئەهلی دەستووریی عوسمانیی دەکەن. لەگەڵ ئەوەی کە ئەم ڕۆژنامەیە زمانە تورکییە یان فەرەنسییەکەی کاریگەریی لەسەر عەرەب نییە.
$ئەڵقەی شازدەیەم: پەلاماری پۆلیسی میسریی و چالاکیی ڕۆژنامەوانیی مەولان زادە لە یۆنان$
شایەنی باسە، مەولان زادە لە میسر جگە لە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی سەربەستی، چەندین وتارو نامیلکەو دوو پەڕتووکیشی چاپ و بڵاوکردەوە، کە یەکێکیان ساڵی 1910و سەبارەت بە ڕووداوەکانی یەمەن و شۆڕشەکانی لە دژی دەوڵەتی عوسمانی و ساڵانی دوورخستنەوە و زاندانیکردنی خۆی بوو کە بۆ تەڵعەت پاشای وەزیری ناوخۆی ئاڕاستەکردبوو بەناوی: یمن حقندە داخلیە طلعت بگ افندی یە آچیق لایحە و دووەمیشیان سەبارەت بە ڕووداوەکانی 31ی مارت بوو بە ناونیشانی انقلاب عوسمانیدن بر یپراق یاخود 31 مارت 1325 قیامی بوو، لە ساڵی 1911 بڵاویکردەوە.
دیارە مەولان زادە، چەند جارێک لەنێوان میسرو پاریسدا لەهاتوچۆدا بوو، تا دواجار لەژێر فشاری حکومەتی عوسمانیی و بە هاوکاریی ئینگلیزەکان، خدێوی میسریان ڕازییکرد کە فەرمان بە پۆلیسی میسری بکات هەڵکوتنە سەر ماڵەکەی. وەک لە ژمارە 628ی ڕۆژنامەی طنین ی عوسمانییدا کە لەرۆژی چوارشەممەی ڕێکەوتی 19ی مایسی 1326 بەرانبەر 1ی جونی 1910دا، چاپ و و بڵاوکراوەتەوەو لەژێر ناونیشانی:مصردە گلیر / لەمیسرەوە هاتووەنووسراوە کە پەیامنێرەکەیان لەقاهیرەوە نووسیویەتی، چوار پێنج ڕۆژ لەوەو بەر پۆلیس شوێنی نیشنگەی مەولان زادە ڕیفعەتی پشکنیوەو دەستیانگرتووە بەسەر تەواوی بەڵگەنامەو پەڕتووکەکانیدا. ئەوان ئەو پێویستییانەیان دەستبەسەرداگرتووە کە بۆ چاپکردنی بڵاوکراوەکەیەتی کە ئیدعای دەکات لەشوێنی ترەوە هێناویتی بەڵام لەبنەڕەتدا لە چاپخانەی ئەلموئەیەدەوە چاپکراوە و بەشێکە لەبڵاوکردنەوەی بیری کۆنەپەرستان. شایەنی وردبوونەوەو پەندە کە حکومەتی مەشرووتەی عوسمانیی ئەم کارەی بە هاوکاریی ئینگلیزەکان بۆ چۆتەسەر کە شایەنی ڕێزلێگرتنە. ئەوەش هۆکاری وەستانی ڕۆژنامەکەی مەولان زادەیە...ئێستاکە کۆنەپەرستان هەموو یەک یەک ڕیگەی ئەروپایان گرتۆتەبەر، مەولان زادە ڕۆیشت، عیزەت عابید ڕۆیشت...
هەروەها ڕۆژنامەی (STAMBOUL) لە ڕۆژی 11ی مارسی 1910دا، لەلاپەڕەی یەکەمی خۆیدا هەواڵێکی بڵاوکردۆتەوەو نووسیویەتی:
مەولان زادە ڕیفعەت خاوەنی ڕۆژنامەی سەربەستی بەناوبانگ، لە میسرەوە دەچێت بۆ ئەسینا و لەوێ دەست بە بڵاوکردۆنەوەی ڕۆژنامەکەی دەکات کە لەچاپ و بڵاوکردنەوە دواکەتوبوو.
بەم شێوەیە، مەولان زادە لەمیسر دیپۆرت کراو ناچاربوو ئەوێ بەجێبهێڵێت و ڕووبکاتە ئەسینا. لەوێ لەبارودۆخێکی زۆر خراپدا ژیاو دواجار لەوێ لەگەڵ هاووڵاتییەکی یۆنانیی عوسمانییدا ڕێکەوت کە لە بواری ڕۆژنامەوانیی کاریدەکرد، دوو هەفتەنامە بەناوی فاروق و جیهادەوە بە چاپخانەی بەردین، بڵاو بکەنەوە، کە یەکەمیان 3 ژمارەو ئەوەی دووەمیشیان 11 ژمارەی لێ بڵاوکرایەوە. بەڵام فشاری حکومەتی یۆنانیش بووە سەرباری فشارەکانی دیکەو مەولان زادە هەموو ڕێگایەکی لێگیرابوو، توانای گەڕانەوەی بۆ میسرو پاریس نەبوو. شایەنی وتنە، هەر لەم ماوەیەدا بوو کە لەئەستەمبوڵ ململانێی سیاسی تادەهات لەنێو حکومەتی دەسەڵاتداری سەر بەئیتحاد و تەرەقی و هێزی ئۆپۆزسیۆنی لیبراڵ کە خۆی لەحیزبی تازەدامەزراوی حریت و ائتلاف / ئازادیی و هاوپەیمانیی دا دەبنینیەوە، کە لە21ی نۆڤەمبەری 1911دا، دامەزراو بڕوای بە عوسمانییەت و ناناوەندگەرایی حکومیی و مافی کەمینە ڕەگەزییەکان هەبوو، هەروەها بەشێک لەئەندامانی پێشووی حیزبی ئەحراریش گرتبووەخۆ کە لەدەرەوە گەڕابوونەوە.
هەر بۆیە پێدەچێت ئەوانە پەیوەندییان بە مەولان زادەوە کردبێت و بەهۆی سوڵتان محەمەد ڕەشادیشەوە، گرێنتی پاراستنی گیانی و سەلامەتیان پێ دابێت و داوای گەڕانەوەیان لێ کردبێت. لەبەرئەوە مەولان زادە ڕیفعەت بڕیارییدا پاش دوو ساڵ دەربەدەریی و چالاکیی لەدەرەوە دژی ئیتحادییەکان، بگەڕێتەوە ئەستەمبوڵ و خۆی ڕادەستی پۆلیس بکات و ڕووبەڕووی دادگا ببێتەوە بۆ سەلماندنی بێتاوانیی خۆی.
$ئەڵقەی حەڤدەیەم: گەڕانەوەی مەولان زادە بۆ ئەستەمبوڵ و خولێکی دیکەی سەربەستی$
لە ڕۆژی 19ی مارسی 1912دا، ڕۆژنامەی STAMBOUL لە لاپەڕەی دووەمی خۆیدا و وەک هەواڵێک گەڕانەوەی مەولان زادەی ڕاگەیاندووە و نووسیویەتی:
مەولان زادە ڕیفعەت بەگی بەڕێوەبەری پێشووی سەربەستی کە دوای ڕووداوەکانی 13ی ئەبریل چووبووە ئەوروپا، دوێنێ لەرێگەی هێڵی عوسمانیی خدێوی، گەیشتەوە ئەستەمبوڵ. هەر ئەوەنەی گەیشت لەلایەن پۆلیسەوە قۆڵبەستکرا.
هەروەها STAMBOUL لە ڕۆژی 21ی مارسی 1912دا، هەواڵی دوورخستنەوەی مەولان زادە ڕادەگەیەنێت و دەنووسێت:
وەک ڕاگەیەنراوە، مەولان زادە سەرنووسەری پێشووی ڕۆژنامەی سەربەستی، هەروەها ئەوەی کە قۆڵبەستکردنیمان لەکاتی گەیشتنەوەی ڕاگەیاند، لە ڕێگەی گەشتی خدێوییەوە ڕەوانەی مەنفا دەکرێت بۆ بۆرسە دووردەخرێتەوە.
بەگوێرەی هەواڵ و زانیارییەکان، مانەوەی مەولان زادە لە مەنفا نێوخۆییەکەی لە بۆرسە نزیک بە چل ڕۆژێکی خایاندووەو پاشان لە لێخۆشبوونێکی گشتییدا ئازاد کراوە و ڕێگای گەڕانەوەی بۆ ئەستەمبول پێدراوە، وادیارە ئەوەش ڕێکەوتنێکی نێوان حیزبی حوریەت و ئیئتلاف و ئیتحاد و تەرەقی بێت بۆ هێورکرنەوەی ململانێیەکان و ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنەکانی پارلەمان.
STAMBOUL لە دووشەممەی ڕێکەوتی 29ی ئەبریلی 1912دا، لەژێر ناونیشانی لێخۆشبووندا، نووسیویەتی:
بەیانی ڕۆژی شەممە فەرمانێکی ئیمپراتۆریی ڕاگەیەنراوە بۆ ئەرێکردنی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە لێخۆشبوونی هەندەکیی بۆ ئەو زیندانییکراو و دوورخراوە سیاسییانەی لەم لیستەدایە. ژمارەی ئەوانە بۆ 250 کەس بەرزدەبنەوە، کە ناو و کارەکانیان لە لیستەکەدا هاتووە.
شایەنی باسە ناوەکان بە موراد بەگی سەرنووسەری ڕۆژنامەی میزان دەستپێدەکات، ناوی مەولان زادە ڕیفعەتیش لەنێو لیستەکەدایە.
هەر ئەم ڕۆژنامەیە لە ڕۆژی 27ی مایۆی 1912دا، لەلاپەڕەی 3ی خۆیدا، هەواڵێکی لە ڕۆژنامەی یۆنانیی (The Proods) ەوە ڕاگواستووەو دەڵێت کە ئەو ڕۆژنامەیە زانیویەتی کە مەولان زادە ڕیفعەت لێخۆشبوونی بەدەستهێناوە، هەروەها پاش چەند ڕۆژێکی کەم دەست بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەکەی سەربەستی دەکاتەوە.
مەولان زادە، پاش ئازادبوون و گەڕانەوەی بۆ ئەستەمبوڵ، یەکەمین کاری کە هەوڵی بۆێدا، بریتیبوو لە دەستپێکردنەوەی چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی سەربەستی، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین جار داواکاریی بەرزکردەوە تاوەکوو مۆڵەتی چاپکردنەوەی سەربەستی پێبدەنەوەو ئەو بڕیاری قەدەغەکردنەی لەسەر هەڵگرن کە لە ساڵی 1909ە خرابووە سەری، بەڵام هەموو جارێک لەلایەن دیوانی حەربییەوە داواکەی ڕەتدەکرایەوە. پاشان دوای توندوبوونی ململانێ سیاسییەکان و هەڵوەشاندنەوەی پارلەمان و لاوازبوونی دەسەڵاتی ئیتحادییەکان، لەپاش جووڵانەوەکەی (خەلاسکار زاپتان) / ئەفسەرانی فریادرڕەس لە 17ی یۆلیۆی 1912دا، کە لایەنگریی حیزبی حورییەت و ئیئتیلاف بوون، هەروەها دامەزراندنی حکومەتێکی غەیرەحیزبیی بەسەرۆکایەتیی ئەحمەد موختار پاشا، مەولان زادە دەرفەتی گونجاوی بۆ چاپکردنەوەی ڕۆژنامەکەی دەستکەوت و دوای 12 ڕۆژ جارێکی تر خولی چوارەمی بڵاوکردنەوەی سەربەستی دەستپێکردەوە، ئەوەی بەهەمان ڕێبازی ڕەخنەگرانەی پێشووەوە لەڕەخنەگرتن بەردەوام بوو. دیارە بڵاوکردنەوەی سەربەستی لەم خولەشدا هەر چەند مانگێکی خایاند، چونکە لە23ی یەنایەری 1913دا، ئەفسەرانی ئیتحاد وتەرەقی لاوازی حکومەت و شکستەکانیان لە جەنگی بەلقاندا قۆزتەوە و کودەتای سەربازییان ئەنجامدا. بەوەش دەسەڵاتی ڕەهای ئیتحادییەکان تاوەکوو کۆتایی یەکەمین جەنگی جیهانیی لە ئیمپراتۆرییەکەدا سەپێنرا، بەوەش ئەو ئازادییە هەندەکییەی کە بۆ عوسمانییە لیبراڵەکان ڕەخسابوو بەتەواویی پێچرایەوە و کار و چالاکیی سیاسی و چاپەمەنییان وەستا. بەڵام ئەم جارە ئیتحادییەکان بەبەرنامەیەکی تۆکمەترەوە کەوتنەکار و پلانێکیشیان بۆ زنجیرەیەک ڕیفۆرم لە بواری کارگێڕیی و پەروەردەیی و یاسایی و کۆمەڵایەتیشدا هەبوو کە گرنگترینیان ناناوەندگەرایی ئیداریی و سێکیولاریزەکردنی بواری دادگەریی و فێرکردن و ڕیفۆرم لە بواری خێزان و بایەخدان بەرەوشی ژنانی عوسمانیی.
$ئەڵقەی هەژدەیەم: مەولان زادە و خەبات لەپێناوی ئازادیی ژنانی عوسمانیی$
سەبارەت بە ژنان، ئاشکرایە کە لە قۆناغی دووەمی مەشروتییەت لەئیمپراتۆریی عوسمانییدا، بەتایبەتی لەسەرەتاکانی دەیەی دووەمی سەدەی بیستەم و پێش هەڵگیرساندنی یەکەمین جەنگی جیهانی، لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و خولیای مۆدیرنیزەکردن و لیبڕاڵیزەکردنی دەوڵەت و کۆمەڵگە و گەنگەشە ئایدیۆلۆژیەکان، قسەکردن لە مافەکانی ژنان و شوێنیان لەکۆمەڵ و هەروەها دامەزراندنی ڕێکخراوی ژنان و بڵاوکردنەوەی بیرو بڕوا فیمسنیستییەکان سەبارەت بە خێزان و ئەرکی ژن و خەونە ئاییندەییەکانی، بوونە مەسەلەو بابەتێک کە بۆ یەکەم جار بەشێوەی بەرفراوان و زانستییانە لەسەر شانۆی ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی، بەتایبەتی لە شاری ئەستەمبوڵی پایتەختی ئیمپارتۆرییەکە، قسەی لێوەدەکرێ و بیرۆکەی نوێ پێشکەش دەکرێ. دیارە هەر لەپەراوێزی ئەم دۆخەشدایە کە دواتر ژنانی کوردیش لەئەستەمبوڵ، تێکەڵ بەم ڕەوتە دەبن و ڕێکخراوی تایبەت بەخۆیان بەناوی کۆمەڵەی تەعالی ژنانی کورد لە ساڵی 1919 دا، دادەمەزرێنن. پێویستە بوترێت کە زۆرینەی هەرە زۆری پێشەنگانی بانگشەکردن بۆ مافی ژنان و ئازادییان لەئیمپراتۆرییەکە کەسانێکی بەڕەگەز کوردی وەک قاسم ئەمین و دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت و زیاگۆک ئالپ و مەولان زادە ڕیفعەت بەگ بوون.
وەک دەردەکەوێت، مەولان زادە ڕیفعەت کە لەم قۆناغەدا بواری کاری چاپەمەنیی ئەهلی ڕەخنەگرانەی سیاسیی لێگیراوە، زیاتر ڕووی لەچاپەمەنیی بواری کۆمەڵایەتیی و لەوبوارەشدا خەباتی ژنان لەپێناو ئازادیی و مافەکانی کردووە. ئەوەی ئۆفرا بینگۆ بە هەوڵێکی جیددی لەو قۆناغەی هۆشیاربوونەوەی نەتەوایەتییدا دەنرخێنێت کە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز و ئایین ئەنجامدراوە. ڕۆهات ئەلاکۆم، سەبارەت بە ڕۆڵی پێشەنگی مەولان زادە لە بواری بانگەشە بۆ ئازادی ژنان و تێکۆشانی لەپێناوی یەکسانی و بەدیهینانی مافەکانیان، نووسیویەتی:
یەک لەم کەسایەتییە کوردە سەرنجڕاکیشانەی ئەستەمبوڵ بێگومان ڕەفعەتی مەولانزادەیە کە لەکوردەکانی سلێمانییە، ساڵانێکی دوورودرێژ لە ئەستەمبوڵ ژیاوە، لەوێ وەک ڕۆژنامەنووسێک کاری کردووە. بەم هۆیەوە گەلێک جار گیراوە، دوورخراوەتەوە و بووەتە ئامانجی زنجیرە فشارێکی سیاسی. لە کۆتاییدا دەخرێتە لیستی سەد و پەنجا کەسییەکەوە و دەنێررێتە تاراوگە. تا ساڵی (1930) کە مێژووی کۆچی دواییەتی ژیانی لەژێر مەرجەکانی تاراوگەیی لە سووریا بەسەر بردووە. ڕەفعەتی مەولانزادە بەر لەوەی بنێررێتە تاراوگەی سووریا، کچێکی بەناوی (عولوییە) خانم (1893-1964) خواستووە، دوای هێنانی ناوی دەبێتە عولوییە مەولان، لە ساڵی (1913) ەوە بەڕابەریی عولوییە مەولان، بەناوی جیهانی ئافرەت-ەوە لەئەستەمبوڵ گۆڤارێکی ئافرەتان دەست بەدەرچوون دەکات. ناوە ناوە وەستانی تێکەوتووە، تا ساڵی (1921) بڵاوبوونەوەی بەردەوام بووە، نزیکەی (194) ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە.
جیهانی ئافرەتان لەنێو ئافرەتانی عوسمانییدا بێ ئەوەی جیاوازی لە ئایین و ڕێبازی ئایینی و ئەتنیکی بکا، بووەتە دەنگی تەواوی ئافرەتانی عوسمانی. لەم دەمانەدا بەنێو ئەو (وەرزییانە) ی ئافرەتان دەریان کردووە، یەک لە جددیترین و ناسراوترینی گۆڤارەکان (جیهانی ئافرەتان) ە. گۆڤارەکە هەر بەو ناوەوە چاپخانەیەکی هەبووە. وەک دواتر باسی لێوە دەکەین نیزامنامە (پەیڕەو پرۆگرامی) کۆمەڵەی تەعالی ئافرەتانی کورد کە لە ساڵی (1919) دامەزراوە، لەو چاپخانەیە لەچاپدراوە. ئەمەش ئەوە پێشان دەدا کە دەرگای گۆڤارەکە لەرووی هەر هەموو ئافرەتانی عوسمانی واڵاکراو بووە، ئافرەتی ڕۆم، ئەرمەنی، کورد، ئەرنائوت (ئەلبانی) و چەرکەس لەگەڵ گۆڤارەکەدا پەیوەندیی جیاجیان هەبووە.
دەرچوونی جیهانی ئافرەت، کاریگەرییەکی زۆر بەرپا دەکا. هەندێک لە ئۆرگانەکانی مێدیای ئەوروپی، شوێنیان بۆ دەرچوونی ئەم گۆڤارە تەرخان دەکرد، بۆ نموونە وەکو: Berlin Tageblat کەلەئەڵمانیا دەرچووە و Dagny کە لەسوید دەردەکرا، Odette Feldmann ی ڕۆژنامەنووسی ئەڵمان، لە ڕیپۆتاژێکدا کە لەگەڵ عولوییە مەولاندا ئەنجامی داوە، عولوییە مەولان ئەوە ڕادەگەیەنێ کە بیرۆکەی دەرکردنی گۆڤارێکی وەها بۆ یەکەمجار لەلایەن هاوسەرییەوە هاتووەتە گۆڕێ.
بابەتەکە لەژمارە 33ی گۆڤارە سویدییەکە و لەرێکەوتی 14ی ئۆگۆستی 1913دا لە ستۆکۆڵم بە ناونیشانی دونیای ژنان و نووریە خانم . گۆڤارێکی ژنانی تورکیی و سەرنووسەرەکەی بڵاوکراوەتەوە. شایەنی باسە، ئۆدیتا فیلدمان لە ئەستەمبوڵ چاوپێکەوتنەکەی ئەنجامداوە، سەرەتا بەوردیی پێناسەی ئەو گۆڤارە دەکات کە چەند مانگێکە لەئەستەمبول دەردەچێت و لەپێناوی ئازادیی ژناندا تێدەکۆشێت. پاشان باسی ناوەندی دەرچوونی گۆڤارەکەی کردووە کە لەماڵێکدا بووە بە لافیتەی سوور و سپی ناونیشانەکەی نووسراوە و لەوێ چاوی بە مەدام مەولان زادە ڕیفعەت بەگ کەوتووە کە نووریە خانمە، ئەو خانمەی کە هاوسەرگیریی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی و سەرنووسەری ڕۆژنامەی سەربەستی، مەولان زادە کردووەو بۆخۆشی سەرنووسەرە و گۆڤاری تایبەت بەخۆی هەیە. ئۆدیتا پاش ئەوەی باسی پێشوازییکردنی دەکات لەلایەن دووخانمەوەو پاشتر نووریە خانمی بینیوە و دەڵێت کە پێموابوو ژنێکی تورکیی ئەوروپیزە دەبینم کە چەن زمانێکی بێگانە وەی وەک ئینگلیزیی و فەرەنسیی و سویسری لەدایکییەوە فێربووبێت، بەڵام هەر ژنێکی ئاسایی تورکی بینوە کە چەند بەڵگەو پیزانینێکی لەلایەن بەرپرسانی تورکییەوە پێدراوە و وەک گەنجینەیەکی بەنرخی بنەماڵەکەی پاراستوونی. هەروەها باس لەکات و شوینی کارکردنی ژنەکان دەکات و ئاییندەی بەردەم ژنانی تورک کراوە دەبینێت.
دوای ئەوەی ئۆدیتا لەگەڵ نووریە خانم دەکەوێتە گفتوگۆ، پرسیاری لەبارەی جلوبەرگی ژنانی تورکیی و حیجابەوە لێدەکات و ئەویش بە پارێزەوە وەڵام دەداتەوە و پێی وایە پۆشینی هەر بەرگێکی سادە و داپۆشینی سەرو گەردن ئاساییە تەنانەت ئەگەر بەرگی ژنە لادێییەکیش بێت و بۆخۆشی لەسەرکردنی شەبقەی پێ خۆش نییە. دواتر باس لەو بابەتانە دەکات کە نووریە خانم ڕەوانەی گۆڤارەکەی کردوون بۆ بڵاوکردنەوە، لەوانە: مافی ژنان لە یۆنانی کۆن، هەروەها بابەتێکی بە ناونیشانی (بەرەو پێشکەوتن) لەگەڵ چەند شیعرێکدا. لەم دیدارەدا، جوانی ڕەونەقی ڕووی نووریە مەولان سەرنجی ئۆدیتای ڕاکیشاوە و پێی وایە ئەو پێچەوانەی زۆربەی ژنانی تورکە کە بەهۆی ئەوەی هەوای پاک هەڵنامژن و لەژینگەیەکی داخراودا دەژین ڕەنگیان زەرد و ڕوخساریان لاوازە. هەروەها پاش پرسیار لەوەی چۆن نووریە خانم ئەو هەموو زانیارییە فێربووە، نووریە خانم ڕایگەیاندووە بۆخۆی زۆر هەوڵدەدات و دەخوێنێتەوە و مێردەکەشی زۆر شتی فێرکردووە، هەروەها وتویەتی کە پێی خۆشە لە سەفەرەکانی مێردەکەیدا بۆ دەرەوە لەگەڵی بێت و سەبارەت بە پیرە لوتیی چیرۆکنووسی فەرەنسی ناودار هەر لە نووسینە تورکییەکانەوە ئاشنای بووە و ئامانجی گۆڤارەکەشی لەپێناو بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی و هاندانی پەرەوەردەیەکی مەعقولە لەخێزاندا و هاندانی ژنانیشە کە کاربکەن و بە ڕەنجی شانی خۆیان بژین، نەک تەنیا هەر لەماڵ دابنیشن و پشت بە مێردەکانیان ببەستن. دواتریش ئەو باسی لەوە کردووە کە بۆخۆی هیچ منداڵێکی نییە و کاتی خۆی بۆ گۆڤارەکەی تەرخان کردووە و ڕاشیگەیاندووە کە دەستوەردان لە سیاسەت و حیزبایەتیی ناکەن و بیرۆکەی بڵاوکردنەوەی ئەو گۆڤارەش هی مێردەکەی مەولان زادە ڕیفعەت بەگە.
$ئەڵقەی نۆزدەیەم: مەولان زادەو گۆڤاری دنیای ژنان و دنیای پیاوان$
دیارە کۆمەڵێک ژنی خاوەن بەهرە و قەڵەم لەم گۆڤارەدا بابەتیان بڵاودەکردەوە، لەوانەش جگە لە عولویە مەولان: ئازیز حەیدەر، ئەمینە سەحەر، موکەرەم بەلقیس، نیعمەت جەمیل، عەتییە شوکران، عەلیە جواد، سدیقە عەلی ڕەزا، نەبیلە عاکیف، سەفیە بیران و یەشار نەزیهە بوون.
جیهانی ئافرەتان، کە لە (28ی مایسی 1913) دامەزراوە و ئۆرگانی بڵاوکراوەی کۆمەڵەی بەرگریی لە مافەکانی ئافرەتان: (Mudafaa-I hukuk-I Nisvan Cemiyeti) بووە کە بەرگریی لە مافەکانی ئافرەتان دەکرد کە خاوەنی مافی یەکسانن لەگەڵ پیاواندا. ئەم کۆمەڵەیە دەرگاکانی بۆ هەموو ئافرەتە عوسمانییەکان دەکاتەوەو بێ ئەوەی جیاوازیی ئایین و ڕێبازی ئایین بە بەرچاوەوە بگرێ لەپێناو هەر هەموو ئافرەتانی عوسمانی لە تێکۆشاندا بووە. بۆ نموونە ئافرەتێکی بەرگریکاری مافەکانی ئافرەتان کە ناوی نەزیهە محێدین بووە ڕەخنەی لە عولوییە مەولانی ئەندامی ئەکتیڤی کۆمەڵەکە گرتووە، بەوەی کە ئەم کۆمەڵەیە لەلایەن ڕفعەتی مەولانزادەی هاوسەری عولوییەوە مەولانەوە دامەزراوە، بەو جۆرە هەوڵی داوە، عولوییە مەولان گچکە بکاتەوە. ئەگەر پێویست بە چڕکردنەوە هەبێ، لەبارەی کۆمەڵەی بەرگریی لەمافەکانی ئافرەتان (جەمعییەتی مودافەعەی حقووقی نسوان) یش و ئەو گۆڤارەی جیهانی ئافرەتانیش کە کۆمەڵە دەریکردووە و ئەو لێکۆڵینەوانەی کراون لەبارەی ڕەخنە و ڕەخنە لێ گرتنەوە، ڕفعەتی مەولانزادە کە ڕۆشنبیرێکی کوردە، وەکوو کەسایەتییەکی گرنگ دێتە بەرچاوان.
لەم گۆڤارەدا کەناوی جیهانی ئافرەتانە، ناوە ناوە بابەتی ئافرەتی کوردیان لەبابەتی ئافرەتاندا جێ بۆ دیدو بۆچوونی کوردەکان کراوەتەوە. لەژمارەیەکی گۆڤارەکە ڕوونەپۆشینی ئافرەتانی کورد و جلوبەرگی ئافرەتان و جیاوزییەکانی لە کوردستان سەرنج ڕادەکێشێ.
لەم ساڵانەدا، ئافرەتێک (کچێک) بەناوی (بەلقیس خانم) بۆ یەکەم جار کە سواری فڕۆکە دەبێ بە ئاسمانەکانی ئەستەمبوڵدا دەفڕێ. ئەم بابەتە لەم ساڵانەدا دەبێتە ڕووداویکی گەورە. لەژمارەیەکی دیکەی گۆڤارەکەدا ئەوە ڕادەگەیەنرێ کە ڕفعەت مەولانزادەی ڕۆشنبیری کورد و سوورەیا بەدرخان، کەوتوونەتە پەیوەندی کردن بە دەسەڵاتدارانی دەوڵەت و ڕێیان بۆ ئەم فڕینەی بەڵقیس خانم خۆش کردووە.. لە ژمارە (100) ی گۆڤارەکەدا، لەبارەی ئەو ئافرەتە کوردەی ناوی قەرەفاتمەیە.. نووسینێک لەبارەی ئەو سەفەرەی ئەستەمبوڵییەوە دەردەچێ و لەنووسینەکەدا کوردبوونی قەرەفاتمە دیاردەکا. لەلایەکی دیکەوە وێنەیەکی قەرەفاتمە کە ساڵی (1867) لە گۆڤاری (Le Tour de Monde ) دا دەرچوو بوو لەم ژمارەیەدا دەبێتە وێنەی سەربەرگ.
لەهەندێک ژمارەی ئەم گؤڤارەدا کە ناوی (جیهانی ئافرەتە) ە ناوناوە پەندی پێشینان و قسە بەناوبانگەکان بڵاودەکرێتەوە، بۆ نموونە لە ژمارەی (123) ، هەندێک قسەی گرنگی هەندێک لە سیما کوردە ناسراوەکانی وەکوو عەبدوڵڵا جەودەت، کامەران بەدرخان و ئەحمەدی خانی بڵاودەکریتەوەو لێرەدا ئەحمەدی خانی وەک شاعیرێکی کورد دەناسێنرێ. لە (122) ژمارەی جیهانی ئافرەتاندا، نووسینێکی ئافرەتیکی کوردی بەناوی (فاتۆ نالی) یەوە دەردەچێ. فاتۆ نالی لە نووسینەکەیدا باس لە کوردێکی بەدیل گیراو دەکا. ئەم کوردە بەستەزمانەی ناوی قاسم بووە لەجەنگی بالکاندا بەدیل کەوتووەتە دەست بوڵگارەکان. لە ڕۆژنامەکەدا وێنەی قاسمیشی تێدایە، ئەو نیگەرانییەی تووشی بووە، لەوێنەکەدا بەڕوونی دیارە. فاتۆ نالی لە نووسینەکەیدا دەیەوێ سەرنج بۆ ئازاری قاسم و ئەو مرۆڤانەی وەک قاسمن ڕابکێشێ.
هەروەها سەبارەت بە چالاکیی مەولان زادە ڕیفعەت بەگ لەم بوارەو تایبەت بە بابەتەکانی، ئاڵاکۆم دەنووسێت: لەبابەتێکی سەرنجڕاکێشدا، لەژمارە (163) بەولاوە، ڕفعەت مەولان دەبێتە بەڕێوەبەری گۆڤارەکە. لەلایەکی دیکەوە، بە ئامانجی ئەوەی سەرلەنوێ بەرپرسییەتییان بە بیری پیاواندا بهێنێتەوە، ڕفعەتی مەولانزادە ئەم جارەیان ساڵی (1914) گۆڤارێکی دیکەی بەناوی جیهانی پیاوان دەردەکا. یەک لەگەورەترین ئامانجەکانی گۆڤارەکە هێنانەدی نزیکبوونەوە بووە لەنێوان جیهانی ئافرەتان و جیهانی پیاواندا. گۆڤارەکە بڵاوکردنەوەی چەمکی (جیهانی مرۆڤ) بەناو کۆمەڵدا بەئامانج دەگرێ.
لەراستییدا گۆڤاری جیهانی پیاوان (ارککلر دنیاسی) تاقە ژمارەیەکی لە 19ی یەنایەری 1913دا، دەرچووە و تیایدا هەوڵی پێشاندانی کێشەی ژنان دراوە لە دیدو تیڕوانینی پیاوانەوەو هەوڵدراوە بەرپرسیارێتیی پیاوان لەهەمبەر ژناندا وەبیری پیاوان بهێنرێتەوەو هانی پیاوانی داوە کە هاوکاری ژنانی عوسمانیی بکەن لەبەدیهێنانی مافەکانیان و گەیشتن بەخەونەکانیان، جگە لەوەی باسی گرنگی خێزان کراوە وەک یەکەیەکی کۆمەڵایەتی و پاشان چۆنێتی پێکهێنانی خێزان بە شێوەی سونەتی لە کۆمەڵگەی عوسمانیدا ڕەخنەکراوە بەوەی کە لەلایەن چەند دەڵاڵێکەوە ڕێکدەخرێت و هەرەیەک لەپیاو و ژنەکە ئاگادارنین و وەک ئەوە وایە کە گرێبەست لەنێوان دوو تەرمدا ببەسترێت کە هیچ هەست و سۆزێکیان بۆ یەکتری نییەو خێزانێکی پڕکێشە و خەمباری لێ دەکەوێتەوە. مەولان زادە ڕیفعەت بوونی هاوسۆزیی و هاوفیکریی و هاومەزاجی و هاوشێوەکانی دیکە، بە پێویستیی گرنگ لە بنەماکانی خێزان زانیوە، هەر بۆیە داوایکردووە کە پیاوان و ژنان لەپێش هاوسەرگیرییدا پێویستە یەکتری بناسن و لەیەکتر تێبگەن، بەویست و ئیرادەی خۆیان یەکتری هەڵبژێرن، هەر ئەوەشە بنەمای خێزانێکی بەختیارو سەرکەوتوو پێکدێنێ و وادەکات ژن و پیاو بتوانن وەک خێزانێک لەژێر بنمیچێکدا بژین و بەردەوام بن. بۆ ئەوەش چەندین وێنەی خێزان و هاوسەری هاوچەرخی لەو گۆڤارەدا دابەزاندووە کە ئاماژەن بۆ خۆشەویستی و بەختەوەریی و یەکسانی.
مەولان زادە ڕیفعەت بەگ، یەکێکە لەو ڕۆشنبیرە دەگمەنانەی سەردەمەکەی خۆی کە بەوردیی بیری لە کێشەکانی ژنانی کۆمەڵگەکەی کردۆتەوەو پاڵپشتیی خۆی بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان و خەباتیان لەپێناو بەدیهێنانی یەکسانیی پێشانداوە. هەروەها داوای کردووە کە توێژە نەخوێندەوار و نەفامەکانی کۆمەڵگە لەو کێشەیە و مافەکانی ژن بەئاگابهێنرێنەوە، ژنان دەبێت لەکۆمەڵگەی عوسمانیی هەروەک ژنانی دنیای هاوچەرخ شوێنی شیاوی خۆیان لەتەواوی پێگەکانی ژیان بەدەستبێنن و لەرووی کۆمەڵایەتیشەوە تەواوی مافەکانیان بێنەدی و پیاوی پابەندکردووە بە پشتگیریی ئەو خەباتەی ژنان. لە ڕووەشەوە پێی وایە کە گۆڤاری جیهانی پیاوان دەتوانێت ئەرکی هۆشیارکردنەوەی پیاوانی عوسمانیی سەبارەت بە مافەکانی ژنان و تێڕوانین لە کێشەکانیان بەشێوەیەکی ڕۆشنبیرانە ببینێت و بانگەشەی جیهانێکی نوێ بکات کە دژی هەڵاواردنی ڕەگەزیی و پوازلێدان بێ لەنێوان ژن و پیاودا بەو بیانووەی لەرووی فیزیکیی و تایبەتمەندییەکانیانەوە لەیەکتری جیاوازن. ئەو بانگەشە بۆ جیهانێک دەکات جیهانی مرۆڤایەتیی بێت و یەکسانی ڕەگەزیی لەرووی یاسایی و ئینسانییەوە تێدابەدێبێت و لەوەشدا ئومێدی بە لاوان و نەوەی نوێ و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی و خوێندەواریی بووە لەنێویاندا.
$ئەڵقەی بیستەم: دەرکەوتنەوەی مەولان زادە ڕیفعەت لە پاش جەنگ و بەشێک لە چالاکییە سیاسیی و ڕۆژنامەوانییەکانی$
پاش کودەتای ئیتحادییەکان لە یەنایەری 1913و سەپاندنی دەسەڵاتی ڕەها و تاکڕەوی خۆیان بەسەر ئیمپراتۆرییەکە و وابەستەکردنی باڵادەستی تۆڕانیزم وەک ئایۆلۆژییاکی ڕەگەزپەرستیی و فراوانخوازیی فەرمیی حوکمی دکتاتۆریی سێکوچکەی ئەنوەر-تەڵعەت-جەمال پاشا و وابەستەکردنی دەوڵەتی عوسمانیی بە ئەڵمانیای فراوانخواز و گلاندنیان بە یەکەمین جەنگی جیهانییەوە، کە کارەساتێکی گەورەی بەسەر جیهان و گەلانی ئیمپارتۆرییەکەدا هێنا، ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی بەتەواوەتی لەم قۆناغەدا کپکراو ڕێگە بەهیچ بیرو چالاکییەکی دژبە دەسەڵات و بڕوای فەرمیی ئیتحادییەکان لە دەوڵەتی عوسمانییدا نەدرا. بەڵام پاش شکستی عوسمانییەکان لەجەنگدا دۆخەکە گۆڕانێکی خێرای بەسەرداهات.
مەولان زادە، کە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ژیانی لەو قۆناغەی سەرەوەدا بەرچاو ناکەوێ وادیارە وەک هەر ئازادییخوازێکی دیکەی کورد و عوسمانیی، چالاکی و کاری سیاسی لێ قەدەغەکراوە. بەڵام دوای شکستی ئیمپراتۆرییەکە لەجەنگ و هەڵاتنی سەرانی ئیتحادییەکان، ڕاستەوخۆ مەولان زادە لەسەر شانۆی سیاسی و چالاکی بەرهەڵستکاریی و ئازادیخوازییەکانی دەردەکەوێتەوە. ئەو کە هەمیشە نەیارێکی سەختی ئیتحادییەکان بوو، هەموو ئەو کارەساتانەی کە لە ماوەی دە ساڵی پێشوودا بەسەر وڵاتدا هاتبوون، بە ئۆباڵی ئەوانیدا دەدا و پێی وابوو کە ئەوان ڕاستە لەجەنگەکە دۆڕاون بەڵام لەنێوخۆدا، خواست و ماتەوزەیەکی گەورەیان هەیە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخەکە و بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێن بۆ بەدەستهێنانەوەی دەسەڵات لەقاوغێکی تردا. هەروەها مەولان زادە کە بۆ خۆی لە فیرقەی حوریەت و ئیئتیلافەوە نزیکبوو، پێی وابوو ئەوانیش لەدۆخێکی وادا نین کە بتوانن درکی ئەو کارەسات و نەهامەتیی و لەمپەڕە قوورسانەی داهاتوو لە بەردەم وەرچەرخانێکی نوێی ئیمپراتۆرییەکە و گۆڕانی ڕیشەیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییدا بکەن. لەبەرئەمە، هەر زوو دوای جەنگ بڕیاریدا کە خۆی و ژمارەیەک لە هاوبیرەکانی وەک: ئەمین عالی بەدرخان، عەزیر بابان، ڕاجیب بەگ و محەمەد فایەق بەگ، کە دوژمنێکی سەرسەختی ئیتحادییەکان بوو، هەفتەیەک پێش ڕاگەیاندنی فەرمی ئاگربەستی مۆدۆرۆس، لەرۆژی 22ی ئۆکتۆبەری 1918دا، دامەزراندن پارتێکی سیاسی ڕادیکاڵ بەناوی (رادیقال عوام فرقەسی / پارتی ڕادیکاڵی خەڵک) ڕابگەیەنن و ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەش بەناوی انقلاب بشر / شۆڕشی مرۆڤ وەک زمانحاڵی پارتەکە لە 25ی ئۆکتۆبەری 1918ەوە، چاپ و بڵاوبکەنەوە، کە خودی مەولان زادە خاوەن و بەڕێوەبەری بوو.
لەپاش سەرکوتی تەواوی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی وڵات لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، دامەزراندنی پارتی ڕادیکاڵی خەڵک بەسەرۆکایەتیی مەولان زادە ڕیفعەت بەگ، یەکەمین ڕێکخراوی سیاسی ئۆپۆزسیۆنە کە لەدەرەوەی پارلەمان دامەزراوە و جەخت لەسەر گۆڕانکاریی ڕیشەیی بکاتەوە. ئەم پارتە پێی لەسەر یەکسانی تەواویی ڕەگەزەکانی عوسمانیی و هاووڵاتییبوون و ناناوەندگەرایی سیاسی و پێداگرتن لەسەر بەها نیشتمانییەکان و دیموکراسی و هەڵبژاردنی ئازاد و ناچینایەتیی کۆمەڵایەتی و دامەزراندنی ستراکتۆرێکی نوێ بۆ حکومەت دادەگرت.
ڕۆژنامەی انقلاب بشریش کە لەرۆژی 27ی یەنایەری 1919ەوە، ناوەکەی گۆڕاوە بۆ حقوق بشر / مافی مرۆڤ وەک زمانحاڵی پارتی ڕادیکاڵ، کۆمەڵێک هەواڵ و باسی زۆر گرنگ و تایبەتی لەخۆگرتووە، ئەم ڕۆژنامەیە کە لەدوو لاپەڕە پێکهاتووە، جگە ناساندنی بەرنامەو ئامانجەکانی پارتی ڕادیکاڵ و بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی ڕۆژ و ئەو وتارانەی سەبارەت بە مەجلیس و حکومەت و گۆڕانکارییەکانی، سەبارەت بە هەواڵەکانی دەرەوە و کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گەلان و قسەکردن لە ئاگربەستەکەو هەواڵی شاری ئەستەمبوڵ و ویلایەتەکانیش، زانیاریی لەخۆگرتووە. لەوەش زیاتر هەواڵی شکست و هەڵاتنی سەرانی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی و پەردە هەڵدانەوە لەسەر تاوانەکانیان دژی گەل و وڵات و پێداگریی لەسەر دامەزراندنی دادگا بۆ سزادانیان و هەواڵەکانی بابەتی جیاواز بڵاوکراوەتەوە. هەروەها چەندین وتار بۆ دەرخستنی مێنتەڵیتە و زهنییەتی ئیتحاد و تەرەقی و ڕوونکردنەوەی پایە نوێکانی لیبراڵی حوکمی هاوچەرخ و باسکردنی عەدالەت و مافی مرۆڤ و ئازادییەکان و پێداگریی لەسەر فرەرەگەزیی ئیمپراتۆرییەکە، بەتایبەتی شاری ئەستەمبوڵ کە بەشاری یۆنانیی و ئەرمەنیی و مۆزائیکێکی ڕەگەزیی وێناکراوە، چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
شایەنی باسە، ئەم ڕۆژنامەیە چەند بابەتێکی زۆر گرنگی لەو قۆناغەدا بڵاوکردۆتەوە، کە پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە. بۆ نموونە، لە لاپەڕەی یەکەمی ژمارەی 21 ی خۆیدا، کە لەرۆژی هەینی ڕێکەوتی 15ی نۆڤەمبەری 1918دا، چاپ و بڵاکراوەتەوە، بابەتیکی لەژێر ناونیشانی اوراق واردە. ژین کرد مجموعەسی محررلرینە / کاغەزە هاتووەکان. کۆمەڵەی دەرهێنەرانی ژینی کورد بڵاوکردۆتەوە باسی گرنگی بڵاوکردنەوەی گۆڤاری ژین دەکات بۆ گەلێکی وەک کورد کە هەرچەندە خاوەنی فەزیلەتن بەڵام لەکاروانی خوێندەواریی وشارستانیی بەجێماون و تەشکیلاتی سیاسییان تاقی نەکردۆتەوەو لەمەحرومییەتدا ژیاون. هەر بۆیە لەگەڵ ئەو پێشکەوتنەی ئێستاکە لە جیهان و هەروەها وڵاتی عوسمانیشدا هاتۆتە ئارا ئەم جۆرە کارانە بایەخێکی گەورە بۆ کورد هەیە و دەبێت مەودای هۆشیاریی فراوان بێت. چونکە هەر هۆشیارییە میللەت بەهێزدەکات و هەستی دادپەروەریی و خۆشەویستی ئازادیی تێدا بەهێز دەکات. وڵاتانی وەک فەرەنسا و هەروەها ئەمریکاش بەهۆی ئازادیی وسەربەستییەوە جیهانیان گرتۆتەباوەش، جا چ کورد و چ تورک و هەموو ڕەگەزەکانی عوسمانیی دەبی بۆ ئەمە ئامادەبن..
هەروەها لەلاپەڕەی یەکەمی ژمارەی دوای ئەو واتە ژمارە 22، کە ڕۆژی شەممەی ڕێکەوتی 16ی نۆڤەمبەری 191دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، کامەران بەدرخانی کوڕی ئەمین عالی، بابەتێکی بە ناونیشانی کردستان مسئلەسی / پرسی کوردستان نووسیوە، لەوبابەتەدا سەرەتا داخ و کەسەری خۆی سەبارەت بە دۆخی وڵات و شێوەی دەوڵەتداریی و سیاسەتی حوکمدارانی پێشوو دەردەبڕێت و باس لەدەرکەوتی جووڵانەوە ڕەگەزییەکان دەکات لەبەلقان و ئەوروپا، پاشان ئەو دۆخە نالەبارە دەخاتە ڕوو کە لەکاتی یەکەمین جەنگی جیهانی لە وڵاتەکەدا بەسەر عەرەب و کورد و ئەرمنیاندا هێناوە. هەروەها ئێستاکە دۆخێک هاتۆتەپێش کە حکومەتە کۆنەکان ناتوانن سەبارەت بەهەلومەرجە نوێیەکە کە لەئەروپاو هەموو شوێنێکی دیکە دەرکەوتەوە، وەڵامدەر بن. دواتر دێتە سەرباسی ڕەوشی کوردستان و دەڵێت کە ڕۆژنامەکان باس لە مەغدوریەتی عەرەب و ئەرمەنیی و یۆنانیی و تورک دەکەن و هەموو میللەتەکان مافی میللی خۆیان دەخوازن. بەڵام ئەوەی سەیرە کە بۆچی باسێک لە کوردستان ناکرێ. لەگەڵ ئەو هەموو غەدەری کە دەرماف بە کورد کراوە و لەو لایەنەوە بڕوایەکی پوچ هەیە کە لەکڵاوڕۆژنەی تورکانەوە سەیر کورد دەکرێ، لەکاتێکدا کورد لە هیچ کاتێکدا تورک نەبووە. لەکاتێکدا کورد و تورک پەیوەستەگیی مێژووییی و ئایینییان پێکەوە هەیە، توانای ژیانی هەر میللەتێک پەیوەستە بەتوانای بیرمەندەکانی بۆ ژیانەوەو بەشارسانییکردنی میللەتەکە. ڕەگەزە جیاوازەکانی دەوڵەتی عوسمانیی کە دەستوور هەموو مافەکانیانی لەبەرچاوگرتووە، ڕێز لەمافەکانی تورک و یۆنانیی و عەرەب و ئەرمەنیی و جوولەکە دەگرێت و بابەتی باسن. سەبارەت بە کوردان و حکومەتی عوسمانی لە کوردستانیش، هەروەها لەلایەن نوێنەرانی کوردیش لە مەجلیس و زانیان و شاعیران و پیاوانی ژیر ئەم دۆخە لەبەر چاوبگرن.
[1]
ئەم بابەتە 683 جار بینراوە
هاشتاگ
سەرچاوەکان
فایلی پەیوەندیدار: 1
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 7
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
پۆلێنی ناوەڕۆک: ژیاننامە
پۆلێنی ناوەڕۆک: دۆزی کورد
پۆلێنی ناوەڕۆک: مێژوو
پۆلێنی ناوەڕۆک: چیرۆکی ڕاستینە
جۆری دۆکومێنت: زمانی یەکەم
جۆری وەشان: دیجیتاڵ
زمان - شێوەزار: کرمانجیی ناوەڕاست
شار و شارۆچکەکان: ئەستەمبوڵ
شار و شارۆچکەکان: ئامەد
فۆڵدەرەکان: کوردانی تاراوگە
وڵات - هەرێم: تورکیا
وڵات - هەرێم: باکووری کوردستان
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
کوالیتیی بابەت: 99%
99%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( ڕاپەر عوسمان عوزێری )ەوە لە: 02-04-2023 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( ڕۆژگار کەرکووکی )ەوە لە: 02-04-2023 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( ڕاپەر عوسمان عوزێری )ەوە لە: 11-04-2023 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە بەپێی ستانداردەکانی کوردیپێدیا هێشتا ناتەواوە و پێویستیی بە داڕشتنەوەی بابەتی و زمانەوانیی زۆرتر هەیە!
ئەم بابەتە 683 جار بینراوە
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
ژیاننامە
مەریوان زەنگەنە
ژیاننامە
مهناز کاوانی
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
ژیاننامە
بەناز عەلی
کورتەباس
قڕانی مانگا
پەرتووکخانە
ژیان و پێویستی سۆزوەرگرتن و سۆزبەخشین
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
وێنە و پێناس
کۆمەڵێک لە گەنجانی هەولێر لە هاوینەهەواری شێرەسوار ساڵی 1995
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
وێنە و پێناس
سێ گەنجی کەلار لە بەغدا
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
ئەو قاچەی بەجێماوە
کورتەباس
غەڵبە غەڵب
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
ژیاننامە
عەبدولخالق ئەحمەد 2
وێنە و پێناس
چوار گەنجی شارۆچکەی شێخان ساڵی 1999
وێنە و پێناس
چوار گەنجی گوندی پێباز لە کەلار ساڵی 1987
کورتەباس
گۆرانی ی کوردی زازاکی
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
پەرتووکخانە
دێڕگەلێک لە نەقڵ و عەقڵ و هزردا
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
ژیاننامە
یەسنا حەبیب
وێنە و پێناس
گەنجانی گوندی نەیبەسەرەی شارەدێی شوان ساڵی 1983
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
ژیاننامە
محەمەد باوەکر
کورتەباس
ڤایرۆسی رووەکی
ژیاننامە
کریڤان سالار عەبدولڕەحمان
پەرتووکخانە
ناوم گوناحە
کورتەباس
دوو گۆرانی ی فۆلکلۆری-خەلیل بەگ-دینەکەم دینێ
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1

ڕۆژەڤ
ژیاننامە
دانا جەلال
03-10-2010
هاوڕێ باخەوان
دانا جەلال
ژیاننامە
زیاد ئەسعەد
02-06-2014
هاوڕێ باخەوان
زیاد ئەسعەد
بڵاوکراوەکان (گۆڤار، ڕۆژنامە و ...)
یادنامە
16-12-2021
هاوڕێ باخەوان
یادنامە
ژیاننامە
سامان عوسمان دەروێش
14-04-2023
سەریاس ئەحمەد
سامان عوسمان دەروێش
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
17-04-2024
زریان عەلی
فەیروز ئازاد
 چالاکییەکانی ڕۆژی
بابەتی نوێ
ژیاننامە
کریڤان سالار عەبدولڕەحمان
28-04-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
یەسنا حەبیب
28-04-2024
شادی ئاکۆیی
پەرتووکخانە
ناوم گوناحە
28-04-2024
کشمیر کەریم
پەرتووکخانە
ئەو قاچەی بەجێماوە
28-04-2024
زریان سەرچناری
پەرتووکخانە
ژیان و پێویستی سۆزوەرگرتن و سۆزبەخشین
28-04-2024
سەریاس ئەحمەد
شوێنەکان
تەلان
27-04-2024
سەریاس ئەحمەد
پەرتووکخانە
دێڕگەلێک لە نەقڵ و عەقڵ و هزردا
27-04-2024
کشمیر کەریم
ڤیدیۆ
ئەکتەران چۆن باسی شاژنی کۆمیدیا بەیان بۆمبا دەکەن؟
27-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
شوێنەکان
سوورداش
26-04-2024
سەریاس ئەحمەد
کارە هونەرییەکان
ژنێک بە جلی کوردییەوە
26-04-2024
شادی ئاکۆیی
ئامار
بابەت 517,439
وێنە 105,714
پەرتووک PDF 19,160
فایلی پەیوەندیدار 96,492
ڤیدیۆ 1,307
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
ژیاننامە
مەریوان زەنگەنە
ژیاننامە
مهناز کاوانی
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
ژیاننامە
بەناز عەلی
کورتەباس
قڕانی مانگا
پەرتووکخانە
ژیان و پێویستی سۆزوەرگرتن و سۆزبەخشین
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
وێنە و پێناس
کۆمەڵێک لە گەنجانی هەولێر لە هاوینەهەواری شێرەسوار ساڵی 1995
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
وێنە و پێناس
سێ گەنجی کەلار لە بەغدا
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
ئەو قاچەی بەجێماوە
کورتەباس
غەڵبە غەڵب
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
ژیاننامە
عەبدولخالق ئەحمەد 2
وێنە و پێناس
چوار گەنجی شارۆچکەی شێخان ساڵی 1999
وێنە و پێناس
چوار گەنجی گوندی پێباز لە کەلار ساڵی 1987
کورتەباس
گۆرانی ی کوردی زازاکی
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
پەرتووکخانە
دێڕگەلێک لە نەقڵ و عەقڵ و هزردا
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
ژیاننامە
یەسنا حەبیب
وێنە و پێناس
گەنجانی گوندی نەیبەسەرەی شارەدێی شوان ساڵی 1983
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
ژیاننامە
محەمەد باوەکر
کورتەباس
ڤایرۆسی رووەکی
ژیاننامە
کریڤان سالار عەبدولڕەحمان
پەرتووکخانە
ناوم گوناحە
کورتەباس
دوو گۆرانی ی فۆلکلۆری-خەلیل بەگ-دینەکەم دینێ
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.42
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 0.5 چرکە!