ناونیشانی بابەت: ئازادبوونی مەحموود پاشا لە بەڵگەنامەیەکی قاجارییدا
ئامادەکردن: د. #هەردی مەهدی#
ئازادبوونی مەحموود پاشای سەرۆک هۆزی جاف لە ئەستەنبوڵ لە بەڵگەنامەیەکی قاجارییدا
بە گوێرەی ئەم بەڵگەیە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە، ئەو کاتەی کە دەوڵەتی عوسمانی، مەحموودپاشای جاف (1846-1921) بانگهێشتی ئەستەنبوڵ دەکات و لەگەڵ گەیشتنیدا، لەوێ دەستبەسەر دەکرێت، پاش ئەوە لە ساڵی 1892 دەگوترێت هەڵدێت، یاخود بە گوێرەی ئەم بەڵگەیە ئازاد دەکرێت، دەستبەجێ ناوبراو ئەو شارە بەجێدەهێلێت و لە ڕێی قەوقازەوە خۆی دەگەیەنێتە باکووری وڵاتی قاجار (ئێرانی هەنووکە) تا لەوێوە بگاتە تاران و ڕوودەکاتە شاری ڕەشت و وەک دەردەکەوێت خزمانی و پیاوەکانی لە کوردستانەوە ئاگادار دەکاتەوە، تا هەم وەک پشتیووانی و وەک پێشوازیش خۆیان بگەیەننە شاری ڕەشت. بەڵام سەدری ئەعزەمی قاجار، حکومەتی مەحەلی گیلان ئاگادار دەکات کە زۆر پرۆتۆکۆلی و پێشوازی فراوانی لێ نەکەن، تا هەست نەکات خاوەن پێگە و کەسایەتییە، وەک لە کۆتایی بەڵگەکەدا سەدری ئەعزەم نووسیوویەتی: ” قەدەغەی بکەن کە ڕێکارەکانی ڕێزگرتن بۆ ئەو ئامادە بکەن تا وا بیرنەکاتەوە خۆیی و کەسەکانی بەڕێز [خاوەن پێگەن].”
لەبەڵگەنامەکەوە دەردەکەوێت، حکومەتی قاجار نیگەرانە و ترسی هەیە، سەرچاوەی ئەم ترسەش لە سێ حاڵەت بەدەر نییە:
1. لە ترسی دەوڵەتی عوسمانی و نیگەرانی ئەوەی پەیوەندییەکانیان تێکبچێت کە “یاخییەک”یان داڵدە داوە. 2. یان ترس لە هەژموونی مەحموود پاشای جاف لە هەڵگەڕانەوە و درووستکردنی کێشەی ئاساییشیی و کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ قاجار.
3. یاخود لە ترسی هەردوو خاڵی پێشوو پێکەوە. کە سیناریۆی بەهێز ئەوەیە دەوڵەتی قاجار ڕەچاوی هەردوو ترسەکەی کردووە، چونکە ناوبراو کوردە و هەمیشە لە سیستمە ناوەندگەرا و دەسەڵاتە خۆسەپینەکانی فارس و تورک لە هەر هەلێکدا بۆیان لوا بێت یاخی بوون و نارەزایەتیان بە هەر شێوەیەک بێت نواندووە.
=KTML_Bold=ناساندنی بەڵگە:=KTML_End=
شوێنی پاراستنی ئۆرجیناڵی بەڵگە: دامەزراوەی بەڵگە و پەڕتووکخانەی نەتەوەیی ئێران/ یاریدەدەرێتی بەڵگە نەتەوەییەکان. پاراستنی ئەلیکترۆنی: ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لایەنی دەرکەر: وەزارەتی نێوخۆی قاجار لە تاران بۆ: حکومەتی مەحەلی گیلان لە ڕەشت نێرەر: سەدری ئەعزەم ئەمینووسوڵتان (امین السلطان) [علی اسغر خان اتابک اعظم]* وەرگر: موئەیەد ئەلدەولە حوکمڕانی گیلان.
نێوەڕۆکی بەڵگە: جێگری شایستەی بەڕێزی باڵا موئەیەدودەولەی حوکمڕانی گیلان بەختی باشی بەردەوام بێت، وەک ئەوەی هەواڵ گەیشتووە، مەحموودپاشای سەرۆک هۆزی جاف کە لە ئەستەنبوڵ دەستبەسەر کرابوو لەوێ ئازاد کراوە و بە ئاڕاستەی ڕەشت هاتووە لایەنگرانی ئەویش لە کوردستانەوە بەرەو ڕەشت بەڕێ کەوتوون، ئەڵبەتە ئێوە لێکۆڵینەوە بکەن هەر کاتێک مەحموود پاشا هاتە ڕەشت بەزوویی ئاگادارمان بکەنەوە و قەدەغەی بکەن کە ڕێکارەکانی ڕێزگرتن بۆ ئەو ئامادە بکەن تا وا بیرنەکاتەوە خۆیی و کەسەکانی بەڕێز [خاوەن پێگەن]ن. و زانیارییەکانی خۆتان لە ڕێگەی تێلگرافەوە بنێرن. ئەمینووسوڵتان، 9ی سەفەر [1309ک/1892ز] —— *عەلی ئەسغەر ئەمینووسوڵتان (1858-1907.ز) ، سەدری ئەعزەم[وەزیری یەکەم، سەرۆک وەزیران]ی پاشای ناسرەدین شای قاجار بوو، لە گورجییەکانی ئەو قەڵەمرەوییە بوو. پاش مردنی ئیبراهیم ئەمینووسوڵتانی باوکی، شوێنی وی گرتەوە و سەدری ئەعزەمی هەرسێ پاشای قاجار ناسرەدین، موزەفەر و محەمەدعەلی شا بووە. [1]