ڕۆشنبیران و شۆڕشی ئۆکتۆبەر
#09-07-2023#
نووسینی: ڕامین جیهانبەگلوو
وەرگێڕانی: سوورێن ئیبراهیم
ئەم تێچنە گوزارشتە لە هەڵکشان و لەچێوەدانی خەیاڵ و ئیدیاڵ و بیرە مەزنەکانی مرۆڤایەتیی لە چێوەی دەوڵەت نەتەوەدا، دەوڵەت نەک ناتوانێت ئازادیی بۆ مرۆڤان فەراهەم بکات، بەڵکوو کاتێک خەون و ئاسۆ و کەڵکەڵەی نێو بیری ڕۆشنبیران بەرەو نێو لەپی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و دەوڵەت دەخزێن، ئیتر بەم ڕەنگە شیکاریی و هەڵسەنگاندن و خەیاڵەکان لە بەردەم خوادەوڵەت و لە میحرابی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا گۆشاوگۆش سەردەبڕدرێن. لێرەدا چەمکی دەسەڵات تا دواڕادە ڕۆڵ لەم بارگۆڕانەی شۆڕشدا وازیی دەکات. ئەزموونی ڕووسیای سۆڤێتیی هەڵپلانی خەونێکە لەنێوان ڕۆڵی ئەو ڕۆشنبیرانەی تەمی لیبراڵیزم خەریکە ڕێوێڵکەیان دەکات لەگەڵ کۆمەڵێک پێشەنگ و ڕابەر و شۆڕشگێڕ، کە ئاگا یان نائاگا، بۆ نێو دۆزەخی دەوڵەتخوا هەڵدەخلیسکێن، ڕووسیای سۆڤێت هێمای گەنینی پێشەنگ و شۆڕشە کاتێک هەموو هێلکەکانیان دەخەنە سەبەتەی دەوڵەت نەتەوە! دەوڵەت وەک ئەو دیاردەیەی لەگەڵ پێهەڵگرتنی سیستەمی پیاوسالاریی (ڕاوچی-پیاو-شامان)دا بیچم دەگرێت و لای ئۆجەلان ناساندنی بە (دڕندەیەکی وەک لیویاتانی نێو تەوڕات) هێژای شیکارییە. یۆنگ دەیوت هەموو شتەکان ئارەزووی دژەکەی خۆیان تێدا خەوتووە، ئەمە یادهێنەرەوەی یاسایەکی هیراکلیتۆسە کە پێی وابوو؛ هەموو شتێک درەنگ یان زوو وەردەچەرخێتە سەر دژەکەی خۆی.
شتەکان چۆن وەردەگەڕێنە سەر دژەکەی خۆیان؟ لە ئاستی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا ئەو زەمینەسازییە فیکریی و جڤاکیی و سەربازییانە چین، کاتێک شۆڕشێک دەبێتە دەوڵەت و سنوورەکانی دەبنە میتافیزیک و دۆخێکی یەزدانیی و چارەنووسیکی ئەبەدیی، بۆ ئەمە نە ڕۆشنبیران و نە ڕابەران و مەکتەب سیاسیی پارتە کۆمۆنیستەکانی سۆسیالیزمی بوونیادیی، بەڵکوو بزووتنەوەی ئاپۆیستیی شتێکە لەم نێوەندەدا و پێناسەکردنی وەک هێڵی سێیەم جێی باسە، بەڵام کێ لەو تێ دەگات؟ دەیڤید گرەیبەر وتبووی: «بیرمەندانی هاوچەرخ لە زۆربەی کات نازانن لەگەڵ بیرۆکەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان چی بکەن.»
نزیکەی سەد ساڵ پێش ئێستا و ساڵێک پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ساڵی 1917، ماکسیم گۆرگیی نووسەری بەناوبانگی ڕووس، وتارێکی نووسی. پاشان ئەم وتارە لە پەڕتووکی «بیری ناوەخت»دا چاپ بوو، لەوێ گۆرگیی خانەگومانی و دڵکرمێیی خۆی لەمەڕ ڕابەرانی تازەی ڕووسیای کۆمۆنیستی ئاوا هێنایە زمان: «من بە تایبەتی لە هەموو ئەو ڕووسانە دڵکرمێ و دڕدۆنگم وا دەستیان بە دەسەڵات ڕادەگات، ئەم کەسە تا دوێنێ کۆیلە بووە، سا تازەکیی کاتێک بە سەر دراوسێکەیدا زاڵدەست دەبێت، وەردەگەڕێتە سەر داپڵۆسێنەرێکی خۆپەرەست.»
هیژای گوتنە گۆرگیی خۆی لە سەرەتای شۆڕشەکەدا یەکێک بووە لە کەسە نزیکەکانی لینین. کاتێکیش لە 8ی جوونی 1936 مرد، ڕادیۆی مۆسکۆ وەک «گەورەترین نووسەری ڕووس و هەڤاڵی کرێکاران و خەباتگێڕی ڕێی کۆمۆنیزم» ناساندی، گۆرگیی یەکێکە لەو ڕۆشنبیرە زۆرانەی پاش سەرکەوتنی بەڵشەفیکەکان، کەوتنە بەر تیری تووڕەیی لینین و چەند ساڵێک بۆ سۆرێنتۆی ئیتاڵیا دوور خرایەوە.
دوورخستنەوەی زۆرەملێی گۆرگیی گۆڤانی ئەوەیە لینین و زۆرینەی ڕابەرانی حزبی بەڵشەفیک بەرگەی پرسیار و ڕەخنەی ڕۆشنبیرانی ڕووسیان نەدەگرت، جا پاشانیش سەردەمی تۆقاندن و ترساندنی ستالین نیشانی دا کە ڕۆشنبیر و ڕەخنەگر لە سیستەمی بەناو «شوورەویی» و «سۆسیالیستیی»ی نوێدەمدا جێیان نابێتەوە، سەرنجڕاکێش ئەوەیە ماکسیم گۆرگیی چەند مانگ پاش داخستنی گۆڤارەکەی با ناوی «ژیانی نوێ»، لە 20ی نۆڤەمبەری 1917 لە وتارێکدا بەڵشەفیکەکانی ڕەخنەباران کرد و نووسی: «هێشتا هیچ نەبووە، لینین و ترۆتسکی و هاوڕێیانیان، لە ژەهری دەسەڵات هەڵژەنران و ئەم ڕوانگەیەیان پەشمە بە تەوێڵی ئازادیی ڕادەربڕینەوە.» تێبیینیە ورد و ڕەخنەگرانەکەی گۆرگیی لێکچوونێکی زۆری لەگەڵ بۆچوونەکانی بێرتراند ڕەسڵ هەیە، ڕەسڵ پاش ئەوەی لە ئابی 1920 ڕۆشت بۆ مۆسکۆ، لە نامەیەکیدا بۆ ئەوتووڵن مۆرێڵ دەنووسێت: «ئەو ڕۆژانەی لە ڕووسیا بەسەرم برد، سەرەڕای ئەوەی لە ڕیزی سەردەمە سەرنجڕاکێشەکانی ژیانمدایە، لێ ناسۆرێکی زۆریشی لەگەڵ بوو، بەڵشەفیزم بیرۆکراتییەتێکی چەپۆکسالاری داخراوە، جا بە سیستەمێکی هەواڵگریی بەپێودانگتر و تۆقێنەرتر لە سیستمەی قەیسەریی.»
ڕەسڵ هەمان ساڵ لە پەڕتووکی «تیۆر و پراکتیکی بەڵشەفیک» ئەزموونی بەڵشەویکی ئاوا ڕاڤە کرد: «بەڵشەفیک تەنیا ئەزموونێکی ڕامیاریی نییە، بەڵکوو ئایینە، جا بە ڕیزێک پایەی ورد و پیرۆزیی لە خواهەڵژەنراو.»
مسۆگەر لە سیستەمێکی ئاوا زەینیی و دەزگایەکی ئایدۆلۆژیی بەم ڕەنگەدا جێی ڕۆشنبیران نابێتەوە، ئەمە ئەو مژارەیە کە لینین و ترۆتسکیی ستالین زۆر باش فامیان دەکرد، لینین و زۆرینەی ڕابەرەکانی پارتی بەڵشەفیک پێیان وابوو؛ دەبێت شۆڕشگێڕە مارکسییەکان تۆزی سەر ڕێساکانی شۆڕشی مارکس و ئەنگڵس لە پەڕتووکخانەکانی ئەورووپا بتەکێنن بە گوێی کرێکاران و وەرزێرانی جیهانیدا بدەن نەک «ڕۆشنبیرانی ڕیفۆرمخواز و هوردەبۆرژوا». ئەمە پیلانی لینین و ترۆتسکیی و هەندێک لە شۆڕشگێڕەکانی تری ڕووسیا بوو، جا لەم سۆنگەوە کاتێک نووسراوەکانی لینین دەخوێنینەوە، تێ دەگەین سەرپاک دژی پێشەنگایەتیی سیاسیی و ئەخلاقیی ڕۆشنبیرانە، لەم ڕووەوە لە زۆرێکی نووسینەکانی لینینی سەردەمی پێش و پاش شۆڕشی 1917، ڕەخنەیەکی پێکۆڵ و مکۆم لە ڕۆشنبیران دەبینینەوە، بۆ نموونە، هەنگێ لینین لە ساڵی 1903 خەریک بوو تانوپۆی پارتی بەڵشەفیکی دەچنی، دژبەرەکانی خۆی بە بوونی «بیری پڕوپووچی ڕۆشنبیریی» و «ئەو ڕۆشنبیرە بۆرژوایانەی ڕیکخستنی کرێکارانیان بۆ گرنگ نییە»، تاوانبار دەکرد. هەروەسا لە پەیامێکدا لە 19ی ئۆکتۆبەری 1917 بۆ کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کۆمۆنیست دەنووسێت: «تاکە ڕێی پاکهێشتنەوەی پارتی کرێکاران، پاکسازیی سەرتاپاگیری ڕۆشنبیرانە لەنێو حزبدا». مسۆگەر ئەم پاکسازییەی ڕۆشنبیران پێڤاژۆیەکە فیتاوفیت لە سەردەمی سەرۆکایەتیی لینین دەستی پێ کرد و بە تیرۆرکردنیان ئیتر گەیشتە لوتکەی ساکاندن. ڕەنگە هەر لەبەر ئەم هۆکارە بێت، مەودای نێوان پڕۆژەی دیکتاتۆریی لینین و تۆتالیتاریزمی ستالینیی هەر هەنگاوێکی سیاسیی بوو، جا ڕابەران و ڕایەدارانی پارتی کۆمۆنیست ئەم پێنگاڤەیان هەڵێنا و بە لەسێدارەدانی کەسانێکی وەک بوخارین و زینۆڤێف و ڕادێک و کامێنێڤ درێژەی هەبوو، سەرنجڕاکێش ئەوەیە ستالینیش پاش مردنی لینین و ئامادەیی بۆ هاتنە سەر تەخت، ترۆتسکیی و لایەنگرانی بە «ڕۆشنبیرانی هوردەبۆرژوا» گاز دەکرد.
ترسی لینین لە پێڕی ڕۆشنبیران لەو سۆنگەوە بوو، کە خانەگومان بوو ئەمانە تەڤلی ڕیزەکانی شۆڕش بن، هەرچەندە زۆرێک لە هونەرمەند و ڕۆشنبیری ڕووس و ناڕووس لە بن باندۆری شۆڕشی ئۆکتۆبەردا تەڤلی پارتە کۆمۆنیستەکانی جیهان بوون، سا دوورنزیک پاڵپشتیی ئامانجەکانی کۆمۆنیزم بوون، لەوانە: شاعیرانی وەک مایاکۆفسکیی و بلۆک و یەسەنین و فیلمسازیکی وەک ئایزێنشتاین و مۆسیقاژەنێکی وەک پرۆکۆڤیڤ و شەستاکۆڤیچ و نیگارکێشی وەک ماڵێڤیچ و ڕۆدچێنکۆ و گۆنچارۆڤا. هەریەکێ لەمانە وەک شاکەسی ڕۆمانی «دکتۆر ژیواگۆ»ی بۆریس پاسترناک تا سەردەمێک ئەم هەستەیان هەبوو: «ئازادییمان لە ئاسمانڕا بۆ دابەزیوەتە سەر زەوی».
لینین و ڕابەرانی پارتی کۆمۆنیستی شوورەویی ئاگایان لەم هەستە بوو، لێ خانەگومانیی و دڕدۆنگییان لەمەڕ ڕۆشنبیر و دەستەبژێری هونەریی ڕووسیی، تا ئاستێک بوو، کە ساڵی 1918 دەوڵەتی شۆڕشگێڕی مۆسکۆ یەکێتیی مامۆستایانی ڕووسیای هەڵوەشاندەوە و سەرپاک جڵەوی ئەم دامەزراوەیەی بە چەپۆکی حزب سپارد، پاش هەندێ، زینۆڤۆف، کە خۆی بووە قوربانیی تیرۆری ستالین، وتی؛ لای ڕابەرانی حزب زاراوەی «خوێندکار» هاوتای «گاردی سپیی»ە.
قسەکردن بەم زمانە لەگەڵ ڕۆشنبیران بۆ ساڵگارێکی درێژ شاوتاری پارتە کۆمۆنیستەکانی جیهان بوو، پاشتر جۆرج ئۆریۆڵ لە ڕۆمانی«1984» ئەمەی بەرباس دا، بۆ نموونە، پالمیرۆ تۆلیاتیی ڕابەری پارتی کۆمۆنیستی ئیتاڵیا لە وتاری چوارەمین کۆنگرەی پارتی کۆمۆنیستیی یوگسلافیا، ئاوا لە ڕۆشنبیران دوا: «وەک کرێکاران نین، زوو دەکەونە بن باندۆری ژینگەی بۆرژوایی و هوردەبۆرژوایی و ئاو لەو سەرچاوە دەخۆنەوە.» لێ ڕووسیای سەردەمی ستالین لەگەڵ ئەو لایەنگرییەی لەنێوان هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی ڕۆژاوایی وەک ئاڵتۆسێر و ئاراگۆن و ئێلوار و ئیلیزا تریڤ و هتد هەیبوو، لە ڕێی گۆشەنشینکردنی هۆنەرانی وەک ئاخماتۆڤا و پاسترناک و ڕاپێچکردنی شاعیرێکی وەک ئۆسیپ ماندێلشتام بۆ ئۆردووگای کاری زۆرەملێ، دریژەی بە سیاسەتە دژەئەخلاق و دژەڕۆشنبیرییەکەی خۆی دا. بەپێی ئامارەکانی ئەرشیفی دەزگای هەواڵگریی شوورەویی، لە ساڵانی 1920 و 1930 پتر لە هەزار نووسەر و شاعیر و هونەرمەند و ڕۆشنبیر ڕاپێچی ئۆردوگاکانی کاری زۆرەملێی ستالین کران، لەم ژمارەیە هەزار و پێنجسەت کەس مردن.
ئەم هەستکردنە بە ترس بەرانبەر ڕۆشنبیران لە سەرەتای شۆڕشدا لەنێو سەرانی پارتی کۆمۆنیستدا پاوەجێ بوو، جا پاشان لە سەردەمی داپڵۆسێنەرێکی وەک ستالیندا بووە تەنگەژەیەکی بێسنوور. ئەمەش ئەم ئەم پرسیارە گەڵاڵە دەکات: بۆچی لینین و ترۆتسکیی و ڕادێک و زینۆڤۆف و هتد... کە خۆیان بە ڕۆشنبیر هەژمار دەکران و هەماهەنگییان لەگەڵ ڕۆشنبیرانی وەک مایاکۆفسکی و گۆرگیی بۆ سەرکەوتنی شۆڕش بە گرنگ دەزانی، کەچی لە سەرەتای فەرمانڕەوایی پارتی بەڵشەفیکدا لە ڕووسیای شوورەویی، زەبروزەنگیان بەرانبەر ڕۆشنبیران بە بنەما گرت؟ لەوانەیە لە پەڕتووکی «بزووتنەوە بنەڕەتییە مارکسیستەکان»ی لێزژک کۆلاکۆفسکییەوە وەڵامێکی پڕ بە پێستی ئەمە وەدۆزین، کۆلاکۆفسکی دەنووسێت: «زاڵترین هێزی کۆمەڵگەی نوێ، چەپۆکی پۆلیسیی بوو... لینین ئاماژەی بەمە کردووە، گوایە لە کۆمەڵگەی نوێدا یاسا بە واتا کلاسیکەکەی نایەت، واتە بە هیچ کلۆجێک نابێت مۆڵەت بدرێت یاسا دەسەڵاتی دەوڵەت سنوورکێش بکات، بەم ڕەنگە بەرپرسان لە چوارچێوە یاساییەکان نەدەترسان، بەڵکوو دەیانتوانی سەرپاکی ئەوانەی وا مەترسیی ڕاستەقینە بۆ 'دیکتاتۆرییەتی پڕۆڵیتاریا' چێ دەکەن، دەستبەسەر و کۆت زیندانیی بکەن یان بیکوژن.»
هەرچەندێک دەتوانین شۆڕشی 1917ی ڕووسیا بە منداڵی مەعنەویی ڕۆشنبیرانی ڕووس هەژمار بکەین، لێ دیرۆکی حەفتاساڵەی ڕووسیا پێمان دەڵێت؛ ئەم شۆڕشە تۆقێنەرترین «باوککوژیی»ی شارستانییەتی مرۆییە.[1]