لە مانگی ئابی ساڵی 1960 وەزیری نیشتەجێبوون بانگێشتی کردم، پێیوتم: کە سەرۆک قاسم ڕازی بووە نیو ملیۆن دینار تەرخان بکرێت بۆ درووستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو بارزانیانەی لەگەڵ مەلا مستەفا گەڕاونەتەوە، بڕیاریشدراوە کە خانووەکان لە مەفرەقی باڤیستان پێش گەرووی عەلی بەگ تا شارەدێی بارزان درووست بکرێن، پێيوتم: تۆ بچۆ لەگەڵ شێخ ئەحمەدی بارزان قسە بکە و میرحاجیش لەگەڵت دەبێت.
بەرێ کەوتین بۆ هەولێر لەوێش هەریەک لە ئەندازیار عەبدوڵڵا ئەربیلی کە ڕاوێژکاری نیشتەجێبوون لە هەولێر و فایەق نادر جێبەجێکاری پڕۆژەکە بوون لەگەڵماندا هاتن بۆ لای شێخ ئەحمەد.
چوار دەمژمێرمان ویست تا گەیشتینە بارزان و ماڵی شێخ ئەحمەد بارزانی کە خاوەن قسەی یەکەم و کۆتایی بوو لە ناوچەکەدا.
دیمەنی خانووەکانی ئەوانەی گەڕابوونەوە لەگەڵ مەلا مستەفا جیاوازتربوو، کاریگەریی شکڵ و شێوەی گوندەکانی سۆڤێتیان پێوە بوو، بەڵام ژیانێکی پڕ نەهامەتی دەژیان بەهۆی خراپی ڕێگەوبان و سەختی کشتوکاڵکردنەوە.
گەیشتینە بارەگای شێخ ئەحمەد، کورسییەکیان بۆ من دانا لە تەنیشت خۆیەوە، دیوەخانەکەی پڕ بوو لە چەکدار و مورید و خەڵکانی بارزان.
دەمژمێرێک چاوەڕێمانکرد تاشێخ گەیشت، شێخ کە هاتە ژوورەوە هەموویان هەستان لەبەری تا خۆی پێینەوتون هیچیان دانەنیشتنەوە.
بە گەرمی پێشوازی لێ کردم و منیش سڵاوی
عەونی یوسفعەونی یوسف وەزیری نیشتەجێبوونم پێگەیاند و پڕۆژەکەم بۆ ڕوونکردەوە کە ژمارەیەکی زۆر یەکەی نیشتەجێبوون درووست دەکەین بۆ بارزانییەکان و لەم شێوە خانووە ناخۆشانەی خۆیان دەربازیان دەبێت.
شێخ ئەحمەد وەڵامی دامەوە: سوپاس و ڕێزمان هەیە بۆ سەرۆک قاسم، پێی بڵێ لەبەر ئەوەی بەڵێنمان پێداوە کە چەک بەرزنەکەینەوە بەرانبەر هیچ کەسێک ئەگەرنا ڕۆژانە زێبارییەکان دوو تا سێ بارزانی دەکوژن، بەڵام لەبەر ئەو بەڵێنە بێ دەنگین، سەبارەت بە پڕۆژەکەش سوپاسی دەکەین خەڵک لەم ناوچەیە پێویستی بە یەکەی نیشتەجێبوونی چیمەتۆ نییە، بەڵکوو پێویستی بە دابینکردنی مۆزەخەی ئاو بۆ ئاودانی بەروبوومەکانی و چاککردنی زەوییەکان هەیە بۆ ئەوەی بەپیتربن بۆ کشتوکاڵکردن، کە جوتیار زەوییەکەی باش بوو و خێری لە بەروبوومەکەی بینی ئەو کاتە خۆشی دەتوانێت خانووی باش بکات.
بۆیە شێخ پڕۆژەکەی ڕەتکردەوە و ئێمەش گەڕاینەوە.
سەرچاوە:
پەرتووکی بیرەوەرییەکانی هیشام ئەلمەدفەعی
یەکێکە لە لوتەکەکانی ئەندازیاریی لە ئێراق و بە شێخی ئەندازیاران دەناسرێت و نزیکەی حەفتا ساڵ لەناو جومگەی دەسەڵاتی هونەری و نیشتەجێبوون و نەخشەسازیی ئێراقدا بووە.
یاداشتەکانی 670 لاپەڕەیە بە قەبارەی گەورە (بە قەدەر بلۆکێک دەبێت) لە ئوردن چاپکراوە.
محەمەد نووری - ڕۆژنامەنووس. [1]