=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: سووریا دەبێت بە ڤێتنام؟=KTML_End=
نووسینی: #کارزان گلی#
مەزڵوم عەبدیمەزڵوم عەبدی، سەرۆکی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی #هەسەدە#، لە تازەترین دیمانەیەدا گوتی: ”خاوەنی 100 هەزار چەکدارین“، ئەم گوتەیە بووە مانشێتی بەشێکی زۆری میدیا جیهانییەکان، چونکە چەندین وڵات هەن لە دونیادا ئەو هێزە زۆرەیان نییە و تەنانەت سووریای ئێستاش خاوەنی هێزێکی لەو شێوەیە نییە، بۆیە ئەگەر شەڕ دژی هەسەدە هەڵگیرسێت و تورکیا بەشداریی ئەو شەڕە بکات، پرسیارێکی جدی و مێژوویی سەرهەڵدەدات، ئایا سووریا دەبێت بە ڤێتنام؟
بۆ ئەوەی خوێنەر بەباشی لە بابەتەکە تێبگات، پێویستە بە کورتی باس لە جەنگی گەورەی ڤێتنام بکەین، کە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، بە گەورەترین جەنگ دادەنرێت لە مێژوودا.
لە 1954، فەڕەنسا لە ڤێتنام کشایەوە، ئەمەش دەرگای شەڕێکی گەورەی کردەوە، ئەمریکا ویستی بچێتە ناو ڤێتنام و بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، ڕووسیاش ویستی ڤێتنام لەژێر دەسەڵات و سیستەمی سۆسیالیزمیدا بمێنێت. ڤێتنام بوو بە دوو بەش، بەشێکیان ڤێتنامی باکووریان پێ دەوت، کە ڕووسیا پاڵپشتیی دەکردن، بەشەکەی تریش باشووری ڤێتنام بوو، ئەمریکا پاڵپشتیانی دەکرد.
شەڕ لە 1955 بەرپا بوو، وەکوو ئەوەی باس دەکرێت ئەمریکا شەش ملیۆن بۆمبی بەکارهێناوە لەو جەنگەدا، ئەو ڕێژەیەش لە جەنگی دووەمی جیهانیشدا بەکارنەهاتووە، زیاتر لە چوار ملیۆن کەسی سڤیل کوژران و ئەمریکا 58 هەزار چەکداری لێ کوژرا و نزیک بە 303 هەزاری تریشیان بریندار بوون، بەشێک لەو سەربازانەی ئەمریکا دوای جەنگ، باری دەروونییان ئەوەندە تێکچووبوو، خۆیان کوشت و نەیانتوانی بەرگەی ئەو دۆخە دەروونییە بگرن.
شەڕی ناوخۆیی ڤێتنام، وڵاتانی تریشی هاتە ناو، کە بە وەکالەت شەڕیان لە دژی یەک دەکرد، بۆ نموونە ئەوانەی بلۆکی سۆسیالیزم بوون، پشتگیرییان لە ڤێتنامی باکوور دەکرد، ئەوانەشی لەگەڵ سیستەمی سەرمایەداری بوون، پشتگیرییان لە ڤێتنامی باشوور دەکرد، ئەنجام بلۆکی سۆسیالیزم بردییەوە و ئەمریکا بە شکست لەو شەڕە هاتە دەرەوە و هەردوو ڤێتنام یەکیان گرتەوە، بەڵام شوێنەواری ئەو جەنگە گەورەیە، تاوەکوو ئێستا هەر ماوە و ڤێتنامی دەیان ساڵ بردە دواوە.
بۆچی دەڵێین ئایا سووریا دەبێت بە ڤێتنام؟ ڕوونە تورکیا نایشارێتەوە و دەڵێت ئەگەر هەسەدە چەک دانەنێت، لەگەڵ سووریا هێرشی دەکەینە سەر و لەناوی دەبەین، واتە شەڕ لەگەڵ 100 هەزار چەکداری هەسەدە دەکەن. ئەمریکا ئەگەرچی بێدەنگە، بەڵام لە هەنگاوێکی لەو شێوەیە بێدەنگی دەشکێنێت و دێتە ناو شەڕەکە، جیا لەوەی ئیسرائیل خۆی ئامادە کردووە، تا تورکیا بێتە ناو ئەو شەڕە و ئەویش بۆ پشتگیری لە درووزییەکان بێتە ناو شەڕەکە و بەنهێنییش پشتگیری لە هەسەدە بکات و ئاڕاستەی شەڕ بەرەو شام ببات، ئێران و ئەورووپاش لەولا بوەستێت، کە گومانی تێدا نییە شەڕی وەکالەت دەکەن و دەیانەوێت بۆ بەرژەوەندی خۆیان شەڕەکە یەکلایی بکەنەوە.
بیهێنە بەرچاوی خۆت، ئەگەر بڕیار بدرێت هێرش بکرێتە سەر هەسەدە و شەڕ گەورە بێت، ئایا سیناریۆی ڤێتنام لە سووریا دووبارە دەبێتەوە یان نا؟ ئایا 100 هەزار چەکداری هەسەدە، کە ڕاهێنراون و ئەزموونی شەڕی کۆڵان بە کۆڵانیان هەیە، بەئاسانی لەناو دەچن؟
وەکوو ڤێتنام ئێستا سووریا بەسەر دوو بەشدا دابەش بووە، ڕۆژئاوای کوردستان و سووریای تازە، هەردوو لا چەکیان هەیە و وڵاتانیان لە پشتە، نە هەسەدە بەتەنیا ماوەتەوە و نە سووریاش، هەردوو هێزیش شەڕی کۆڵان بە کۆڵانیان کردووە، واتە ئەزموونیان لە شەڕی ناوخۆییدا هەیە، بۆیە شەڕەکە بە مانگ و دوو مانگ کۆتایی نایەت، شەڕێک دەبێت ئەنجامەکەی کارەساتی گەورەی مرۆیی لێدەکەوێتەوە.
تورکیا، هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە هەسەدە لەناو ببات، بۆ ئەمەشیان بەرچاوی ڕەش بووە و دەیەوێت بەزووترین کات لەناویان ببات، وەکوو چۆن ئەمریکا بەبێ بەرنامە پەلاماری ڤێتنامی دا و ئەنجام بە شکستێکی گەورە لێی هاتە دەرەوە و 58 هەزار چەکداری کوژرا، دوور نییە تورکیاش بە هەمان شکست لێی بێتە دەرەوە، چونکە هەسەدە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە قبوڵکراوە، وەکوو #پەکەکە# نییە تورکیا بە ئارەزووی خۆی لێی بدات و کەس لەسەری نەیەتە وەڵام، هەسەدە خاوەن خاکە و خاوەن هێز و شەهیدە، ئاسان نییە بۆ تورکیا بیەوێت لەناوی ببات.
گرنگە تورکیا ئەزموون و وانەی لە جەنگی ڤێتنام وەرگرتبێت، کە چی کارەساتێکی مرۆیی بەدوای خۆیدا هێنا و تاوەکوو ئێستاش ئەمریکا ئەو شەڕە بە شەڕێکی شەرمەزاری ناو دەبات بۆ وڵاتەکەی و دان بە شکستی خۆیاندا دەنێن، بۆیە نابێت تورکیا بیر لەوە بکاتەوە سووریا بکات بە ڤێتنام، بەتایبەت لەم کاتەدا کە ڕەوشی ئابووری تورکیا لەوپەری خراپییە و ئەگەر جەنگێکی لەو شێوەیە ڕوو بدات، ئەگەر هەیە ئابووریی تورکیا بەتەواوی دووچاری ئیفلاسبوون ببێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=