ناونیشانی بابەت: هونەر و ئەدەب و زمانی #کاشییەکان#
نووسەر: #سارا سەردار#
$هونەر و ئەدەب و زمانی کاشییەکان$
کاشییەکان لە ڕووی هونەری کانزاکاری و بەکارهێنانی ئاسن، زیرەک بوون و توانیویانە لە بڕۆنز هەندێ شتی نوێ وەک لغاو، کورتان و زنجیری ئەسپ درووست بکەن، هەروەﮪا کەلوپەلێکی وەک تەور و گورز لەو سەردەمە درووست دەکرا کە سەری لە شێوەی ئەسپ بوو، جگە لە پێداویستی ڕۆژانە دەستکراوە بە درووستکردنی بابەتی جوانکاری ژنان. لە زۆربەی سەرچاوە مێژووییەکان سەردەمی کاشییەکان و ناوچەی #لوڕستان# بە سەردەمی دۆزینەوەی بڕۆنز دادەنرێت کە ﮪەر بەو ناوەش بەناوبانگە، واتا بڕۆنزی لوڕستان.
کاشییەکان تەنانەت گرنگییان بە لایەنی هونەری و فەلسەفی داوە، هەروەﮪا کاریان کردووە لەسەر نووسین یان وەرگێڕانی دەقی ئەدەبی بۆ سەر زمانی ئەکەدی و #بابل#ی. لەڕووی زمانەوانییەوە، زۆربەی سەرچاوەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە زمانی کاشیی زمانی کۆنی #قەوقاز#، واتە مەڵبەندی بنەڕەتی زاگروس بووە، بەڵگەش بۆ ئەمە دۆزینەوەی فەرهەنگێکی زمانەوانییە کە یەکێک لە نووسەرەکانی بابلی بۆ زمانی کاشی و ئەکەدی نووسیویەتی، لەوێ دەردەکەوێت زمانی کاشی زمانێکی تەواو قەوقازییە.
کاشییەکان دوو زمانیان بەکار هێناوە، یەکیان زمانی گشتی بووە کە خەڵک قسەی پێ کردووە و ئەویتریش زمانی خانەدان و دەزگاکانی دەسەڵاتداری و پاشاکان بووە، کە ڕیشەی هیندوئەورووپی هەبووە. $پێکهاتەی کۆمەڵگە و بواری ئایینی$
پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کاشییەکان لەسەر بنەمای هۆزایەتی بووە و بەو ﮪۆز و خێڵانە گوتراوە(ماڵی فلان یان خانەی فلان)و بە ئەندامی ئەو ماڵانە گوتراوە کوڕی فلان و سیستمی خێزانیان سیستمی باوکسالاری بووە، ﮪەر خێزانێک سەرگەورە واتە سەرۆکی خێزانی هەبووە و ئەوانیش پێوەستبوون بە سەرۆکی هۆزەکەوە.
لە سەردەمی کاشییەکاندا کشتوکاڵ پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینی و سیستمێکی پێشکەوتووی کشتوکاڵییان دامەزراند، پاشاکان زەوییان بەسەر سەرۆک هۆزەکاندا دابەش کردووە و ﮪەر ماڵێک پارچە زەوییەکی هەبووە کە بۆ کاری کشتوکاڵ بە کاری هێناوە، نیشانە و سنووریان لەنێوان زەوی تاک و کۆمەڵەکاندا داناوە و بایەخیان بە جۆگەلەی ئاودێری داوە.
لەم سەردەمە شێوازی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ پەرەی سەندووە و بووەتە شێوازێکی نیمچە دەرەبەگی، ئەمەش بووە ﮪۆی زۆربوونی بەرهەمهێنان و نیشتەجێبوونی دانیشتووان، لە کۆمەڵگەی کاشیدا ﮪەروەک زۆربەی کۆمەڵگە کۆنەکان، بڕوایان بە فرەخواوەندی و بتپەرستی هەبووە و لە هەندێ لە نووسراوە کۆنەکاندا ناوی هەندێ لە خواوەندەکانی کاشی تۆمار کراون، وەک: خواوەندی(کاشو)کە لە زمانی ئەکەدی بەم جۆرە هاتووە و شێوەی خواوەندەکەش دیار نییە. خواوەندی(شیمالی، یان شیبارو)کە خواوەندی کوێستان بووە. خواوەندی(شوکامون، یان شومو)خوای ئاگری ژێرزەوی و پشتیوانی زنجیرەی پاشایان. جگە لەمانە، خواوەندەکانی(هاربە و شیخۆ)لە خواوەندە زۆر گەورە و خوشەویستەکان بوون کە لەگەڵ خواوەندەکانی(ئینلیل و مەردوک)ی بابل، یەکسان بوون.
[1]