پەرتووکی #شۆڕشی دیاربەکر#
ڕامانێک له (مەبەست) و (تایبەتمەندییەکان)
لێکۆڵەر: #کامەران محەمەد قادر#
هەر نووسینێک که دەخرێته سەر ڕوو و پەڕەی کاغەز ئامانجێکی دیاریکراو و تایبەتمەندیی جیامەندی خۆی هەیه، لێکۆڵینەوەش لەو دۆزه، گرنگی خۆی هەیه و زۆر جاریش خوێندنەوەی نوێی نووسینێک؛ نرخ و بەهای نووسینەکە دیاری دەکات. دەتوانین بڵێین هەر ئەو خوێندنەوه نوێیانە بوون کە زۆر جار بەرهەمێکی فەرامۆشکراوی ناو کۆمەڵی هێناوەتەوە ناو واقیع و کردوییەتییه باسی باسان. بەواتەیەکی تر خوێندنەوەی نوێ بووه کە زۆر جار بەهای بۆ نووسینی نووسەرەکه گێڕاوەتەوه کە تا لە ژیاندا بوون قەدریان نەزاندراوه، بەڵام لەپاش مردنیان بوونەته پاڵەوانی نێو گۆڕەپانەکان.
(شۆڕشی دیاربەکر) ی #عوسمان عوزێری# ش که لە ساڵی 1961یەکەم چاپی لێ بڵاوکرایەوە، دیاره لە کاتی خۆیدا لەناو توێژی خوێندەواراندا جێگای بایەخپێدانێکی گەوره بوو، بەڵام بەهێواشی پەرتووکەکە بەرەو نەمان و تیاچوون چووه.
ئاشکرایه مەبەستی داگیرکەرانیش؛ کوێرکردنەوەی هەموو بەرهەمێکی عوزێری بوو، بە تایبەتیش (شۆڕشی دیاربەکر) که بەگیانێکی کوردپەروەرانه و به شێوازێکی پەروەردەییانه نووسرابوو.
هەر کوردێک ئەو پەرتووکه بخوێنێتەوە بەدڵنیاییەوە شوێنەوارێکی مەزن لە ناخیدا جێ دەهێڵێ، که ئەویش بریتیه لە تۆخبوونەوەی هەستی نەتەوایەتی.
لێرەدا بەکورتی هەوڵ دەدەین ئاماژه به ( مەبەست ) و (تایبەتمەندی)یەکانی ئەم پەرتووکه بکەین:-
$مەبەست لە نووسینی ئەم پەرتووکه$
عوزێری بە ئاشکرا و ڕاشکاوانه ئامانجی نووسینی پەرتووکەکەی ڕوون کردووەتەوە و دەڵێت: هەموو کوردێکی دڵسۆز و ڕۆشنبیر و تێگەیشتوویش هەست بەوە دەکات که پێویسته شارەزای مێژووی نەتەوەکەمان بین و وانه و پەندی لێ وەربگرین و لەو تاقیکردنەوە و کردارانەی باو و باپیرمان کەڵک وەرگرین، بەتایبەت لەم قۆناغەی ئەمڕۆمانا، و ئیتر لەمەولا بە فشه و بەڵێنی درۆ و فرمێسک ڕشتی ساختەی بێگانه و خەڵکی باوەڕ نەکەین، هەر ئەو هەسته پیرۆزە بوو که پاڵی پێوە نام بۆ نووسینی ئەم چەند لاپەڕەیه (1)
گەر لای مێژوونووسی گەورەی کورد (#شەرەفخانی بەدلیسی# ) بۆ ون نەبوونی ناوبانگی بنەماڵه و خانەوادەکانی کورد بووبێت (2) کە گەورەترین بەرهەمی مێژوویی وەک (شەرەفنامه)ی لێ بەرهەم هات ، لە لای (#محەمەد ئەمین زەکی بەگ# )یش وەک وەڵامدانەوەیەکی فشاری تورانچییەتی و عەرەبچییەتی (کورد و کوردستان)گەڵاله بووبێت (3) تا بنەڕەت و بوون و ڕەسەنی مێژوویی خۆمان بسەلمێنین ، که هەردووکیان گەورەترین شاکاری مێژووییان پێشکەش به نەتەوەکەیان کرد ، ئەوا لای عوزێری نووسینەوەی مێژوو ئامانجێکی پەروەردەیی نەتەوە بوو؛ بۆ پەند وەرگرتن بووە لە ڕووداوەکانی مێژوو، بۆ ئەوەی هەڵەکان دووباره نەکەینەوە و ناسۆری و کارەساته جگەربڕەکان نەبنه ئەنجامی حەتمی! بە واتەیەکی تر ئەم بەرهەمە ناوازەیەی عوزێری زیاتر لە بواری (فەلسەفەی مێژوو)ەوە نزیکتره وەک له (مێژوو)، کە دەتوانین به یەکێک لە سەرچاوه سەرەتاییەکانی ئەم بوارەی ناوزەد بکەین.
$تایبەتمەندییەکانی پەرتووکی (شۆڕشی دیاربەکر)$
$یەکەم: ئەدەبیاتی بەهێز و زمانێکی کوردی پەتی$
یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین تایبەتمەندییەکانی (پەرتووکی شۆڕشی دیاربەکر)بەهێزی و ناسکی و پڕ واتایی دەستەواژه و دەربڕینییەکانێتی، بێگومان ئەدەبیاتێکی بەهێزی لەو شێوەیە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا کارێکی ناوازەیه. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی عوزیری سەرەتا به هۆنراوەنووسین چووه ناو دنیای نووسینەوە، زیاتر لە بواری ئەدەب و لە کۆڕی ئەدەبیدا ناوی ئەدرەوشێتەوە، هەر وەک مامۆستا (#عومەر مەعروف بەرزنجی# ) دەڵێت: عوسمان عوزێری لە ڕۆژگارێکدا چاوی کردەوە بە حەز و ویست و تامەزرۆییەوە ڕووی لەمیحرابی پیرۆزی هەڵبەست کرد و ئالوودەی بوو، کە ئەم بابەتەی ئەدەبی کوردی لە شێوە و ناوەرۆکدا هەنگاوی گەورەی دەنا و بەرگی خەمڵاندن و تازەگەرێتی بەبەردا هەڵکشابوو، دیاره (عوزێری)وەک قوتابییەکی زرنگی قوتابخانەی هەڵبەستی تازه، لەم گۆڕانکارییەدا لا تاریک نەبوو، به کوڵ و دڵ بەشداری تێدا کرد و هەڵبەستەکانی ئەو سەردەمە و دواتری شێوەیەکی هونەری لەبار و کەرەستە و ناوەرۆک و نموونەی هەڵبژاردەی هەڵبەستی ئەو قۆناغه، دیاره (گۆران)ی گەورەیش مامۆستا و ڕابەر و سەردەستی هەمووان بوو. (4)
$دووەم: بەها و نرخی مێژوویی پەرتووکەکە$
دەتوانین لە دوو لایەنەوە باس لە بەهای مێژوویی پەرتووکەکە بکەین؛
- لە ڕووی ناوەرۆکەوە: تا ئەو کاتەی ئەو پەرتووکه نووسراوه؛ هیچ پەرتووکێکی تایبەت بەو شۆڕشه نەنووسراوە، بۆیه لەم ڕوانگەیەوە پەرتووکەکە دەبێته سەرچاوەیەکی بنەڕەتی بۆ مێژووی شۆڕشی کوردستانی باکوور لە ساڵی 1925دا.
هەروەها تاکه پەرتووکه کە باس لە بزووتنەوەی مێژوویی کورد بکات لە ڕوانگەی شۆڕشێکی بەرفراوانی کوردستانەوە. ئەویش بە پاشخانێکی مێژوویی پەیوەندی نێوان کورد و دەوڵەتی عوسمانی دەستپێدەکات و پەرەسەندنی پەیوەندییەکان دیاری دەکات. لە هەمان کاتیشدا هەڵکشان و داکشانی بزووتنەوەکە دەستنیشان دەکات و باس له شکست و پاشانیش هۆکارەکانی شکست دەخاته ڕوو ، زیاتر جەختی لە هۆکارە ناوخۆییەکان کردووه و ڕۆڵی ترسناکی ئەم فاکتەرەی دەستنیشان کردووه؛ له شکستی شۆڕشێکی لەو شێوەیه .. ئەمەش بەهای پەرتووکەکەی باڵا کردەوە لە (مێژوو)ەوە بۆ (فەلسەفەی مێژوویی) تێپەڕاندووه.
- ڕەچاوکردنی ڕێبازی لێکۆڵینەوەی مێژوویی:
هەڵبەتە بە واتایەکی تەواو نا! بەڵکوو ئەگەر بە پێی سەردەمە مێژووییەکە هەڵیسەنگێنین ئەوا زانستیانه مامەڵەی لەگەڵ بابەتەکەدا کردووه .. (نۆ) سەرچاوەی گرنگی مێژوویی بەکارهێناوه و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەو کەسانەدا کردووه که لە کاتی شۆڕشەکەدا ئامادەبوون و بەچاوی خۆیان ڕووداوەکانیان بینیوه، سەرەڕای ئەوە که پەرتووکەکەی بەچەند وێنەیەکی ناوازه ڕازاندۆتەوە کە بەهاکەی باڵاتر دەکات (5).
$سییەم: گیانێکی نەتەوایەتی بەهێز$
دیاره ناتوانین مافی تەواو بدەین به ڕەچاوکردن و دەرخستنی بەهێزی هەستی نەتەوایەتی پەرتووکەکە؛ گەر نەزانین هەستی نەتەوەیی خودی عوزێری لە چ ئاستێکدا بووه.. عوزێری هەر لەو کاتەی چاوی کرایەوە توانی ڕووداوەکانی دەوروبەری ڕاڤه بکات، بە ئازاری سۆی و چەوساندنەوە و ژێر دەستەیی نەتەوەکەی ئاشنا بوو، وەک خۆی باس لەو یادە تاڵانه دەکات و باسکردنی به پێویستییەک دادەنێت و دەڵێت: (خەڵکی کوردستان لەلایەکەوە هەموو جۆره زۆرداری و چەوساندنەوە و بێ دەرامەتی و کەنەفتی و بەسەرهاتی نەتەوەکەمیان بیر دەکەوێتەوە، لەلایەکی کەشەوە ئەوەیان بۆ دەبێت بە پەند و زیاتر گەرمیان دەکات لەسەر خەباتی بێ وچان و سوور دەبن لەسەر وەرگرتنی چارەنووس و ماف و ئامانجی خۆیان که بەسەدان کۆرپەی جگەرگۆشەی ئەم کوردستانه لە پێناویا سەریان نایەوە) (6)
هەر بۆیه عوزێری خۆیی یەکلایی کردووەتەوە، بۆ خزمەتکردن بە نەتەوە و نیشتمانەکەی بە هەر نرخ و بەهایەک بێت، ئەوە بوو هەر لە تەمەنی حەڤدە ساڵییەوە خەباتی لە بواری نووسین و بێدارکردنەوەی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەی هەڵبژارد و لە سەردەمی مامۆستا گۆران دا بووە پەیامنێری ڕۆژنامەی ژین، پاشان چوونه بەغدا لەگەڵ چەند خوێندکارێکی کورددا (کۆمەڵەی ئاوازی کوردی) کە سەر بە (یانەی سەرکەوتنی کوردان)بوو ، پێکهێنا، کە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە پاراستن و بەرزڕاگرتنی مۆرکه ئەتنیکییەکانی کوردەواریمان. لە ئێزگەی کوردیش لە بەغدا بەرنامەی (خەباتی کوردستان)ی پێشکەش کردووه ، کە باس لە تێکۆشانی کورد دەکرد لە ناوچه جیاواز و دابەشکراوەکانی کوردستاندا.
لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلول (1961) چالاکانه بەشداری لە شۆڕشەکە کردووه، وەک کادیرێکی لێهاتووی ڕاگەیاندن کاری کردووه. بۆیه دەتوانین بڵێین هەستی نەتەوایەتی لای عوزێری هیندە بەهێز بووه که بۆ مانەوە و بەردەوامی نەتەوەکەی؛ خۆی تواندۆتەوە و فەنابوونی خۆی لەهەر ساتێکدا گەر بەرژەوەندی باڵای نەتەوە خواستی ڕاگەیاندبوو؛ ئەمەش پلەیەکی باڵا و ناوازەیه لە ژیانی مرۆڤدا.
عوزێری باس له دەستپێکی ئەو وەیشومەیه دەکات که بەسەر نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هات و هاوکێشه مرۆییەکان لەوێوه هاوسەنگییەکەیان نەما، کە ڕەگەزێک بەتەنیا دەست بەسەر ڕەگەزەکانی تردا بکێشێت و لە بۆتەکەی خۆیدا هەوڵی تواندنەوەیان بدات. لێرەوە بۆ به ئاکام گەیشتنی ئەم نیازه ئەهرێمەنییەش چەندین پیلانی شومیان داڕشت..
داگیرکەرانی کوردستان بەتایبەتیش تورک هەمیشه لە هەوڵی چەواشەکردنی کورددا بوون و ئیستغلالی ئایینیان کردووه بۆ لاوازکردن و کوێرکردنەوەی هەستی کوردایەتی لای کوردەکان، بۆیه لە پاش جەنگی جیهانی یەکەم و لێکهەڵوەشانی دەوڵەتی عوسمانی لە باتی ئەو هەسته ئایینییه گشتییەی کە پێشتر لە ئارادا بوو! هەستی نەتەوایەتی شوێنی گرتەوە، ئەمەش لەوەدا بەرجەستە دەبوو که هەر نەتەوەیەک هەوڵی دەدا حکومەتێکی نەتەوایەتی نوێ بۆ خۆی درووست بکات..
گەلی کوردیش هەوڵێکی زۆری دا و لیژنەی لە شارەکان پێکهێنا و تەنانەت ڕێکخراوی سیاسی و خۆبەڕێوەبردن و ئازادی لە ژیاندا بەرجەسته بووه.. واتا هەڵقوڵاوی هەستی مرۆڤایەتی بووه. گەلانی دنیاش دەخاته ژێر پرسیار و تاوانباریان دەکات سەبارەت بەبێ هەڵوێستیان بەرانبەر بەو ڕەشکوژییەی دەرحەق بە کورد که پیادە کرا، نەتەوەیەکە کە بەشێکه لە مرۆڤایەتی، هەر وەک دەڵێت لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤایەتی و گەلانی سەر ڕووی جیهان که بەچاوی خۆیان ئەیان دی و بە گوێی خۆیان ئەیانبیست و هەوڵی گەلی کوردیان دەزانی، چاویان لەئاستیدا ئەنوقاند و ڕووی خۆیان لەو باسه وەرئەگێڕا و گوێی خۆیان لێ کەڕ کردبوو، ئەوەیان پەڵەیەکی ڕەشی گەورەیە بە ناوچەوانی گەلانەوە؛ بە ڕووی ئاوێنەی خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاری نەتەوەکانی سەر ڕووی زەمینەوە (7)
$چوارەم:- گرێدانی ( مێژوو ) و ( پڕۆسەی پەروەردە ):$
وەک ئاشکرایه مێژوو گێڕانەوەی ڕووداوەکان نییه بە تەنیا، بەڵکوو ڕاڤەکردن و هەڵسەنگاندنیشیەتی.
لێکۆڵینەوە و ڕاڤەی مێژوو تەنیا دۆزێکی ڕۆشنبیری و فیکری نییه، بەڵکوو لەگەڵ ئەوەشدا دۆزێکی پەروەردەییه ، ئەگەر وا دابنێین پەروەردە هونەری داڕشتنی مرۆڤه لەسەر شێوەیەکی دیاریکراو که ڕۆشنبیرییەک یا خود ئایدیۆلۆژیا و میتۆدێکی دیاریکراو دیاری دەکات، و کۆمەڵی پێ پەروەردە دەکات.
بۆیه لێکۆڵینەوەی مێژوو وەک ڕەگەزێکی مەعریفی گرنگی مرۆڤ و کۆمەڵگەیه، ڕۆڵی بەرچاوی بینیوه له پێگەیاندن و بەرەوپێشەوەبردنی نەتەوە و کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکان، بەڵکوو زۆر جار بارودۆخه دەق پێوه گرتووەکانی شڵەقاندووه و بەرەو ئاستیکی پێشکەوتووتر و باڵای تێپەڕاندووه.. (8)
ئەگەر لەم ڕوانگەوە بۆ مێژوو بڕوانین بەهەمان دیدیش بڕوانینه (شۆڕشی دیاربەکر)ی عوزێری، ئەوا سەرسام دەبین له زیرەکی و لێهاوتوویی عوزێری له کەڵک وەرگرتن و بەکارهێنانی مێژوو وەک ئامرازێکی پەروەردەیی بۆ نەتەوە.
عوزێری لەگەڵ ئەوەدا که ڕۆشنبیرێکی تێگەیشتوو بوو ، لە هەمان کاتیشدا کادرێکی سیاسی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی سەردەمی خۆی بوو. بۆیه دەبینین گرنگییەکی زۆری به مێژوو داوه و مێژووی وەک تەرمێکی مۆمیاکراوی (ناو موزەخانەکانی دنیا) تەماشا نەکردووه، چونکه دڵنیابووه لەوەی که زەمەن موزەخانه نییه و مێژووش تەرمێکی بێ گیان نییه، بەڵکوو لەم بەرهەمە ناوازەیەدا هەوڵی وەرگێڕانی مێژووی داوه بۆ واقیع، وەرگێڕانەکەش بە شێوەیەک بووه وەک نموونەیەکی باڵا و گونجاو لەگەڵ سەردەمدا.
دیاره عوزێری ویستویەتی مێژوو وەک ئامرازێکی پەروەردەیی بۆ پەروەردەکردنی تاکەکانی کۆمەڵ بەکاربهێنێت، بە تایبەت پەروەردەکردنێکی سیاسیانه که لەو سەردەمەدا پێوەستییەک بوو..
دەتوانین پەرتووکی (شۆڕشی دیاربەکر) بە ناوازترین بەرهەمی مێژوویی لەم بوارەدا ناوزەندبکەین، چونکه مەبەستی سەرەکی عوزێری له نووسینی بابەتەکه (وەک پێشتر باسمان لێوە کرد) تەنیا بۆ پەروەردەکردنێکی نەتەوایەتییانەی تاکی کوردی بووە، بۆیه هەر کوردێک که ئەم پەرتووکه دەخوێنێتەوە ناخی دەهەژێنێت و شوێنەوارەکەی قوڵ و کاریگەر لە ناخیدا جێ دەهێڵێ و تەنانەت کار له کەسێتێکەی دەکات و شێوەیەکی نوێی کەسێتی بەرهەم دێنێ. شێوەیەک که زۆر بەڕوونی پەنجه دەخاته سەر خاڵه لاوازه خودییەکان و نەخۆشییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیمان دیاری دەکات و پاشان ئەو مەرگەساتانەی که لێوەی بەرهەم هاتوون، جا ئەو مەرگەساتانه چ لەسەر ئاستی بزووتنەوەکە بێت (کە تووشی شکستی کردووه) یاخود لەسەر ئاستی نەتەوەکەمان بێت که بەرەو هەڵدێر و ژێردەستەیی بردووه.. و پاشانیش چەوساندنەوە و قڕکردن، و هتد. بوونەتە ئاکامێکی حەتمی ڕەوشه نالەبارەکەی.
لەلایەکی تریشەوه شێوەیەک بوو که لە پیلان و نەخشە ئەهرێمەنەکانی دوژمنان به ئاگای دێنێتەوە و تێی دەگەیەنێت که دڵ سافی کوردان چ مەرگەساتێک بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەروەها بە ئاشکرا ئەو هەستە لای خوێنەر درووست دەکات..
که ئێمەی کورد تا ئێستا لە سەرتاسەری جیهاندا وڵاتێک نییه دڵسۆزانه و کردارییانه کۆمەکمان بکات، بۆیه پیرۆزترین ئەرکی سەرشانمان بریتیه له خۆ ڕێکخستنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان که تاکه هیوای مەشخەڵی ڕزگاریخوازیمانه.
هەروەها شێوازی نووسینی پەرتووکەکە شێوازێکی (دواندنی ڕاستەوخۆی بەرانبەرە)، واته تەنیا گێڕانەوەی ڕووداوە مێژوویییەکان نییه، خوێنەر کاتێک پەرتووکەکە دەخوێنێتەوە وا هەست دەکات که (بەروەرشیار)ییەک لە بەردەمیدا دانیشتووه و وانایەکی پەروەردەیی زۆر گرنگی پێشکەش دەکات.
عوزێری هەستی بەوە کردبوو که پەروەردەکردنی تاک بە جەمگه نەتەوەییەکان دەبێت له پێشەنگی جموجووڵه ڕزگارییەکاندا بێت، بە لای عوزێرییەوە دەبێت ڕۆشنبیرییەک کەسێتی تاک درووست بکات و ئاسۆی بیری تاکەکانی بەرانبەر به دۆزه سیاسی و نەتەوەییەکان فراوان بکات، واتا بوونی ڕۆشنبیرێکی نەتەوەیی مێژوویی سیاسی له پێشەنگی هەموو جموجووڵ و کرده ڕزگاریخوازییەکاندا بێت. یاخود پێویسته تاکی کورد تێبگەیەنرێت که بۆچی دەکۆشێت و دەست دەداته خەباتی چەکداری، ئەگەر بەم شێوەیه بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی فەراهەم هات، ئەوا ڕەوتێکی ڕاست و بزووتنەوەیەکی سرووشتی دەبێت، بەم شێوەیە گەیشتن به ئامانج و تروپکی سەرکەوتن زۆر نزیک دەبێتەوە، و لە هەموو وەیشومەیەک بزووتنەوەکه ڕزگاری دەبێت، که تا ئەندازەیەک وەک تایبەتمەندییەکی بزووتنەوە و شۆڕشی نەتەوەکەمانی لێهاتووه که ئەویش دیاردەی (خیانەت)ه! که بووەتە شیرپەنجەی جەستەی بزووتنەوە و شۆڕشه ڕزگاریخوازەکانمان.
بە کورتی ئەمە خوێندنەوە و دیاریکردنی ئامانج و تایبەتمەندییەکانی پەرتووکی مێژوویی (شۆڕشی دیاربەکر) بوو، که ئەم خوێندنەوەیه هیواداره خوێندنەوەی نوێتر و بابەتیی تر بۆ سەرجەم نووسراو و بەرهەمەکانی عوزێری لای پسپۆڕ و مرۆڤه تایبەتمەندییەکانەوە ئەنجام بدرێت.
$پەراوێز و سەرچاوەکان$
1)عوسمان عوزێری: شۆڕشی دیاربەکر، چاپی دووەم، سلێمانی2000 لاپەڕە 23 و دواتر.
2)میر شەرەفخانی بەدلیسی: شەرەفنامه (مێژووی ماڵه میرانی کوردستان)، وەرگێڕانی مامۆستا هەژار، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس. چاپی 3 ، هەولێر، 2006، لاپەڕە11.
3)محەمەد ئەمین زەکی بەگ: (خولاصەیەکی تاریخی کورد و کوردستان). بنکەی ژین، سلێمانی2006، لاپەڕە1.
4) عوسمان عوزێری: سەرچاوەی پێشوو ، لاپەڕە:10.
5)طه باقر:طرق البحث العلمي في التاریخ و الاثار.ط1، ص51
6)عوسمان عوزێری: سەرچاوەی پێشوو ، ل 31
7)هەمان سەرچاوه ، ل:58
8)کامەران محەمەد: پڕۆسەی پەروەردەییمان و فەرامۆشکردنی مێژوویی نەتەوەییمان، (هەفتەنامەی زانکۆ) ژ. 23, سلێمانی، 2000 ل:7
- ئەم بابەتە له گۆڤاری (#گەلاوێژی نوێ# )، کە گۆڤارێکی ئەدەبی و ڕووناکبیرییه، بنکەی ئەدەبی و ڕووناکبیری گەلاوێژ دەریدەکات، ژمارە 31، #01-10-2003# لاپەڕە 111
[1]