ناونیشانی بابەت: شۆڕشی یەکەمی بارزان (1907-1914ز) بە ڕابەرایەتیی #شێخ عەبدولسەلام بارزانی#
ئامادەکردنی: #چۆمان تەقێدین#
شۆڕشی یەکەمی بارزان لەنێوان ساڵانی (1907- 1914ز)دا
شێخ عەبدولسەلام بارزانی، کە کەسایەتێکی ڕۆشنبیر و نیشتمانپەروەر بووە و حەزی کردووە گەلەکەی بە سەربەستی بژی و سەربەخۆ بێت.
شێخ عەبدولسەلام بارزانی سەرەتای ساڵانی (1900)، واتا لە سەرەتاکانی ساڵانی سەدەی بیست، داوا لە ڕۆژهەڵاتناسی بەریتانی بە ناوی ویگرام ئەکات، کە سەردانی ناوچەکانی کوردستان و ناوچەی بارزانی کردبوو، کە دیداری لەگەڵ شای ئیمپراتۆریای بەریتانیا شا ئیدواردی حەوتەم (1901- 1910ز) بۆ ساز بدات، کاتێک ئەو ڕۆژهەڵاتناسە بەریتانییە (ویگرام) لێی پرسیوە، دیداری شای ئیمپراتۆریای بەریتانیا شا ئیدواردی حەوتەم (1901- 1910ز) بۆ چییە؟ شێخ عەبدولسەلام بارزانی فەرموویەتی، بۆ ئەوەی باسی سەربەخۆیی کوردستانیدا لەگەڵ بکەم، چونکە شێخ کەسێکی نیشتمانپەروەر بووە و بۆ ئەوەی شۆڕشەکە سەربکەوێت، سەردانی سەرۆک هۆز و شێخەکانی تری ڕێبازی نەقشەبەندی و قادری کردووە، هەروەها پەیوەندیی کردووە بە هەر سێ ڕێکخراوی کوردی بە ناوەکانی(#کۆمەڵەی تەعالی و تەرەقی کورد#) و (#کۆمەڵەی هێڤی#) و (#کۆمەڵەی سەربەخۆیی کورد#)، لە هەمانکاتدا پەیوەندیی کردووە بە هەر یەکە لە #شێخ مەحموودی حەفید#ی نەمر و #شێخ عەبدولقادری نەهری# و #سمکۆی شکاک#.
لە بەهاری ساڵی (1907ز)دا ئامادەی کۆنگرەی شێخ و سەرۆک هۆزەکانی دەڤەری بادینان بوو لە شاری دهۆکی ناوەندی پارێزگای دهۆکی ئێستا، بە سەرۆکایەتیی #شێخ نووری محەمەد بریفکانی قادری#، شێخی ڕابەری ڕێبازی قادری لە بادینان و لەوێ سوێندی پیرۆزیان خوارد بۆ شێخ عەبدولسەلام بارزانی، کە هاوکاریی بکەن لە بزوونتەوەکەی دا، و شێخ عەبدول سەلام بارزانی لە تەلگەفراێکدا چەند داواکارییەکی نارد بۆ بابعالی، بۆ سوڵتانی عوسمانییەکان، سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم (سوڵتان مەلعون) (1876-1909ز)سی و چوارەم سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانییەکان، کە ناوەرۆکی تەلگرافی داخوازینامەکەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی، ئەمانە بوون:
1- کردنەوەی دەزگای بەڕێوەبەرایەتیی زمانی کوردی لە شارۆچکە (قەزا)کانی بادینان.
2- زمانی کوردی بکرێتە زمانی فەڕمی لە شارۆچکە (قەزا)کانی (دهۆک و ئاکرێ و شەنگال و زاخۆ و ئامێدی).
3- دانانی بەڕێوەبەر و قایمیقام و لێپرسراوانی دیکەی کورد زمان
4- ئەو باجانەی وەرئەگرێت، بۆ چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبان و کردنەوەی قوتابخانە خەرج بکرێت.
5- بەپێی بنچینەکانی شەریعەت و یاسا، دادپەروەری جێبەجێ بکرێت
6- لە و ناوچانەدا قازی و موفتی سەر بە مەزهەبی شافیعی دابنرێت.
7- وەرگرتنی باج بەپێی شەریعەتی ئیسلام بێت و باجە ناڕەواکان نەمێنن.
#سدیق دەمەلووجی# لە پەڕتووکی (ئەمارەتی بادینان)دا ئەڵێت، ئەو داخوازینامانەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی کە وێنەی ئەو تەلگرافەی بۆ هەر یەکە لە بەڕێزان (شێخ عەبدولقادری نەهری و #ئەمین عالی بەدرخان پاشا# و ژەنەڕاڵ #شەریف پاشای خەندان#) ناردووە، و ئەوانیش بەڵێنی پاراستنی ئەو تەلگرافە داخوازیینامەیە و بۆ جێبەجێکردنی وازی لێ نەهێنن، کاتێک سی و چوارەمین سوڵتانی عوسمانییەکان، سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم (سوڵتان مەلعون) (1876-1909ز) ئەو تەلگرافە 99داخوازینامانەی پێگەیشت و زۆر تووڕە بوو، و ئەوەی بە دەرچوون لە فەرمانی خەلیفەی موسڵمانان و ویستی جیابوونەوەی دانا، بۆ ئەو مەبەستە لەکۆتایی ساڵی (1907ز)دا جەنگی دژ بە شێخ عەبدولسەلام بارزانی و بارزانییەکان ڕاگەیاند و هێزێکیی گەورەی سوپای دەوڵەتی عوسمانییەکانی ناردە سەر ناوچەی بارزان، و بە داخەوە سەرۆک هۆزەکان پشتیان لە شێخ عەبدولسەلام بارزانی و بارزانییەکان کرد و بە تەنیا بەجێیان هێشتن.
ئەوان بە تەنیا مانەوە و بڕیاری بەرخودانیان دا و توانییان بۆ ماوەی (2) مانگ بەرەنگاریی هێزەکانی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی عوسمانی بوونەوه، و داوتر شێخ عەبدولسەلام بارزانی ناچار بوو لە ناوچەکەی دوور بکەوێتەوە و بچێتە لای ئاشوورییەکان، مار شەمعوونی سەرۆکی ئاشوورییەکان زۆر ڕێزی لێگرت، و هێزەکانی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی عوسمانییەکان ناوچەی بارزان و دەڤەرەکەی سووتاند و تالان کرد، و ژن و منداڵی بارزانییەکانی بە دیل گرت، کە ژەنەڕاڵ بارزانی ئەوکات تەمەنی چوار ساڵان بوو، لەگەڵ دایکی بە دیل گیران و ڕەوانەی زیندانی مووسڵ کران، بەمەش یەکەم دەستپێکی نەهامەتی بوو بەسەر بارزانییەکاندا هێنرا.
لە ساڵی (1908ز) شێخ عەبدولسەلام بارزانی گەڕایەوە بۆ ناوچەی بارزان و دووبارە پیاوەکانی لە دەوری کۆبوونەوە و خۆیان لە پشت چیای سەرکەشی شیرین قایم کرد و بە شێوەیەکی لەناکاو هێرشییان کردە سەر هێزەکانی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی عوسمانییەکان و لە ناوچەی بارزانیان دەرکرد و ناوچەکەیان لێیان پاک کردووه.
ئەو شکستە وای لە دەوڵەتی عوسمانییەکان کرد، کە داوای گفتوگۆ و دانووستاندن لە شێخ عەبدولسەلام بارزانی بکەن، بە و شێوەیەش ئاشتی لە دێی بارزان و ناوچەکە بەرپا بوو، . بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەی نێوانیان، سەرجەم گیراوە بارزانییەکان ئازاد کران و قەرەبووی زیانەکانیان کرایەوە، بەڵام ئەو ئاشتییە زۆری نەخایاند و لە ساڵی (1913ز) کاتێک سلێمان نەزیف پاشا (1913- 1916ز) کە خەڵکی شاری ئامەد (دیابەکر)ی باکووری کوردستان بوو، کرایە والیی ویلایەتی مووسڵ، کە کەسێکی بە ناوی سەفوت بەگ لە دێی بارزان بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک تۆمەتبار کرد، ئەوەیش هێزێکی گەورەی سوپای داگیری دەوڵەتی عوسمانییەکانی ناردە سەر بارزان و گەمارۆی دا، بۆ دەستگیرکردنی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و سەفوت بەگ و ئەوەیش دوای ماوەیەک لە شەڕ و کوشتار و پێکدادان، ئەوە بوو شێخ عەبدولسەلام خۆی نەدا بەدەستەوە، کاتێک بینی ناتوانێت بەرەنگاریی ئەو هێزە گەورەی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی عوسمانییەکان ببێتەوە، بۆیە بڕیاری کشانەوەی دا و چووە ناو خاکی #ڕۆژهەڵاتی کوردستان# و لەوێ لە دێی ڕاژان بوو بە میوانی سەید تەهای نەهری.
سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم (سوڵتان مەلعون) (1876- 1909ز) سی و چوارەمین سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانییەکان، خەڵاتێکی گەورەی دانا بۆ هەر کەسێک کە شێخ عەبدولسەلام بارزانی بەزیندوویی یان بەمردوویی ڕادەستی دەوڵەتی عوسمانییەکان بکات، بۆیە شێخ عەبدولسەلام بارزانی ناچار بوو شوێنەکەی بگۆڕێت و چوو بۆ لای بەڕێز سمکۆی شکاک و پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵدا درووست کرد، دواتر هەردووکیان چوون بۆ شاری تفلیسی پایتەختی ئێستەی جۆرجیا (گۆرجستان) و لەوێ چاویان کەوت بە نێردراوی قەیسەری، ئیمپراتۆریای ڕووسیای قەیسەر نیکۆلای دووەم (1894- 1917ز) دوایین قەیسەر و ئیمپراتۆری ئیمپراتۆریای ڕووسیای قەیسەری و داواکاریان لێ کرد و ئەوەیش بەڵێنی هاوکاریپێدان بۆ ڕزگارکردنی کوردستان لەژێر چنگی داگیرکاری دەوڵەتی پیاوە نەخۆشەکەی عوسمانییەکان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ.
لە کاتی گەڕانەوەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و پیاوەکانی، کە بە دێی گەنگەجین تێپەڕین، کە یەکێکە لە دێیەکانی یەکێک لە شارۆچکە (قەزا)کانی سەر بە پارێزگای ورمێ (ئازەربایجانی ڕۆژاوا)ی سەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کوردستانی بندەستی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ئێستا) و لەوێ گەورەی دێیەکه، سۆفی عەبدوڵڵا زۆریان لێ پاڕایەوه، کە ببێتە میوانیان و شێخ ڕازی بوو بە میوانی لە و دێیەدا بمێنێتەوە، بەڵام بەداخەوە لە نیوەشەودا سۆفی عەبدوڵڵا و هاوکارانی، شێخ و سێ لە پیاوەکانیان دەستگیر کرد و ڕادەستی دەوڵەتی عوسمانییەکان کران و بە دەستبەستراوەیی ڕەوانەی زیندانی شاری وانی ناوەندی ویلایەتی وانس سەر بە باکووری کوردستان (کوردستانی بندەستی کۆماری تورکیای ئێستا) کران و دواتر زیندانی مووسڵی ناوەندی ویلایەتی موسڵ کران و سلێمان نەزیف پاشا (1913- 1916ز) والیی ویلایەتی مووسڵ، لە دوای دادگایەکی ڕووکەشی بڕیاری لەسێدارە درانی بۆ شێخ عەبدولسەلام بارزانی و پیاوەکانی دەرکرد و لە ڕێکەوتی (14ی کانوونی یەکەمی 1914) ئەو بڕیارە نایاساییە جێبەجێ کرا و شێخ عەبدولسەلام بارزانی و پیاوەکانی لەسێدارە دران، کە تەمەنی شێخ عەبدولسەلام بارزانی تەنیا نزیکەیی (26) ساڵ و (11) مانگ و (13) ڕۆژ ئەبوو.
$سەرچاوەکان:$
1- #مەسعود بارزانی#: بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد/ بەرگی یەکەم. وە: سەعید ناکام-دهۆک 1998ز.
2- #مومتاز حەیدەری# و د. #کوردستان موکریانی# و د. دلێر ئیسماعیل حەقی شاوەیس: کۆنگرەی یادەوەریی سەد ساڵەی بارزانیی نەمر/ بەشی یەکەم- هەولێر 2003ز.
3- عەلی کەندی: فەرهەنگی ڕووداوەکانی کوردستان و وڵاتانی جیهان- هەولێر 2005ز.
4- یاسین سابر ساڵح: ئینسایلکۆپیدیای گشتی- سلێمانی 2005ز.
5- د. #ئەفراسیاو هەورامی#: کورد لە ئەرشیفی ڕووسیا و سۆڤییەتدا- هەولێر 2006ز.
6- د. #فەرهاد پیرباڵ#: کرۆنۆجیای کوردستان 625پ.ز-1932ز- هەولێر 2011ز.
7- ن. لازایف: مێژووی کوردستان. وە: وشیار عەبدوڵڵا سەنگاوی- هەولێر 2012ز.
8- مەسعود بارزانی: بۆ مێژوو- هەولێر 2020ز.
9- سایتی چاوی کورد- بەشی وتار، دەرچوون لە ئێڕاق، زنجیرەی (23)– ن: پرۆفیسۆر دکتۆر کەیوان ئازاد ئەنوەر، ڕێکەوتی (15ی ئۆکتۆبەری 2021ز)
10- ئینتەرنێت- ویکیپیدیای ئازاد.
[1]