چیرۆکنووسی ناسراوی کورد، کاکینە یان جەمیل سائب کوڕی مەلا ئەحمەدی (سائب) ە.
(سائب) لەقەبێکە مەلا ئەحمەدی باوکی لە زەمانی عوسمانییەکاندا بۆ خۆی هەڵبژاردووە) کوڕی مەلا قادری قەرەداغی کوڕی مەلا حەسەنە (ئەم مەلا حەسەنە، هەندێک دەڵێن لە بنەچەدا خەڵکی دێی سەوسێنانی سەربە شارەدێی قەرەداغە) .
لە ڕۆژی 16ی مانگی ئابی ساڵی 1887دا لە شاری #سلێمانی# هاتووەتە دنیاوە. بەمنداڵی لە حوجرەی مەلا ئامینە (مەلا ئامینە کوێرێکی خوێندەواری بەزەبر و توانای ئەوسا بووە، حوجرەی هەبووە، هیچ کاتێک لە (30) منداڵ کەمتری لانەبووه.) قورئان و فارسیی خوێندووە. دوای ئەوە لە #هەڵەبجە# کە باوکی بە قازییەتی لەوێ بووە، لە حوجرەی مەلا ئەحمەدی تەکیەیی (سمایلنامە، ئەنشودەی #شێخ مارفی نۆدێ#، یۆسف و زولێخا و گوڵستانی شێخی سەعدی) ی خوێندووە. دوای ئەوە کە هاتوونەتە سلێمانی، دیسان لە حوجرەی مەلا عەزیزی زڵزڵەیی پەرتووکی فارسیی خوێندووه، ئینجا دەستی کردووە بەمەشقی خەتی درشتە، چونکە لەو کات و سەردەمەدا، منداڵ لە حوجرە قورئان و پەرتووکی فارسیی بە (متن) ەوە خوێندووە، کە نەختێک گەورە بوو ئەو پەرتووکانەی بەمەعناوە خوێندووە و لە دواییدا دەستی کردووە بەخەتی ڕێحانی، دوای ئەوەش مەشقی خەتی وردە. =KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/692/0002.JPG=KTML_Photo_Alt=جەمیل سائیب=KTML_Style=width:20%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/692/0002.JPG=KTML_Photo_End=
جەمیل سائب دوای حوجرە چووەتە قوتابخانەی سەرەتایی کە ئەوسا هەر یەکێک هەبوو لە سلێمانی و هەمووی سێ پۆل بوو. دوای ئەوە باوکی بوو بەقازیی (قەڵادزە) ئەمیش لەگەڵیدا چوو، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ جۆرە حوجرە و قوتابخانەیە لەوێ نەبوو، ساڵ و نیوێ دانیشت تا گەڕانەوە سلێمانی، ئەوسا لە مزگەوتەکەی هەمزاغای باپیری پیرەمێرد (شاعری بەناوبانگ حاجی تۆفیق، کە دەبێت بەخاڵی جەمیل سائب) دەستی کردەوە بەخوێندن، لەم کاتەدا تووشی نەخۆشییەکی قوورس بوو، ئەوەندە کاری لێ کرد، تادواڕۆژی ژیانی شەقڵەکەی پێوە دیاربوو (ئەوەبوو، تۆزێک بۆی ئەلەنگی) ، بەڵام ئەم پیاوە هەر کۆڵی نەدا، دیسان دەستی کردەوە بەخوێندنەوەی پەرتووکی فارسی و تورکی، تا باوکی کۆچی دواییی کرد، ئەوسا بەناچاری چووە ژێر باری فەرمانی میرییەوە وبووە بەکاتبی (وێرگو- باج) لە سلێمانی، تا عوسمانییەکان وڵاتیان بەجێ هێشت و ئینگلیزەکان دەستیان بەسەر کاروباری ئێراقدا گرت. ئەوسا ئەمیش چووە دائیرەی (خەزێنە) کە حیساباتی
ئێستایە و بوو بە کاتب.
لە ساڵەکانی1919 و1920 دا کە ڕۆژنامەی پێشکەوتن لە سلێمانی دەردەچوو و نووسینی کوردیی بڵاودەکردەوە، ئەمیش لە نووسینەکانیدا بەشدار دەبوو.
لە ساڵی 1924 دا دوای ئاوابوونی حوکمی شێخ مەحموودی (حەفید) کە دەزگای میری لە سلێمانی دانرایەوه، ڕۆژنامەی (ژیانەوە) دەرچوو کە ئەم سەرنووسەری بوو، بەڵام لە دواییدا لەبەر کاروباری میری وازی لە ڕۆژنامەکە هێنا، ئیتر لە (خەزێنە) دا مایەوە و ئەو کارگێڕی بوو، تا لە ساڵی 1949دا خانەنشین کرا، دوای ئەوەش بەینێک بووەوە بەسەرنووسەری ڕۆژنامەی (ژین) کە هیی پیرەمێردی خاڵی بوو، تا لە پایزی ساڵی 1951دا تووشی نەخۆشییەکی قوورس بوو، هێنایانە بەغدا، لە پاش ڕۆژێک واتا لە 31ی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 1951دا فەرمانی یەزدانی بەجێ هێنا و تەرمەکەیان بردەوە سلێمانی، لەسەر تەوقەسەری گردەکەی (مامەیارە) لە تەنیشت پیرەمێردەوە نێژرا.
کاکینە دوای خۆی شەش کوڕ و دوو کچی بەجێ هێشت:
1-حەمە عەلی: کە ساڵی (1972) لە شاری بۆمبای لە هیندستان بەدەستێکی چەپەڵ کوژرا دوای ئەوەی گەیشتە پلەی (باڵیۆز-سەفیر) .
2-فەوزی: ئەفسەر بوو. لە دواییدا چووە (ئیدارە) وە و گەیشتە پلەی (متسرف) .
3-نەوزاد لە حقووق دەرچووە و بووە فەرمانبەر.
4-ئازاد: لە کشتوکاڵدا لە دەرەوە خوێندوویەتی و بووەتە فەرمانبەر.
5-بەهزاد: فڕۆکەوان بووە لە سوپادا.
6-شەهزاد: (پشتیوان ۔ محامی) بووە.
7-نەسرین: کچی گەورەی بووە.
8-ڕووناک: مامۆستای قوتابخانە بووە.
ئەم منداڵانەش بەری سێ ژنن، حەمە عەلی و فەوزی دایکیان یەکە.
نەسرینیش دایکی جیایە.
منداڵەکانی تریش دایکیان یەکە کە حەپسەخانە و لە بنەماڵەی عیرفانە لە سلێمانی
نازناوی جەمیل سائب (کاکینە) یە، کە ئەمەش حاجی تۆفیقی خاڵی لە ئەنجامی خۆشەویستیدا بەسەریا بڕیبوو کە بەواتای کاکی ئێمە دێت. [1]