سەعات (12)ی پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ (08-04-2017)، لەبارەگای مەکتەبی سیاسی لەسلێمانی، بەسەرپەرشتی هەڤاڵ کۆسرەت ڕەسول عەلی جێگری سکرتێری گشتی و بەئامادەبوونی هەڤاڵ هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی، کۆبونەوەیەک لەگەڵ بەرپرس و ئەندامانی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی و عەدنان موفتی بەرێوەچوو.
لەکۆبونەوەکەدا، دۆخی ناوخۆی یەکێتی بەوردی باسکراو کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیو پارتی، سەردانی وەفدی هاوبەش بۆ لای لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بۆ ڕیفراندۆم و چوونی وەفدی هاوبەش بۆ بەغدا تاوتوێ کرا.
سەرەنجام :
1. کۆبونەوەی هاوبەشی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی و لایەنە سیاسیەکانی ترو ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکەی یەکێتی و پارتی، وەک سەرەتایەک بۆ ڕیفراندۆم، بەباشی هەڵسەنگێندرا.
2. دوای گوێ گرتن لەڕاپۆرتی زارەکی هەڤاڵ عەدنان مفتی، سەردانی وەفدی هاوبەش بۆ بەغداو چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵاو هێزە سیاسیەکان، لەپێشەوەیانەوە سەرۆک کۆمارو سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ مافی ئاڵا هەڵکردن لەکەرکوک و ڕیفراندۆم، بە ئەرێنی هەڵسەنگێندرا.
3. سەبارەت بەدۆخی ناوخۆی یەکێتی، تێکرا ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە، جەختیان کردەوە، کە چی دیکە ناکرێ دیسپلینی حزبایەتی و جێبەجێ کردنی پەیرەوەی ناوخۆ و ژیانی حزبایەتی و پەیرەوی ناوخۆ فەرامۆش بکرێ، بۆیە بڕیاردرا، کە لیژنەیەک بەسەرپەرەشتی کۆسرەت ڕەسول عەلی جێگری سکرتێری گشتی و لێپرسراو و ئەندامانی دەستەی کارگێڕ و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بافڵ تاڵەبانی وەک لێپرسراوی سکرتاریەتی هەڤاڵ سکرتێری گشتی و گەیاندنی پەیامی کۆبونەوەکان بەجەنابی مام جەلال، ئەرکیان پێ سپێردرا، بەرپرسیاربن لە جێبەجێکردنی تەواوی ئه و بڕیارانەی لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی دەدرێن، سەبارەت بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەروا لەسەر کاری حکومەت، دامودەزگاکانی ئاسایش، پێشمەرگە، تەواوی ئۆرگانەکان و ڕێکخراوە دیموکراتیەکان. لەپێشەوەی ئەرکەکانیشیان چۆنێتی جێبەجێکردنی پەیرەوی ناوخۆ و دارشتنی ڕێسای جێبەجێکردنی سزاو پاداشت لەناو ئۆرگانەکانی یەکێتی-دا، بەپێی بڕیاری دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، کە لەرێکەوتی(13-03-2017) ئەنجامدرا، ئه و هەڤاڵانەی پێشلکاریان ئەنجام دابێ، سەرزەنشتی ڕەسمیان ئاراستە دەکرێ.
دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
08-04-2017