ئەم شاعیرە بەهرەدارە لە ساڵی 1937دا لە شاری #سلێمانی# لە خێزانێکی دیاری ئەو شارە هاتۆتە جیهانەوە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لەشارەکەی خۆی وەرگرتووە و بووەت لاوێکی هۆشیار و ڕۆشنبیر و سەرەتای خەباتی ڕامیاری ئەو لاوە دڵسۆزەی گەل و نیشتمانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1955، کە بووەتە ئەندامی یەکێتی گشتی قوتابییان و هەر لەو قۆناغەدا دەستی داوەتە هۆنراوە هۆنینەوە و لەسەرەتادا کەوتبووە ژێر کاریگەریی هۆنراوە ناسکە ئاوازە دارەکانی #گۆران#، بەڵام لە دواییدا کە بازووی شاعیریی بەهێز بووه، بووەتە خاوەن دەنگ و ڕێبازی خۆی و لەکاروانی خەباتی ڕامیاریشدا پتر تێ هەڵچووە و لە ساڵی 1965دا لەسەر چالاکی ڕامیاری گیراوە و لە دوای بەرپابوونی شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958دا ئەم تێکۆشەرە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا، گۆڤارێکی بەناوی #هیوای کوردستان# وەک ئۆرگانی یەکێتی گشتی قوتابییانی ئێراق- لقی سلێمانی دەرچوواندووە و لە کۆتایی مانگی نیسانی 1970دا یەکێک بووە لە دەستەی #ڕوانگە# و یەکەم بەنیانیان لەگەڵ بەڕێزان حسێن عارف و شێرکۆ بێ کەس و کاکە مەم بۆتانی و جەمال شارباژێری ئیمزا کردووە و دواتریش 3 ژمارەی لەبڵاوکراوەی ڕوانگەی لەشێوەی پەڕتووکدا دەرچوواندووە و بەشی هەرە زۆر پێشکەوتنخوازەکان بەرهەمیان تێدا بڵاوکردەوە و وێژەیی کوردییان بەهۆنراوە و چیرۆکەوە بەرەو نوێکاری برد.
$لە ماوەی ژیانی 58 ساڵیدا ئەم بەرهەمانەی بەچاپ گەیاندووه:$
1. کۆمەڵە هۆنراوەیەکی بە زمانی عەرەبی بەناوی الولادة لە ساڵی 1982دا لە ئەمەریکا بەچاپ گەیاندووه
2. شانۆنامەی #سەنگەر#ی لە هەمان ساڵدا هەر لە ئەمەریکا چاپی کردووه.
3. نامیلکەی #چرپەی ژانێکی نقووم بوو#ی هەر لە ئەمەریکا لە ساڵی 1991دا بەچاپ گەیاندووه، کە ئەوسا لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولەوە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا دەژیا.
4. دیوانی #ڕێگا دوورەکانی چاومان#ی دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان لە ساڵی 1992دا بەچاپ گەیاندووه.
لە ڕۆژی #14-01-1993#دا بە نەخۆشی دڵ لە شاری #هەولێر# کۆچی دواییکرد.[1]
شیعری جەلالی میرزا کەریم لە شیعری نوێی کوردیدا لە قۆناغی دوای (گۆران) و بەتایبەتی لە قۆناغی (ڕوانگە) دا پلەی یەکەم وەدەگرێت و پێش هەموو ئەوانی دیکەی ئەو قۆناغە دەکەوێت، چی بە فراوانیی دیدی سیاسی و فەلسەفی و چی بە زمانی پاراوو وێنە شیعریی و دەربڕینی ڕوون و قووڵ، شیعری ئەم شاعیرە چەندە ئاوێنەی سەردەمەکەی خۆی بوو، ئەوەندەو زیاتریش لە کات و جێ تێدەپەڕێنێت و بەرەو نەمری و هەمیشە زیندوویی دەچێت.[2]