لە ڕێکەوتی 22-12-1930 زایینی لە شاری #ورمێ# لە بنەماڵەیەکی خاوەن مڵکی دەستڕۆیشتوودا لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی، پێشان لە ورمێ و دوایە لە تاران تەواوکرد.
ساڵی 1946 تێکۆشانی سیاسیی خۆی بەدامەزراندنی یەکییەتیی لاوانی دێموکرات لە شاری ورمێ دەست پی کرد
ساڵی 1946 کۆماری کوردستان لە #مەهاباد# ڕووخا. بەدوای ئەو دا ئەویش بۆ خوێندن چووەتاران.
ساڵی 1949 بۆ درێژەپێدانی خوێندن چوو بۆ پاریس. گەیشتنی بەپاریس هاوکات بوو لەگەڵ تەقەکردن لە شا لە زانستگەی تاران (25ی ڕێبەندانی 1949) کە بوو بەهۆی لەنێوچوونی ئازادییە دێموکراتییەکان لە سەرانسەری ئێراندا. بەو بۆنەیەوە کۆبوونەوەیەکی بەرینی خوێندکارە ئێرانییەکان لە پاریس پێکهات کە لەوێ عەبدولڕەحمان قاسملوو بە درێژی لە دژی شا و ڕێژیمەکەی قسەی کرد لە ئاکامدا خوێندکاران پەیامێکی ناڕەزاییان بۆ حەمە ڕەزا شا نارد. ئەم کارەبوو بەهۆی فشاری باڵیۆزخانەی ئێران لە پاریس، تەنانەت حکوومەتی فەڕەنسا بۆ سەر قاسملوو. سەرەنجام ناچار بوو پاریس بەجێ بهێڵی و وەک یەکەم بوورسیەی ئێرانیی یەکییەتیی نێونەتەوەیی خوێندکاران چوو بۆ پراگ پێتەختی چیکۆسڵۆڤاکیای ئەوسا. =KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/117/0004.JPG=KTML_Photo_Alt=عەبدولڕەحمان قاسملوو=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/117/0004.JPG=KTML_Photo_End=
هەر لەو ماوەیەدا کە لە فەڕەنسا بوو، بە هاوکاریی چەند خوێندکاری دیکەی کورد #کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد# لە ئەوروپادان دامەزراند.
لەو ماوەیەدا کە لە پڕاگ خەریکی خوێندن بوو لە تێکۆشانی یەکییەتیی نێونەتەوەیی خوێندکارانیشدا بەشدار بوو.
ساڵی 1952 بەنوێنەرایەتیی خوێندکارانی ئێران لە دووەم کۆبوونەوەی ئەم ڕێکخراوەدا کە لە شاری پڕاگ گیرا، بەشدار بوو. هەر لەو ماوەیەدا وەک نوێنەری ئێران لە زۆر کۆبوونەوە و کۆنفرانسی فیدراسیۆنی جیهانیی لاواندا لە شاری بووداپێست بەشدار بوو.
ساڵی 1953 لە سەردەمی حکوومەتی (موسەدەق) دا عەبدولڕەحمان قاسملوو پاش ئەوەی لە زانستگەی پڕاگدا لیسانسی زانستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی وەرگرت گەڕایەوە ئێران. ئەو کاتە لەنێوان حیزبی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی توودەی ئێران دا یەکییەتیی تەشکیلاتی هەبوو. قاسملوو پاش شەش مانگ تێکۆشان لە تاران هاتەوە مەهاباد و لەوێ بەرپرسایەتیی کاری حیزبی بەئەستۆ گرت.
پاش کودیتای 28ی گەڵاوێژی 1954 ناچار بوو بەتەواوی خۆی بشارێتەوە و بە نهێنی لە تاران و لە کوردستان خەریکی کاری حیزبی بێ. لەو ماوەیەدا عەبدولڕەحمان قاسملوو سەرپەرشتیی ڕۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی بە ئەستۆوە بوو کە تەنیا پێنج ژمارەی بەنهێنی لێ دەرچوو.
هەر لەو ماوەیەش دا بوو کە کۆمیتەیەکی سەرانسەری بۆ کاروباری حیزبی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەرپرسایەتیی ئەو پێک هات.
عەبدولڕەحمان قاسملوو ساڵی 1958 جارێکی دیکە چووەوە چیکۆسڵۆڤاکیا، ساڵی 1958 پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئێراق و بووژانەوەی بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستان قاسملوو لەگەڵ چەند ئەندامی لێپرسراوی دیکەی حیزبی هەوڵیان دا لە ڕێگەی ئێراقەوە ڕێکخراوەکانی حیزبی زیندوو بکەنەوە. بەڵام بەهۆی کارشکێنیی هێندێک لە بەڕێوەبەرانی #پارتی دیموکراتی کوردستان#ی ئێراق لەو کارەدا سەرنەکەوتن.
ساڵی 1961 عەبدولڕەحمان قاسملوو بەدەستووری دەوڵەتی ئێراق لەو وڵاتە دەرکرا و گەڕایەوە بۆ پڕاگ.
ساڵی 1962 قاسملوو لە زانستگەی پڕاگ دوکتورای زانستی ئابووریی وەرگرت و هەتا ساڵی 1971 لەزانستگەی پڕاگ وانەی ئابووریی سەرمایەداری و ئابووریی سۆسیالیستی و تیئۆریی هەڵدانی ئابووری ی گوتەوە.
دوکتور قاسملوو زمانەکانی کوردی، فارسی، تورکی، عەرەبی، فەڕەنسا، ئینگلیسی، چیکی و ڕووسی بەباشی دەزانی و بەزۆر زمانی دیکەش وەک ئەڵلمانی و زمانەکانی سڵاڤی تا ڕادەیەک ئاشنا بوو.
ساڵی 1971 پاش دەرچوونی بەیاننامەی 11ی مارس و ڕێککەوتنی نێوان ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستان و دەوڵەتی ئەو وڵاتە ئیمکانی تێکۆشانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بوو. لەو کاتەدا دوکتور قاسملوو لەئەوروپا گەڕایەوەو بە هاوکاریی چەند کەس لەیارانی نیزیکی ئەرکی زیندوو کردنەوەی ڕێکخراوەکانی حیزبی دێموکراتی بەئەستۆ گرت.
لەکۆنفرانسی سێیەمی حیزبدا کە مانگی جۆزەردانی ساڵی 1972 گیرا، دوکتور قاسملوو بەئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و پاشان بەسکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵبژێردرا و لەو کاتەوە لە هەموو کۆنگرەکانی حیزبی دا وەک سکرتێری گشتی هەڵبژێرایەوە.
بەم جۆرەبۆ ماوەی 18 ساڵ کاروباری جیزبی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەڕێوەبرد.
دوکتور قاسملوو#13-07-1989# لە کاتێکدا بۆ دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەری ئاشتیخوازانەی مەسەلەی کورد لە ئێراندا لەگەڵ چەند نوێنەری حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە ڤییەننا لەسەر مێزی وتووێژ دانیشتبوو لەگەڵ #عەبدوڵڵا قادری ئازەر# ئەندامی کۆمیتەیناوەندی و نوێنەری حیزب لە ئەوروپا بە دەستی نوێنەرانی دەوڵەت بۆ وتووێژی ئاشتی، کوژرا.
لەو تیرورەدا دوکتور #فازیل مەلا مەحمود مەلا ڕەسوڵ# کوردی باشوور و مامۆستای زانستگە لە ڤییەننا کوژرا.
$بەرهەمەکانی:$
دوکتور قاسملوو چەندین پەرتووک و نامیلکەی لەسەر گیروگرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان نووسیوە کە لە هەموویان بەناوبانگتر پەرتووکی کوردستان و کوردە. ئەم پەرتووکە لە جێدا بە زمانی چێکی نووسراوە، تا ئێستا بە زمانەکانی ئینگلیسی، سڵۆواکی، لەهێستانی، عەرەبی، کوردی، فارسی، هیندی و چەند بەشیشی بە فەڕەنسی چاپ و بڵاوکراوەتەوە.[1]