ناوی خالید کوڕی ئەحمەدی کوڕی حسێنە و لەتیرەی #جاف#ی مکایلییه. دایکی ناوی فاتمەیە و لەسەییدەکانی پیر خدرییه.
مکایلی تیرەیەکن لەجافی کۆچەری لەنەتەوەی پیر مکائیل کە بە شەش ئەنگوس (شەش پەنجه) ناسراوە و لە ساڵی 738 ی کۆچیدا هاتووە بۆ ناوچەی (#جوانڕۆ#) و لەدێی دەودان نیشتەجی بووه، هەر لەوێش کۆچی دوایی کردوه. ماوەیەک دوای وەفاتی پیرمکائیل، نەوەکانی چوونەتەناوچەی #قەرەداغ# و #سەنگاو#.
#مەولانا خالید# لە ساڵی 1193 ی کۆچیدا لە شاری قەرەداغ لەدایک بووە و بەمنداڵی هەر لەو شارە خوێندوویه. لە تەمەنی لاوەتیدا بەفەقێیەتی چووە بۆ #سلێمانی# لای مامۆستا پایەبەرزەکانی ئەو سەردەمە دەرسی خوێندووە و لەخزمەت شێخ محەمەد قەسیمی سنەیی ئیجازەی وەرگرتوه؛ لە هەموو زانستەکانی ئەو زەمانەی خوێندگا ئیسلامییەکاندا زۆر بەرز و هەڵکەوتوو و خاوەن پایەبووه. کاتێ سەیید عەبدولکەریمی بەرزنجی مامۆستای خۆی لە ساڵی 1213 دا، کۆچی دوایی دەکا، مەولانا بە فەرمانی عەبدولڕەحمان پاشای بابان لەجێی دادەمەزرێ و دەست دەکا بەوانە کوتنەوە و لە هەموو لایەکەوە فەقێ دێنە خزمەتی و ناوبانگ دەر دەکا. لەو ماوەیەدا کەخەریکی تەدریس بووه، گەلێ لەدنیا و ئەهلی دونیا دوور بووەو هەمیشە موشتاق بووە مورشدێکی ڕۆحی بدوزێتەوە و عیلمی تەسەووفی لێ وەربگرێ تا لەچاڵی دنیاخوازییەوە بە پایەی بەرزی مەعنەوی بگات.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/177/0005.JPG=KTML_Photo_Alt=مەولانا خالیدی نەقشبەندی=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/177/0005.JPG=KTML_Photo_End=
حەزرەتی مەولانا لە ساڵی 1220 دا لەڕێگای شامەوە دەچێ بۆ زیارەتی مەککە و مەدینه. وەک دەگێڕنەوە پیاوچاکێک لەو سەفەرەدا تێی دەگەیەنێ کەدەبێ بچێ بۆ هیندستان تا بەمورادی دڵی بگا.
ماوەیەک دوای گەڕانەوە لە حەج بەرەو هیندستان وەڕێ دەکەوێ، لە ڕێگای تاران و خۆراسانەوە دوای پتر لەساڵێک دەگاتە دێهلی و (شاە عەبدوڵڵا دهلوی) زیارەت دەکا. لە ماوەی پێنج مانگدا ئەوندە لەلای شاە عەبدوڵڵا خۆشەویست دەبێ کە کەس بەپایەی ئەو ناگا. دوای سەرکەوتن لەپلەو پایەکانی تەریقەت، حەزرەتی شا عەبدوڵڵا ئیجازەی ئیرشادی لەهەر پێنج تەریقەتی نەقشبەندی، قادری، سوهرەوەردی، کوبرەوی و چەشتیدا پێ دەدا و دوای ساڵێک بە فەرمانی شاعەبدوڵڵا دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان. لە ساڵی 1226 دا دەگاتەوە سلێمانی و زانایان و پیاوماقووڵانی شار بەرەو پیری دێن، پاش ماوەیەک حەسانەوە دەچێ بۆ بەغدا و پێنج مانگ لەبارەگای غەوسی گەیلانیدا دەمێنێتەوە و دیسان دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، ئەمجار دەس دەکا بەئیرشادی موسوڵمانان بۆ تەریقەتی نەقشبەندی. هاوینان چووەبو هەورامان و هەر لەو سەفەرانەدا شێخ عوسمان سیراجەددین کەئەو کاتە بەفەقێ عوسمان مەشهوور بووەبەخزمەتێ گەییوەو خەریکی سولوکی تەریقەت بووه.
مەولانا لە ساڵی 1228ی کۆچیدا بۆ جاری دووەم چووتەبەغدا و دوای چەند ساڵ گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و ماوەی شەش ساڵ لەوێ ماوەتەوه. لە ئاخردا دەبینێ کە وەزعی سلێمانی بەهۆی کێشە و ناکوکی لەناو بابانەکاندا ناخۆش بووه، ئیدی بەجارێک دڵی لەو شارە هەلدەقەندرێ و لە ساڵی 1236دا بۆ جاری سێیەم دەچێ بۆ بەغدا، دوای دوو ساڵ مانەوه، بەرەو شام وەڕێ دەکەوێ و لە ساڵی 1238ی کۆچیدا دەگاتە ئەوێ.
دوای حەسانەوە لە شام، بە مەبەستی زیارەت، سەفەریکی قودس دەکا. لەوێش زۆر لەزانایان و پیاوماقووڵان و خەڵکی دی دەبن بەموریدی. کە لە قودسەوە بۆ شام دەگەڕێتەوەتا ساڵی 1241 خەریکی ئاموژگاری کردنی موسوڵمانان و وانە گوتنەوە بەفەقێیان و ئیرشادی موریدان دەبێ. لەو ساڵەدا دیسان سەفەری مەککە و مەدینە دەکا، لە مەدینە کومەڵێکی زۆر لە موسوڵمانان بەتایبەتی زانایان و پیاوماقووڵان، کەهاتبوون بۆ حەج، بەخزمەتی دەگەن و تەریقەتی لێ وەردەگرن. هەڵبەت پێش ئەم سەفەرە لە مەککە خەلیفەی هەبووه.
ساڵێک دوای گەڕانەوەبۆ شام، واتا لە ساڵی 1242ی کۆچیدا، شەوی چوارشەممە 11ی مانگی ذی القعدە تووشی نەخۆشی تاعوون دەبێ و لەشەوی جومعە سێزدەی هەمان مانگدا لەنێوان نویژی شێوان و خەوتناندا کۆچی دوایی دەکا - خودای لێ ڕازی بێ.
حەزرەتی مەولانا، پەڕتووکی زۆری نووسیون و هەروەها بە کوردی و فارسی و عارەبی شیعری گوتوە کە زۆربەی شیعرەکانی پاڕانەوەیە لەخوا و پێغەمبەر و مەدحی پیاوچاکانن.[1]