لە ساڵی 1925دا لە شاری #هەولێر# چاوی بەژیان هەڵێناوه. خوێندنی ئایینی لەلای مەلا عوسمان باوکی دەستپێکردوو لە دواییدا لەلای مەلا ناسراوی هەولێر درێژەی بەخوێندنەکەی داوە و دوا خوێندنی موستەعیدی لەلای زانا ناودار مەلا ساڵحی کۆزەپانکە تەواوکردووە و گەیشتووەتە پایەی مەلایەتی، بەڵام مۆڵەتی زانستی وەرنەگرتووه.
مەلا شەریف کەسێکی زیرەکی بەهرەدار بوو. هەرپشتی بەزانیاریی ئایینی و فیقهی نەبەستووه. بەڵکوو لە ڕێگەی زۆر خوێندنەوەی سەرچاوەی ڕۆشنبیری و زانستی نوێ و وێژەیی ڕامیاری خۆی پێگەیاندووە و بووەتە ڕووناکبیرێکی تێگەیشتووی پێشکەوتنخواز بەزیرەکی خۆی و لە ڕێگەی مامۆستای تایبەتییەوە فێری چەند زمانێکی بیانی وەک عەرەبی و تورکی و فەڕەنسی و فارسی بووه، جگە لەکوردی زگماگی خۆی بووه.
مەلا شەریف لە ساڵی 1942ەوە کەجارێ لاوێکی 17 ساڵی بووە، چووەتە کۆڕی خەباتی چینایەتی و لەئەنجامی چالاکی نواندنی لەرێکخراوی چەپڕەوی سیاسی لە ساڵی 1949دا دەگیرێت و چەند ساڵێک سزا دەدرێت و لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی بیستەمدا بەردەبێت و خێزانێک پێکەوەدەنێ و ژیانێکی هەژارانە دەژی. لەدوا دوای ژیانیدا چەند فرمانێکی میریی وەردەگرێت، کەدواترینیان فەرمانبەری چاپخانەی شارەوانی هەولێر بووه.
لەئێوارەی ڕۆژی 1976.04.28 دا بە نەخۆشی نۆرەدڵی لە هەولێر کۆچی دوایی کردووە.
لە بواری نووسین و وەرگیڕانیشەوە گەلێک بەتوانابووە و تا لە ژیاندا بوو دوو پەرتووکی بە زمانی عەرەبی بەچاپ گەیاند، کە ئەمانەی خوارەوەن:
1. الصداقة العربیة الکردیة -لە ساڵی 1959 دا بەچاپی گەیاندووه.
2. لمحة عن الاکراد -دانانی تۆمابوا -بە زمانی فەڕەنسی و ئەمیش لەفەڕەنسیەوە کردوویەتییە عەرەبی و کۆڕی زانیاری کوردی یارمەتیی لەچاپدانی داوە و لە ساڵی 1973دا چاپکراوه.
جگە لەم دوو بەرهەمە چاپکراوەیشی پێنج بەرهەمی بەنرخی (لەشیعر و چیرۆکی وەرگێڕدراو و ڕێزمان)ی بەدەستنووسی لەپاش بەجێماوە کە ئەمانەن:
1. ڕۆمیۆ و جولێتی چینی -لەچینییەوە کراوەتە فەڕەنسی و ئەو لەفەڕەنسیەوە کردووویەتییە کوردی.
2. دیوانێکی شیعری نیشتمانی و ڕامیاری بە زمانی کوردی.
3. چەند شانۆگەرییەکی لەزمانی فەرەنسییەوە بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە.