لە 28 -12- 1976 لە بەغدا لە دایک بووه. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە قوتابخانەکانی شۆڕش (سەر بە حیزبی دێموکڕات) تێپەڕ کردووه. ساڵی 1993 دیپڵۆمی ئەدەبیی لە #هەولێر# وەرگرتووه. ساڵی 1994 لە ڕێگای ئەنستیتۆی کوردەوە لە پاریس بورسی خوێندنی وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسەی پێ دراوه. لیسانسی حقووق (1998)، فەوقی لیسانسی حقووقی سیاسی (1999) و ماستەری مافی نێونەتەوەیی (2001) لە زانکۆی ستراسبورگ، و بڕوانامەی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ (2002) لە ئەنستیتۆی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ستراسبۆرگ وەرگرتووه. ساڵەکانی 2001 و 2002 وانەی حقووقی دەستووریی بە خوێندکارانی ساڵی یەکەمی ئەنستیتۆی زانستی سیاسیی سەر بە زانکۆی ستراسبۆرگ، و تێرمی بەهاریی ساڵەکانی 2003، 2004 و 2005 وانەی مافی کەمایەتییەکانی بە خوێندکارانی ماستەری مافی مرۆڤ لە ئەنستیتۆی موتالعاتی ئورووپایی سەر بە زانکۆی ستراسبۆرگ گوتۆتەوه. لە ساڵی 2006 وە لە ئەنستیتۆی توێژینەوەی نێونەتەوەیی ژنێڤ وەک مامۆستای یاریدەدەر کار دەکا. ڕۆژی 26 ی فێبرواری 2009 هەر لەو ئەنستیتۆیە دوکتوڕای مافی نێونەتەوەیی وەرگرتووە (بابەت: بەشداریی سیاسیی کەمایەتییەکان).
تێکۆشانی سیاسی و ڕێکخراوەیی خۆی لە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا دەست پێ کردووه. ساڵی 1999 بە سکرتێری لقی لاوانی ئەمنێستی ئینترناشناڵ لە ستراسبورگ و ساڵی 2000 بە سەرۆکی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە فەڕانسە هەڵبژێراوه. ساڵی 1996 بە ڕەسمی بووە بە ئەندامی حیزبی دێموکڕات. ساڵی 2004 وەک یاریدەدەری نوێنەری حدکا لە دەرەوەی وڵات دیاری کراوه. پاش لێک ترازانی ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕات (دێسامبری 2006) بووە بە ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی و بەرپرسی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات. لە کۆنگرەی چاردەی حدک دا (مارسی2008) بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حیزبە هەڵبژێردراوە و ئێستا بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەیییەکان لە دەرەوەی وڵاته.