لە زمانی خۆیەوە:
ساڵی 1962 لە شارەدێی (#گوێڕ#)ی سەربە پارێزگای (#هەولێر#) هاتوومەتەژیان.
بەهاری 1963 لەکاتی هێرشی عەرەبەکان (هێرشی پاسەوانانی نەتەوەیی/حەرەس قەومی) کە بە هەرای عەرەبان ناودێر کراوە، لە زێدی خۆمان ڕاونراوین و ئاوارەکراوین.
ساڵی 1968 چوومەتە فێرگە. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییم لە هەولێر خوێندووە و دواتر لە کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی #سلێمانی# وەرگیراوم، لەگەڵ گوێزرانەوەی زانکۆی سلێمانی هاتوومەتەوە هەولێر و ئاکام لە زانکۆی سەڵاحەدین بڕوانامەی (بەکالۆریۆس)م لە ئەندازەی کارەبای گشتی وەرگرتووە.
ساڵی 1977 لە ڕیزی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستاندا هەنگاوی یەکەمی تێکۆشانی سیاسیم هەڵێناوەتەوە.
دوای تەواوکردنی زانکۆ چوومەتە شاخ و چەکی پێشمەگایەتیم کردۆتە شان و سەرەتا لە ڕیزی حزبی سۆسیالیستی کوردستان و دواتریش لە ڕیزی پارتی گەلی دیموکراتی کوردستاندا، تێکۆشاوم.
لە ڕاپەڕینی بەهاری 1991 دا بەزێد و شارەکەم شاد بوومەتەوە.
تاکەئەندامێکی سەرکردایەتی حزبی یەکگرتنی کوردستان بووم کە ساڵی 1993 لەگەڵ دەستەیەک کادیری حزبی یەکگرتن ماوینەتەوە و حزبی ڕزگاریی کوردستانمان ڕاگەیاندووە.
هەر چۆن ساڵی 1977 دەستم بە تێکۆشانی سیاسی کردووە و بێ پسانەوە تا ئەمرۆ تێیدا بەردەوامم.
ساڵی 1977 یەکەمین چیرۆکم نووسیوە.
لەنێوان ساڵانی 1980 تا 1989 چەندین هۆنراوە و کورتەچیرۆکم لەسەر شێوەی نامیلکە لە شاخ چاپ و بڵاوکراونەتەوە.
ساڵی 1991 کۆمەڵەچیڕۆکی ئەستێرەی دارژاو لەناوەندی بڵاوکردنەوەی سەڵاحەدینی ئەیوبی لە#ورمێ# چاپکراوە. هەر ئەو ساڵە بڕیار بوو ڕۆمانی (نووژەن) کە ساڵی 1988 نووسراوە، لەو ناوەندەدا چاپ بکرێت، بەڵام لەگەڵ ڕاپەڕین گەڕامەوەباشووری کوردستان، سەرئەنجام دوای چاوەڕوانییەکی زۆر هاوینی 2005 کەوتەبەردەستی خۆێنەرانەوە.
هەروەها بابەتی سیاسی و وێژەیی جۆراوجۆم لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانی سەردەمی شاخ و هەندەراندا دەرگەی ڕووناکیان لێ کراوتەوە.
ماوەیەک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتی نووسەرانی کوردستان بووم.
دوای ڕاپەڕینیش بابەتی سیاسی و لێکۆڵێنەوە بۆ ڕۆژنامەکان دەنووسم و لە کاری سیاسیشدا چالاکم. ماوەی ساڵێک ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بووە.
تاکوو ئێستا2024، 24 بەرهەمی چاپکراوە و 10 بەرهەمیشی ئامادەن بۆ چاپ. [1]