ناو: سادق
ناوی باوک: بەهائەدین
ساڵی لە دایکبوون: 1918
شوێنی لە دایکبوون: #ئامێدی#
ڕۆژ و ساڵی کۆچی دوایی: #16-06-1982#
$ژیاننامە$
لە ساڵی 1918دا لە ئامێدی لە دایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە شارەکەی خۆی و خوێندنی ناوەندی و ئامادەی لە #موسڵ# و لە ساڵی 1937دا چووەتە بەغدا لە خانەی باڵای مامۆستایان وەرگیراوە و لە ساڵی 1941دا بەشی جوگرافیای تەواوکردووە و کراوە بە مامۆستای جوگرافیا و مێژوو و لە ناوەندیی #کەرکووک#، بەڵام لەسەر هەڵوێستی کوردایەتی دوای سێ مانگ دەگوێزرێتەوەبۆ #هەڵەبجە#و حەوت ساڵ لێ دەمێنێتەوەو سێ ساڵیش لە شاری #سلێمانی# وانەدەڵێتەوەو دوای گواستنەوەی بۆ #زاخۆ# دیسان لەسەر کوردایەتی دوور دەخرێتەوەبۆ شارۆچکەی هیت لەپاێزگای ڕومادی و چەند ساڵیش لەناوەندی غەریبە مامۆستا دەبێت، ئەوجا لەگەڵ کردنەوەی بەڕێوبەرایەتی گشتی خوێندنی کوردی لە دوای بەرپا بوونی شۆڕشی#14-07-1958#، دەکرێتەیاریدەدەری بەڕێوبەری گشتی بۆ کاروباری هونەری و لە ساڵانی 1963، 1964، 1965یشدا دەکرێتە مامۆستای زمانی و وێژەی کوردی لە بەشی کوردی کۆلێژی ئەدەبیات لە زانکۆی بەغدا و قوتابییانی ئەو بەشە گەلێک سوودیان لێ وەرگرتووه.
سەیدا سادق هەر قوتابی پۆلی سێیەمی ناوەندی بووەلەمووسڵ لە1935دا دەستی بە نووسینی ئەدەبیاتی کوردی کردووە و بەشداری لە هەموو چالاکییەکانی دەزگا ڕۆشنبیرییەکاندا کردووە و لە ساڵی 1956ەوەلەئێستگەی کوردی ڕادیۆی بەغدا بابەتی سوودبەخشی پێشکەش بەگوێگران کردووه، بابەتی وێژەی بەنرخی لە گۆڤاری هیوای زمانی یانەی سەرکەوتن دا نووسیوە لە گەڵ درووستبوونی سەندیکای مامۆستایانی کۆماری ئێراق لە ساڵی 1959دا خاوەن هەڵوێست بووە و ڕۆڵێکی دیاری گێڕاوه، بەتایبەت لە کۆنگرەی دووەمی دا کراوە بە سەرۆکی لیژنەی خوێندنی کوردی و بڕیاری چاکی بۆ سوودی ڕۆشنبیری و زانیاری کوردی چەسپاندووه.
سەیدا سادق لە کۆنگرەی دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد لە بەغدا کە لە 23 و 24ی حوزەیرانی 1970 لە هۆڵی خولد دا بەسترا بە سەرۆکی دەستەی بەڕێوبەردنی ڕووداوەکانی کۆنگرە هەڵبژێردرا و دەستەکە بەم جۆرە پێکهات بوو:
1-سادق بەهائەدین #ئامێدی# -نوێنەری بادینان سەروک
2-عەبدولقادر قەزاز -نوێنەری کوردەکانی بەغدا ئەندام
3-تایەر سادق ئەحمەد -نوێنەری پارێزگای کەرکووک ئەندام
4-کەمال غەمبار حسێن -نوێنەری پارێزگای #هەولێر# ئەندام
5-محەمەد ساڵح سەعید -نوێنەری پارێزگای سلێمانی ئەندام
ئەم دەستەیە بە سەرۆکایەتی سەیدا سادق کاروباری بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکانی کۆنگرەی بەچاکی ئەنجامدا.
مامۆستا سادق بەهائەدین گەلێک وتار و لێکۆڵینەوەی وێژەی و زمانەوانی بەنرخی لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا بڵاو دەکردەوە بە تایبەتی لە هیوا و ڕووناهی و دەفتەری کوردەواری و بەیان و ڕۆشنبیری نوێ و نووسەری کورد و ڕۆژی کوردستان و گۆڤاری کۆڕی زانیاری کورد دا.
مامۆستا سادق لە ماوەی ژیانی وێژەی و ڕۆشنبیری دا گەلێک پەرتووکی بەنرخی بەچاپ گەیاندووه، وەک ئەمانەی خوارەوه:
1-ئیدیەمێت کورد 1973
2-ڕێزمانا کورد 1976
3-دیوانا مەلایێ جزیری 1977
4-دیوانا پرتۆپێ هەمکاری 1978
5-نوبهارا سەیدایێ ئەحمەدی خانی 1979
6-هۆزانڤانێن کورد -کۆڕێ زانیاری 1979
7-خان و مان 1981
8-مەولویدا مەلایێ باتەیی ساڵی 1982
جگەلەم بەرهەمانەشی بەشدارییەکی تەواوی لە پڕۆژەکانی دانان و وەرگێڕانی گەلێک پەرتووکی قوتابخانەکانی کوردستاندا کردووە و دوای بەسەربردنی ژیانێکی پڕ بەرهەمی بەسوود لە تەمەنی 64 ساڵیدا لە 16-06-1982 دا کۆچی دوایی کردووە.[1]