ژنە گۆرانیبێژی کورد (مەریەم خان) ناوی تەواوی (مەریەم محەممەد ئەحمەد)ە و لە ساڵی 1904، لە گوندی (دێرگول)ی سەر بە ناوچەی جزیرەی بۆتان لە دایک بووە.
سەرەڕای ئەوەی لە ژیانیدا دووچاری گرفت و ناخۆشی زۆر بووەتەوە، توانیویەتی کەسایەتی بەرز ڕابگرێت. یەکێک له و تایبەتمەندییانەی کە مەریەم خانی پێ ناسراوەتەوە، ئەوەبووە کە هەمیشە سەری بە لەچک بەستووە. دەبێ ئەوەش بڵێین هەر لە کۆنەوە تا ئێستا، لە ناو خێڵە کۆچەرییەکانی باکوور و خۆرئاوای کوردستان و هەندێ ناوچەی (شەنگال)دا، ئەم شێوازی سەربەستنە باوە. پاش ئەوەی کاریگەرییەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی، باری ئابووریی و کۆمەلایەتی خەڵکی ناوچەکە نالەبار دەکات، ئەمیش وەک زۆربەی خەڵک، زێدی خۆی بەجێ دەهێڵێت و بەره و ولاتی شام کۆچ دەکات. ماوەیەک لە شاری (دیمەشق) دەمێنێتەوە و دواتریش لە ساڵی 1924دا، دەچێتە باشووری کوردستان و لە شاری (#زاخۆ#) جێگیر دەبێت.
کاتێک کۆمپانیای تۆماری دەنگ لەسەر قەوان لە شاری (بەغدا) دادەمەزرێت، مەریەم خانی هونەرمەند، بە هیوای ئەوەی کە گۆرانییەکانی لەسەر قەوان تۆمار بکات، ڕوو لە پایتەخت دەکات و لە ساڵی 1930دا، چەند لاوک و بەستەیەکی لە لایەن کۆمپانیای (بەیزافۆن، ئۆدیۆن و ئەبولکەلب)ەوە، لەسەر قەوان بۆ تۆمار دەکرێت. یەکەمین قەوانی لە ساڵی 1930دا بە ناو دۆمامێ تۆمار کردووە.
مریەم خان لای کۆمپانیای هیس ماستەرس ڤۆیس 12 لاوک و بەستەی بە 5 قەوان و 4 قەوانی کۆمپانیای کۆلومبیا پڕ کردووەتەوە کە دەکاتە 9 قەوان. لەوانە (لۆرکێ لۆرکێ، گولێ وەی نار، هەی بەردە بەردە، لێلێ وەسۆ، گولا شێنی شێنی، یار حەلیمێ، محەممەدۆ ڕۆنی، لێلێ ئێمێ، لێ دایێ، لۆلۆ سوارۆ، ئەی دەلال و زەمبیل فرۆش). بەم کارەشی، دەبێتە یەکەم گۆرانیبێژی کورد کە بە دیالێکتی کرمانجی ژووروو گۆرانی لەسەر قەوان تۆمار بکات.مریەم خان سیازدە بەستەی فۆلکلۆریی، شەش لاوکی میللی و شۆڕەسواریی وپازدە لاوکی ئەڤینداری چڕیوە. جگە له و لاوک و بەستانەی کە لەسەر قەوان تۆماری کردوون، لە ڕادیۆی بەغدا و ئاهەنگەکانیشدا، ژمارەیەکی زۆر بەستە و لاوکی تریشی هەیە، کە هەندێکیان تا ئێستاش لەلایەن گۆرانیبێژانەوە دەوترێنەوە. بە پێی قسەی “کامیلی کاکە مین” یەکەمین بێژەری ڕادیۆی کوردی بەغدا، مریەم خان لەساڵی 1942دا تێکەڵی پەخشی کوردی ڕادیۆ بەغدا بووە.
مریەم خان، پەیوەندی زۆرباشی لەگەڵ گۆرانیبێژانی ئێستگەی بەغدا دەبێت، بەتایبەت ” حەسۆ جزیری، دایکی جەماڵ، ئەڵماس خان، ڕەمەزان جزیری، عەلی مەردان و…” لەگەڵ هەندێک هونەرمەندی تریشدا وەک ” محەمەدعارف جزیری، حەسەن جزیری و ئەڵماس محەمەد” گۆرانی وتووە.
سەرەڕای ئەو یادەوەریی و یادگارییانەی کە لە لایان هونەرمەندان و هاوسەردەمانی مریەم خانەوە دەگێڕدێتەوە، بەڵام سەبارەت بە ژیانی هەمەلایانەی هونەرمەند، زۆر لایانی نادیار ماون کە پێویستیان بە گەڕانی مەیدانیی و لێکدانەوەی زۆرترە.
ماوەتەوە بڵین کە مریەم خان لە ساڵی 1949دا، تووشی نەخۆشی گورچیلە دەبێت و پاش هەوڵێکی زۆر بۆ چارەسەرکردنی، لە مانگی تەمووزی هەمان ساڵدا لە نەخۆشخانەی میر ئەلیاس لە بەغداد کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی شێخ مارف بە خاک دەسپێردرێت. گۆڤاری “الاذاعه والتلفزیون”ی بەغداد نووسی بووی” ناودارترین سترانبێژی بیستەکان، مریەم کەچەڵ لە ژوورێکی ناهەمواری گەڕەکی بابۆلموعەزەمدا بە هەژاری کوچی دوایی کرد”.
مریەم خان گۆرانیبێژێکی دێرینی کوردە، بەدرێژایی ئەو ساڵانەی وەک هونەرمەندێکی ڕەسەن و دەنگ بەجۆش ناسرابوو توانیویەتی خزمەتێکی بەرچاوی هونەرو میوزیکی کوردیمان بکات و ببێتشە یەکێک لە گۆرانیبێژە پێشەنگەکانی کاروانی هونەری گۆرانی کوردی. سەبارەت بە داهێنانەکانی لەو بوارەدا دەکرێ لەچەند وێسگەیەکی هونەریی ئەم خانمەدا بوەستین و بەهێزی دەنگ و توانستە هونەرییەکانی بکەین.
سەرەتا دەبێ ئەوە بیرخۆمان بخەینەوە کە دووجۆر گۆرانی لەنێو میللەتانی ڕۆژهەڵاتیدا باویان هەیە، ئەوانیش گۆرانی سووک و گۆرانی قوڕس، بەو واتایە ئەو گۆرانیانەی کە لە ئاواز و ڕیتم و ڕستەی شیعریدا ساکارن و بەیەک جۆر لە ئاوازو شیعر پابەند دەبێ، دەتوانین ناویان بنێین گۆرانی سووک و ئەو گۆرانیانەی کە پابەند نابن بەیەک چەشن لە ڕیتم و ئاوازو شیعر، دەوترێت گۆرانی قوڕس
مریم خان زۆربەی ئەو گۆرانیانەی تۆماری کردوون لەجۆری دووەمن، کەمێک لەگۆرانیبێژان نەبێ، ناتوانن گۆرانی قورس بچڕن، چونکی تەبەقەی دەنگ و ئۆڤەرەکانی پەیژەی موزیکی لەنزمەوە بۆبەرزو پاشان بەرزتر، هەروەها بەپێچەوانەوەش کارێکی وەها ئاسان نیە هەموو خاوەن دەنگێکی ئاسایی ناتوانێت جێبەجێی بکات، ئەوانەی لەمقام گووتن سەرکەوتوون خاوەن دەنگێکی بەهێزن شارەزاییەکی زۆری هونەری ئەمجۆرە گۆرانیانەن و هەناسەیەکی قوڵ و قورگێکی لەباریان هەیە، دەتوانن لەسەرەتادا مقامەکە بەئاستێکی گونجاو ببەن و لەکۆتاشدا زیرەکانە کۆتایی پێبهێنن.
مریەم خان بەوە ناسرا بوو کام گۆرانی مقاماتی قورسی تیابووبێ، بەسەرکەوتوویی ئەدای کردوە، لەپاڵ ئەمەش چێژێکی هونەریانەشی بەبیسەرانی دەبەخشی و هەست و نەستیانی دەخرۆشاند.
ئەو لاوکانەی کە مریەم خان تۆماری کردوون:
محەمەدێ سەلیم”هێلی دەلال”، لێ دایێ، کۆرئۆغلی، لێ لێ وئاغاو و فەرمانە، بشارێ چەقۆ قەسرا با خەمسێ، ئەی لێ دەلال، سێڤا حاجی، محەمەد و ڕۆنی، ئەمان ئەمان سێڤا منێ، لێ لێ وەر حەلیمێ، یار گەورێ، چەمێ بشیریکا، دومام، دەردۆ، عەرەب شێنی، یادێ، قەمەرێ جانێ، جەم بەلی، بەژنا زراڤ، بێمال، لۆلۆ سوارۆ