جیهان ئارا کچی مەلا نەشئەتی پاوەیییه، لەبنەماڵەیێکی ئوروستوکراتی لەساڵی 1858 لە پاوە لەدایکبووه، لای باوکی و مامۆستایانی دیکە خوێندوویەتی، بایەخی بەزمانی عەرەبی داوه.
وەک هەموو کچێک ژیانی منداڵی و عازەبی لەماڵی باوکی بردۆتەسەر. سەید تاهیری هاشمی بەڕێزەوە ناوی جیهان ئارا دەبات، بەیەکێک لەزانایانی پاوەی دادەنێت، دەڵێت لەجوانیدا شۆخ و شەنگ و بێ وێنە بووه، شیعری جوانی نووسیوه.
جیهان ئارا هێشتا بچووک بووە کە حەمەبەگی وەکیل حەزی لێ کردووه، چووە بۆ خوازبێنی بەڵام شووی پێ نەکردووه. لەپاشانا شووی بەعەلی ئەکبەرخانی ئەردەڵانی کردووه، ئەمەپورزای خۆی بووە لە باوکییەوه.
لەدوای ماوەیەکی کەم لەساڵی 1880 عەلی ئەکبەر لەلایەن ناسرەدین شای قاجارەوە بانگ کراوەتە تاران و کراوە بە بەڕێوبەری ئازربایجان. ئیتر ئەم کابرایە لەو خۆشییەدا جیهان ئارای لەبیر دەچێتەوه، کچێک لەشازادەکانی قاجار دێنێت و بەم هۆیەوە تەڵاقنامە بۆ جیهان ئارا دەنێرێت. زۆری پێ ناچێت جیهان ئارا مێرد بە حەبیبوڵڵاخانی سەرەک عێلی بابەجانیی جاف دەکات. لەمە چەند منداڵی دەبێت و ژیانی وەک خانمی ماڵ دەباتەسەر.
ئەم ژنە شاعیرە لەساڵی 1911 لە جوانڕۆ کۆچی دواییکردووە و هەر لەوێش بەخاک سپێرراوه.