ساڵی 1942 لەگەڕەکی جەوراوای شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتۆتەدنیا. خوێندنی 6 ساڵی سەرەتایی لەقوتابخانەی "15ی بەهمەن" تەواو کرد، پاشان خوێندنی دواناوەندی لەقوتابخانەی "هیدایەت" و "شاپوور"ی ئەو شارەتەواو کردو بڕوانامەی دیپلۆمای ڕیازی وەرگرت. ئینجا هەر دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەری بەشی ئابووری لەکۆلێژی ئابووری زانکۆی تاران وەرگرت.
ساڵی 1967 بۆ خوێندنی باڵا بەرەو ئیالەتی مێریلەند لەوڵاتی ئەمەریکا سەفەری کردو بڕوانامەی دکتۆرای ئابووری لەزانکۆی مێریلەندی ئەو وڵاتەوەرگرت. تێزی دکتۆراکەشی سەبارەت بە"گەشەپێدانی ئابووری و پیشەیی لەئێران" بوو.
ساڵی 1970 گەڕایەوەبۆ ئێران و لەرێکخراوەی گەڵاڵەدارشتنی ئێران دەستی بەکارکرد. ئەم ڕێکخراوەیەچەندین دەرفەتی خوێندنی بۆ دکتۆر "بایەزید مەردۆخی" پێکهێنا. لەئاژانسی بەرنامەدارێژی ژاپۆن بەماوەی 6 مانگ کاری دەکردو دەرسیشی دەخوێند. ئینجا لەزانکۆی تاران و لەزانکۆی کالیفۆرنیای باشوور لەئەمەریکا خولێکی فێربوونی بەڕێوەبەرایەتی باڵای گوزەراند.
هەروەها لەرێکخراوەی بەرنامەی ئێران لەبەشی "پیشەسازی و کانزاکان" لەبواری بەرنامەدارێژی گەشەپێدانی پێشەیی دەستی بەکار کرد. لەرێکخراوەی بەرنامەی ئێران هەر لەو بەشەدا بوو بەبەڕێوەبەری بەرنامەرێژی گەشەپێدانی پیشەیی و کانزاکانی ئێران. پێش شۆرشی گەلانی ئێران بووەجێگری ئەو بەشە. لەدوای شۆرشیش بۆ ماوەی 3 ساڵ بووەبەڕێوەبەری "پیشەسازی و کانزاکان"ی ئێران.
هەروەها بۆ ماوەی 3 ساڵ بەڕێوەبەری نووسینگەی "ئابووری کەلان"ی ئێران بوو. پاشان لەرێکخراوەی بەرنامەدا بووەراوێژکاری جێگری کاروباری ئابووری و هەماهەنگی و بەرنامەو میزانییە. ئینجا بوو بەراوێژکاری سەرۆکی ڕێکخراوەی بەڕێوەبەرایەتی بەرنامەدارێژی. هەر لەو کاتەشدا بووەبەرپرسی ژمێریاری زەخیرەی ئەرزی ئێران. لەساڵی 2006 خانەنشین کرا.