کوڕی حاجی ئەحمەدی هەورازە. شەوی 28 خەرمانانی ساڵی 1348 ی هەتاوی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری نەغەدە لەدایک بووە.
لە ساڵی 1355ی هەتاوی لە نەغەدە خوێندنی سەرەتایی دەستپیکردووە و لە 1366دا بڕوانامەی دواناوەندیی وەرگرتووە.
ساڵی 1379 بڕوانامەی پسپۆڕیی وەرزشیی لە زانکۆی ورمێ بەدەستهێناوە. لە 1367 دا (دەستەی شاخەوانیی قەندیل و دەستەی شاخەوانیی سامڕەند)ی پێکهێناوە. پاشان (کانوونی شاخەوانانی نەتەوەیی لە نەغەدە) ڕێکخستووە و لە ساڵی 1376 دا بە ئەندامی دەستەی شاخەوانانی ئێران هەڵبژێردراوە. لە 1377دا لەگەڵ سێ لە هاورێیانیدا مەدالیای زێڕی شاخەوانیی وەرگرتووە. لە 1376 دا توانیویەتی بگاتە سەر لووتکەی چیای ڕاکاپووی لە پاکستان کە بەرزاییەکەی 7788م بووە و پلەی یەکەمی شاخەوانیی ئاسیای بەدەستهێناوە. لە 1377 دا لەگەڵ سێ لە هاوڕێیانیدا گەیشتوونەتە سەر
لووتکەی هەڤرێست لە هیمالایە و پلەی یەکەمی شاخەوانیی جیهانیی پێوەرگرتووە. لە 1378 دا بڕوانامەی ڕاهێنەری پلە دووی سەر سەهۆڵ و بەفری وەرگرتووە. لە 1378 دا بۆ سەرکەوتنی چیای (چواویۆ) کە بەرزاییەکەی 8201م بووە، بڕوانامەی پاڵەوانیی پلە یەکی جیهانیی پێبەخشراوە. دوو بڕوانامەی پاڵەوانێتیی شاخەوانیی لە فەڕەنسا وەرگرتووە. ساڵی 1380 بەهۆی سەرکەوتنی مێژوویی چیای (مەکالۆ) بەبێ ئۆکسجین، مەدالیای زێڕینی جیهانیی بۆ جاری دووەم پێبەخشراوە. لە 1381دا لووتکەی شاخی (لوتزا)ی بڕیوە کە بەرزاییەکەی 8516م بووە و بۆ جاری سێهەم مەدالی زێڕینی جیهانیی وەرگرتۆتەوە. لە 1382 دا لەگەڵ هاوڕێکەیدا (موقبیلی هەنەرپەژوو) لە شاخی (گاشیربروم)کە بەرزاییەکەی 7800م بووە، بەر هەرەسی بەفر کەوتوون و لە نەخۆشخانەی ئیسلام ئاباد کۆچیدووایی کردووە.