ناوی حەمە سەعید پاشای کوڕی ئەحمەد بەگە و بە شا پەرتەو ناوبانگی دەرکردووە. لە دەوروبەری دەریاچەی #ورمێ#دا هاتۆتە دنیاوە. سەبارەت بە مێژووی لەدایک بوون و بەسەر هاتی ژیانی ئەم شاعیرە گەورەیەی کورد بیروڕای جۆراوجۆر هەیە، بەڵام زوربەیان لەوەدا یەک ئەگرنەوە کە شا پەرتەو کۆتایی سەدەی هەژدە لەدایک بووەو لەناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا کۆچی دوایی کردووە. شا پەرتەو زوربەی ژیانی لەناوچەی #هەکاری# بەسەر بردووەو پاشان چۆتە ئەستەمبوڵ و لەدەزگا دەوڵەتییەکانی عوسمانیدا کاری جۆراو جۆری پێ سپێردراوە. دواتر ڕەوانەی میسر کراوە و لە پاش ماوەیەک گەڕاوەتەوە ئەستەمبوڵ و ساڵی 1830 پۆستی وەزارەتی ناوخۆی پێ سپێردراوە، بەڵام هێندەی نەبردووە کە سوڵتانی عوسمانی فەرمانی دوورخستنەوەی دەرئەکات بۆ ئەلبانیا و لەرێگای شاری (ئادرنە) بەدەرمانخوارد کراوی کۆچی دوایی کردووە. شا پەرتەو کە بەشێوەی کرمانجی شیعری نووسیوە، یەکێکە لە شاعیرە ناودارەکانی کورد. ئەم شاعیرە بەسەلیقەیە کەساڵی 1832 دیوانەکەی لەمیسر چاپ کراوە، بایەخێکی زۆری بەشیعری دڵداری و شیعری ئایینی داوەو سروشتی جوانی کوردستان لەزوربەی شیعرەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە.