کوڕی سەیید حسێنی کوڕی عەبدولقادری کوڕی ئەحمەدی سەردارە. ساڵی 1873 لە گوندی (#سەرگەڵو#)ی سەر بەشارەدێی #سورداش# لە بنەماڵەیەکی ئایینی و نیشتمانپەروەر لەدایک بووە. بەمنداڵی لای مامۆستا بەناوبانگەکانی ناوچەکە فێری خوێندن و نووسین بووە و دواتر وەک ڕابەرێکی تەریقەتی (نەقشی) ناوبانگی دەرکردووە و لە #کەرکووک# خۆی تەرخان کردووە بۆ خزمەت کردنی ئەو ڕێبازە. سەیید ئەحمەدی خانەقا هەموو سامان و داراییەکی خۆی و بنەماڵەکەی تەرخان کرد بۆ یارمەتیدانی هەژارو لێقەوماوان و هەمیشە خانەقاکەی شوێنی داڵدەدانی خەڵکی بووە. ئەم پیاوە بەخشندە خواناسە لەرووی کۆمەڵایەتیشەوە کەسێتییەکی گەورەی هەبووە تائەندازەیەکی وا کە تەنانەت کاربەدەستانی دەوڵەتیش ڕێزیان لێ ئەگرت. سەیید ئەحمەدی خانەقا بە درێژایی ژیانی لەگەڵ مەسەلەی ڕەوای میللەتەکەیدا بووەو دۆستایەتییەکی پتەوی لەگەڵ شێخ مەحمودی حەفیددا هەبوو. هەموو کەسێتییە سیاسییە کوردەکان و ئەشرافی کورد پەیوەندییان لەگەڵدا هەبووەو خزمەتی کردوون و داڵدەی داون. زۆر جار بۆتە پشت و پەنای ئەو تێکۆشەرانەی کە دەوڵەت هەوڵی دەستگیر کردنیانی ئەدا. گوندەکانی گۆپ تەپەو عەسکەر و سەرگەڵو کەبەموڵکایەتی هی ئەم بنەماڵەیە بوون هەمیشە لانەی تێکۆشەران و خەباتگێڕانی ئەو سەردەمە بووە. لەزوربەی ڕووداوە مێژووییەکانی سەدەی ڕابردوودا ناوی سەیید ئەحمەدی خانەقا وەک کەسێتییەکی کوردپەروەرو خێرەومەند باس کراوە. ئەم گەورە پیاوەی کورد خزمەتی هەموو کوردێکی کردووە بەبێ جیاوازی. هەمیشە هەوڵی ئەدا پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی بۆ یارمەتیدانی کورد بەکار بهێنێت. ئەم گەورە پیاوە لەتەمەنی 79 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و سەروەرییەکی زۆری بۆ بەجێ هێشتین.[1]