ئەم شاعیرە پایە بەرزە لە شاری سلێمانی بە نابینایی لەدایک بووە. بە منداڵی قورئانی پیرۆزی پێ لەبەر کراوە و جگە لەمە هیچ قوتابخانەیەک و خوێندنگەیەک نەچووە، بەڵام زیرەکییەکی نائاسایی و بەهرەیەکی بەرزی شاعیرێتی هەبووە. بەو نابیناییە کاری وای ئەکرد مرۆڤی چاوساغیش نەیئەتوانی ئەنجامی بدات. مەلا حەمدون لە زمانی فارسیشدا توانایەکی گەورەی هەبووە و بەو زمانەش گەلێ شیعری نایابی وتووە. ماوەیەکی زۆریش لە ئەستەموڵ ژیاوە و لەوێ بە باشی فێری زمانی تورکی بووە. ئەم شاعیرە هەڵکەوتووە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ کوردەکانی ئەستەمووڵدا دروست کردووە و ڕێزێکی زۆری لێ گیراوە. بەشێکی زۆری شیعر و بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئەم شاعیرە بەسەلیقەیە فەوتان، بەڵام ئەو هێندە شیعرەی کەماون بەسن بۆ ئەوەی مەلا حەمدون بخەنە ڕیزی شاعیرە ناودارەکانی سەردەمی خۆی، بەتایبەت ئەو شیعرە بەناوبانگەی کە بە بۆنەی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە وتوویەتی و بە شێوەیەکی هونەری بەرزبارودۆخی ئەو سەردەمەی وێنە کێشاوە. ئەم شاعیرە بەهرەمەندە ساڵی 1915 و لە تەمەنی 65 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.