ئەم ڕوناکبیرە هەڵکەوتوەی کورد کوڕی شێخ عەبدولرەحمانی کوڕی شێخ محەمەد عەلی ئەتروشییەو زێنەب خانمی دایکیشی لەخێزانێکی ناسراوی (#ئامێدی#) و خوشکی شەهید (عیززەت عەبدولعەزیز)ە.
سدیق ئەتروشی ساڵی 1924 لە ئامێزی ئەو خێزانە ڕۆشنبیرو ناسراوە لە شارۆچکەی ئەتروش لەدایک بووە، هەر لەوێش خوێندنی حوجرەو چوار پۆلی قۆناغی سەرەتایی بڕیوەو لەوێوە چۆتە موسڵ و قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی تەواو کردوە.
ساڵی 1939 چۆتە بەغداو لەوێ لەخانەی باڵای پێگەیاندنی مامۆستایان درێژەی داوە بەخوێندن، ساڵی 1944 ڕەوانەی وڵاتی میسر کراوەو لە زانکۆی (مەلیک فاروق) بڕوانامەی ماجستێری وەرگرتوە لەزمانو ئەدەبی ئینگلیزیداو ساڵی 1948 گەڕاوەتەوە بەغداو لەئامادەیی و کۆلێژەکانی عێراقدا خەریکی دەرسوتنەوە بووە.
ساڵی 1952 لە زانکۆی (کلارک) لە ئەمریکا بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرتوە لە(جوگرافیای سروشتی)داو گەراوەتەوە عێراقو درێژەی داوەتەوە بەکاری مامۆستایی.
دوای شۆڕشی 14ی تەموزیش لەبەڕێوەبەرایەتی فێرکردندا پۆستێکی گرنگی پێسپێردراوە بەڵام لەسەر خواستی خۆی بەمامۆستایی نێردراوەتەوە بۆ خانەی باڵای پێگەیاندنی مامۆستایان.
دکتۆر سدیق ئەتروشی ماوەیەک سەرۆکی یانەی سەرکەوتن و چەند ساڵێکیش ئەندامی گرنگ و کاریگەری ئەو یانەیە بوەو لەدامەزراندنی چەندین ڕێکخراوی پیشەیی و جەماوەریدا ڕۆڵی کاریگەری بینیوەو لەکۆنگرە گرنگەکەی مامۆستایانی کورددا (1959-شەقڵاوە) بەشداری کردوەو لەپێناوی سەرخستنی ئەو کۆنگرەیەدا ڕەنجی زۆری کێشا.
هەروەها لەدووەمین کۆنگرەی سەندیکای مامۆستایانی عێراقدا لە(شوباتی 1960) بەجێگری سەرۆکی سەندیکا دەستنیشان کراو ماوەیەکیش سەرۆکی لیژنەی دۆستایەتی نێوان عێراق و کۆماری چین بوو.
دکتۆر سدیق ئەتروشی لەسەرەتای ساڵی 1960دا هاوڕێ لەگەڵ جەواهیری و تەها باقیر و چەند کەسایەتییەکی ناسراوی تردا داوایان لەحکومەتی بەغدا کرد ڕێیان پێ بدات حزبێکی سیاسی دابمەزرێنن بەناوی حزبی کۆماریخواز و بەشداری بکەن لە پتەوکردنی پایە دیموکراسیەکانی کۆمەڵگای عێراق.
دکتۆر سدیق ئەتروشی سەرەڕای ئەو چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەکادیمیانەش، لەبواری نوسینو ەرجەمەکردندا خزمەتێکی زۆری کردوەو چەندین کتێبی گرنگی لەزمانی ئینگلیزییەوە کردوە بەعەرەبی و هەروەها لەگۆڤاری (ڕوناهی)یشدا چەندین وتاری گرنگی بڵاوکردۆتەوە.
ئەم پیاوە نیشتمانپەروەر و پێشکەوتنخوازە لەژیانو هەڵوێستی ڕۆژانەشیدا هەمیشە کورد پەروەرو ئازادیخوازو لایەنگری چینە زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵ بوەو ساڵی 1963 پاش کودەتا شومەکەی مانگی شوبات پەیوەندی کرد بە شۆڕشی ئەیلولەوەو لەناو ڕیزەکانی پێشمەرگەدا درێژەی دا بەخەبات و تێکۆشان بەڵام سەد مخابن لە #24-01-1964# دا لە شارۆچکەی #قەڵادزێ# کۆچی دوایی کردو هەرلەوێش بەخاک سپێردرا.